راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌نجانی‌ موسڵ‌ لوتیان به‌دڵ‌ نییه‌

ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ست پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كاندان ده‌ریده‌خات كه‌ به‌م دواییه‌ خواستی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌…
13.12.2012  |  موسڵ

كلینیكه‌كه‌ی‌ دكتۆر سه‌عدوڵا زه‌كو پێنج رۆژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا جمه‌ی‌ دێت له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ جیاوازو هۆكاری‌ جیاوازه‌وه‌ی‌ رووی‌ تێده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌رجه‌میان یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ شێوه‌یه‌كی‌ جوانیان پێ ببه‌خشرێت.

زه‌كو ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ به‌ریتانیه‌و یه‌كه‌مین كه‌سیشه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1987 ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی‌ هێناوه‌ته‌وه‌ موسڵه‌وه‌، ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 70 خواستی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ زیادی‌ كردووه‌.

زه‌كو به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئێستا له‌كلینیكه‌ ساده‌كه‌مدا مانگانه‌ نزیگه‌ی‌ 60 نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ ئه‌نجام ده‌ده‌م".

سه‌ردانكه‌رانی‌ ئه‌م كلینیكه‌ له‌رابردوودا ئه‌و كه‌سانه‌بوون كه‌ بوبونه‌ قوربانی‌ كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان له‌كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌‌و مه‌ده‌نی‌‌و ئه‌و منداڵه‌ تازه‌ له‌دایكبوانه‌ی‌ به‌شێكیان شێواوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دوچاری‌ سوتان‌و روداوی‌ تر هاتبوون.

به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مڕۆ باره‌كه‌ جیاواز بێت، له‌پاڵ‌ ئه‌مانه‌دا ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی‌ تر له‌ژنان‌و پیاوان چوونه‌ته‌ ناو ریزه‌كه‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌دوای‌ جوانیدا ده‌گه‌ڕێن.

به‌شار معماری‌ كه‌ توێژه‌رێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هۆكاری‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و نیمچه‌ ئارامیه‌ی‌ ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ نه‌ینه‌وا به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ داهاتی‌ چینێكی‌ زۆری‌ كۆمه‌ڵگا زیادی‌ كردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ موچه‌خۆرانی‌ ده‌وڵه‌ت، ناوبراو رونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌سێك له‌داهاتی‌ خۆی‌ دڵنیا ده‌بێت ئیتر په‌نا ده‌باته‌ به‌ر پێداویستیه‌ نا پێویسته‌كان.

به‌شار ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ عێراق به‌رووی‌ جیهاندا كراوه‌ته‌وه‌و ئێستا هه‌موو ماڵێك سه‌ته‌لایتی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌گه‌شه‌كردن له‌هه‌موو بواره‌كاندا رووبدات.

له‌مڕووه‌وه‌ دكتۆر زه‌كو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ی‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ روو له‌كلینیكه‌كه‌ی‌ ئه‌و ده‌كه‌ن‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، یان بۆتۆكس‌و له‌یزه‌ر به‌كارده‌هێنن، ئه‌و كاره‌یان له‌سه‌ر خواستی‌ مێرده‌كانیان كردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشای‌ به‌رنامه‌كانی‌ جوانكاریی‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و دكتۆره‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ش زیادیان كردووه‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ له‌كاتی له‌دایكبووندا روخساریان ده‌شێوێت‌و تووشی‌ شێوانی‌ "لێوی‌ كه‌روێشك" ده‌بن كه‌ به‌قسه‌ی‌ دكتۆره‌كه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ره‌نجامی‌ زیادبوونی‌ هۆشیاری‌ خه‌ڵكه‌وه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پێشبینی‌ نه‌كراو بووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ ده‌كه‌ن له‌موسڵ بریتین له‌و كوڕانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 بۆ 30 ساڵدایه‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ لوت ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

له‌كلینیكی‌ ئه‌و دكتۆره‌ گه‌نجێك دانیشتبوو كه‌ له‌بیسته‌كانی‌ ته‌مه‌نیدا بوو چه‌ند له‌زگه‌و له‌فافێك له‌روخساریه‌وه‌ ئاڵابوو، به‌بێ‌ سره‌وتن ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری‌ هۆڵه‌كه‌ی‌ ده‌كرد.

حه‌مودی‌ –كه‌ سكرتێره‌كه‌ به‌و ناوه‌وه‌ بانگیكرد- خێرا به‌ره‌و ژووری‌ پزیشكه‌كه‌ رۆیشت‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ چه‌ند دوعایه‌كی‌ ده‌وته‌وه‌ ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ تێی‌ گه‌یشتن كه‌ لێیه‌وه‌ نزیك بوون، كاتێك چووه‌ ناو ژوره‌كه‌ سكرتێره‌كه‌ ئاوڕی‌ له‌و كه‌سانه‌ دایه‌وه‌ كه‌ له‌ناو هۆڵه‌كه‌ دانیشتبوون‌و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ وتی‌: لوتی‌ ده‌بینێت پاش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌.

پاش 20 خوله‌ك حه‌مودی‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌موو ئاماده‌بوان ته‌ماشای‌ لوتیان ده‌كرد، سكرتێره‌كه‌ پێی‌ راگه‌یاند زۆر جوانتر بووه‌ له‌رابردوو، دانیشتوانه‌كه‌ش پشتگیریان كرد، پاشان گه‌نجه‌كه‌ ده‌ستی‌ ده‌دا له‌لوته‌ "تازه‌كه‌"یه‌وه‌و چووه‌ ده‌ره‌وه‌و هێمای‌ رازیبوونی‌ پێ,ه‌ دیار بوو.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ له‌كۆمه‌ڵگای‌ موسڵی‌ روویداوه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ رێوشوێنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كۆت‌و به‌ندی‌ له‌سه‌ر كه‌سانێك دروست كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت شێوه‌ی‌ خۆیان بگۆڕن.

له‌مڕووه‌وه‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" چاوی‌ به‌گه‌نجێك كه‌وت كه‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ رێككردنه‌وه‌ی‌ گوێچكه‌كانی‌ ئه‌نجامدابوو، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ ته‌واوی‌ به‌شێوه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ هه‌بوو، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو ناوی‌ ئاشكرا بكات له‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ك هاوڕێ‌و ناسیاوه‌كانی‌ پێی‌ بزانن‌و گاڵته‌ی‌ پێبكه‌ن.

كاتێك پرسیاری‌ هه‌ستی‌ دوای‌ گۆڕانكارییه‌كه‌ی‌ لێكرا وتی‌ "ئه‌مڕۆ زۆر ئاسووده‌م، یه‌كه‌مجار كه‌ پاش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ كردم ئه‌وه‌ بوو چوومه‌ لای‌ سه‌رتاش‌و داواملێكرد به‌شێوه‌یه‌كی‌ گه‌نجانه‌ قژم بۆ ببڕێت، چونكه‌ چه‌ند ساڵێك به‌هۆی‌ گوێمه‌وه‌ لێی‌ بێبه‌ش بووبووم".

به‌هۆی‌ ئه‌م داواكارییه‌ زۆرانه‌وه‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ پزیشكی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ پێیان وایه‌ ده‌بێت نه‌خۆشخانه‌و ناوه‌ندی‌ جوانكاری‌ نوێ‌ بكرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هۆبه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌‌و سوتان له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ كۆماری‌ بچوكه‌و ته‌نها فریای‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ سوتان ده‌كه‌وێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا كلینیكیه‌ پزیشكیه‌كان ئامێری‌ پێویستان نییه‌و كادری‌ باشیان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌.

ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاوبێت له‌پارێزگایه‌كی‌ سێ‌ ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار كه‌سی‌ ژماره‌ی‌ پزیشكانی‌ جوانكاری‌ به‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست ده‌ژمێردرێت‌و پێداویستی‌ ته‌واویان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كۆلێژی‌ پزیشكی‌ به‌شوێن ئه‌م پسپۆڕیه‌وه‌ن.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شه‌دا شه‌ش پزیشك خه‌ریكه‌ خوێندنیان له‌پسپۆڕی‌ جوانكاری‌ كۆلێژی‌ پزیشكی‌ زانكۆی‌ موسڵ‌ ته‌واو ده‌ده‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌