راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هۆرمۆنی‌ ئاژه‌ڵ‌ گه‌نجانی‌ دیوانیه‌ی‌ شێواندووه‌

تەیسیر ئەلغەزالی
محه‌مه‌د حه‌مزه‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ له‌یاد ناچێت كه‌ چووه‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ ببڕنه‌وه‌، پاش…
19.07.2012  |  دیوانییه‌

ئه‌م گه‌نجه‌ كه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌مه‌نی‌ بیست‌و دوو ساڵ‌، زیاتر له‌شه‌ش مانگ له‌رێی‌ ماسولكه‌وه‌ ده‌رزی‌ هۆڕمۆنی‌ له‌خۆیداوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌وكردنی‌ بۆ دروستكردووه‌و پزیشكه‌كه‌ی‌ ناچار كردووه‌ بیباته‌ هۆڵی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌‌و هه‌ردوو ده‌ستی‌ ببڕێته‌وه‌.

محه‌مه‌د به‌ر له‌وه‌ی‌ فرمێسك له‌چاوه‌كانی‌ بڕژێته‌ سه‌ر روخساره‌ شێواوه‌كه‌ی‌ وتی‌ "راهێنه‌ره‌كه‌م تێكه‌ڵه‌یه‌كی‌ هۆڕمۆنی‌ بۆ دروستكردم له‌هۆرمۆنی‌ 3ADو هۆرمۆنی‌ دیكاو هۆرمۆنی‌ ناندرلۆن، رۆژانه‌ (3 - 4) سی‌ سی‌ لێده‌دام، پاش شه‌ش مانگ تووشی‌ هه‌وكردنی‌ ماسولكه‌ بووم‌و وه‌ك چاره‌سه‌رێكی‌ خێرا پزیشك هه‌ردوو ده‌ستی‌ بۆ بڕیمه‌وه‌".

محه‌مه‌د له‌سه‌ر داوای‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ چووه‌ته‌ هۆڵی‌ له‌شجوانی‌، چونكه‌ ئه‌و داوای لێكردووه‌ له‌ش‌و لاره‌ لاوازه‌كه‌ی‌ به‌هێز بكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌نێو كچه‌ هاوڕێكانیدا شانازی‌ به‌جوانی‌ له‌ش‌و لاری‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه‌ بكات كه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجی‌ هاوڕێكانی‌ له‌زانكۆ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ خه‌می‌ بڕینه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌ته‌نها جێی‌ هێشتووه‌و لێی‌ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌.

تێكه‌ڵبوونی‌ خه‌م‌و په‌شیمانی‌ هیچ شتێك له‌چاره‌نووسی‌ ئه‌و گه‌نجه‌ ناگۆڕێت كه‌ له‌یه‌ك ساتدا هه‌موو شتێكی‌ له‌ده‌ستدا.

جاسم كه‌ ته‌مه‌نی‌ (17) تێپه‌ڕی‌ نه‌كردووه‌، یه‌كێكی‌ تره‌ له‌قوربانیانی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ هۆرمۆن كه‌ گه‌نجان له‌هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كانی‌ دیوانیه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنن.

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ دانیشتووی‌ گه‌ڕه‌كی‌ حه‌ی‌ عه‌سكه‌ری‌ دیوانیه‌ بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ گیانی‌ له‌ده‌ستدا، به‌قسه‌ی‌ ریاز شوعه‌یب ده‌هام به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ پشكنین‌و سكاڵا له‌فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ دیوانی‌، هۆكاری‌ مردنه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌نجامی‌ به‌كارهێنانی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ هۆرمۆنه‌وه‌ بووه‌.

ده‌هام بۆخۆی‌ دانیشتووی‌ هه‌مان گه‌ڕه‌كه‌و ئاگاداری‌ ئه‌و رووداوه‌ ئازاربه‌خشه‌ بووه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "مردنه‌كه‌ی‌ بووه‌ مایه‌ی‌ شۆك بۆ هه‌موو دانیشتوانی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌، هه‌موان ئه‌و گه‌نجه‌یان خۆش ده‌ویست به‌هۆی‌ ره‌وشت به‌رزیه‌وه‌".

ئه‌و راپۆرته‌ پزیشكیه‌ی‌ له‌ئه‌نجامی‌ توێكاری‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ ده‌رچووه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گیانله‌ده‌ستانی‌ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ بڕی‌ جیاوازی‌ هۆرمۆن بووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌، ئه‌و هۆرمۆنه‌ش له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ری‌ هۆڵێكی‌ وه‌رزشیه‌وه‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌ كه‌ دواجار بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ وه‌ستانی‌ گورچیله‌ی‌ ئه‌و گه‌نجه‌.

ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن رێژه‌ی‌ قوربانیانی‌ هۆرمۆنی‌ ئاژه‌ڵ‌ كه‌ گه‌نجان له‌هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كان به‌كاری‌ ده‌هێنن، ساڵانه‌ له‌نێوان (20 - 30) حاڵه‌تدایه‌، ئه‌مانه‌ش دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر مردنی‌ كتوپڕ یان كه‌مئه‌ندامبوون یان نه‌خۆشی‌ نائاسایی‌.

شیكردنه‌وه‌كانی‌ دوایی‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ هۆكاره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خراپ به‌كارهێنانی‌ ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیه‌كان‌و هۆڕمۆنه‌ ئاژه‌ڵیه‌كان كه‌ له‌هۆڵه‌كانی‌ له‌شجوانی‌ ده‌فرۆشرێن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و مادانه‌ ناكه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵه‌وه‌و به‌شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ دێنه‌ وڵاته‌وه‌.

كه‌ریم عیناد یه‌كێكه‌ له‌و خۆشبه‌ختانه‌ی‌ كه‌ له‌ده‌ست كاریگه‌ریه‌كانی‌ به‌كارهێنانی‌ هۆڕمۆن له‌هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كانی‌ دیوانیه‌ رزگاری‌ بووه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ توانی‌ له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ هیند چاره‌سه‌ری‌ چڕی‌ مووی‌ له‌شی‌ بكات، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و هۆرمۆنه‌ی‌ به‌كاریده‌هێنێت ناوی‌ (هۆرمۆنی‌ گۆرێلا)یه‌و هۆكاری‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ بووه‌.

كه‌ریم ده‌ڵێت "تێچوونی‌ سه‌فه‌رو چاره‌سه‌ر 30 هه‌زار دۆلار له‌سه‌رم كه‌وت، ئه‌وه‌ی‌ روویدا وانه‌یه‌ك بوو وایكرد رێنمایی‌ هاوڕێ‌‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانم بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌هۆرمۆن نزیك نه‌بنه‌وه‌".

به‌پێی‌ دوائاماری‌ به‌شی‌ پشكنین‌و سكاڵای‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ دیوانیه‌، ئێستا ژماره‌ی‌ هۆڵه‌كانی‌ له‌شجوانی‌ له‌و شاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ (18) هۆڵ‌‌و بۆ ئاینده‌ش به‌ره‌و زیادبوون ده‌چن.

ریاز شوعه‌یب ده‌هام به‌رێوه‌به‌ری‌ ئه‌و به‌شه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ دیوانیه‌ لیژنه‌ی‌ پشكنینیان پێكهێناوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ چڕوپڕو كتوپڕ سه‌ردانی‌ هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كان ده‌كه‌ن له‌پێناو بنبڕكردنی‌ دیارده‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ هۆرمۆن‌و ماده‌ی‌ وزه‌به‌خش به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌.

ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ رووبه‌رووكردنه‌وه‌ی‌ سێ‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ هۆڵی‌ وه‌رزشی‌ به‌دادگاو له‌ئه‌نجامدا دوانیان بۆ ماوه‌یی‌ ساڵێك زیندانی‌ كران‌و ئه‌وه‌ی‌ تریشیان به‌بڕێك پاره‌ غه‌رامه‌ كرا.

ده‌هام ده‌ڵێت "كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كان پێویستیان به‌مۆڵه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ نییه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ بریتییه‌ له‌مۆڵه‌تێكی‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ له‌شجوانی‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئێمه‌ باجی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بده‌ین بۆ بنبڕكردنی‌ دیارده‌كه‌".

هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كانی‌ دیوانییه‌ بووته‌ شوێنی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت له‌شیان جوان‌و ماسولكه‌یان گه‌وره‌بێت، هیچ یه‌كێكیشیان خۆیان نه‌پاراستووه‌ له‌فرۆشتنی‌ ئه‌و هۆرمۆنانه‌ی‌ له‌قوتوی‌ ره‌نگاو ره‌نگدا له‌نزیك شوێنی‌ راهێنه‌ره‌كه‌وه‌ داندراون، ئه‌و راهێنه‌ره‌ش به‌بێ‌ بڕوانامه‌ بۆخۆی‌ ده‌بێته‌ پزیشك‌و بڕی‌ هۆرمۆنه‌كان بۆ یاریزانه‌كان دیاری‌ ده‌كات.

خاوه‌نی‌ ئه‌و هۆڵانه‌ له‌به‌غداوه‌ به‌نرخێكی‌ كه‌م‌و به‌كۆ ئه‌و هۆرمۆنانه‌ ده‌كڕن‌و دواتر به‌گه‌نجانی‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌.

عه‌لی‌ حسێن كه‌ خاوه‌نی‌ هۆڵێكی‌ وه‌رزشیه‌ ده‌ڵێت زۆربه‌ی‌ هاوكاره‌كانی‌ ئه‌و ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكی‌‌و ڤیتامین‌و هۆرمۆنانه‌ له‌بازرگانانی‌ كۆ له‌شه‌قامی‌ سنه‌كی‌ به‌غدا ده‌كڕن، به‌ڵام خۆی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌دابینكه‌ری‌ سه‌ره‌كیه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌.

حسێن باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نرخه‌كانیان به‌پێی‌ جۆرو شوێنی‌ دروستكردنیان ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه‌ ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیه‌كان نرخیان له‌نێوان (25 - 200) دۆلاردایه‌و تروماس‌و سیریس‌و ماس‌و ئامینۆو ماستك‌و چه‌ند جۆرێكی‌ تر له‌خۆ ده‌گرن.

هه‌رچی‌ هۆرمۆنه‌كانی‌ وه‌ك دیكاو ئاكی‌ بویزو پیریمۆبۆلان‌و ستالۆن هه‌یه‌، ئه‌وا نرخه‌كانیان له‌نێوان (40 - 150) دۆلاره‌ بۆ هه‌ر شوشه‌یه‌ك كه‌ (10 سی‌ سی‌) تێدایه‌.

سه‌رمه‌د عه‌لوانی‌ ده‌رمانساز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هۆرمۆنی‌ "دیكا" كه‌ خاوه‌ن هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كان بازرگانی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ن، ناوی‌ بازرگانی‌ "لاندرلۆن"ه‌ كه‌ چه‌ندین كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌، ماده‌ی‌ ئه‌ندرۆن دیكۆناتی‌ ناو هۆرمۆنه‌كه‌ خانه‌كان ئاماده‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین پرۆتین بهێڵنه‌وه‌‌و ماسولكه‌ گه‌وره‌ بكه‌ن، هه‌مانكات بڕی‌ هۆرمۆنی‌ نێرینه‌و مێینه‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌كارهێنه‌رانی‌ ئه‌م هۆرمۆنه‌ نیشانه‌كانی‌ مێینه‌یان پێوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش له‌رێی‌ گه‌وره‌بوونی‌ سنگ، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌ی‌ چه‌وری‌ له‌و شوێنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ چه‌وری‌ له‌شی‌ مێینه‌.

له‌ش‌و لاری‌ پڕو ماسولكه‌ی‌ گه‌وره‌ بووه‌ته‌ خه‌ونی‌ گه‌نجان‌و هه‌رزه‌كارانی‌ دیوانیه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بزانن ئه‌و هۆرمۆنه‌ ئاژه‌ڵیه‌ی بۆ گه‌یشتن به‌و خه‌ونه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنن، ره‌نگه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ گیان له‌ده‌ستدان یان كه‌مئه‌ندام بونیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌