راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌نبارستان.. پۆلیسی‌ تایبه‌ت به‌ده‌ستگیركردنی‌ رۆژونه‌گران

تایبه‌ت
"به‌ر له‌وه‌ی‌ سزای‌ هاوڵاتیان بده‌ن، با سزای‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بده‌ن"، به‌م شێوه‌یه‌ سوهه‌یب راوی‌، دانیشتوی‌ شاری‌ رومادی‌، قسه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ بڕیاری‌ سزادانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ به‌ئاشكرا،…
1.09.2010  |  ئه‌نبار

بڕیاره‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاوه‌ ده‌ركراوه‌‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ن، كاردانه‌وه‌ی‌ جیاوازی‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی‌ ئه‌نباره‌وه‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان گاڵته‌یان به‌وه‌ده‌هات كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن، خۆیان به‌ئاشكرا رۆژویان شكاندوه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌ندامانی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌، هه‌ندێكی‌ تر له‌هاوڵاتیان ناوی‌ "ئه‌نبارستان"یان له‌پارێزگاكه‌ ناوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وته‌بێژی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، موئه‌یه‌د چبیر، وتی‌ "به‌مه‌به‌ستی‌ رێزگرتن له‌مانگی‌ پیرۆزی‌ ره‌مه‌زان، ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن، به‌كۆی‌ ده‌نگ، رێنماییه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ ئه‌م مانگه‌یان په‌سه‌ند كرد".

ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش، رابیعه‌ عه‌لوانی‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پشتگیریكه‌رانی‌ بڕیاری‌ سزادانی‌ رۆژوشكێنه‌ران به‌ئاشكرا، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "به‌ر له‌ساڵی‌ 2003‌و به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئێستاوه‌، رۆژوگرتن‌و سروته‌ ئاینیه‌كان له‌پارێزگاكه‌ماندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ باشتر جێبه‌جێده‌كرا".

پارێزگای‌ ئه‌نباری‌ زۆرنه‌ سونه‌، یه‌كێكه‌ له‌و پارێزگایانه‌ی‌ به‌عه‌شایه‌ری‌ ناسراوه‌‌و زۆربه‌ی‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ پابه‌ندن به‌جێبه‌جێكردنی‌ سروته‌كانی‌ ئاینی‌ ئیسلامه‌وه‌.

پاش روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ساڵی‌ 2003، رێكخراوی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ ئیسلامی‌" سه‌ر به‌رێكخراوی‌ قاعیده‌، كۆنترۆڵی‌ ته‌واوی‌ پارێزگاكه‌یان كرد‌و رێنمایی‌ توندی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامیان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا سه‌پاند.

دواتر دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ ناوبراو له‌به‌رده‌م هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ی‌ عه‌شایه‌ری‌، له‌ناوه‌ڕواستی‌ ساڵی‌ 2007دا، شكایه‌وه‌، خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌ چیتر ناچار نه‌بون ڕێنماییه‌ تونده‌كانی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامی‌ رێكخراوی‌ ناوبراو جێبه‌جێبكه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئێستادا چه‌ندین گه‌نج له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا ده‌بیندرێن كه‌ له‌مانگی‌ ره‌مه‌زاندا به‌ڕۆژو نین.

له‌مباره‌یه‌وه‌، عه‌لوانی‌ ده‌ڵێت "داڕمان‌و شێوانی‌ ناخی‌ مرۆڤه‌كان، هۆكاری‌ وازهێنانی‌ خه‌ڵكین له‌به‌جێگه‌یاندنی‌ سروته‌ ئاینیه‌كان"، وتیشی‌ "زیاتر پیاوانن به‌ئاشكرا‌و له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا رۆژو ده‌شكێنن".

ئه‌م بڕیاره‌ كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاوه‌ ده‌رچوه‌‌و له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی‌ پۆلیسی‌ ئه‌نباره‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت، بریتیه‌ له‌ده‌ستگیركردنی‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا‌و له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا رۆژو ده‌شكێنن، وه‌ك خواردنه‌وه‌ی‌ ئاو‌و خواردن‌و جگه‌ره‌كێشان. ده‌ستگیركردنه‌كه‌ تاكو كۆتایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان به‌رده‌وام ده‌بێت.

وته‌بێژی‌ رۆژنامه‌وانی‌ فه‌رمانده‌یی‌ پۆلیسی‌ ئه‌نبار، رائید ره‌حیم زێن، ئاشكرایكرد "به‌شێكی‌ تایبه‌تمان دامه‌زراندوه‌ له‌پۆلیسی‌ ئه‌نبار به‌مه‌به‌ستی‌ سزادانی‌ رۆژونه‌گران‌و تاكو ئێستا 15 كه‌سمان ده‌ستگیركردوه‌".

وته‌بێژه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ بۆ نیقاش رونكرده‌وه‌ "ئه‌م سزادانه‌ ته‌نها هاوڵاتیانی‌ ئاسایی‌ ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو پیاوانی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیش كه‌ له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا رۆژو ده‌شكێنن".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، ئه‌م بڕیاره‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار روبه‌ڕوی‌ ره‌خنه‌ی‌ توند‌و فراوانی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگاكه‌ بوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌وانه‌ی‌ پابه‌ندی‌ سروته‌ ئاینیه‌كانن‌و خه‌ڵكانی‌ رۆژوگرن.

ته‌میم ئه‌لراوی‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ره‌مه‌زانه‌وه‌ به‌ڕۆژوه‌، ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ زۆری‌ پیاوانی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌ڕۆژونین‌و كه‌سیش سزایان نادات".

راوی‌ بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "رۆژانه‌ له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنیندا ده‌یانبینین جگه‌ره‌ ده‌كێشن‌و ئاو ده‌خۆنه‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ یاسا‌و بڕیاره‌كه‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت".

هه‌ندێكی‌ تر له‌هاوڵاتیان ئه‌م بڕیاره‌یان به‌ "پێشێلكردنی‌ ئاشكرای‌ ئازادیه‌ كه‌سیه‌كان" ناوبرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ جه‌میل سه‌عدی‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵ ئاماژه‌ی‌ پێدا.

ناوبراو كه‌ كارمه‌نده‌ له‌پارێزگای‌ ئه‌نبار، ده‌ڵێت "به‌رزبونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما بۆ زیاتر له‌ 50 پله‌ی‌ سه‌دی‌، هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ رۆژونه‌گرتنه‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "بڕانی‌ به‌رده‌وامی‌ كاره‌با‌و بارودۆخی‌ ناله‌باری‌ ژیان". جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ "سزادان له‌م مه‌سه‌لانه‌دا له‌لای‌ خودایه‌ نه‌ك لای‌ به‌نده‌".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌، له‌پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌سیبوكدا، به‌هه‌مان شێوه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ پارێزگا روبه‌ڕوی‌ ره‌خنه‌ی‌ توند بوه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌و پێگه‌یه‌دا نوسیویه‌تی‌ "به‌خێربێن بۆ ئیماره‌تی‌ ئه‌نبارستان".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، ئیمام‌و گوتاربێژی‌ مزگه‌وتی‌ رومادی‌، شێخ حه‌مید دلێمی‌، له‌ڕوانگه‌یه‌كی‌ جیاوازه‌وه‌ ئه‌ڕوانێته‌ بڕیاره‌كه‌‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئیسلامی‌، ده‌بێت پابه‌ندبین به‌سه‌رجه‌م بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی‌ ئاینی‌ ئیسلام‌و جێبه‌جێكردنی‌ فه‌رزه‌كانی‌ كه‌ یه‌كێكیان رۆژوگرتنه‌"، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ "ده‌بێت رێزی‌ ئاین‌و ئه‌و كه‌سانه‌ بگرین كه‌ به‌ڕۆژون".

ئه‌م شێخی‌ مزگه‌وته‌ به‌توندی‌ پشتگیری‌ له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ده‌كرد‌و ده‌یوت "گه‌ر كه‌سێك به‌ڕۆژو نییه‌، نابێت له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا نان بخوات، چونكه‌ ئه‌وه‌ برینداركردنی‌ رۆژوگرانی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا، سه‌رجه‌م چێتشخانه‌‌و كافتریا‌و چایخانه‌كانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار داخران‌و به‌پێی‌ بڕیاری‌ پارێزگا، دوای‌ رۆژئاوابون ئه‌وجا ده‌توانن بیكه‌نه‌وه‌.

ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نها ئه‌نباری‌ نه‌گرتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ عێراقدا هه‌مان شێوه‌یه‌.

به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا، دیوانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار مۆڵه‌تی‌ كردنه‌وه‌ی‌ به‌چه‌ند چێشتخانه‌یه‌ك داوه‌ به‌مه‌رجێك قوماشی‌ گه‌وره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م چێشتخانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌سانی‌ سه‌ر شه‌قام ناو چێشتخانه‌كه‌ نه‌بینن.

له‌مباره‌یه‌وه‌، راوێژكاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ پارێزگار، محه‌ممه‌د فه‌تحی‌، وتی‌ "مۆڵه‌تی‌ كردنه‌وه‌مان به‌پێنج چێشتخانه‌ داوه‌ له‌شاری‌ رومادی‌ (ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار)".

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و چێشتخانانه‌شه‌وه‌، راوێژكاره‌كه‌ رونیكرده‌وه‌ "ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان سه‌فه‌ری‌ سوریا‌و عه‌ممان له‌ئه‌نباره‌وه‌ ده‌كه‌ن (به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌)، ئه‌و چێشتخانانه‌ بۆ پێشوازی‌ كردنه‌ له‌وان".