راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌ریمان.. ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ توانی‌ بفڕێ‌!

مارك هۆدسۆن
نه‌ریمان ئه‌نوه‌ر ساڵح، گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن 33 ساڵ، هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ ئاره‌زوی‌ له‌فڕۆكه‌‌و فڕین بوه‌. كاتێك گه‌یشته‌ ته‌مه‌نی‌ 14 ساڵی‌، یه‌كه‌مین فرۆكه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ دروستكرد كه‌ له‌ڕێی‌ ئامێری‌ رادیۆوه‌…
26.08.2010  |  هه‌ولێر

دواتر "كاپتن نه‌ریمان" وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هاوڕێكانی‌ ناویان لێناوه‌، به‌پێی‌ دیزانێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌، حه‌وت فرۆكه‌ی‌ تری‌ دروستكرد. هه‌رچه‌نده‌ پێنجی‌ یه‌كه‌میان كێشه‌یان تێدابو، به‌ڵام توانی‌ به‌دوانه‌كه‌ی‌ تریان به‌ئاسمانی‌ كوردستاندا بفڕێ‌!

نه‌ریمان كه‌ له‌له‌دایكبوی‌ شاری‌ هه‌ولێره‌، له‌ساڵی‌ 2007دا خه‌ڵاتی‌ گه‌نجی‌ لێهاتوی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێبه‌خشرا. هێنده‌ی‌ پێنه‌چو، هه‌واڵی‌ ئه‌م گه‌نجه‌ به‌هره‌مه‌نده‌ گه‌یشته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی‌، كه‌ به‌م دواییه‌ دانیشتنێكی‌ تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا.

له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی‌، نه‌ریمان ده‌ڵێت "سه‌رۆك پرسیاری‌ لێكردم چۆن بتوانێت پاڵپشتی‌ گه‌نجانی‌ لێهاتو بكات له‌كوردستان، منیش داوام لێكرد ناوه‌ندێكی‌ تایبه‌تیان بۆ بكاته‌وه‌. پێم راگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌نجانی‌ لێهاتوو ده‌ناسم كه‌ پێویستیان به‌پاڵپشتی‌‌و پشتگیری‌ هه‌یه‌".

له‌باره‌ی‌ خۆشیه‌وه‌، نه‌ریمان ده‌ڵێت "من یه‌كێكم له‌و گه‌نجانه‌ی‌ چۆكم دانه‌دا تاكو گه‌یشتم به‌خه‌ونه‌كه‌م". ئه‌م گه‌نجه‌ ته‌نانه‌ت زانكۆشی‌ نه‌خوێندوه‌ به‌هۆی‌ هه‌ژاری‌ خێزانه‌كه‌یه‌وه‌‌و له‌منداڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكیدا كاری‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ئامێری‌ كاره‌بایی‌ كردوه‌.

جگه‌ له‌بارودۆخی‌ قورسی‌ ژیانی‌ نه‌ریمان‌و خێزانه‌كه‌ی‌، بارودۆخی‌ سیاسی‌ گشتیش كاریگه‌ری‌ هه‌بوه‌ به‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی‌. ئه‌و ته‌نها پاش یه‌ك ساڵ له‌ده‌ركردنی‌ عێراق له‌كوێت، یه‌كه‌مین فرۆكه‌ی‌ خۆی‌ دروستكردوه‌. دواتر سه‌ره‌ڕای‌ بارودۆخی‌ خراپی‌ عێراق‌و كوردستان به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ‌و سزا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی‌ سه‌ر عێراق‌و ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌، تاده‌گاته‌ داگیركردنی‌ عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ساڵی‌ 2003، هه‌ر به‌رده‌وامبوه‌ له‌به‌دیهێنانی‌ خه‌ونی‌ منداڵی‌ خۆی‌.

سزا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كاریگه‌ری‌ سلبی‌ گه‌وره‌یان به‌سه‌ر پێشكه‌وتنی‌ پڕۆژه‌كه‌ی‌ نه‌ریمان هه‌بوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ڕوی‌ هاورده‌كردنی‌ كه‌لوپه‌له‌ پێویسته‌كان بۆ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌، دواجار له‌ڕێی‌ هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ به‌نرخێكی‌ زۆر ده‌ستكه‌وت.

ئه‌و توانی‌ مه‌كینه‌ی‌ ته‌یاره‌كه‌‌و پانكه‌كه‌ی‌ به‌هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ هه‌ولێر له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بكڕێت، هه‌رچی‌ پارچه‌ ئه‌له‌منیۆمه‌كانی‌ لاشه‌ی‌ فرۆكه‌كه‌شه‌، له‌وڵاتانی‌ ئۆكرانیا‌و فه‌ره‌نساوه‌ هێنا‌و له‌ئه‌نجامدا دوو فرۆكه‌ی‌ دروستكرد: فرۆكه‌ی‌ زودیاك‌و فرۆكه‌ی‌ ستول 710.

له‌باره‌ی‌ تێچونی‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌شه‌وه‌، نه‌ریمان ئاشكرایده‌كات "پاره‌یه‌كی‌ زۆرم تیاچو له‌پێناو دروستكردنی‌ فرۆكه‌كاندا. هه‌مو شتێكم فرۆشت كه‌ هه‌مبو، ته‌نانه‌ت خانوه‌كه‌شمان، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تادا كه‌س یارمه‌تی‌ نه‌دام".

وتیشی‌ "كاتێك خه‌ڵكی‌ به‌ئاگاهاتن له‌سه‌ركه‌تنی‌ پڕۆژه‌كه‌م، ده‌ستیان به‌یارمه‌تی‌ دانم كرد وه‌ك پارێزگاری‌ هه‌ولێر نه‌وزاد هادی‌‌و چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكی‌ ناوداری‌ تر"، به‌ڵام ئێستا "سه‌رۆكی‌ هه‌ریم راسته‌وخۆ پاڵپشت‌و یارمه‌تیده‌رمه‌".

فرۆكه‌كانی‌ نه‌ریمان بۆ چه‌ندین كاتژمێر تاقیكردنه‌وه‌ی‌ بۆ كراوه‌ پاش به‌ده‌ستهێنانی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ فرۆكه‌وانی‌ هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی‌ دڵنیابون له‌وه‌ی‌ بێكێشه‌ن.

"كاپتن" هیچ كاتێك هه‌ستی‌ به‌ترس نه‌كردوه‌ كاتێك فرۆكه‌كانی‌ به‌ئاسماندا فڕیون "گه‌ر بترسامایه‌ دروستم نه‌ده‌كرد"، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نه‌ریمان كاتێكی‌ زۆری‌ ویستوه‌ تاكو متمانه‌ی‌ خێزان‌و براده‌ره‌كانی‌ به‌ده‌ستبهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌شتێك به‌ئاسماندا بكه‌ن‌و نه‌ترسن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌ریمان ده‌ڵێت "كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار به‌فڕۆكه‌كه‌م فڕیم، خه‌ڵكی‌ ده‌ترسان له‌گه‌ڵمدا سه‌ركه‌ون، ترسیان له‌ئاستی‌ جۆرایه‌تی‌ فرۆكه‌كه‌ هه‌بو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ترسه‌یان كه‌مبوه‌ته‌وه‌".

نه‌ریمان جگه‌ له‌وه‌ی‌ خودی‌ خۆی‌ ماوه‌یه‌كی‌ دورودرێژ سه‌رقاڵی‌ فێربونی‌ چۆنێتی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ بوه‌، له‌هه‌مانكاتدا كۆرسی‌ تایبه‌تی‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ گه‌وره‌ ئه‌ندازیارانی‌ دنیا بینیوه‌ كه‌ له‌كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كارده‌كه‌ن وه‌ك بوش له‌ئه‌ڵمانیا‌و ئه‌ستۆن مارتن‌و كۆمپانیای‌ ئۆتۆمبیله‌ وه‌رزشیه‌كان له‌به‌ریتانیا.

هه‌روه‌ها كاپتن به‌هاوكاری‌ دارایی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، چه‌ند كۆرسێكی‌ فێربونی‌ فرۆكه‌وانی‌ له‌توركیا‌و چین له‌ساڵی‌ 2006 بینیوه‌.

له‌ئێستاشدا راسته‌وخۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی‌، یارمه‌تیده‌ری‌ نه‌ریمانه‌. به‌منزیكانه‌ش، كاپتن روده‌كاته‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا به‌مه‌ستی‌ بینینی‌ كۆرسێكی‌ مه‌شقپێكردن بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ له‌لای‌ كۆمپانیای‌ ئایه‌ر باس پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌دوا سه‌ردانیدا بۆ ئه‌و وڵاته‌، بارزانی‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ پێشكه‌ش به‌ كۆمپانیاكه‌ كردبو.

پێده‌چێت ئه‌م كۆرسه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا هێنده‌ی‌ تر ئه‌زمونی‌ نه‌ریمان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات كه‌ به‌كۆمه‌ڵێك زانیاریه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای‌ تیمه‌ بچكۆله‌كه‌ی‌ له‌هه‌ولێر، ئه‌و تیمه‌ی‌ له‌چوار فێرخواز پێكهاتوه‌.

به‌ڵام خه‌ونه‌كه‌ی‌ كاپتن له‌دروستكردنی‌ فرۆكه‌یه‌كدا به‌هاوكاری‌ گروپێكی‌ بچوك كۆتایی‌ نایه‌ت، ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تی‌ كارگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ له‌پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بنیاتبنێت.

"له‌كارگه‌كه‌دا نزیكه‌ی‌ 150 كه‌س كار ده‌كه‌ن" نه‌ریمان به‌متمانه‌ به‌خۆبونه‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ نیقاش ده‌كرد "گرنگ نییه‌ ده‌رچوی‌ زانكۆ بن، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئیسپاتی‌ بكه‌ن كه‌ خاوه‌نی‌ سه‌لیقه‌ن‌و ئاره‌زوی‌ فێربون‌و ئیشكردنیان هه‌یه‌".

نه‌ریمان هیواداره‌ فرۆكه‌كانی‌ له‌بواری‌ كشتوكاڵ‌و گه‌شتوگوزار‌و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ به‌كاربهێندرێن، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی‌ كارگه‌كه‌ دروستده‌كات.

له‌ئێستادا نه‌ریمان سه‌رقاڵی‌ دروستكردنی‌ ئه‌و جۆره‌ فرۆكانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كوردستاندا ده‌گونجێن. ئه‌و ده‌ڵێت "چه‌ند دیزانی‌ فرۆكه‌یه‌كم هه‌یه‌ له‌جۆری‌ ستول، چونكه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی‌ كوردستاندا ده‌گونجێت"، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات "به‌نیازین فرۆكه‌ی‌ دوو كه‌سی‌‌و چوار كه‌سی‌‌و شه‌ش كه‌سی‌ دروستبكه‌ین بۆ كاروباری‌ حكومه‌ت".

فرۆكه‌ی‌ ستول به‌و جۆره‌ فرۆكانه‌ ده‌وترێت كه‌ قه‌باره‌كه‌ی‌ بچوكه‌‌و شوێنی‌ كه‌م‌و كورتی‌ ده‌وێت بۆ هه‌ستان‌و دابه‌زین‌و له‌توانایدایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌شدا دابه‌زێت‌و ته‌نانه‌ت له‌ناو به‌فریشدا.

ئه‌م گه‌نجه‌ قۆناغی‌ زۆری‌ تێپه‌ڕاندوه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ یه‌كه‌م فرۆكه‌ی‌ خۆی‌ دروستكرد له‌ساڵی‌ 1992، به‌وه‌شده‌چێت سوربونی‌ نه‌ریمان له‌سه‌ر به‌دیهێنانی‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ رێگه‌خۆشكردن بۆ گه‌نجانی‌ به‌سه‌لیقه‌‌و لێهاتوی‌ دوای‌ خۆی‌.

نه‌ریمان ده‌ڵێت "كێشه‌ی‌ كوردستان له‌وه‌دایه‌ كه‌س هانده‌رت نابێت‌و كه‌س یارمه‌تیت نادات گه‌ر خۆت به‌ته‌نها سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستنه‌هێنیت. پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ یارمه‌تی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ لێهاتون".

له‌كۆتایی‌ لێدوانه‌كه‌شیدا، كاپتن به‌گه‌نجانی‌ به‌سه‌لیقه‌‌و لێهاتوی‌ راگه‌یاند "ده‌بێت سوربن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی‌ خه‌ونه‌كانتان. كاتێك له‌گه‌ڵ خۆمدا وتم فرۆكه‌ دروستئه‌كه‌م‌و پێی‌ ده‌فڕم، خه‌ڵكی‌ وه‌ك شێت ته‌ماشایان ده‌كردم، به‌ڵام ئێستا ده‌ستخۆشیم لێده‌كه‌ن".

قاسم خدر به‌شداری‌ له‌ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م راپۆرته‌ كردوه‌ له‌هه‌ولێر

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌