راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌كه‌ربه‌لا.. گۆرانی‌‌و جلی‌ ژێره‌وه‌ی‌ ئافره‌تان قه‌ده‌غه‌یه‌!

عه‌باس سه‌رحان
چیتر ماهر عه‌بدی‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵ ناتوانێت گوێ‌ له‌گۆرانی‌ بگرێت كاتێك به‌ئۆتۆمبیل له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا به‌ناو شار پیاسه‌ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ روبه‌روی‌ سزای‌ یاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌.
27.07.2010  |  كه‌ربه‌لا

له‌سه‌ر داوای‌ پیاوانی‌ ئاینیی‌، رۆژی‌ 22ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردو، حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ كه‌ربه‌لا بڕیاری‌ ژماره‌ 114یان ده‌ركرد كه‌ گوێ‌ له‌گۆرانی‌‌و ته‌ماشای‌ ڤدیۆكلیپی‌ "ناگونجاو" قه‌ده‌غه‌ده‌كات له‌چێشتخانه‌‌و چایخانه‌‌و شوێنه‌ گشتیه‌كاندا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ چه‌ند كارێكی‌ تر، دیارترینیان نمایشكردنی‌ جلوبه‌رگی‌ ژێره‌وه‌ی‌ ئافره‌تانه‌ له‌پێشانگاكاندا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا، نسه‌یف جاسم خیتابی‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "مه‌به‌ست له‌م یاسایه‌، پاراستنی‌ حورمه‌ت‌و قودسیه‌تی‌ شاره‌ كه‌ربه‌لایه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ماهر پابه‌ند بوه‌ به‌و بڕیاره‌‌و رێگانادات ده‌نگی‌ موسه‌جه‌لی‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستێوه‌ردان‌و پێشێلكردنی‌ ئازادیه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كانه‌، سه‌رسوڕمانی‌ خۆشی‌ به‌وه‌ ده‌رده‌بڕی‌ كه‌ له‌لایه‌نێكی‌ ئیداری‌ حكومیه‌وه‌ ده‌رچوه‌.

جیاوازی‌ شاری‌ كه‌ربه‌لا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی‌ زۆریی‌ شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م شاره‌دا چه‌ند مه‌زارگه‌یه‌كی‌ ئاینیی‌ موقه‌ده‌سی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كانی‌ دنیای‌ لێیه‌‌و ساڵانه‌ به‌ملیۆنه‌ها موسڵمانی‌ شیعه‌ له‌ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌وه‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن. پیاوانی‌ ئاینیی‌ شاره‌كه‌‌و بگره‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتیه‌ ئاساییه‌كانیشی‌، گوێگرتن له‌گۆرانی‌ له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا به‌ "ناحورمه‌تی‌‌و پێشێلكردنی‌ قودسیه‌تی‌" شاره‌كه‌‌و ئارامگه‌كانی‌ وه‌سفده‌كه‌ن.

جگه‌ له‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ گۆرانی‌‌و سه‌ماكردن له‌و شاره‌دا، چه‌ندین كرده‌وه‌ی‌ تریش غه‌ده‌غه‌كراون وه‌ك نمایشكردنی‌ جلوبه‌رگی‌ ژێره‌وه‌ی‌ ئافره‌تانه‌ له‌جامخانه‌ی‌ پێشانگاكاندا‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ فیلمی‌ روت‌و سێكسی‌‌و ناگونجاو‌و خواردنه‌وه‌ی‌ كحولی‌‌و له‌به‌ركردنی‌ جلوبه‌رگی‌ "ناپۆشته‌" له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ له‌ناو شاردا كه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌، به‌ڕای‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكه‌ "له‌گه‌ڵ پێگه‌‌و قودسیه‌تی‌ كه‌ربه‌لادا نه‌گونجاوه‌".

خیتابی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات كه‌ له‌مافی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ لۆكاڵه‌كاندایه‌ له‌سه‌رجه‌م شاره‌ موقه‌ده‌سه‌كانی‌ دنیا یاسا‌و رێوشوێنی‌ پێویست بگرنه‌ به‌ر له‌پێناو پاراستنی‌ سیمای‌ ئه‌و شارانه‌ تاكو "قودسیه‌ت‌و جیاوازی‌ خۆیان بپارێزن‌و نه‌بنه‌ هاوشێوه‌ی‌ شاره‌ ئاساییه‌كانی‌ تر".

له‌هه‌مانكاتدا خیتابی‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌م بڕیاره‌ ده‌ستدرێژیكردن بێت بۆ سه‌ر ئازادیه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كان‌و ده‌ڵێت "ده‌كرێت له‌كاتی‌ ته‌نایی‌ دا مرۆڤ موماره‌سه‌ی‌ ئه‌و ئازادیانه‌ بكات نه‌ك له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا".

له‌درێژه‌ی‌ لێدوانه‌كانیدا، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كه‌ربه‌لا رونیده‌كاته‌وه‌ "ده‌كرێت گوێگرتن له‌گۆرانی‌‌و سه‌ماكردن‌و ئاهه‌نگه‌كانی‌ هاوسه‌رگیر له‌ماڵان، یاخود له‌ئۆتێل‌و شوێنه‌ داخراوه‌كان ئه‌نجامبدرێت"، هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ جلوبه‌رگی‌ ژێره‌وه‌ی‌ ئافره‌تانیشه‌وه‌یه‌ "پێویسته‌ به‌و شێوه‌ به‌رچاوه‌ نه‌بێت".

له‌ماوه‌ی‌ رابردودا، زیاد له‌جارێك پیاوانی‌ ئاینیی‌‌و گوتاربێژی‌ مزگه‌وته‌كان هۆشداری‌ ئه‌وه‌یان دابوه‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ كه‌ربه‌لا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی‌ پێشێلكردنی‌ قودسیه‌تی‌ شاره‌كه‌ ناكه‌ن وه‌ك گوێگرتن له‌گۆرانی‌ له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا‌و هێنانی‌ گۆرانیبێژانی‌ میللی‌ بۆ ئاهه‌نگه‌كانی‌ هاوسه‌رگیری‌‌و ته‌ماشاكردنی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنیانه‌ی‌ دیمه‌نی‌ سه‌ماكردن له‌گۆرانیه‌كاندا نمایشده‌كه‌ن له‌چایخانه‌‌و چێشتخانه‌كاندا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پیاوی‌ ئاینیی‌ ناوداری‌ كه‌ربه‌لا، شێخ عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ربه‌لایی‌، له‌باره‌ی‌ ئه‌م دیاردانه‌وه‌ وتبوی‌ "ئه‌مانه‌ دژی‌ ئاینی‌ ئیسلامه‌"، سه‌رسوڕمانی‌ خۆشی‌ ده‌ربڕیبو كه‌ چۆن حكومه‌ت رێگه‌یان لێناگرێت.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌، ئه‌حمه‌د سافی‌، بریكاری‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌كان عه‌لی‌ سیستانی‌ له‌كه‌ربه‌لا، له‌گوتاری‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردویدا دڵخۆشی‌ خۆی‌ به‌یاسا نوێكه‌ی‌ "پاراستنی‌ قودسیه‌تی‌ كه‌ربه‌لا" ده‌ربڕی‌‌و داواشی‌ له‌هاوڵاتیان كرد پابه‌ند بن به‌بڕگه‌كانیه‌وه‌.

له‌یاساكه‌دا هاتوه‌، هه‌ر كه‌سێك پێچه‌وانه‌ی‌ رێنماییه‌كان بێت، به‌پێی‌ یاسای‌ 240ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ ژماره‌ 111ی‌ ساڵی‌ 1969 سزاده‌درێت. له‌و ماده‌یه‌دا هاتوه‌ "زیندانیكردن به‌مه‌رجێك له‌شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێت‌و غه‌رامه‌كردن به‌مه‌رجێك له‌سه‌د دینار زیاتر نه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ فه‌رمان"ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ره‌فتار ده‌كه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پارێزه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن نه‌سراوی‌ رونیده‌كاته‌وه‌ "غه‌رامه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 1969 هیچ نییه‌ بۆ رۆژگاری‌ ئه‌مڕۆمان، بۆیه‌ دادوه‌ر به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌ خۆی‌ ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ دیاری‌ ده‌كات".

له‌به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ به‌ر له‌ساڵی‌ 2003 كه‌س رێگه‌ی‌ له‌گوێگرتنی‌ گۆرانی‌ نه‌گرتوه‌ له‌ئۆتۆمبیل‌و هۆتێل‌و چایخانه‌‌و شوێنه‌ گشتیه‌كانی‌ تر.

به‌ڵام دوای‌ ئه‌و به‌رواره‌، گۆڕانكاری‌ ریشه‌یی‌ به‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌دا هاتوه‌‌و سروته‌ ئاینیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو بڵاوبونه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ لاوازی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌وڵه‌تیشدا له‌ساڵانی‌ 2003 بۆ 2008، ئه‌ندامانی‌ میلیشیا چه‌كداره‌كان هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نیان كردبوه‌ ئامانج به‌هۆی‌ گوێگرتن له‌گۆرانی‌ له‌ئۆۆمبیل‌و دوكانه‌كانیاندا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "كه‌س نه‌یده‌وێرا خۆشی‌ خۆی‌ له‌ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌رببڕێت‌و له‌بری‌ گۆرانی‌ وتن سرودی‌ مه‌ولو ده‌خوێندرایه‌وه‌" وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ محه‌ممه‌د جه‌لالی‌ دانیشتوی‌ كه‌ربه‌لا رونیده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م هاوڵاتیه‌ ته‌مه‌ن 54 ساڵه‌ كه‌ سه‌ربازی‌ خانه‌نشینه‌، ساڵانی‌ رابردو به‌ساڵانی‌ پڕ له‌ "ترس‌و دڵه‌راوكێ‌" ناوده‌بات‌و ئاشكرایده‌كات كه‌ له‌هه‌ركاتێكدا ده‌كرا "گروپێكی‌ چه‌كدار بهاتنایه‌ته‌ ناو ماڵه‌كه‌ت‌و بیانكۆشتیتایه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ له‌گۆرانی‌ ده‌گریت".

له‌باره‌ی‌ ئه‌م یاسا نوێیه‌شه‌وه‌، محه‌ممه‌د جه‌لال به‌سانسۆرێكی‌ تری‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ ئازادیه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كان ناوی‌ ده‌بات‌و ده‌ڵێت "كه‌س نازانێت ئه‌م یاسا چۆن جێبه‌جێده‌كرێت‌و له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكانێك به‌مه‌به‌ستی‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ تایبه‌تیه‌كانیان، سكاڵا له‌یه‌كتر بكه‌ن".

به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ره‌زا عه‌بدولحسێنی‌ ته‌مه‌ن 47 ساڵَ، كارمه‌ند له‌كۆمپانیایه‌كی‌ په‌یوه‌ندیكردن، پشتگیری‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌كات به‌مه‌به‌ستی‌ رێگه‌گرتن له‌دیارده‌ی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ گۆرانی‌‌و سه‌ماكردن له‌ته‌له‌فزیۆن‌و رادیۆكانه‌وه‌.

عه‌بدولحسێن ده‌ڵێت "خێزانه‌ پارێزگاره‌ كه‌ربه‌لاییه‌كان هیچ شوێنێكی‌ گشتی‌ شك نابه‌ن كاتێكی‌ ئارامی‌ تێدا به‌سه‌ر به‌رن"، رونیشیكرده‌وه‌ "ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا كارده‌كه‌ن، ڤیدۆكلیپی‌ گۆرانیبیژی‌ روت بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی‌ ئێمه‌دا ناگونجێت".

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و هاولاتیه‌ كه‌ربه‌لاییه‌شه‌وه‌، لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان نیگه‌رانی‌ خۆیان له‌باره‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌وه‌ ده‌رده‌بڕن. له‌مباره‌یه‌وه‌ رێكخه‌ری‌ كاره‌كانی‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی‌ عێراق UNAMI، عه‌لی‌ كه‌مونه‌، نیگه‌رانی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌م بڕیاره‌ ده‌ربڕی‌‌و به‌مه‌ترسی‌ زانی‌ له‌سه‌ر ئازادیه‌كان.

كه‌مونه‌ به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "هه‌مو هاوڵاتیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ هه‌رچیه‌ك بیه‌وێت بیكات، به‌مه‌رجێك پێشێلی‌ مافی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ نه‌كات".