راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌نباریه‌كان پاشماوه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كڕن

تایبه‌ت
"ئامێری‌ باش‌و هه‌رزان.. وه‌ره‌ ژوروه‌‌و ته‌ماشابكه‌"، به‌م وشانه‌ عه‌بدولره‌حمان كه‌ربولی‌ هاواری‌ بۆ راكێشانی‌ كڕیاره‌كانی‌ ده‌كرد له‌پێشانگای‌ فرۆشتنی‌ كه‌ل‌و په‌لی‌ پاشماوه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا…
22.07.2010  |  ئه‌نبار

پێشانگاكه‌ی‌ كه‌ربولی‌ ته‌نها دانه‌ نییه‌، به‌ڵكو چه‌ندین پێشانگای‌ هاوشێوه‌ له‌ملاو ئه‌ولایدا بڵاوبونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌مان شیوه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ئامێر‌و كه‌لوپه‌لی‌ به‌كارهاتوی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن كه‌ له‌ڕێی‌ به‌ڵێنده‌ری‌ عێراقیه‌وه‌ پێیان ده‌گات پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌و هێزانه‌ ده‌یكڕن كه‌ باره‌گاكانیان چۆڵده‌كه‌ن‌و به‌ره‌و وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌كشێنه‌وه‌.

له‌و پێشانگایانه‌دا كولوپولی‌ جۆراوجۆر ده‌بیندرێن. هه‌ر له‌كه‌ره‌ڤانه‌وه‌ به‌قه‌باره‌ی‌ جیاواز تاده‌گاته‌ جۆره‌ها ئامێری‌ كاره‌با‌و كه‌ره‌سته‌‌و كولوپه‌لی‌ ناو ماڵ‌و ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌لی‌ گه‌وره‌‌و قورس ...هتد. به‌هۆی‌ هه‌رزانی‌ نرخه‌كانیشیه‌وه‌، خه‌ڵكانێكی‌ زۆر روو له‌و پێشانگایانه‌ ده‌كه‌ن.

جگه‌ له‌هه‌زرانی‌ نرخه‌كانیش، كڕیاره‌كان ئاماژه‌ به‌باشی‌ جۆری‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌ده‌ن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌ ئێرانی‌‌و چینیه‌كان كه‌ بازاڕه‌كانی‌ عێراقیان كۆنترۆڵكردوه‌.

له‌كاتێكدا نرخی‌ یه‌ك ئامێری‌ ساردكه‌ره‌وه‌ به‌ 600 دۆلاره‌، له‌پێشانگاكه‌ی‌ كه‌ربولیدا به‌ته‌نها 250 بۆ 400 دۆلار ده‌یكڕیت. كه‌ره‌ڤانه‌كانیش كه‌ نرخه‌ راسته‌قینه‌كه‌یان ده‌گاته‌ شه‌ش هه‌زار دۆلار، له‌وێدا به‌نیوه‌ی‌ ئه‌و نرخه‌ ده‌فرۆشرێت.

پێشانگاكه‌ی‌ كه‌ربولی‌ كه‌ له‌سه‌ر روبه‌ری‌ دوو هه‌زار مه‌تر دوجایه‌، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگای‌ سه‌ره‌كی‌ نێوان رومادی‌‌و فه‌لوجه‌. جگه‌ له‌و شوێنه‌ش، دوو كۆمه‌ڵه‌ پێشانگای‌ تریش هه‌ن كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نزیك فه‌لوجه‌‌و قه‌زای‌ حه‌دیسه‌ی‌ هه‌مان پارێزگا.

ئه‌م پێشانگایانه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كاندان، به‌بێ‌ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌ت‌و له‌سه‌ر زه‌ویه‌ بیابانیه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت داده‌مه‌زرێندرێن. به‌پێی‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ كه‌ربولی‌، حكومه‌ت چاوپۆشیان لێده‌كات‌و سزایان نادات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ناچار نابن كرێی‌ گرانی‌ ناوو شار بده‌ن.

به‌ڵام قایمقامی‌ رومادی‌، له‌تیف عوبێد عه‌یاده‌، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاگاداری‌ بونی‌ پێشانگای‌ له‌و جۆره‌ بێت‌و رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌ك پێشانگا هه‌بو "ئه‌ویش له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ داخرا، چونكه‌ سیمای‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ناشرین كردبو".

كه‌ربولی‌‌و بازرگانه‌كانی‌ تری‌ هاوشێوه‌ی‌، ئه‌م كه‌ل‌و په‌له‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌یان له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و عێراقیانه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ كار له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا ده‌كه‌ن‌و پاش كشانه‌وه‌ی‌ هه‌ر هێزێك له‌بنه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌، یه‌كسه‌ر سه‌رجه‌م كه‌لو په‌له‌كان له‌ئه‌مه‌ریكیه‌كان ده‌كڕن‌و به‌و بازرگانانه‌ ده‌یفرۆشنه‌وه‌.

ئه‌بو ته‌مام یه‌كێك بو له‌و هاوڵاتیه‌ عێراقیانه‌ی‌ وه‌ك وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا كاری‌ كردوه‌، به‌ڵام پاش نه‌مانه‌ی‌ پیشه‌كه‌ی‌، ئێستا سه‌رقاڵی‌ كڕینی‌ كه‌ل‌وپه‌لی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانه‌‌و فرۆشتنه‌وه‌یان به‌خاوه‌ن پێشانگاكان.

ئه‌بو ته‌مام ده‌ڵێت "ئێمه‌ وه‌ك نێوه‌ند له‌نێوان فرۆشیار كه‌ لایه‌نی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌‌و كڕیار كه‌ بازرگانی‌ عێراقیه‌، كارده‌كه‌ین". ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات "زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، پێشتر په‌یوه‌ندیان به‌هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هه‌بوه‌‌و وه‌ك وه‌رگێڕ، یان وه‌ك به‌ڵێنده‌ر، كاریان له‌گه‌ڵیاندا كردوه‌".

رونیشیكرده‌وه‌ "هه‌ندێ‌ جار ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ به‌تاك ده‌كڕدرێت‌و هه‌ندێ‌ جاری‌ تریش به‌كۆ، بۆ نمونه‌ ده‌چینه‌ نێو سه‌ربازگه‌یه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكی‌‌و ده‌ڵێین هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی‌ به‌ 100 هه‌زار دۆلار چۆڵبكه‌ن".

ئه‌بو قه‌حتان كه‌ خاوه‌نی‌ كارگه‌ی‌ حه‌یاته‌ بۆ ئاوی‌ كانزایی‌ له‌شاری‌ رومادی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ سودی‌ زۆری‌ له‌كه‌لوپه‌له‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان بینیوه‌ "باشه‌‌و هه‌رزانه‌‌و ته‌مه‌نێكی‌ درێژ كارده‌كات‌و تێكناچێت".

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م گه‌رموگوڕیه‌دا له‌مامه‌ڵه‌كردن به‌و كه‌لوپه‌لانه‌، هه‌ندێ‌ له‌پیاوانی‌ ئاینیی‌ سوننه‌مه‌زهه‌بی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، فه‌توای‌ حه‌رامكردنی‌ كڕینی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانیان ده‌ركردوه‌ به‌بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ پاشماوه‌ی‌ داگیركه‌رن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ خالد شاكر كوبه‌یسی‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ زانستی‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ وه‌قفی‌ سونی‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "له‌ڕوی‌ شه‌رعه‌وه‌ حه‌رامه‌ مامه‌ڵه‌ به‌كه‌لوپه‌لی‌ هێزی‌ داگیركه‌ر بكرێت"، جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ "نابێت قورسی‌ ژیان‌و كه‌مده‌رامه‌تی‌ پاڵ به‌هاوڵاتیانه‌وه‌ بنێت روو له‌و پێشانگایانه‌ بكه‌ن".

شێخ ئه‌حمه‌د دلێمی‌ دانیشتوی‌ ناوچه‌ی‌ ته‌ئمیمی‌ رۆژئاوای‌ شاری‌ رومادی‌، كۆك بو له‌گه‌ڵ كوبه‌یسیدا. دلێمی‌ وتی‌ "سه‌ره‌ڕای‌ باشی‌‌و هه‌رزانی‌ نرخی‌ كه‌لوپه‌لی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت پابه‌ندی‌ فه‌توای‌ پیاوانی‌ ئاینیی‌ بین‌و مامه‌ڵه‌ به‌پاشماوه‌ی‌ هێزی‌ داگیركه‌ر نه‌كه‌ین".

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌بو قه‌حتان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بازرگانانه‌ی‌ كڕین‌و فرۆش به‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌كات، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "من بێئاگام له‌بونی‌ فه‌توای‌ له‌و شێوه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ناكه‌م، به‌ڵكو ئه‌م شتانه‌ له‌بازرگانی‌ عێراقی‌ ده‌كڕم".

پێده‌چێت ئه‌و ئارامبونه‌ رێژه‌ییه‌ی‌ له‌پاش ساڵی‌ 2007‌و 2008ه‌وه‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار به‌خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تی‌ دوای‌ ده‌ركردنی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ له‌ناوچه‌كه‌یان، وای‌ له‌خاوه‌ن ئه‌و پێشانگایانه‌ كردبێت ترسیان له‌فرۆشتنی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان نه‌مابێت.

عه‌بدولره‌حمان كه‌ربولی‌ وتی‌ "له‌سه‌ره‌تادا زۆر ده‌ترساین گروپه‌ چه‌كداره‌كان بمانكوژن به‌هۆی‌ فرۆشتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ داگیركه‌ر، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كمان لێنه‌كراوه‌‌و به‌رده‌وامین له‌كاره‌كه‌مان".