راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌غاییه‌كان به‌دوای‌ جوانیدا ده‌گه‌ڕێن

خلود ره‌مزی
سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌شیمانه‌ له‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ جوانكاریه‌ی‌ بۆ رومه‌ته‌كانی‌ ئه‌نجامی‌ داوه‌، ئێستا ئه‌میره‌ی‌ ته‌مه‌ن 42 ساڵ، به‌نیازه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی‌ تر ئه‌نجامبدات، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان لای‌ دكتۆرێكی‌…
1.07.2010  |  به‌غدا

ئه‌م ژنه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نییه‌‌و توشی‌ هیچ روداوێك نه‌بوه‌ سه‌روچاوی‌ عه‌یبداركردبێت، به‌ڵام كاتێك هاوڕێكانی‌ ئه‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریانه‌یان ئه‌نجامدا، ئه‌ویش بڕیاری‌ دا وه‌ك ئه‌وان بكات‌و به‌فعلی‌ به‌ر له‌چوار مانگ له‌یه‌كی‌َ له‌سه‌نته‌ره‌كانی‌ جوانكاری‌ ناوچه‌ی‌ مه‌نسوری‌ به‌غدای‌ پایته‌خت، نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ی‌ ئه‌نجامدا.

"یه‌كه‌مین نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ لێوه‌كانم كرد، پاش سه‌ركه‌وتنی‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌، بڕیارم دا دانه‌یه‌كی‌ تر بۆ رومه‌ته‌كانم ئه‌نجامبده‌م". له‌درێژه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌میره‌ وتی‌ "له‌نه‌شته‌رگه‌ری‌ دوه‌مدا كاتێك ویستیان سلیكۆن بخه‌نه‌ ناو رومه‌تمه‌وه‌، توشی‌ ئازارێكی‌ زۆر بوم. به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ جگه‌ره‌كێشم، به‌نجه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ كاری‌ تێنه‌كردبوم".

ئه‌میره‌ كه‌ تراژیدیای‌ شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ ئه‌و پایته‌خته‌ نه‌یانتوانی‌ ببنه‌ رێگر له‌به‌رده‌می‌ بیركردنه‌وه‌‌و گه‌ڕان به‌دوای‌ جوانی‌، له‌پاش نه‌شته‌رگه‌ری‌ دوه‌م، به‌ده‌م‌وچاوێكی‌ په‌نماو‌و لێوانلێو له‌جێشوێنی‌ ده‌رزی‌ كه‌ تا راده‌یه‌كی‌ زۆر به‌وه‌ده‌چو به‌چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ لێیاندابێت، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌! ئه‌م ئافره‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ نزیكه‌ی‌ مانگێكی‌ پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ شینایی‌ سه‌ر رومه‌ته‌كانی‌ دیار نه‌مێنن، له‌ئێستادا سه‌رله‌نوێ‌ بیر له‌ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی‌ تر ده‌كاته‌وه‌ "مرۆڤ هه‌میشه‌ پێی‌ خۆشه‌ جوانتر ده‌ركه‌وێت".

نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ بوه‌ته‌ مۆدێل له‌عێراقدا. له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن‌و نه‌مانی‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ كه‌ وڵاتی‌ له‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ دابڕاندبو، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ باشبونی‌ رێژه‌یی‌ باری‌ ئه‌منی‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2007، ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ پزیشكان گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق كه‌ خاوه‌نی‌ چه‌ندین پسپۆڕێتی‌ تایبه‌ت بون له‌نێویشیاندا نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ڕوی‌ یاساییه‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق رێگره‌ له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ گشتیه‌كاندا نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌، ته‌نها به‌مه‌به‌ستی‌ جوانی‌، ئه‌نجامبده‌ن، بۆیه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و پزیشكانه‌ رویان كرده‌ عیاده‌ تایبه‌ته‌كان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر سه‌عه‌د داخل پسپۆڕ له‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی‌ جوانكاری‌ سوتان له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ واستیی‌ بۆ نه‌شته‌رگه‌ری‌ كه‌ گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌ له‌و جۆره‌یه‌ له‌عێراقدا، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ین كه‌ به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌‌و روداوی‌ توندوتیژیه‌وه‌ جه‌سته‌یان عه‌یبداربوه‌، یاخود هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌شێواوی‌ له‌دایك بون"، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆ "جوانكردنی‌ لوت‌و گه‌وره‌كردنی‌ لێو‌و سینگ‌و راكێشانی‌ چاو‌و ئه‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ ئه‌نجامناده‌ین، چونكه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانمان به‌خۆڕایی‌‌و بێبه‌رامبه‌رن".

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ واستی‌، ته‌نها له‌ساڵی‌ 2009دا له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ زیاتر له‌ 4200 نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆریان نه‌شته‌رگه‌ری‌ گه‌وره‌ بون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ندێكیان نه‌شته‌رگه‌ر جوانكردنی‌ ئێسك بون‌و زۆربه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كان قوربانی‌ ده‌ستی‌ ته‌قینه‌وه‌كان بون.

له‌به‌رامبه‌ردا عیاده‌كانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ جوانكاری‌ بون به‌یه‌كێ‌ له‌قه‌ره‌باڵغترین عیاده‌ی‌ پزیشكان له‌پێناو گه‌یشتن به‌ سیمایه‌كی‌ جوانتر، نزیك له‌سیمای‌ ئه‌و خانمه‌ جوانانه‌ی‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان به‌ده‌رده‌كه‌ون!

ئێستا هه‌ر كه‌سێك روبكاته‌ سه‌نته‌ری‌ ئه‌مه‌لی‌ تایبه‌تمه‌ند به‌نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ له‌ناوچه‌ی‌ مه‌نسور، زۆر به‌زه‌حمه‌ت كورسیه‌كی‌ چۆڵی‌ ده‌ستده‌كه‌وێت بۆ دانیشتن، هۆڵ‌و رێڕه‌وه‌كانی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ش جمه‌یان دێت له‌و كچ‌و ژنانه‌ی‌ به‌دوای‌ جوانیدا ده‌گه‌ڕێن.

"ئه‌و كچانه‌ی‌ رومانتێده‌كه‌ن، له‌گیرفانیاندا وێنه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ وه‌ك نانسی‌ عه‌جره‌م‌و هه‌یفا وه‌هبیان هه‌ڵگرتوه‌‌و هه‌ر كه‌ چونه‌ ژوری‌ دكتۆره‌وه‌، یه‌كسه‌ر وێنه‌كه‌ی‌ پێشانده‌ده‌ن تاكو دوای‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ له‌وان بچن"، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ په‌رستارێكی‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ بو كه‌ رونیده‌كرده‌وه‌ ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ ده‌یان نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاریان بۆ خۆیان ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌گه‌رچی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت له‌هۆڵی‌ چاوه‌ڕوانی‌‌و رێڕه‌وه‌كانیدا پاكوته‌میسیه‌كی‌ سه‌رنج راكێش به‌دیده‌كرێت، به‌ڵام كه‌ ده‌چیته‌ ژوری‌ تایبه‌ت به‌دكتۆر‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان، ته‌واو وێنه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌مو سوچێكدا خوێن‌و پاشماوه‌ی‌ له‌فاف ده‌بیندرێن پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر لوت‌و ده‌م‌وچاوی‌ نه‌خۆشه‌كان هه‌ڵگیراون.

زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی‌ رو له‌و عیادانه‌ ده‌كه‌ن، ئافره‌تن، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی‌ كه‌می‌ پیاوانیش هاموشۆیان ده‌كه‌ن‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن.

زوبه‌یدی‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ناوه‌ندێكی‌ تایبه‌تی‌ جوانكاری‌ ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات به‌پێی‌ ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ دوو ساڵی‌ رابردو، 86%ی‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان بۆ كچان‌و ژنان ئه‌نجامدراون، 14%شی‌ بۆ پیاوان.

زیاترین ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ی‌ پیاوان ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن، چاندنی‌ موی‌ سه‌ره‌، دواتر نه‌شته‌رگه‌ری‌ لوت‌و لابرنی‌ موی‌ رومه‌ت‌و مل به‌لیزه‌ر.

هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ ته‌مه‌نیشه‌وه‌یه‌، زیاترین ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌نێوان 28 بۆ 50 ساڵیدان كه‌ رێژه‌كه‌یان 65%ـه‌، دواتر ته‌منی‌ نێوان 18 بۆ 28 دێت به‌ڕێژه‌ی‌ 31% "نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆ كه‌سانی‌ خوار ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵ ئه‌نجامناده‌ین".

پێشتر ئه‌و خانمانه‌ی‌ ویستی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكردنیان هه‌بو، ناچار ده‌بون پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌سه‌فه‌ری‌ سوریا سه‌رفبكه‌ن كه‌ پێشوازی‌ له‌زیاترین ژماره‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراق كردوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌‌و عیاده‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ له‌به‌غدای‌ پایته‌ختدا له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردو كراونه‌ته‌وه‌، ئه‌و سه‌فه‌ركردنه‌ی‌ له‌كۆڵی‌ هاوڵاتیان كردوه‌ته‌وه‌.

نرخی‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی‌ جوانكردنی‌ لوت له‌ناوه‌نده‌كانی‌ جوانكاری‌ به‌غدا، 600 دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكیه‌. هه‌مان بڕیش بۆ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی‌ گه‌وره‌كردنی‌ لێو. به‌ڵام نه‌شته‌رگه‌ری‌ گه‌وره‌كردنی‌ سینگ، له‌نێوان 1500 بۆ 3000 دۆلاری‌ تێده‌چێت به‌پێی‌ ناوبانگی‌ دكتۆره‌كه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و مه‌واده‌ی‌ نه‌خۆش له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌وه‌ ده‌یهێنێت، یاخود له‌ده‌رمانخانه‌كاندا ده‌یكڕێت وه‌ك ماده‌ی‌ سلیكۆنی‌ تایبه‌ت به‌گه‌وره‌كردنی‌ لیو‌و رومه‌ت.

ئه‌گه‌رچی‌ هه‌مان نه‌شته‌رگه‌ری‌ به‌نرخێكی‌ كه‌متر له‌سوریا‌و هه‌ندێ‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ئه‌رده‌ن ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام تێچونی‌ سه‌فه‌ركردن‌و مانه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌دا بۆ ماوه‌ی‌ دوو بۆ سێ‌ هه‌فته‌، زۆر گرانتر ده‌كه‌وێت له‌وه‌ی‌ له‌ناوخۆی‌ وڵات ئه‌نجامی‌ بده‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، كچێكی‌ ته‌مه‌ن 28 ساڵی‌ وه‌ك سه‌حه‌ر، پێی‌ باشتر بو بچێته‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا‌و له‌وێدا نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی‌ جوانكردنی‌ لوت ئه‌نجامبدات‌و ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگ له‌و وڵاته‌دا "دوور له‌چاوی‌ خه‌ڵك" بمێنێته‌وه‌. سه‌حه‌ر كه‌ ئاماده‌نه‌بو ناوی‌ ته‌واوی‌ خۆی‌ ئاشكرابكات، وتی‌ "ئه‌وه‌م پێباشتر بو تاكو له‌و ئیحراجیه‌ رزگارم بێت‌و كه‌س راسته‌وخۆ لوتم نه‌بینێت له‌پاش نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌"، به‌تایبه‌ت كه‌ داوی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌، بۆ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ لوتی‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌ئاوسێت‌و گه‌وره‌ ئه‌بێت.

ئه‌م جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ به‌نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ ناوده‌برێن، به‌لام هه‌ندێ‌ جار له‌پاش لابردنی‌ لافافی‌ سه‌ر شوێنی‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌، نه‌خۆشه‌كه‌ توشی‌ شۆك ده‌بێت كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوه‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كرد‌و نه‌ك جوانتر نه‌بوه‌، به‌ڵكو زیاتر عه‌یبدار بوه‌. به‌هۆی‌ بونی‌ چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری‌ هه‌ڵه‌شه‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ رێوشوێن‌و رێسای‌ تایبه‌تی‌ بۆ عیاده‌كانی‌ جوانكاری‌ داناوه‌‌و مۆڵه‌تی‌ كاركردن ته‌نها به‌دكتۆره‌ پسپۆڕه‌كانی‌ ئه‌و بواره‌ ده‌دات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر ئوسامه‌ زوبه‌یدی‌ پسپۆڕ له‌نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ له‌هه‌ندێ‌ له‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌دا هه‌ڵه‌ ئه‌نجامدراوه‌ "زۆرێك له‌عیاده‌‌و نه‌خۆشخانه‌كان مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ پزیشك به‌گشتی‌‌و پزیشكی‌ جوانكاری‌ به‌تایبه‌تی‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهاته‌ به‌بێ‌ گوێدانه‌ جۆرایه‌تی‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پزیشكی‌ جوانكاری‌ "مێژویه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ له‌عێراقدا نییه‌".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌شێك له‌و خانمانه‌ی‌ حه‌زی‌ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌یان هه‌یه‌، دوودڵن له‌ئه‌نجامدانی‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌نگه‌ ئاینی‌ ئیسلام رێگه‌ی‌ لێگرتبێت. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ئاینه‌ نه‌یتوانی‌ ببێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م سه‌حه‌ردا كه‌ له‌چك به‌سه‌ره‌ له‌وه‌ی‌ رو له‌وڵاتی‌ سوریا بكات‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆ لوتی‌ ئه‌نجامبدات. ئه‌و، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و ژینگه‌ ئاینیه‌ی‌ باڵی‌ به‌سه‌ر به‌غدا‌و كۆی‌ وڵات كێشاوه‌، هه‌ر سور بو نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ ئه‌نجامبدات.

زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاریان ئه‌نجامدا، پێشتر هه‌وڵی‌ وه‌رگرتنی‌ رای‌ ئایه‌توڵڵا عه‌لی‌ سیستانیان دابو تاكو بزانن تاچه‌ند ئاینی‌ ئیسلام‌و مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ رێگه‌ی‌ به‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ داوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌