راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌خۆشه‌كانی‌ كوردستان توڕه‌ن!

قاسم خدر محەممەد
به‌ر له‌یه‌ك رۆژ له‌جه‌ژنی‌ قوربانی‌ ساڵی‌ رابردو، باوكی‌ دیدار ئیسماعیل، پاش تێكچونی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌، راسته‌وخۆ بردیه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ شاری‌ هه‌ولێر. به‌ڵام به‌هۆی‌ پشوی‌ جه‌ژنه‌وه‌، جگه‌ له‌په‌رستار، هیچ…
29.06.2010  |  هه‌ولێر

ئیسماعیل به‌درێژایی‌ دوو رۆژ هه‌وڵی‌ وه‌رگرتنی‌ مه‌وعدی‌ دكتۆر بو له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌دا، تا دوا جار دوو دكتۆری‌ گه‌نجی‌ ده‌ستكه‌وتبو، به‌ڵام نه‌یانزانیبو باوكی‌ چ نه‌خۆشیه‌كی‌ هه‌یه‌! دواجار له‌ڕێی‌ په‌وه‌ندی‌ كه‌سییه‌وه‌ دكتۆرێكی‌ به‌ناوبانگی‌ به‌غایی‌ بردبوه‌ سه‌ر باوكی‌ كه‌ ده‌ركه‌وت نه‌خۆشی‌ شه‌ركره‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام دیاریی‌ كردنی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ دره‌نگ هات. پاش دوو رۆژ مانه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌دا، گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

ئیسماعیل به‌توڕه‌ییه‌وه‌ ده‌یوت "دكتۆره‌كانمان خۆیان به‌زل ده‌زانن، به‌ڵام هیچ زانستێكیان پێنیه‌"، وتیشی‌ "گه‌ر نه‌خۆشبكه‌وم ناچمه‌ لایان، چونكه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ باشمبكه‌نه‌وه‌، خراپترم ده‌كه‌ن".

سكاڵا‌و توڕه‌بونی‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ ته‌نها نمونه‌یه‌كی‌ بچوكی‌ ئه‌و گله‌ییانه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ ئاڕاسته‌ی‌ پزیشك‌و نه‌خۆشخانه‌كانی‌ كوردستان ده‌بنه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌ندێ‌ له‌پزیشكان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ كه‌موكوڕی‌ له‌مه‌شقپێكردنیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌نه‌بونی‌ سیسته‌مێكی‌ ته‌ندروستی‌ نوێ‌ له‌هه‌رێمه‌كه‌دا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر فه‌تاح هه‌ورامی‌ پسپۆڕ له‌پزشكی‌ خێزانیی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ "60%ی‌ پزیشكانی‌ كوردستان، ماوه‌ی‌ پێنج ساڵه‌، هیچ مه‌شقێكیان پێنه‌كراوه‌‌و هیچ كۆرسێكی‌ گه‌شه‌پێكردن‌و نوێكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریه‌كانیان نه‌بینیوه‌".

هه‌ورامی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ تاكو ئێستا نازانێت چ سیسته‌مێكی‌ ته‌ندروستی‌ له‌كوردستاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت "ره‌نگه‌ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هیچ سیسته‌مێك له‌ئارادا نه‌بێت".

له‌درێژه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌یدا، ناوبراو رونیكرده‌وه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ خولی‌ مه‌شقی‌ به‌رده‌وام بۆ پزیشكان بكاته‌وه‌‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پسپۆڕ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌وه‌ بهێنێت.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ دكتۆر گۆران عبدوڵڵا كه‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای‌ له‌سیاسه‌تی‌ پزیشكی‌ له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستهێناوه‌، ده‌ڵێت "وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ گرنگی‌ زیاتر به‌پزیشكان ده‌دات‌و گوێ‌ به‌نه‌خۆش نادات"، پێویسته‌ وه‌زاره‌ت به‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌.

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ تاكو ئێستا هیچ یاسایه‌ك له‌باره‌ی‌ مافی‌ نه‌خۆش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌رنه‌كراوه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یاسایه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌ وه‌ك ره‌شنوس پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مان كراوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، دكتۆر حه‌سان مه‌حمود سوره‌، ده‌ڵێت "متمانه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان‌و پزیشكان نه‌ماوه‌‌و پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ بنیاتبنێینه‌وه‌".

سوره‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ وه‌زاره‌ت به‌نیازه‌ كۆنگره‌یه‌ك له‌مانگی‌ تشرینی‌ دوه‌می‌ داهاتو ببه‌ستێت‌و پسپۆڕی‌ ته‌ندروستی‌ بیانی‌ بۆ بانگهێشت بكات به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ له‌سیسته‌می‌ ته‌ندروستی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌تایبه‌ت كه‌ سیسته‌می‌ ته‌ندروستی‌ ئێستای‌ هه‌رێم "زۆر كۆنه‌‌و له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ له‌ساڵی‌ 1920 دامه‌زرێندراوه‌".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ زۆربه‌ی‌ پزیشكانی‌ كوردستان له‌دوو شوێن كارده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌كه‌رتی‌ گشتی‌‌و كه‌رتی‌ تایبه‌ت (له‌عیاده‌‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان). گله‌یی‌ هاوڵاتیان كه‌رتی‌ تایبه‌تیشی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها گشتی‌.

كاتێك نه‌خۆشێك سه‌ردانی‌ دكتۆرێكی‌ تایبه‌ت ده‌كات‌و ته‌نها ماوه‌ی‌ چه‌ند خوله‌كێك له‌عیاده‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌، نزیكه‌ی‌ 20 هه‌زار دینار وه‌ك نرخی‌ پشكنین ده‌داته‌ دكتۆره‌كه‌. ئه‌مه‌ی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ دكتۆری‌ ناسراودا ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێك ده‌بێت بوه‌ستێت تاكو سه‌ره‌ی‌ به‌رده‌كه‌وێت.

سه‌ركه‌وت عوسمان كه‌ دانیشتویه‌كی‌ شاری‌ هه‌ولێره‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات به‌ر له‌چه‌ند مانگێك توشی‌ ئازاری‌ فه‌قه‌رات بوه‌‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ناونیشانی‌ دكتۆرێكی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ "له‌پرسگه‌ی‌ دكتۆره‌كه‌دا پێیان وتم ده‌بێت ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگ چاوه‌ڕوان بم تاكو نۆره‌م دێت، چونكه‌ نه‌خۆشی‌ زۆره‌".

له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر عه‌بدوڵڵا گۆران ده‌ڵێت "پێویسته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و گشتی‌ له‌یه‌ك جیابكه‌ینه‌وه‌‌و ده‌بێت حكومه‌ت هه‌وڵی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بدات له‌ڕێی‌ راكێشانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ران".

له‌هه‌وڵێكیشیدا بۆ زانینی‌ رای‌ دكتۆره‌كان له‌باره‌ی‌ كاركردن له‌و دوو كه‌رته‌دا، گۆران قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ 163 دكتۆر كردوه‌ له‌سه‌رانسه‌ری‌ كوردستان "80%ی‌ دكتۆره‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌گشتی‌ كرد، 84%یش داوای‌ زیادكردنی‌ موچه‌كه‌یان كرد به‌ڕێژه‌ی‌ 300% تاكو بتوانن ته‌نها له‌كه‌رتی‌ گشتیدا كاربكه‌ن".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان گله‌یی‌ له‌ئاستی‌ پزیشكان‌و خراپی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌كه‌ن. هه‌رچی‌ پزیشكه‌كانه‌ كه‌ زۆر جار هه‌ڵه‌ی‌ كوشنده‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌ده‌گمه‌ن لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌‌و به‌ده‌گمه‌ن چونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا.