راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌پوتۆزی‌ پیرۆز

عه‌باس سه‌رحان
له‌نزیك ده‌رگای‌ مێژویی‌ "ئه‌لسه‌دره‌"ی‌ سه‌حنی‌ حوسێنی‌ شاری‌ كه‌ربه‌لا، رۆژانه‌ ده‌یان كه‌س به‌دیار په‌نجه‌ره‌یه‌كی‌ بچكۆلانه‌وه‌ ریزده‌گرن به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ تۆزێك ته‌پوتۆز.
8.06.2010  |  كه‌ربه‌لا

به‌لای‌ زیاره‌تكه‌رانی‌ مه‌زارگه‌ی‌ ئیمام حوسێن‌و ئیمامه‌كانی‌ تری‌ شیعه‌وه‌، ئه‌و ته‌پوتۆزه‌، ته‌پوتۆزێكی‌ ئاسایی‌ نییه‌، به‌ڵكو "ته‌پوتۆزی‌ پیرۆز"ـه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسی‌ به‌شی‌ دیاری‌‌و نزری‌ عه‌ته‌به‌ی‌ حوسه‌ینی‌ حاجی‌ موجاهد مه‌هدی‌ مه‌جید ئاماژه‌ی‌ پێده‌دا، چونكه‌ "له‌سه‌ر ئارامگه‌ی‌ ئیمام حوسێن‌و ناو مه‌زارگه‌كه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌".

مه‌جید رونیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ مانگانه‌ له‌سه‌ر ئارامگه‌‌و پێچ‌و په‌ناكانی‌ مه‌زارگه‌كه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر فه‌رشه‌كان له‌كاتی‌ پاكردنه‌وه‌دا كۆده‌كرێته‌وه‌.

زۆربه‌ی‌ زۆری‌ زیاره‌تكه‌رانی‌ ئارامگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ شیعه‌ له‌كه‌ربه‌لا‌و شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق له‌كاتی‌ سه‌ردانیكردنی‌ ئه‌و ئیمامانه‌دا، سورن له‌سه‌ر كڕینی‌ پارچه‌ قوماشی‌ سه‌وز، یاخود هه‌ر شتێكی‌ تری‌ نێو ئارامگه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ "ته‌به‌روك" كردن، به‌ڵام به‌تایبه‌تیتر ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ده‌وری‌ په‌نجه‌ره‌ بچكۆلانه‌كه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌، مه‌به‌ستیانه‌ مشتێك ته‌پوتۆزی‌ "پیرۆز" به‌ده‌ستبێنن.

به‌لای‌ ئه‌و زیاره‌تكه‌رانه‌وه‌، ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ی‌ ئیمام حوسێنی‌ كوڕه‌زای‌ پێغه‌مبه‌ر به‌سه‌ریدا رۆشتوه‌، یاخود ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا له‌ناو مه‌زارگه‌كه‌ی‌ كۆده‌بێته‌وه‌، شادی‌‌و ته‌ندروستی‌ باشیان بۆ دێنێت. خه‌ڵكی‌ چه‌ندین چیرۆك له‌ناو خۆیاندا ده‌گوازنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌وه‌ كه‌ چۆن بوه‌ته‌ هۆی‌ "موعجیزه‌"‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ پزیشكه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن.

له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ به‌كارهێنانی‌ ته‌پوتۆزی‌ پیرۆز به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشیه‌كان، مه‌جید رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ "له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند ئایه‌تێكی‌ قورئانی‌ پیرۆز ده‌خوێندرێته‌وه‌‌و داتر ئه‌و دوعایانه‌ ده‌وترێت كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌و ته‌پوتۆزه‌وه‌ هه‌یه‌‌و ئه‌وجا ئه‌و شوێنه‌ی‌ له‌جه‌سته‌ی‌ مرۆڤی‌ پێده‌شورێت كه‌ توشی‌ نه‌خۆشی‌ بوه‌".

پیاوی‌ ئاینی‌ شێخ عه‌لی‌ فه‌تلاوی‌ كه‌ به‌رپرسی‌ به‌شی‌ كتێخانه‌‌و دیكۆمێنته‌كانی‌ عه‌ته‌به‌ی‌ حوسه‌ینییه‌، بڕوای‌ به‌ "موعجیزه‌"كانی‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ پیرۆزه‌ هه‌یه‌. فه‌تلاوی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "مێژو سه‌لماندویه‌تی‌ كه‌ زۆرێك له‌وانه‌ی‌ پزیشك نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ریان بكات، پاش تكاكردن له‌ئیمامه‌كان، چاكبونه‌ته‌وه‌".

سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ ریزده‌گرن، كۆكن له‌گه‌ڵ روقه‌یه‌ ئیبراهیم مه‌یالی‌ له‌باره‌ی‌ بڕواهێنانیان به‌ به‌ره‌كه‌تی‌ ته‌پوتۆزی‌ پیرۆز. مه‌یالی‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ نۆره‌ی‌ خۆی‌ ده‌كرد بۆ وه‌رگرتنی‌ كیسێكی‌ بچكۆله‌ی‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا ئه‌و به‌مه‌به‌ستی‌ عیلاج هاتوه‌ته‌ ئێره‌ "زۆر جار پزیشكان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ئازاری‌ گه‌ده‌‌و سه‌رئێشه‌ رزگارمبكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی‌ ئه‌م ته‌پوتۆزه‌ پیرۆزه‌، یه‌كسه‌ر باش ئه‌بمه‌وه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ماڵه‌وه‌ هه‌مه‌".

به‌رپرسی‌ به‌شی‌ دیاریی‌‌و نزری‌ عه‌ته‌به‌ی‌ حوسه‌ینی‌ ده‌ڵێت "مانگانه‌ زیاتر له‌سێ‌ هه‌زار كیسی‌ ته‌پوتۆزی‌ پیرۆز دابه‌شده‌كه‌ینه‌ سه‌ر زیاره‌تكه‌ران". ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ داوای‌ ده‌كه‌ن، ته‌نها عێراقی‌ نین، به‌ڵكو له‌وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و ئێران‌و هیندستان‌و وڵاتانی‌ تریشه‌وه‌ن.

به‌مه‌به‌ستی‌ رێگه‌گرتن له‌دروستبونی‌ قه‌ره‌باڵغی‌‌و مسۆگه‌ر كردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موان ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ پیرۆزه‌یان به‌ركه‌وێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ مه‌زارگه‌كه‌ كاتێكی‌ دیاریكراوی‌ ده‌ستنیشان كردوه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ ته‌پوتۆزه‌كه‌ كه‌ له‌كاتژمێر یه‌كی‌ نیوه‌ڕۆوه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و تاكو پێنجی‌ ئێواره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

نزیكه‌ی‌ ساڵێك ده‌بێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ مه‌زارگه‌ی‌ حوسێن ئامێرێكی‌ تایبه‌تیان بۆ پاڵاوتن‌و له‌كیس خستنی‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ كڕیوه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌جید ده‌ڵێت "ئه‌و ئامێره‌مان له‌ئێران كڕیوه‌‌و ئێستا له‌ژوری‌ دیاریی‌‌و نزره‌كان دامانمه‌زراندوه‌‌و چوار كارمه‌ند كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن‌و رۆژانه‌ كیسی‌ ته‌پوتۆزه‌ پیرۆزه‌كه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن".

به‌گشتی‌ ئه‌و زیاره‌تكه‌رانه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ دوره‌وه‌ ده‌چنه‌ زیاره‌تی‌ مه‌زاره‌گه‌ پیرۆزه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا، ته‌نها به‌به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ واز ناهێنن، به‌ڵكو چه‌ندین دیاری‌ تریش هه‌یه‌ وه‌ك ته‌سبیحی‌ له‌قوڕ دروستكراو‌و به‌ردی‌ نوێژكردن كه‌ له‌كاتی‌ سجوددا ده‌یكه‌نه‌ ژێر سه‌ریانه‌وه‌‌و به‌هه‌مان شێوه‌ له‌قوڕی‌ كه‌ربه‌لا دوستكراون، ده‌كڕن.

ئه‌و دیاریانه‌ی‌ له‌قوڕی‌ شاری‌ كه‌ربه‌لا دروستكراون، له‌دوكانه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ هه‌ردو مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كه‌ی‌ ئه‌و شاره‌دا ده‌فرۆشرین كه‌ هی‌ ئیمام حوسێن‌و عه‌باسی‌ برایه‌تی‌. ئه‌م پیشه‌یه‌ داهاتێكی‌ به‌رچاوی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌، چ ئه‌وانه‌ی‌ دروستی‌ ده‌كه‌ن‌و چ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یفرۆشن.

به‌ڵام حاجی‌ موجاهد مه‌هدی‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ته‌پوتۆزه‌ پیرۆزه‌كه‌ نافرۆشن‌و هیچ داهاتێكی‌ نییه‌ بۆ مه‌زارگه‌كه‌یان، به‌ڵكو وه‌كو دیاری‌ پێشكه‌ش به‌زیاره‌تكه‌ران ده‌كرێت، به‌ڵام "ئیمه‌ رێگر نین له‌وه‌ی‌ دوكانه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌زارگه‌كه‌ بیفرۆشن".

به‌پێی‌ لێدوانی‌ به‌رپرسانی‌ مه‌زارگه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا، بودجه‌‌و داهاتی‌ داراییان له‌لایه‌م حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌‌و دیوانی‌ وه‌قفی‌ شیعیه‌وه‌ ته‌رخانده‌كرێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ ته‌نها له‌ساڵی‌ 2010دا‌و به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ حوسه‌ینیه‌كه‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بڕی‌ شه‌ش ملیار دیناری‌ سه‌رفكرد (نزیكه‌ی‌ 5 ملیۆن دۆلار). جگه‌ له‌م بودجانه‌ش، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ داهات هه‌ن وه‌ك پاره‌‌و زێر به‌خشینی‌ زیاره‌تكه‌ران.

ئامارێكی‌ ورد له‌باره‌ی‌ بڕی‌ ئه‌و پاره‌ به‌خشراوه‌، یاخود چۆنێتی‌ سه‌رفكردنیان له‌ئارادا نییه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌برانی‌ ئه‌و دوو مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و پارانه‌ له‌خزمه‌تگوزاریه‌كاندا سه‌رفده‌كرێن بۆ خزمه‌تكردنی‌ ئه‌و ملیۆنه‌ها زیاره‌تكه‌ره‌ی‌ ساڵانه‌ سه‌ردانی‌ مه‌زارگه‌كان ده‌كه‌ن.

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ زیاره‌تكردنی‌ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ شیعه‌ له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ رابردو له‌ساڵی‌ 2003، بوه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی‌ سه‌ره‌نجراكێش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئاماری‌ وردی‌ ژماره‌ی‌ زیاره‌تكه‌ران له‌ئارادا نییه‌، به‌ڵام به‌رپرسه‌ لۆكاڵه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 30 ملیۆن زیاره‌تكه‌ر له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق‌و ده‌روه‌ی‌ عێراقیشه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شتوگوزاری‌ ئاینی‌، سه‌ردانی‌ كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن.