راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لێبوردنی‌ نێوده‌وڵَه‌تی‌
هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێڕش

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی‌، رۆژی‌ 27ی‌ نیسان، داوای له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق کرد‌ له‌زووترین کاتدا هه‌نگاوی‌ جدی‌ به‌ڕوی‌ پاراستنی هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی بنێن که‌ بوونه‌ته‌ قوربانی شه‌پۆلی هێرٍشه‌ توند‌و…
27.04.2010

له‌نوێترین راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ "عێراق: خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش" هاتوه‌ كه‌ مانگانه‌ سه‌دان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی ده‌كوژرێن‌و بریندار ده‌بن. زۆرێك له‌و قوربانیانه‌ به‌هۆی‌‌ ئاین، ره‌گه‌ز، هاوسێكس، یان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌دژی پێشه‌لکارییه‌کانی مافی مرۆڤ قسه‌یان کردووه‌، بوونه‌ته‌ ئامانجی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان.

دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراقیش، هۆكارێكی‌ تر بوه‌، به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌، بۆ زیادبونی‌ هێڕشه‌ توندوتیژیه‌كان له‌دژی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نها له‌هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ مانگی‌ نیساندا زیاتر له‌ 100 هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

مالکۆم سمارت، به‌رپرسی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باکوری ئه‌فریقیای ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌ڵێت "پاش حه‌وت ساڵ له‌داگیركردنی‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، هێشتا هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌که‌ش‌و هه‌وایه‌کی پر له‌مه‌ترسیدا ده‌ژین. ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌یانتوانی زۆر له‌وه‌ زیاتر پارێزگاری له‌خه‌ڵک بکه‌ن‌".

ڕێکخراوی ناوبراو داوا له‌ده‌سه‌ڵاتداران ده‌کات هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ پاراستنی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ژێر مه‌ترسی دان‌و تاوانباران روبه‌ڕوی‌ دادگا بكه‌نه‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌نێو قوربانیه‌كاندا به‌كوژراو‌و برینداره‌وه‌، چه‌ندین داکۆکیکاری‌ مافی مرۆڤ، رۆژنامه‌نووسان‌و چالاکه‌وانانی‌ مه‌ده‌نی‌‌و سیاسی به‌یده‌كرێن. عومه‌ر ئیبراهیم جبوری به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌کان له‌ته‌له‌فیزیونی ره‌شید، رۆژی‌ 13 نیسانی‌ 2010، روبه‌ڕوی‌ هێڕشی‌ كوشتن بوه‌وه‌ له‌ڕێی‌ بۆمبێكی‌ لكێدراوه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ داندرابو. ئه‌گه‌رچی‌ ناوبراو له‌و هێڕشه‌ رزگاری‌ بو، به‌ڵام هه‌ردو قاچی‌ له‌ده‌ستدا.

که‌مایه‌تییه‌ ئه‌ینیی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش پشكی‌ خۆیان له‌م توندوتیژیه‌ی‌ عێراق به‌ركه‌وتوه‌. له‌م نێوه‌نده‌دان، ته‌نها له‌مانگی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵدا، هه‌شت هاوڵاتی‌ مه‌سیحی‌ شاری‌ موسڵ كوژراون. دوو قوتابی مه‌سیحی به‌ناوه‌کانی زیا تۆما (22 ساڵ)‌و ره‌مزین شمه‌یل (21 ساڵ)، له‌ڕۆژی 17 شوباتی‌ 2010دا له‌لایه‌ن چه‌کدارانی نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ناو شاری‌ موسل ته‌قه‌یان لێكرا، تۆما کوژرا‌و شمه‌یل بریندار بوو‌.

رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ جگه‌ له‌و تاوانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ كوشتنی‌ سیان له‌گه‌وره‌ به‌رپرسانیان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا، به‌ڵام هێشتا بنكه‌یه‌كی‌ فراوانیان له‌عێراقدا ماوه‌، چه‌ندین پێشێلكاری‌ تر دژ به‌مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌ عێراقیه‌كان‌و هێزه‌ بیانیه‌كان‌و ته‌نانه‌ت له‌نێو خودی‌ خێزانه‌كاندا ئه‌نجامده‌درێن.

به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌، ژنان‌و کچان هێشتا ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌و چه‌ندین ده‌ستدرێژی‌و‌ پێشێلكاریان ده‌رهه‌ق ئه‌نجامده‌درێت، چ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ بێت، چ له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌. راپۆرتی‌ رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م له‌پیاوان تاوانی‌ لاقه‌كردنی‌ ئافره‌تانیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ له‌عێراقدا كه‌ هیچ نییه‌ له‌چاو ئه‌وه‌ی‌ له‌واقیعدا روده‌دات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تاكو ئێستا له‌ژێر ناونیشانی‌ تاوانی‌ شه‌ره‌ف ژنان روبه‌روی‌ گه‌وره‌ترین پێشێلكاری‌‌و ده‌ستدرێژی‌ ده‌بنه‌وه‌ كاتێك هه‌ڵسوکه‌وتێك پێچه‌وانه‌ی یاسا که‌لتورییه‌کان ئه‌نجامده‌ده‌ن، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر ئاماده‌ نه‌بن شو به‌ پیاوێك بكه‌ن که‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ دیاری‌ كرابێت. هه‌روه‌ها چالاکه‌وانای‌ بواری ژنان به‌هۆی‌ پشتیوانی کردنیان له‌مافه‌كانیان بوونه‌ته ئامانجی هێرشی توند‌و تیژی.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هاوسێكسه‌كان روبه‌ڕوی‌ ده‌ستدرێژی‌ توند بونه‌ته‌وه‌‌و به‌رده‌وام ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌، به‌تایبه‌ت‌ كه‌ پیاوه‌ ئاینیه‌کان داوا له‌لاینگرانیان ده‌که‌ن هێرش بکه‌نه‌ سه‌ریان‌و له‌ناویان به‌رن.

حه‌کیم‌ پیاوێكی ته‌مه‌ن 34 ساڵه‌ی خه‌ڵکی نه‌جه‌فه‌، له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نهێنییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕی‌ هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌یدا ئاشكرابوه‌، سوپای مه‌هدی دۆسته‌که‌یان رفاندوه‌‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ زۆریان داوه‌، دوای ئازادکردنیشی‌، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له‌هه‌ردوكیان كراوه‌.

هه‌ر له‌درێژه‌ی‌ ئه‌و راپۆرته‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست نیقاش كه‌وتوه‌، ئاماژه‌ به‌و خێزانانه‌ دراوه‌ كه‌ به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌‌و ئابوری‌ ناچار كراون ناوچه‌كانیان جێبێڵن‌و كۆچ به‌ره‌و ناوچه‌ی‌ تر‌ بكه‌ن كه‌ زۆربه‌یان له‌كه‌مایه‌تیه‌كانن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی‌ داوا له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌کات له‌زوترین کاتدا به‌دوای‌ ئه‌و كێشه‌یه‌دا بچن‌و ژیانی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ بپارێزن‌و گوزه‌رانیان باشتر بكه‌ن.

له‌راپۆڕته‌كه‌دا جه‌غت كراوه‌ته‌ سه‌ر كۆتایی‌ هێنان به‌دیارده‌ی‌ میلیشیا له‌عێراقدا‌و كه‌ پشكی‌ گه‌وره‌ی‌ پێشێلكاری‌‌و توندوتیژیه‌كان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.

له‌باره‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتیشه‌وه‌، له‌راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌دیارده‌ی‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی‌ په‌نابه‌ران كراوه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ عێراق، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی‌ به‌زۆر ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ناوژه‌ی‌ پڕ كێشه‌‌و نائاسایشن، ئه‌مه‌ش دژی یاساکانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌.

ڕێکخراوی ناوبراو قسه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڵاتیه‌كی‌ په‌نابه‌ری‌ عێراقی‌ كردوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی‌ هۆڵه‌نداوه‌ له‌ڕێکه‌وتی 30/3/2010دا به‌زۆر گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌. له‌نێوان ئه‌و 35 په‌نابه‌ره‌دا یه‌كێکیان گه‌نجێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵه‌ی شێعه‌ی تورکمانی خه‌ڵکی شارۆچكه‌ی‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ موسڵه‌. شارۆچكه‌ی‌ ناوبراو تاكو ئێستا به‌یه‌كێ‌ له‌ناوچه‌ پڕ توندوتیژیه‌كان ده‌ناسرێت‌و له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردودا سه‌دان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ تێدا كوژراون.

تكایه‌ بۆ زانیاری زیاتر‌ ته‌ماشای ڕاپۆرتی "عێراق: خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش" بکه‌ن.