راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌ڵای‌ هه‌ولێر ترسی‌ روخانی‌ هه‌یه‌

قاسم خدر محەممەد
تاكو ئێستا پڕۆژه‌ی نوژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر زۆر له‌سه‌ره‌خۆ‌و به‌سستی‌ ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌‌و شاره‌زایان داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن به‌په‌له‌ ئاوڕێكی‌ جدی‌ له‌شوێنه‌واره‌كانی‌ شاری هه‌ولێر بداته‌وه‌،…
18.03.2010  |  هه‌ولێر

سه‌فین حسێن، گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن 26 ساڵه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا له‌سه‌ر قه‌ڵا دانیشتبون‌و ته‌ماشای‌ دیمه‌نی شاری هه‌ولێریان ده‌كرد، وتی "به‌ڕوخانی هه‌ر دیوار یان خانویه‌كی قه‌ڵات، زۆر ئازار ده‌چێژم". ئه‌م گه‌نجه‌ ئاشكرایده‌كات "زو زو به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت حكومه‌ت به‌نیازی‌ گرنگیپێدانه‌ به‌قه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌راستیدا ده‌بیندرێت، خراپ بونی‌ زیاتری‌ رۆژ به‌ڕۆژی‌ ئه‌م شوێنه‌واره‌یه‌".

قه‌ڵای هه‌ولێر كه‌ ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 8 هه‌زار ساڵه‌‌و به‌كۆنترۆین شوێن له‌جیهاندا ده‌ناسرێت كه‌ تاكو ئێستا ژیانی تێدا به‌رده‌وامه‌، له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دامه‌وه‌ له‌2003، ده‌یان هه‌زار گه‌شتیاری‌ به‌لای‌ خۆیدا راكێشاوه‌.

ئه‌م قه‌ڵایه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوجه‌رگه‌ی‌ شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌، زیاتر له‌ 500 خانو له‌خۆده‌گرێت، زۆربه‌یان له‌كه‌رپوچ‌و قوڕ دروست كراون. هه‌ندێ‌ له‌و خانوانه‌ به‌دیكۆری‌ نایاب‌و په‌نجه‌ره‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ رازاندراونه‌ته‌وه‌‌و ده‌رگای داری نه‌خشێندراویان هه‌یه‌.

دیواری خانوه‌كانی چوار ده‌وری قه‌ڵا، له‌بارێكی زۆر ترسناكدان‌و هه‌ندێكیشیان به‌هۆی باران‌و پشتگوێخستنه‌وه‌، روخاون.

به‌ گوته‌ی كۆمیسیۆنی باڵای نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر كه‌ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌، 40%ی خانووه‌كانی‌ قه‌ڵاكه‌ له‌بارێكی ترسناكدان‌و 40%یشان خراپ بوون‌و 20%كه‌ی‌ تریش له‌دۆخێكی مامناوه‌ندیدان.

له‌كۆتایی ساڵی 2007دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری نوژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێری دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قه‌ره‌بوی‌ دانیشتوانی‌ قه‌ڵای‌ كرد‌و پێیان چۆڵكردن كه‌ چه‌ند سه‌د خێزانێك ده‌بون، ته‌نها یه‌ك خێزان نه‌بێت، له‌سه‌ر داوای‌ حكومه‌ت، له‌سه‌ر قه‌ڵا مانه‌وه‌ تاكو ژیانی‌ تێدا به‌رده‌وام بێت، وه‌ك چۆن به‌ر له‌هه‌شت هه‌زار ساڵه‌وه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وام بوه‌.

دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ش، حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆمیسۆنێكی‌ تایبه‌تی‌ به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ قه‌ڵای‌ هه‌ولێر دامه‌زراند‌و یونیسكۆش بڕیاری سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ی‌ دا، له‌هه‌مان كاتدا راشیگه‌یاند كه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات قه‌ڵای هه‌ولێر بخرێته‌ نێو لیستی شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌.

به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبونی‌ زیاتر له‌ساڵێك، به‌وته‌ی چاودێران، كۆمسیۆنی‌ ناوبراو نه‌یتوانی‌ كاره‌كانی‌ به‌پێی‌ پێویست به‌ڕێوه‌ببات‌و سستی‌ له‌پڕۆسه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌دا هه‌بو، بۆیه‌ حكومه‌ت به‌ر له‌چه‌ند مانگێك سه‌رۆك‌و چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ گۆڕی‌.

سه‌رۆكی نوێی‌ كۆمیسیۆنی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ قه‌ڵای‌ هه‌ولێر، ئه‌ندازیار دارا یه‌عقوبی بۆ نیقاشی‌ ئاشكراكرد "نزیكه‌یی ساڵێكه‌ هیچ كارێك بۆ قه‌ڵای هه‌ولێر نه‌كراوه‌".

ئه‌م ئه‌ندازیاره‌ كه‌ له‌هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا له‌قه‌ڵای‌ هه‌ولێر كاری‌ كردوه‌، رونیده‌كاته‌وه‌ "ئێستا سه‌رله‌نوێ‌‌و به‌هاوكاری‌ یونیسكۆ ده‌ستمان به‌پڕۆژه‌ی‌ نوژه‌نكردنه‌وه‌ ئه‌م قه‌ڵایه‌ كردوه‌ته‌وه‌".

پڕۆژه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای‌ هه‌ولێر له‌سێ قۆناغی‌ جیاواز پێكهاتوه‌: قۆناغی یه‌كه‌م بریتیه‌ له‌به‌دیكۆمێنتكردن‌و دیاریكردنی‌ ئه‌و خانووانه‌ی‌ پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌‌و دانانی ماسته‌رپلانێكی‌ تایبه‌ت به‌و كاره‌‌و راسته‌وخۆ ده‌ستپێكردن به‌نوژه‌نكردنه‌وه‌ی 10 خانوو كه‌ له‌دۆخێكی زۆر خراپدان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ نوێكه‌ی‌ كۆمسیۆن ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ 85%ی ماسته‌رپلانه‌كه‌یان به‌هاوكاری‌ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی‌ تایبه‌ت ته‌واو كردوه‌‌و "له‌كۆتایی‌ ئه‌م مانگه‌دا (نیسان) ده‌ست به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مین 10 خانو ده‌كرێت".

هه‌رچه‌ قۆناغی‌ دوه‌میشه‌، بریتیه‌ له‌بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی قه‌ڵاكه‌ له‌ڕێی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ خانوه‌كانی‌ تر‌و دانانی سیستمی ئاو، كاره‌با، ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت. ئه‌ندازیار دارا ئاشكرایكرد "حكومه‌تی هه‌رێم 12.9 ملیۆن دۆلاری بۆ جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووه‌م دابین كردووه‌".

قۆناغی سێهه‌میش بریتییه‌ له‌نوژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی چوارده‌وره‌ی قه‌ڵا، وه‌ك بازاڕ‌و گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی دیكه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ كۆنن‌و ترسی‌ تێكچونیان هه‌یه‌.

له‌باره‌ی‌ كاتی‌ ته‌واوبونی‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش، دارا وتی‌ "پاش 10 ساڵ، قه‌ڵای هه‌ولێر هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نامێنێت".

په‌یامنێری‌ نیقاش چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیار دارا یه‌عقوبی‌ له‌ناو ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر قه‌ڵا ئه‌نجامدا، ناوبراو هیوای خواست بتوانێت رێگای‌ ئاسانتر هه‌بێت بۆ بینینی‌ به‌رپرسانی‌ یونیسكۆ "بینینی ستافه‌كانی یونیسكۆ زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ رۆتینی‌ ئه‌منیان زۆره‌. ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ كه‌متر بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئۆفیسه‌كه‌یان‌و كه‌متر یارمه‌تیده‌ر بن".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ كاتێك فه‌رمانبه‌رانی‌ یونیسكۆ دێنه‌ سه‌ر قه‌ڵا "ماوه‌یه‌كی‌ ئێجگار كه‌م ده‌مێنن‌و توانای‌ بینینیان كه‌م ده‌بێت"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چوارده‌وره‌ دراون به‌گارد‌و هێزی‌ ئه‌منی‌، له‌كاتێكدا "له‌هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستیان به‌و هه‌موو رێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌ نییه‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌مان ئارامه‌".

له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیشدا له‌ناو قه‌ڵا، هه‌فته‌ی‌ رابردو، یونسكۆ ڕایگه‌یاند كه‌ قه‌ڵای هه‌ولێریان له‌لیستی كاتیی شوێنه‌واره‌كانی جیهان داناوه‌.

به‌ گوێره‌ی پلانی حكومه‌تی هه‌رێمیش، پاش ئه‌وه‌ی قه‌ڵا نوژه‌نده‌كرێته‌وه‌، نزیكه‌ی‌ 50 خێزان توانای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌بێت بۆ سه‌ر قه‌لا، به‌ڵام هێشتا نیگه‌رانیه‌كان هه‌ر ماون له‌و باره‌یه‌وه‌.

خاوه‌نی ئه‌نتیكه‌خانه‌ی قه‌ڵا، خاڵس یونس موسته‌فا، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌چنه‌ نێو قه‌ڵا، ده‌بێت خه‌ڵكێكی ڕۆشنبیر بن، وا باشتریشه‌ زمانی ئینگلیزی یان عه‌ره‌بی بزانن، چونكه‌ گه‌شتیارێكی زۆر سه‌ردانی قه‌ڵا ده‌كه‌ن‌و حه‌زی‌ زانینی‌ میژوی قه‌ڵایان هه‌یه‌".

(Photo by Qassim Khider Hamad/ Niqash.org)