راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌ره‌ب فێری‌ كوردی‌ ده‌بێت

قاسم خدر محەممەد
عه‌لی عه‌باس، هاوشێوه‌ی‌ سه‌دان هاوڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ تر كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا نیشته‌جێن، به‌ر له‌سێ‌ مانگ ده‌ستیكردوه‌ به‌فێربونی‌ زمانی‌ كوردی‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ دركی‌ به‌وه‌كرد به‌بێ‌ فێربونی‌ ئه‌م زمانه‌،…
11.02.2010  |  هه‌ولێر

ئه‌م گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن 24 ساڵه‌، پارساڵ كۆلیژی زانستی‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دینی‌ ته‌واوكرد‌و له‌و كاته‌وه‌ به‌دوای‌ كاردا ده‌گه‌ڕێت، چونكه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منیه‌وه‌، به‌ر له‌دوو ساڵ شاری‌ به‌غدایان جێهێشت‌و رویان كرده‌ هه‌ولێر، به‌نیاز نین بگه‌ڕینه‌وه‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان، گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ ته‌واو ئارام نه‌بێته‌وه‌.

عه‌لی به‌كوردییه‌كی پچڕپچڕه‌وه‌ وتی "من نامه‌وێ له‌سوپه‌رماركێت كار بكه‌م، چونكه‌ ده‌رچوی زانكۆم. ده‌مه‌وێ له‌ڕێكخراوێكی ناحكومی یان كۆمپانیایه‌ك كار بكه‌م، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌زانینی‌ باشی‌ زمانی‌ كوردی‌ هه‌یه‌".

به‌ر له‌راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 1991، به‌هۆی‌ خزمه‌تی‌ زۆره‌ملێی‌ سه‌ربازی‌‌و بڵاوبونه‌وه‌ به‌نێو پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراقدا، به‌گشتی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد شاره‌زایی‌ باشیان له‌زمانی‌ عه‌ره‌بیدا هه‌بو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خوێندن به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ بو، به‌ڵام له‌پاش راپه‌ڕێن‌و به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ كه‌ له‌كوردستان گه‌وره‌ بون، زیاتر گرنگی‌ به‌زمانی‌ ئینگلیزی‌ ده‌ده‌ن‌و زمانی عه‌ره‌بی‌ نازانن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ له‌یه‌كگه‌یشتن له‌نێوان عه‌ره‌ب‌و كورد دا ئاسان نه‌بێت.

سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر ڕێكخراوی تواناسازیی لاوانی كوردستان، به‌یارمه‌تی ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان (USAID)، كۆرسێكی فێربوونی زمانی كوردیان بۆ نزیكه‌ی‌ 500 هاوڵاتی‌ ئاواره‌ی عه‌ره‌ب‌و مه‌سیحی‌ نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ته‌وه‌.

قوتابخانه‌كه‌یان كه‌وتووه‌ته‌ شارۆچكه‌ی (عه‌نكاوه‌)ی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر‌و پۆله‌كانیش به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نی قوتابییه‌كان پۆلێن كراون. ته‌مه‌نی قوتابیان له‌هه‌ندێ پۆڵدا له‌ سه‌روی 50 ساڵیدایه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسی‌ رێكخراوی‌ تواناسازیی‌ لاوان، شاد محه‌ممه‌د، وتی‌ "(USAID) نیو ملیۆن دۆلاری‌ بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ دابین كردووه‌، ڕۆژانه‌ 5 دۆلار بۆ هاتوچۆی هه‌ر قوتابییه‌ك ته‌رخان كراوه‌‌و مامۆستاكانیش مانگانه‌ موچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌".

ئه‌م به‌رپرسه‌ بۆ نیقاشی‌ ئاشكراكرد كه‌ تاكو ئێستا نزیكه‌ی 2 هه‌زار هاوڵاتی‌ عه‌ره‌ب‌و مه‌سیحی‌ ناوی‌ خۆی به‌مه‌به‌ستی‌ فێربونی زمانی كورد تۆمار كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌هۆی سنورداربونی‌ باری‌ داراییان، ته‌نیا توانیویانه‌ 500 كه‌س وه‌ربگرن. ناوبراو رایگه‌یاند "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ ئه‌و كۆرسه‌ به‌رده‌وام بێت‌و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌موان بڕه‌خسێنین، به‌ڵام پێویستیمان به‌یارمه‌تی‌ هه‌یه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ تواناسازیی‌ لاوان بیری‌ له‌سێ ڕێگا كردوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ بودجه‌ی‌ پێویست بۆ به‌رده‌وامبونی‌ كۆرسه‌كانیان كه‌ بریتین له‌: دوباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ له‌(USAID)، یاخود ته‌رخانكردنی‌ فه‌ند له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یان دوا رێگا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قوتابیان خۆیان پاره‌ی‌ خوێندنی‌ خۆیان دابین بكه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشكرایكرد "ئێمه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كردووه‌‌و هیوامان زۆره‌ یارمه‌تیمان بده‌ن".

قوتابیه‌كان كه‌ ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ به‌زمانی‌ كوردی‌ له‌نێو پۆله‌كاندا قسه‌بكه‌ن، خۆشحاڵی‌ خۆیان به‌به‌شداربون له‌م جۆره‌ كۆرسه‌دا ده‌ربڕی‌. دۆمێنیك ساڤیانی‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵ، مه‌سیحی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌‌و ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێ‌ بون. دۆمێنیك به‌نیقاشی‌ وت "ئێستا به‌بێ كێشه‌ی زمان، پێداویستییه‌كانم له‌بازاڕ ده‌كڕم‌و له‌قوتابخانه‌شدا به‌كوردی‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا قسان ده‌كه‌م".

وه‌ك به‌شێكیش له‌به‌رنامه‌ی‌ كۆرسه‌كه‌، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك فیلمێكی كوردی‌ نمایشده‌كرێت‌و قوتابیان گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌م دواییانه‌ گروپ گروپ سه‌ردانی سوپه‌رماركێت‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌ن تاكو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا به‌كوردی‌ بدوێن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ جاریش ئه‌فسه‌ری‌ هاتوچۆ به‌زمانی‌ كوردی‌ له‌پۆله‌كاندا باسی‌ یاساكانی‌ هاتوچۆیان بۆ ده‌كات‌و له‌گه‌ڵ زاراوه‌كانی‌ هاتوچۆ به‌زمانی‌ كوردی‌ ئاشنایان ده‌كات.

مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌شی‌ زۆری‌ به‌شداربوانی‌ ئه‌م كۆرسه‌، درككردنیانه‌ به‌گرنگێتی‌ فێربونی‌ زمانی‌ كوردی‌، به‌و پێیه‌ی‌ نیشته‌جێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ گه‌ر زمانه‌كه‌ نه‌زانن، هه‌لی‌ كاریان ده‌ستناكه‌وێت.

باسم عومه‌ر ئه‌ندازیارێكی‌ به‌غاییه‌‌و ئێستا له‌هه‌ولێردا ژیان به‌سه‌رده‌بات، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئێستا له‌كوردستاندا نیشته‌جێیه‌‌و پێویسته‌ زمانی‌ كوردی‌ بزانێت. ناوبراو بۆ نیقاشی‌ ئاشكراكرد "بۆ داواكردنی كار چومه‌ كۆمپانیای كۆكاكۆلا، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردی‌ نازانم، كارم ده‌ستنه‌كه‌وت، بۆیه‌ بڕیارم دا زمانه‌كه‌ فێر بم".

له‌ئێستادا ئه‌م كۆرسه‌ ناوبانگێكی‌ زۆری‌ له‌ نێو عه‌ره‌به‌كاندا هه‌یه‌. به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ تواناسازیی‌ لاوان رونیكرده‌وه‌ "ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و ڕاوێژكاری‌ عه‌ره‌ب كه‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا دامه‌زراون، داوایان كردووه‌ كۆرسی‌ تایبه‌تیان بۆ بكه‌ینه‌وه‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌مان داوامان "له‌لایه‌ن چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ عه‌ره‌بی‌ عێراقیش بۆ هاتوه‌".