راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌نه‌ك.. گه‌ڕه‌كی‌ میلیشیاكان

خلود ره‌مزی
هیچ گه‌ڕه‌كێكی‌ كه‌ربه‌لا نییه‌ به‌قه‌د (حي البعث) ناوبانگی‌ ده‌ركردبێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێندا ناوی‌ ده‌برا، یاخود (حي الغدیر) كه‌ ئێستا به‌ڕه‌سمی‌ به‌و ناوه‌ ناسراوه‌، یان ناوه‌ كۆنه‌…
2.02.2010  |  كه‌ربه‌لا

جگه‌ له‌و ناوانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ش، كه‌ربه‌لاییه‌كان، له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ رابردودا، ناوێكی‌ نوێیان بۆ داتاشی‌ كه‌ (حي الملیشیات) بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ تێوه‌گلانی‌ گه‌نجانی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌‌و چونی‌ به‌شه‌پۆلیان بۆ نێو میلیشیاكانی‌ سوپای‌ مه‌هدی‌‌و جوند ئه‌لسه‌ما، ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ ببێته‌ گه‌ڕه‌كێكی‌ پڕ كێشه‌ بۆ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ كه‌ربه‌لا.

له‌باره‌ی‌ قوناغه‌كانی‌ گه‌شه‌سه‌ندن‌و گه‌وره‌بونی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌وه‌، لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵناس، عوده‌ی‌ به‌چای‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، كاتێك خه‌ڵكی‌ ده‌شتاییه‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌زستاندا رویان تێده‌كرد‌و به‌ته‌نه‌كه‌ خانویان دروستده‌كرد‌و له‌هاویندا گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان جێده‌هێشت. له‌گه‌ڵ زیادبونی‌ ئه‌و خانوانه‌ش كه‌ له‌ته‌نه‌كه‌ دروستكرابون، گه‌ڕه‌كه‌كه‌ یه‌كه‌مین ناوی‌ خۆی‌ وه‌رگرت كه‌ (حي التنك) بوو.

دواتر خه‌ڵكی‌ هه‌ژاری‌ پارێزگاكه‌ رویانتێكرد‌و خانوی‌ قوڕیان دروستكرد‌و ورده‌ ورده‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ گه‌وره‌ بوو، ئه‌وجا به‌ڕه‌سمی‌ له‌لایه‌ن رژێمی‌ پێشوه‌وه‌ ناوی‌ (حي البعث)ی‌ لێنرا. له‌دوای‌ 2003شدا حكومه‌تی‌ نوێ‌ ناوه‌كه‌ی‌ بۆ (حي الغدیر) گۆڕی‌ كه‌ ئاماژه‌ی‌ ئایینی‌ هه‌یه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌جه‌ژنه‌ ناسراوه‌كانی‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌.

به‌پێی‌ پۆلێنی‌ پارێزگاش، ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ به‌یه‌كێ‌ له‌هه‌ژارترین گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا ده‌ناسرێت‌و له‌ئێستادا زیاتر له‌ 60% خانو‌و زه‌وییه‌كانی‌ موڵكی‌ ده‌وڵه‌تن‌و هێشتا ته‌ملیك نه‌كراون له‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی‌، چونكه‌ خانوه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی‌ زیاده‌ڕۆ دروستكراون.

كه‌ به‌شاری‌ كه‌ربه‌لادا تێده‌په‌ڕی‌‌و دواتر رو ده‌كه‌یته‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌، جیاوازی‌ به‌رچاو ده‌بینێت. خانوه‌كانی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌خانوی‌ به‌ته‌نه‌كه‌ دروستكراو‌و قوڕ‌و چیمه‌نتۆ. هه‌ندێ‌ له‌خانوه‌كانی‌ دابه‌شكراون به‌سه‌ر سێ‌ بۆ چوار خانو، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر خێزانێك ته‌نها یه‌ك ژوریان هه‌یه‌.

هه‌ندێ‌ له‌خانوه‌كانی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌، كه‌ به‌ته‌جاوز دروستكراون، ته‌نها 30 مه‌تر دوجایه‌، هه‌ندێكی‌ تریان 70‌و هه‌ندێكی‌ تریش 100 مه‌تر دوجا، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی‌ ده‌ریده‌خات كه‌ گه‌ڕه‌كێكی‌ نا رێكخراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ تری‌ ئه‌و شاره‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشت گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ تر هه‌مان شێوه‌ن، بۆ نمونه‌ له‌ (حي الحسین) سه‌رجه‌م خانوه‌كان 600 مه‌ترن‌و له‌گه‌ڕه‌كی‌ (موه‌زه‌فین) 200 مه‌ترن.

ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕه‌سمی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، نزیكه‌ 400 خانو له‌حی الغدیردا هه‌یه‌، به‌ڵام موختاری‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌، جابر مه‌گتوف، بۆ نیقاشی‌ ئاشكرا كرد كه‌ ژماره‌ی‌ خانوه‌كان ئێجگار له‌و ژماره‌یه‌ زیاتره‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "نزیكه‌ی‌ دو هه‌زار خانو له‌چوارده‌وری‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ دروستكراون كه‌ هێشتا له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه‌ تۆمارنه‌كراون‌و ژماره‌یان پێنه‌دراوه‌"، ناوبراو ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ "هیچ ئامارێكی‌ ره‌سمی‌‌و ورد له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌وه‌ له‌ئارادا نیه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین گه‌ڕه‌كی‌ كه‌ربه‌لایه‌‌و زیاترین خه‌ڵكی‌ تێدا ده‌ژی‌".

دانیشتوانی‌ حی الغدیر به‌ده‌ست كه‌می‌ خزمه‌تگوزاریه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا زێراب نیه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ شه‌قامه‌كانیشی‌ قیرتاو نه‌كراون. له‌مباره‌یه‌وه‌ كازمیه‌ فازلی‌ دانیشتوی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ تێپه‌ڕبونی‌ یه‌ك ئۆتۆمبیل به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خانوه‌كان له‌ته‌پوتۆزدا دیار نه‌مێنن، له‌زستانیشدا ته‌نها به‌ورده‌ بارانێك شه‌قامه‌كان ده‌بنه‌ پارچه‌یه‌ك قوڕ كه‌ هاتوچۆكردن تێیاندا قورسه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ "لانه‌یه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كان كه‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبونیان نییه‌".

ئه‌م ئافره‌ته‌ ته‌مه‌ن 40 ساڵه‌ ده‌ڵێت "له‌خوا به‌زیادبێت ئه‌مه‌شمان هه‌یه‌ تێیدا بژین"، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی‌ درێژه‌ خۆی‌‌و دایك‌و دوو منداڵه‌كه‌ی‌ به‌دوای‌ خانوه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن‌و له‌به‌ر كه‌م ده‌رامه‌تی‌ ده‌ستیاننه‌كه‌وتوه‌، هه‌رچی‌ له‌م گه‌ڕه‌كه‌دایه‌، خانویه‌كی‌ بچكۆله‌ی‌ به‌ كرێی‌ "65 دۆلار له‌مانگێكدا" ده‌ستكه‌وتوه‌.

موختاره‌كه‌ی‌ حی الغدیر كه‌ ماوه‌ی‌ 40 ساڵه‌ له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا نیشته‌جێیه‌، ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ كه‌ربه‌لاییه‌كان نایانه‌وێت له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا بژین، چونكه‌ به‌درێژایی‌ چه‌ندین ده‌یه‌، ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ به‌شوێنی‌ كه‌سانی‌ ده‌رچو له‌یاسا ناسراوه‌"، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ "ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌، پێشتر له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیاندا تاوانی‌ گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌‌و دواتر له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا خۆیان حه‌شارداوه‌".

له‌پاش دوو ساڵ له‌روخانی‌ رژێمی‌ پێشو، ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ بوه‌ مۆڵگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ سوپای‌ مه‌هدی‌ سه‌ر به‌موقته‌دا سه‌در، به‌رپرسانی‌ پارێزگاكه‌ش "دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ به‌حه‌شاردانی‌ میلیشیا‌و چه‌كداران‌و ده‌رچوان له‌یاسا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن"، بۆیه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ رابردودا گه‌ڕه‌كه‌كه‌ به‌ناوی‌ (حي المیلیشیات) ناسراوه‌.

به‌پێی‌ زانیاریه‌ ره‌سمیه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا، زیاتر له‌نیوه‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ میلیشیا‌و رێكخراوه‌ نهێنیه‌كانی‌ وه‌ك "جند السماء" له‌سێ‌ گه‌ڕه‌كی‌ شاره‌كه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ (حي الغدیر‌و حي العسكري‌و حي الطاقة‌)، هه‌رسێ‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ش به‌گه‌ڕه‌كی‌ هه‌ژارنشین ناسراون، له‌هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منیه‌كانی‌ ساڵی‌ 2008یشدا، ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌نجانی‌ ئه‌م سێ‌ گه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستگیركراون.

له‌مباره‌یه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ پۆلیسی‌ كه‌ربه‌لا، ره‌حمان مه‌شاوی‌، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "به‌هۆی‌ هه‌ژارییه‌وه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ گه‌نجانی‌ طةرِةكى (الغدیر)، چونه‌ته‌ نێو میلیشیا‌و بانده‌ نا یاساییه‌كان"، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ "له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردودا، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی‌ گه‌وره‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نیدا له‌و گه‌ڕه‌كه‌ گرتوه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت چه‌كی‌ قورسیشی‌ تێدابوه‌".

زۆربه‌ی‌ زۆری‌ دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ كه‌ نیقاش چاوی‌ پێكه‌وتون، گله‌یی‌‌و گازنده‌یان له‌حكومه‌ت هه‌بوه‌ له‌وه‌ی‌ حزمه‌تگوزاریه‌كان "ئێجگار خراپن‌و له‌زۆر شوێندا هیچ خزمه‌تگوزاریه‌ك نییه‌".

له‌ئێستادا به‌وه‌ناچێت دانیشتوانی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ گرنگی‌ به‌ناوی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان بده‌ن، چ (تنك)‌و (بعث)‌و (غه‌دیر)، یاخود (میلیشیات) بێت، به‌ڵكو هه‌موو خه‌میان باشبونی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانه‌ بۆ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژاره‌كه‌یان، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ له‌ناو شاری‌ گه‌ربه‌لادایه‌ كه‌ به‌یه‌كێ‌ له‌گرنگترین شاره‌ گه‌شتوگوزاریه‌ ئاینییه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌ناسرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌