راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌شره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار میوانداری‌ شیعه‌كان ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ بێسه‌روشوێنه‌كانیان

تایبه‌ت
شێخ سه‌باح دلێمی‌ دانیشتوی‌ شاری‌ رومادی‌، له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا، به‌مه‌به‌ستی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ مێرده‌ بێسه‌روشوێنه‌كه‌ی‌، پێشوازی‌ له‌دایكی‌ فازلی‌ دانیشتوی‌ ناوچه‌ی‌ كازمیه‌ی‌ شیعه‌ی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت كرد.
10.11.2009  |  ئه‌نبار

دایكی‌ فازل هیچ زانیاریه‌كی‌ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ بێسه‌روشوێن بونی‌ حاجی‌ عه‌باسی‌ مێردی‌ نییه‌، به‌ڵام پێی‌ وایه‌ له‌لایه‌ن "تیرۆریستان"ه‌وه‌ كوژرابێت، له‌كاتێكدا كه‌ به‌رێی‌ وشكانیدا، له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2006، سه‌فه‌ری‌ وڵاتی‌ ئه‌ردنی‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌و رێگایه‌ به‌پارێزگای‌ ئه‌نباردا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م حاجی‌ ژنه‌ ده‌ڵێت "بۆیه‌ كوشتویانه‌، چونكه‌ شیعه‌ بو".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌، ناوچه‌ی‌ رۆژئاوای‌ عێراق، له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ پێشوی‌ عێراق تاكو ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2007، شه‌پۆلێكی‌ توندی‌ كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌‌و كوشت‌و بڕی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌ ئه‌نجامدران.

له‌و ساڵانه‌د، رێكخراوی‌ نابراو فه‌توای‌ كوشتنی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ دا كه‌ سه‌ر به‌ تایفه‌ی‌ شیعه‌ن، هه‌روه‌ها فه‌توای‌ كوستنی‌ سونه‌كانیشی‌ دا كه‌ كاریان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ یان هێزه‌كانی‌ فره‌ڕه‌گه‌ز ده‌كرد، یان ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ر به‌هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ‌و به‌رگری‌ بون.

دایكی‌ فازل رونیده‌كاته‌وه‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵه‌ به‌دوای‌ مێرده‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت "سه‌رجه‌م به‌ندیخانه‌كان گه‌ڕام، به‌عێراقی‌‌و ئه‌مه‌ریكیه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها چومه‌ سه‌رجه‌م یه‌كه‌كانی‌ دادوه‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌كان‌و ته‌نانه‌ت سه‌فه‌ری‌ ئوردنیشم كرد، به‌ڵام هیچ هه‌واڵێكیم ده‌ستنه‌كه‌وت"، پاش هه‌ناسه‌یه‌كی‌ قوڵیش، وتی‌ "ئێستا گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌تی‌ له‌سه‌ر رێگای‌ وشكانی‌ به‌غدا – عه‌مان – سوریا كوژرابێت".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و كرده‌وه‌ توندوتیژیانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌و رێگا وشكانیه‌ی‌ نێوان عێراق‌و سوریا‌و ئوردن له‌ساڵانی‌ رابردودا له‌لایه‌ن قاعیده‌وه‌ ئه‌نجامده‌دران، فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ پارێزگا ئه‌نبار، تاریق ئه‌لعه‌سه‌ل، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "ئه‌وان به‌زه‌بری‌ چه‌ك خه‌ڵكیان له‌و رێگایه‌ ده‌گرت‌و پاره‌‌و ئاڵتونیان ده‌دزی‌‌و شۆفێره‌كانیان ده‌كوشت‌و ئۆتۆمبیله‌كانیان دبرد، كه‌سیش نه‌بوو لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، چونكه‌ پارێزگاكه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ 2005ه‌وه‌ تاكو ساڵی‌ 2007 به‌ده‌ست رێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌ بوو".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، شێخ سه‌باح دلێمی‌ كه‌ میوانداریی‌ دایكی‌ فازل‌و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ پێشكه‌شكردنی‌ یارمه‌تی‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای‌ مێرده‌ بێسه‌روشوێنه‌كه‌ی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ خۆی‌‌و چه‌ند شێخ عه‌شره‌تێكی‌ تر، یارمه‌تی‌ ده‌یان خێزانیان داوه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌ڕان به‌دوای‌ بێسه‌روشوێنه‌كانیان، چونه‌ته‌ شاری‌ رومادی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، چونكه‌ "خه‌ڵكی‌ ئه‌م پارێزگایه‌ به‌كه‌رامه‌ت‌و پیاوه‌تی‌ ناسراون‌و پارێزگاریان له‌كلتوری‌ عه‌شایه‌ری‌ خۆیان كردوه‌".

رۆژانه‌ دلێمی‌، یان یه‌كێ‌ له‌هاوكاره‌كانی‌، له‌گه‌ڵ دایكی‌ فازل به‌سه‌ر بنكه‌كانی‌ پۆلیس‌و گۆڕستانه‌ نه‌ناسراوه‌كان، له‌سه‌رجه‌م قه‌زا‌و ناحیه‌كانی‌ پارێزگاكه‌، ده‌گه‌ڕێن كه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی‌ ئه‌و گۆڕستانانه‌، زانیاریان له‌باره‌ی‌ شێوه‌ی‌ كوژراوه‌كان هه‌یه‌.

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌، له‌پارێزگای‌ ئه‌نباردا ده‌یان گۆڕستان هه‌یه‌ كه‌ قه‌بری‌ كه‌سانی‌ نه‌ناسراوی‌ تێدایه‌‌و شه‌ش دانه‌یان له‌ناو شاری‌ رومادیدان. له‌مباریه‌وه‌ ئه‌ندامی‌ وه‌قفی‌ سونی‌‌و به‌رپرسی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ گۆڕستانه‌كان، عه‌بدوڵڵا عه‌بدولكه‌ریم، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "ژماره‌ی‌ گۆڕستانه‌كان، له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ترسناك زیادی‌ كردوه‌، گۆڕستانه‌كان له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا پڕده‌بون"، ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد "به‌ر له‌روخانی‌ رژێمی‌ پێشوو، ته‌نها 11 گۆڕستان له‌پارێزگا ئه‌نباردا هه‌بوه‌، به‌ڵام ئێستا گه‌یشتوه‌ته‌ 70 گۆڕستان كه‌ زۆربه‌یان قه‌بری‌ نه‌ناسراوان له‌خۆده‌گرن".

له‌سه‌ردانێكیشدا له‌گه‌ڵ شێخ دلێمی‌‌و دایكی‌ فازل بۆ گۆڕستانی‌ (ئالبو خربیت)ی‌ گه‌وره‌ترین گۆڕستانی‌ چوارده‌وری‌ شاری‌ رومادی‌، په‌یامنێری‌ نیقاش چاوی‌ به‌ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ قه‌بر كه‌وت كه‌ له‌بری‌ ناوی‌ مردوه‌كه‌، شوێن‌و به‌رواری‌ كوشتنی‌ كه‌سه‌كه‌‌و مواسه‌فاتی‌‌و ره‌گه‌زی‌ نوسراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ته‌نیشت قه‌بره‌كه‌شه‌وه‌، هه‌رچی‌ به‌ڵگه‌نامه‌‌و جل‌و به‌رگی‌ كوژراوه‌كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، داندراوه‌.

یه‌كێ‌ له‌سه‌رپه‌رشتیارانی‌ گۆڕستانه‌كه‌ بۆ نیقاشی‌ ئاشكرا كرد "ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ قه‌بره‌ نه‌ناسراوه‌كان، له‌ڕێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌سه‌ر قه‌بره‌كان نوسیومانه‌، له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌"، بۆ نمونه‌، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك "خێزانێك، له‌ڕێی‌ كراسه‌كه‌یه‌وه‌، توانیان قه‌بری‌ كوڕه‌ بێسه‌روشوێنه‌كه‌یان بدۆزنه‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌وڵ‌و یارمه‌تیه‌ی‌ له‌لایه‌ن شێخ عه‌شره‌ته‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌كه‌س‌وكاری‌ بێسه‌روشوێنه‌كان ده‌كرێن، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نباره‌، روبه‌روی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ بوه‌ته‌وه‌ له‌داخستنی‌ فایلی‌ كوژراوه‌ نه‌ناسراوه‌كان.

له‌مباریه‌وه‌ سه‌عه‌د عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا‌و سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ (قوربانیانی‌ تیرۆر) له‌رومادی‌، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ ریكخراوی‌ قاعیده‌، ته‌نها گه‌شتیاران نه‌بون، به‌ڵكو خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌ش قوربانی‌ ده‌ستی‌ ئه‌وان بو"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ هۆكاری‌ مانه‌وه‌ی‌ قوربانیه‌كان به‌نه‌ناسراوی‌ "زۆری‌ ژماره‌ی‌ كورژراوه‌كان‌و جیاوازی‌ پارێزگاكانیان"ـه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، عه‌قید فاروق محه‌ممه‌د، راوێژكاری‌ ئه‌منی‌ پارێزگار به‌نیقاشی‌ وت "پارێزگا ئاماده‌یی‌ ته‌واوی‌ یارمه‌تیدانی‌ خێزانی‌ بێسه‌روشوێنانی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ گۆرستانه‌كان زۆرن‌و هه‌ندێ‌ له‌ته‌رمه‌كانیش سه‌ریان بڕدراوه‌‌و شێوێندراون".

له‌باره‌ی‌ شێوه‌ی‌ ئه‌و هاوكاریه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگا پێشكه‌شی‌ ئه‌و خێزانانه‌ ده‌كرێت، راوێژكاره‌ ئه‌منییه‌كه‌ وتی‌ "حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ بڕیاری‌ داوه‌ میونداریی‌ كه‌س‌و كاری‌ بێسه‌روشوێنه‌كان بكات‌و یارمه‌تی‌ هاتوچوكردیان بدات له‌سه‌رانسه‌ری‌ قه‌زا‌و وناحیه‌كانی‌ پارێزگاكه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌م بڕیاره‌ی‌ پارێزگاشه‌وه‌، دایكی‌ فازل ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ موعاناتی‌ زۆری‌ سه‌ر شانی‌ ئه‌و خێزانانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌"، به‌تایبه‌ت كه‌ "زۆربه‌یانی‌ كه‌مده‌رامه‌تن‌و پاڕه‌ی‌ گه‌ڕانیان به‌دوا كوڕه‌كانیان نییه‌".

(Photo by Niqash.org)