راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌قی‌ هه‌مواركراوی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عێراق

له‌پاش مشتومڕێكی‌ توند‌و پاش تێپه‌ڕبونی‌ چه‌ندین هه‌فته‌، په‌رله‌مانی‌ عێراق، له‌دانیشتنی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 8/11، به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ یاسای‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ژماره‌ 16ی‌ ساڵی‌ 2005ی‌ په‌سه‌ند كرد.
9.11.2009  |  به‌غدا

كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌، پارێزگای‌ كه‌ركوك بوو كه‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان كۆك نه‌بون له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌دا، به‌ڵام له‌دوا دانیشتندا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان گه‌یشتنه‌ داڕشتنه‌وه‌یه‌كی‌ ته‌وافوقی‌‌و به‌ئاماده‌بونی‌ 195 ئه‌ندام، 141یان ده‌نگیان بۆ دا.ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌قی‌ یاساكه‌یه‌:

یاسای‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ژماره‌ 16ی‌ ساڵی‌ 2005

به‌ناوی‌ گه‌ل

ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌

مادده‌ی‌ یه‌كه‌م: ماده‌ی‌ 15ی‌ یاساكه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌‌و ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ شوێنی‌ ده‌گرێته‌وه‌:ژماره‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێژه‌ی‌ یه‌ك كورسی‌ بۆ 100 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ بازرگانیه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت. هه‌رچی‌ كورسی‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كانه‌، نابێت له‌ڕێژه‌ی‌ 5% زیاتر بێت‌و ئه‌و پێكهاتانه‌ی‌ خواره‌وه‌ كورسی‌ كۆتایان پێده‌درێت، به‌مه‌رجێك كاریگه‌ری‌ نه‌بێت به‌سه‌ر رێژه‌كه‌وه‌ گه‌ر هات‌و له‌گه‌ڵ لیستی‌ نیشتمانیدا به‌شدارببون:

1- مه‌سیحیه‌كان پێنج كورسیان به‌رده‌كه‌وێت له‌پارێزگاكانی‌ به‌غدا‌و نه‌ینه‌وا‌و كه‌ركوك‌و دهۆك‌و هه‌ولێر.

2- رای‌ یه‌كه‌م: یه‌زیدیه‌كان یه‌ك كورسیان به‌رده‌كه‌وێت له‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا.

3- سابیئه‌ی‌ مه‌ندائی‌ یه‌ك كه‌رسی‌ له‌پارێزگای‌ به‌غدا.

4- شه‌به‌ك یه‌ك كورسی‌ له‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا.

مادده‌ی‌ دووهه‌م: هه‌ر پارێزگایه‌ك، به‌پێی‌ سنوره‌ ئیداریه‌كه‌ی‌، ده‌بێته‌ یه‌ك بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ژماره‌ی‌ كورسیه‌كانیشی‌ به‌پێی‌ دوا ئاماری‌ پشتئه‌ستور به‌فۆرمی‌ خۆراكی‌ پارێزگاكه‌ دیاری‌ ده‌كرێت.

مادده‌ی‌ سێهه‌م: ماده‌كانی‌ 9‌و 10‌و 11‌و 16 هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌‌و ئه‌م ماددانه‌ جێیان ده‌گرنه‌وه‌:

یه‌كه‌م: خۆكاندیدكردن به‌پێی‌ لیستی‌ كراوه‌ ده‌بێت كه‌ نابێت لیسته‌كه‌ له‌ 3 ناو كه‌متر‌و له‌دوو ئه‌وه‌نده‌ی‌ به‌شه‌ دیاری‌ بازنه‌كه‌ زیاتر بێت. ده‌نگده‌ر ده‌توانێت ده‌نگ به‌لیسته‌كه‌، یاخود كه‌سانی‌ نێو لیسته‌كه‌ بدات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خۆكاندیدكردنی‌ تاكه‌كه‌سیش رێگه‌پێدراوه‌.

مادده‌ی‌ چواره‌م: ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌:

یه‌كه‌م: سه‌ربازانی‌ سه‌ر به‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆ‌و سه‌رجه‌م ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ تر‌و شێوه‌ی‌ ده‌نگدانیان به‌پێی‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌ت ده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ دیاری‌ ده‌كرێت كه‌ پشت به‌ لیستی‌ فه‌رمی‌ ناوی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رباز‌و كارمه‌نده‌ ئه‌منیانه‌ ده‌به‌ستێت‌و پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌و ناویانهێندرا، به‌ر له‌ 60 رۆژ له‌واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، لیستی‌ ناوه‌كان بگه‌یه‌ننه‌ ده‌ست كۆمسیۆن، به‌مه‌ش ناویان له‌لیستی‌ ده‌نگده‌راندا ره‌شده‌كرێته‌وه‌. گه‌ر هات‌و ئه‌و ناوانه‌ نه‌نێردران، ئه‌وه‌ له‌ڕۆژی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئاساییدا ده‌نگ ده‌ده‌ن.

دووهه‌م: ده‌ستگیركراوان‌و ده‌سبه‌سه‌ران، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕۆژی‌ تایبه‌تدا‌و به‌پێی‌ رێوشوێنی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگده‌ده‌ن پاش ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كانیان له‌هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ داد‌و ناوخۆیه‌، به‌ر له‌30 رۆژ له‌واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، ره‌وانه‌ی‌ كۆمسیۆن ده‌كرێت.

سێهه‌م: نه‌خۆش‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كان كه‌وتون، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت، به‌ر له‌واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌و لایه‌نانه‌ لیستێك به‌ناوه‌كانیان بنێرنه‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و به‌پێی‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌تی‌ كۆمسیۆن ده‌نگ ده‌ده‌ن.

چواره‌م: ده‌نگدانی‌ كۆچپێكراوان:

ا- ده‌نگده‌ری‌ كۆچپێكراو: ئه‌و هاوڵاتیه‌ عێراقیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌زۆره‌ملێ‌ له‌شوێنی‌ نیشته‌جێبونی‌ خۆیان گواستراونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ تر له‌ناو عێراقدا دوای‌ 9/4/2003 به‌هه‌ر هۆكارێك بێت.

ب- ده‌نگدانی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ به‌پێی‌ نوێترین ئاماری‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچپێكراوان‌و ناوخۆ ده‌بێت كه‌ پێشكه‌شی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت‌و ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ ده‌نگ به‌و بازنه‌یه‌ ده‌ده‌ن كه‌ كۆچیان لێكردوه‌، گه‌ر هات‌و فۆرمی‌ خۆراكه‌كه‌یان نه‌گواستبوه‌وه‌ پارێزگایه‌كی‌ تر.

پێنجه‌م: له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندایه‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌ت به‌ده‌نگدانی‌ هاوڵاتیانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌ستنیشان بكات.

مادده‌ی‌ پێنجه‌م:

یه‌كه‌م- حوكمی‌ مادده‌كانی‌ به‌شی‌ شه‌شه‌م‌و حه‌وته‌می‌ یاسای‌ ژماره‌ 36ی‌ ساڵی‌ 2008 به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران جێبه‌جێده‌كرێت.

دووهه‌م: ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆی‌ كاندید كردوه‌ مافی‌ وه‌رگرتنی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌ له‌ڕێی‌ ناوه‌ندی‌ كۆمسیۆن له‌پارێزگاكه‌یدا.

سێهه‌م: ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران مافی‌ ئاگاداربونبان له‌زانیاریه‌كانی‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن‌و چۆنێتی‌ فه‌رز‌و بژاردنی‌ ده‌نگه‌كان هه‌یه‌ له‌بازنه‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن.

مادده‌ی‌ شه‌شه‌م:

یه‌كه‌م- هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك‌و سه‌رجه‌م ئه‌و پارێزگایانه‌دا كه‌ گومان له‌تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ ده‌كرێت، له‌رۆژی‌ دیاریكراوی‌ هه‌ڵبژارندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

دووهه‌م- ئه‌و پارێزگایانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی‌ گومانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 5% زیاتر له‌ڕێژه‌ی‌ زۆربونی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ زیادی‌ كردوه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا دبێت كه‌ به‌لانی‌ كه‌مه‌وه‌ 50 په‌رله‌مانتار داواكاریه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن‌و به‌زۆرینه‌ی‌ ساده‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدات.

سێهه‌م- ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت له‌ئه‌ندامه‌كانی‌ پێكده‌هێنێت بۆ پارێزگای‌ كه‌ركوك، یاخود هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ تر كه‌ گومان له‌تۆماری‌ ده‌نگده‌ران تێیدا ده‌كرێت، به‌مه‌رجێك لیژنه‌كه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ پارێزگاكه‌ دیاریبكرێن‌و نوێنه‌ری‌ هه‌ر یه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی‌ پلاندانان‌و ناوخۆ‌و بازرگانی‌‌و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌خۆبگرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌یارمه‌تیدانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌سه‌رداچونه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران‌و ئه‌و زیاده‌یه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ریدا هاتوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمیه‌كان‌و ئه‌و بنه‌مایانه‌ی‌ له‌حوكمی‌ خیتامی‌‌و ماده‌ی‌ دوهه‌می‌ ئه‌م یاسایه‌دا هاتوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران، به‌مه‌رجێك لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵدا كاره‌كانی‌ ته‌واو بكات.

چواره‌م: ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌ركوك، یاخود هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ تر به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت كه‌ گومان له‌تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ تێدا ده‌كرێت، تاكو لیژنه‌كه‌ پڕۆسه‌ی‌ وردبینی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران ته‌واو ده‌كات وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ هه‌ر پڕۆسه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردن له‌داهاتودا، یاخود هه‌ر رێوشوێنیكی‌ ئیداری‌ یان سیاسی‌.

حوكمه‌ خیتامیه‌كان

ماده‌ی‌ حه‌وته‌م: پشت به‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌به‌سترێت به‌مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێكردنی‌ حوكمه‌كانی‌ ماده‌ی‌ شه‌شه‌م.

یه‌كه‌م- جیاوازی‌ نێوان تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ ساڵی‌ 2004، به‌ر له‌تازه‌ كردنه‌وه‌ی‌‌و تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ 2010 دیاریده‌كرێت.

دووهه‌م- وردبینی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران به‌پێی‌ ئه‌و خاڵه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌‌و هه‌روه‌ها ساڵانی‌ 2004، 2005، 2006، 2007، 2008، 2009 ده‌كرێت له‌ڕێی‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر:

1) زیادبونی‌ دانیشتوان (له‌دایكبو، مردو، گواستنه‌وه‌ له‌پارێزگاكاندا) له‌نێوان ساڵانی‌ 2004-2009.

2) ئه‌و كۆچپێكراوانه‌ی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی‌ خۆیان به‌پێی‌ تۆماره‌ فه‌رمیه‌كان.

3) هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی‌ تر له‌دانیشتوواندا له‌ماوه‌ی‌ داریكراودا.

سێهه‌م- پشت به‌پڕۆسه‌ی‌ وردبینی‌ ده‌به‌سترێت بۆ زانینی‌ راستی‌‌و به‌یاسایی‌ بونی‌ ئه‌و حوكمانه‌‌و ئه‌و جیاوازیانه‌ش به‌پێی‌ ژماره‌ كورسیه‌كان ده‌بژێردرین.

چواره‌م- به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، یاخود هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ تر كه‌ جێگه‌ی‌ گومان بێت، ژماره‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ دیاریده‌كات، به‌مه‌ش خروقاته‌كان دیاریده‌كرێن.

پێنجه‌م: ژماره‌ راستیه‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكه‌ حیساب ده‌كرێن‌و ده‌نگه‌كانی‌ تر ده‌چنه‌ سه‌ر به‌شی‌ نیشتمانی‌.

مادده‌ی‌ هه‌شته‌م:

یه‌كه‌م- ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ كه‌ دژی‌ حوكمه‌كانی‌ ئه‌م یاسایه‌ن.

دووهه‌م: ئه‌م یاسایه‌ له‌ڕۆژی‌ ده‌رچونیه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت‌و له‌ڕۆژنامه‌ی‌ فه‌رمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئازاد‌و دیموكراتی‌‌و پاك له‌عێراقدا‌و هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتن به‌هه‌ڵبژاردنێك كه‌ له‌ئاستی‌ پێویستدا بێت به‌پێی‌ ستانداردی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و داواكاریه‌كانی‌ میلله‌ت، ئه‌م یاسایه‌ ده‌ركرا.

تێبینی‌: ئه‌م ياسايه‌ وه‌رگێڕدراوی‌ نیقاشه‌‌و وه‌ڕگێڕانێكی‌ فه‌رمی‌ ده‌قه‌كه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ نییه‌.