راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئارایشتگاكان بۆ پارێزگای‌ ئه‌نبار

تایبه‌ت
به‌وه‌ده‌چێت ژیانی‌ "سه‌رده‌مانه‌" جارێكی‌ تر روی‌ له‌پارێزگای‌ ئه‌نبار كردبێته‌وه‌، به‌وه‌ی‌ چه‌ندین ئارایشتگای‌ ژنان به‌كراوه‌یی‌ له‌شه‌قامه‌كانی‌ شاری‌ رومادیدا ده‌بیندرێت كه‌ پێشتر بنكه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ "ده‌وڵه‌تی‌…
17.09.2009  |  ئه‌نبار

دایكی‌ هه‌یسه‌می‌ خاوه‌ن ئارایشتگای‌ فه‌ره‌ح بۆ جوانكردنی‌ خانمان، ماوه‌ی‌ 10 ساڵه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ی‌ هه‌یه‌. ئه‌م ئافره‌ت ته‌مه‌ت 40 ساڵه‌ باشی‌ بیر ماوه‌ كاتێك رۆژی‌ 5ی‌ ئازاری‌ 2005 ئارایشتگاكه‌ی‌ كرده‌وه‌، نامه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی‌ له‌ژێر پێیدا بینی‌‌و چیدی‌ نه‌یتوانی‌ له‌كاره‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام بێت.

"زه‌رفه‌كه‌ جگه‌ له‌ سێ‌ فیشه‌ك، نامه‌یه‌كی‌ به‌مۆری‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ ئیسلامی‌ تێدا بوو كه‌ تێیدا هاتبوو: گه‌ر دوكانه‌كه‌ت بكه‌یته‌وه‌، خۆت‌و خێزانه‌كه‌ت ده‌كوژرێن، دواتریش زانیم كه‌ سه‌رجه‌م ئارایشتگاكانی‌ تر هه‌مان نامه‌یان بۆ رۆیشتبوو".

له‌و رۆژه‌وه‌، دایكی‌ هه‌یسه‌م پیشه‌كه‌ی‌ جێهێشت‌و له‌ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵی‌ خزمه‌تكردنی‌ مێرده‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ی‌ بوو، به‌و هیوایه‌ش بوو كه‌ رۆژێك بارودۆخی‌ شاره‌كه‌یان باشبێت‌و بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كار.

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ ساڵانی‌ 2005‌و 2006 به‌تایبه‌تی‌، پارێزگای‌ ئه‌نبار به‌مه‌ترسیدارترین ناوچه‌ی‌ عێراق ده‌ناسرا به‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن "گروپه‌ تیرۆریسته‌كان‌و رێكخراوی‌ قاعیده‌‌و رێكخستنه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌" كۆنترۆڵ كرابو كه‌ سه‌رجه‌م دیمه‌نه‌كان ژیانی‌ مه‌ده‌نیان له‌و پارێزگایه‌دا له‌ناوبردبوو، چه‌ندین پیشه‌یان به‌ناوی‌ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامدا قه‌ده‌غه‌كردبوو.هه‌ر له‌و كاتانه‌شدا چه‌ندین روداوی‌ ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجامدران كه‌ ئامانجیان ئارایشتگاكانی‌ جوانكاری‌ بون‌و چه‌ندین هاوڵاتی‌ تێدا بونه‌ قوربانی‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ دوكانه‌كانی‌ سه‌ته‌لایت‌و ئاهه‌نگه‌كان‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كان بواری‌ ژنان‌و دوكانه‌كانی‌ فڕۆشتنی‌ جل‌و به‌رگ‌و فیلم‌و مۆسیقا‌و سیدی‌‌و چه‌ند پیشه‌یه‌كی‌ تر.

له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2007وه‌، بارودۆخی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئارامبونه‌وه‌ رۆیشت، پاش ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ رابون (سه‌حوه‌)ی‌ عه‌شایه‌ری‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌یان له‌پارێزگاكه‌دا تێكشكاند‌و له‌سه‌رانسه‌ری‌ ئه‌نباردا وه‌ده‌ریاننان، به‌مه‌ش دایكی‌ هه‌یسه‌م‌و هاوپیشه‌كانی‌ تری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان. له‌باره‌ی‌ ئه‌م قۆناغه‌شه‌وه‌، ئه‌م ئافره‌ته‌ ده‌ڵێت "له‌سه‌ره‌تای‌ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ كاره‌كه‌م، ده‌ترسام‌و ته‌نها جوانكاریم بۆ خزم‌و كه‌س‌و براده‌ر‌و كه‌سانی‌ نزیك ده‌كرد، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابوم ئاسایش به‌ته‌واوه‌تی‌ به‌رقه‌راربوه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ ئارایشتگاكه‌م بۆ هه‌موان كرده‌وه‌".

له‌ماوه‌ی‌ نزیكی‌ رابردوشدا، دیارده‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئارایشتگای‌ ژنان به‌رونی‌ به‌رچاوده‌كه‌وێت‌و چه‌ندین خانمی‌ ئه‌نباریی‌ ده‌ستیانداوه‌ته‌ ئه‌م پیشه‌یه‌. به‌پێی‌ زانیاری‌ به‌رده‌ست، ژماره‌ی‌ ئارایشتگاكانی‌ ژنان له‌ئێستادا زیاتره‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ 2003.

كه‌سانی‌ ئاگادار ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ سه‌رجه‌م ئارایشتگاكان له‌ساڵانی‌ به‌ر له‌روخانی‌ رژێمی‌ پێشو له‌لایه‌ن خانمانی‌ مه‌سیحییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بران، به‌ڵام ئێستا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ زیاد بونی‌ ژماره‌ی‌ بێوه‌ژن‌و ئاواره‌كان، ژنانی‌ تریش ده‌ستیانداوه‌ته‌ ئه‌م كاره‌‌و ئێستا كێبڕكێیه‌كی‌ توند له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ كه‌ كێ‌ ده‌توانێت باشترین ناوبانگ بۆ خۆی‌ په‌یدا بكات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ماهیره‌ عه‌بدولجه‌لیلی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ به‌شائیری‌ تایبه‌ت به‌كاروباری‌ ژنان به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "قورسه‌ بتواندرێت ئامارێكی‌ وردی‌ ژماره‌ی‌ ئارایشتگاكان له‌رابردو‌و ئێستادا بزاندرێت، به‌ڵام به‌گشتی‌ له‌ساڵی‌ 2003دا له‌گه‌ڕه‌كی‌ ته‌ئمیم ته‌نها دوو بۆ سێ‌ ئارایشتگا هه‌بوون، ئێستا له‌هه‌موو كۆڵانێك دوو بۆ سێ‌ ئارایشتگا هه‌ن".

له‌باره‌ی‌ زۆربونی‌ ژماره‌ی‌ ئارایشتگاكانه‌وه‌، ناوبراو ده‌ڵێت "ئاواره‌بونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خێزانه‌ سونیه‌كان بۆ ئارێزگای‌ ئه‌نبار‌و نیشته‌جێبونیان له‌شاری‌ رومادی‌، بوه‌ هۆی‌ زیاد بونی‌ ژماره‌ی‌ ئارایشتگاكان".

ماهیره‌ ئاشكرایده‌كات كه‌ "سه‌رجه‌م ئارایشتگا نوێكان له‌لایه‌ن ئه‌و خانمانه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌شاری‌ به‌غداوه‌ ئاواره‌ی‌ رومادی‌ بون كه‌ له‌ناو ئه‌و خانوه‌ی‌ به‌كرێ‌ گرتویانه‌، ژورێكیان بۆ ئه‌و كاره‌ ته‌رخانكردوه‌ تاكو بژێوی‌ ژیانیانی‌ پێده‌ركه‌ن"، بۆ هه‌مان هۆكاریش، ژماره‌یه‌ك له‌بێوه‌ژنان فێری‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ بون كه‌ له‌كاره‌ توندوتیژیه‌كاندا مێرده‌كانیان له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و خانمه‌ ئه‌نباریانه‌ی‌ پێشر ئه‌م پیشه‌یه‌یان ده‌كرد‌و ئێستا ئارایشتگاكانیان سه‌ر له‌نوێ‌ كرده‌وه‌.دایكی‌ عومه‌ر كه‌ له‌شاری‌ به‌غداوه‌ ئاواره‌ی‌ رومادی‌ بوه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌سێ‌ ساڵ مێرده‌كه‌ی‌ كوژرا، ئێستا ده‌ڵێت پیشه‌ی‌ ئارایشتگایی‌ "پیشه‌ی‌ بێوه‌ژنانه‌".

ئوم عومه‌ر له‌ماوه‌ی‌ رابردودا روی‌ كرده‌ یه‌كێ‌ له‌رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نباری‌ تایبه‌تمه‌ند به‌یارمه‌تیدانی‌ بێوه‌ژنان تاكو ئه‌و پیشه‌یه‌ی‌ فێربكه‌ن، ئه‌و ده‌ڵێت "ساڵی‌ رابردوو بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگ خولی‌ تایبه‌تم له‌لای‌ ئه‌و رێكخراوه‌ بینی‌‌و دواتر له‌یه‌كی‌ له‌ئارایشتگاكان كارم كرد"، ئه‌م ژنه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ پسپۆڕی‌ زیاتر له‌و بواره‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ سه‌ته‌لایته‌وه‌ به‌ده‌ستهێنا، "ئێستا له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆمدا ئارایشتگایه‌كم كردوه‌ته‌وه‌‌و كه‌سانی‌ تایبه‌تی‌ خۆم هه‌یه‌ كه‌ به‌به‌رده‌وامی‌ سه‌ردانم ده‌كه‌ن".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیبتیسام عه‌بدوڵڵای‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ حه‌یات بۆ بێوه‌ژن‌و بێسه‌رپه‌رشتیاران له‌رومادی‌ ئاماژه‌ به‌كاری‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ ده‌دات كه‌ چۆن ده‌ستی‌ یارمه‌تی‌ بۆ ئه‌و ئافره‌تان درێژكردوه‌ كه‌ مێرده‌كانیان له‌ "كاره‌ تیرۆریستیه‌كان" له‌ده‌ستداوه‌. ئیپتیسام ده‌ڵێت "ئێستا بێوه‌ژنان به‌زۆری‌ رو ده‌كه‌نه‌ فێربونی‌ پیشه‌ی‌ جوانكاری‌ ژنان‌و له‌ڕێی‌ خولی‌ تایبه‌ته‌وه‌ فێری‌ چۆنێتی‌ بڕینی‌ قژ‌و ماكیاژ ده‌بن"، ئاشكراشیده‌كات كه‌ له‌هه‌موو خولێكدا "زیاتر له‌ 20 فێرخواز به‌شدار ده‌بن‌و ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 60 ئافره‌ت له‌م خولانه‌ ده‌رده‌چن‌و زۆربه‌یان به‌فعلی‌ ده‌ست به‌و پیشه‌یه‌ ده‌كه‌ن".

دایكی‌ هه‌یسه‌م، سه‌ره‌ڕای‌ زانایی‌ پێشوه‌ختی‌ له‌م پیشه‌یه‌دا، به‌شداری‌ خولی‌ رێكخراوێكشی‌ كردوه‌، چونكه‌ "جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌نێوان كاری‌ ئه‌مڕۆ ‌وكاری‌ به‌ر له‌پێنج ساڵ". ناوبراو رونیده‌كاته‌وه‌ "ئێستا هه‌ندێ‌ ئامێری‌ جوانكاری‌ هاتون له‌پێشتردا نه‌بون، وه‌ك ئامێری‌ پێشكه‌وتوی‌ لێزه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ پێست‌و ئامێره‌كانی‌ تاتوو كردن كه‌ قازانجێكی‌ زۆریان هه‌یه‌".

ئه‌م ژنه‌ ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ بونی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ سه‌ته‌لایت، به‌تایبه‌ت پاش باشبونی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌، خه‌ڵكێكی‌ زۆر روو له‌ئارایشتگاكان ده‌كه‌ن "زۆرێك له‌كچه‌ گه‌نجه‌كان داوای‌ جۆرێكی‌ تایبه‌ت له‌مۆدێلی‌ قژبڕین ده‌كه‌ن كه‌ له‌ئه‌كته‌رێك یاخود گۆرانیبێژك ده‌یبینن".

له‌هه‌مانكاتیشدا ئوم هه‌یسه‌م ئاشكرایده‌كات كه‌ له‌ئێستادا جیاوازیه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌نرخه‌كاندا هه‌یه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوودا، "به‌ر له‌ساڵی‌ 2003، زیاترین نرخ كه‌ بۆ جوانكردنی‌ بوك وه‌رمگرتبێت، 35 هه‌زار دینار بوه‌ (30 دۆلار)، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ بونی‌ ئه‌م هه‌موو ئامێره‌‌و زۆری‌ مه‌سره‌فی‌ دوكانه‌كه‌م، بۆ هه‌مان كار له‌100 دۆلار كه‌متر قبوڵناكه‌م".