راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌یرانی ژنهێنان له‌نێو یه‌زیدیه‌كان!

قاسم خدر محەممەد
له‌به‌ر زۆریی ماره‌یی كچان، بێكاری‌و گرفتی خانوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌گه‌نجانی یه‌زیدی نه‌یانتوانیوه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رێتی‌ پێكه‌وه‌ بنێن، به‌مه‌ش دیارده‌ی قه‌یره‌بوونی كچانی یه‌زیدی‌ به‌رونی‌ به‌ده‌ركه‌وتوه‌.
21.08.2009  |  هه‌ولێر

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ خودی‌ یه‌زیدیه‌كان ئاماژه‌ی‌ پێده‌ده‌ن، ماره‌یی كچانی یه‌زیدی له‌ نێوان 10 تا 30 هه‌زار دۆلاردایه‌، ئه‌م بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ بووته‌ كۆسپێك له‌به‌رده‌م زه‌ماوه‌ندكردنی ژماره‌یه‌كی زۆری‌ گه‌نجانی‌ ئه‌و تایفه‌ ئایینیه‌.

كێشه‌كه‌ هێنده‌ بوه‌ به‌دیارده‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، تا گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌، ئه‌نجومه‌نی روحانیی یه‌زیدی، كه‌ له‌ پیاوه‌ ئاینیه‌كان پێك هاتووه‌، له‌هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌‌و چه‌ند بڕیارێكی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ركردوه‌.

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌، پاش كۆبونه‌وه‌یه‌ك، داوای له‌هه‌موو خێزانه‌ یه‌زیدیه‌كان كرد كه‌ زیاتر له‌ 2 هه‌زار دۆلار بۆ ماره‌یی كچه‌كانیان داوا نه‌كه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتیی كاروباری یه‌زیدیه‌كان له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خه‌یری بۆزانی، ده‌ڵێت "به‌ڕاستی ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌نێو یه‌زیدیه‌كاندا، ئه‌م كێشه‌یه‌ وای كردووه‌ هه‌تاكو ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌گه‌نجانی یه‌زیدی نه‌توانن ژن بهێنن یان مێرد بكه‌ن".

كێشه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ هێنده‌ی‌ تر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی‌ قورستر كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌تایفه‌ی‌ یه‌زیدیدا، له‌ڕوی‌ ئاینییه‌وه‌، ناكرێت زه‌واج له‌نێوان یه‌زیدی‌‌و غه‌یره‌ یه‌زیدیدا روبدات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌نێو خودی‌ یه‌زیدییه‌كانیشدا چه‌ند چینێكی‌‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌ن‌و دووباره‌ زه‌واج له‌نێو ئه‌و چینانه‌دا نییه‌.

قسه‌‌و باس له‌سه‌ر مێژوی‌ ئاینی‌ یه‌زیدی‌ زۆر‌و جیاوازه‌. هه‌ندێكی‌ زۆریان، له‌ڕوی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، خۆیان به‌ كوردی ڕه‌سه‌ن ده‌زانن‌و له‌ناوچه‌كانی‌ پارێزگای‌ دهۆك‌و نه‌ینه‌وا ده‌ژین، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كان جێگه‌ی‌ ململانێ‌‌و ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌. هه‌ره‌ها ژماره‌یه‌كیان له‌وڵاتانی‌ ئه‌رمینیا، جۆرجیا، ئیران، روسیا، سوریا و توركیا ده‌ژین. له‌عێراقدا نزیكه‌ی‌ 600 هه‌زار هاوڵاتی‌ ده‌بن‌و به‌كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ ده‌ژمێدرێن.

له‌ڕوی‌ ئاینییه‌وه‌، یه‌زیدییه‌كان حه‌وت فریشته‌یان هه‌یه‌‌و یه‌ك خوا ده‌په‌رستن، به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و ئاینه‌، ئبلیس كه‌ له‌ئیسلامدا به‌شه‌یتان ناسراوه‌، داوای‌ لێبوردنی‌ له‌خوا كردووه‌‌و نه‌بوه‌ته‌ جێی‌ له‌عنه‌ت كردن.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌زیدییه‌كان خه‌ڵكی هه‌ژار‌و كه‌مده‌رامه‌تن، زۆربه‌یان وه‌ك كرێكار له‌چێشتخانه‌و هوتێله‌كان كار ده‌كه‌ن‌و ژماره‌یه‌كی كه‌میان فه‌رمانبه‌ری حكومه‌تن. له‌پاش داگیركردنی عێراق، ئه‌وان كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی توندڕه‌وه‌كان، ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌پارێزگای موسڵ كوژران، هه‌ره‌ها ژماره‌یه‌كی زۆریشیان به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچیان كرد.

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ زۆری‌ پاره‌ی‌ ماره‌یی‌ له‌نێو یه‌زیدییه‌كاندا، بۆزانی بۆ نیقاشی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كوڕه‌ یه‌زیدیانه‌ دروست بوو، كه‌ له‌ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌‌و له‌هه‌رێمی كوردستان ژن ده‌هێنن، "ئه‌وان به‌پاه‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌ دێنه‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌وروپا ده‌ستیانكه‌وتووه‌‌و گه‌نجانی‌ ئێره‌ش له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تی‌ ناتوانن ئه‌و پاره‌یه‌یان ده‌ستكه‌وێت".

هاوكات ناوبراو پێیوایه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌كچانی یه‌زیدی پێیان باشتره‌ شوو به‌كوڕێكی یه‌زیدی بكه‌ن كه‌ له‌ئه‌وروپا بژی، ئه‌مه‌ش به‌و هیوایه‌ی ئه‌وانیش بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات.

كاروان شه‌نگالی، گه‌نجێكی‌ یه‌زیدی‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌، له‌چێشتخانه‌یه‌كی ماسی برژاو له‌شاری هه‌ولێر كار ده‌كات. ئه‌م گه‌نجه‌ زۆر خۆشحاڵه‌ به‌بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی روحانیی یه‌زیدی، چونكه‌ "یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ئاسانی ژن بێنین".

ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌م گه‌نجه‌ ئومێدی‌ زۆره‌ به‌و بڕیاره‌ تاكو بتوانێت ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ پێكبهێنێت، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تر گومانیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو یه‌زیدییه‌كان ملكه‌چی ئه‌م بڕیاره‌ ببن‌و جێبه‌جێی‌ بكه‌ن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ سعود مستۆ نه‌جم به‌رپرسی سه‌نته‌ری رۆشنبیریی لالش (په‌رستگای‌ سه‌ره‌كی‌ یه‌زیدیه‌كان) له‌شێخان (پارێزگا نه‌ینه‌وا)، پێیوایه‌ هه‌ندێك له‌خێزانه‌كان "ملكه‌چی ئه‌م بڕیاره‌ نابن‌و به‌رده‌وام ده‌بن له‌داواكردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌".

ناوبراو ده‌ڵێ "ئه‌نجومه‌نی روحانی هیچ سزایه‌كی نییه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بڕیاره‌كه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌"، له‌هه‌مانكاتیشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ ئه‌وانه‌ی بڕیاره‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ "ناوبانگ‌و سومعه‌ی خۆیان له‌نێو خه‌ڵك پیس ده‌كه‌ن"، چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن پیرۆزترین ئه‌نجومه‌نی یه‌زیدی ده‌رچووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ زۆری‌ پاره‌ی‌ ماره‌یی ته‌نها گرفتی به‌رده‌م زه‌ماوه‌ندكردنی گه‌نجانی یه‌زیدی نییه‌، به‌ڵكو "بێكاری‌و نه‌بونی خانوو" گرفتی زۆر گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م گه‌نجه‌كاندا.