راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كورده‌كانی‌ سوریا به‌دوای‌ په‌ناگه‌یه‌ك

هه‌رێمی‌ كوردستان بۆته‌ باشترین…
29.05.2009  |  دهۆك

ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ ژیانێكی‌ سه‌ختیان هه‌یه‌، بێبه‌شن له‌ئاو‌و كاره‌با، خواردنیشیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕێكوپێك به‌سه‌ر دابه‌شده‌كرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ژێر چه‌ند خێمه‌یه‌كدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ له‌لایه‌ن كۆمسیاری‌ باڵای‌ په‌نابه‌ران دابینكراون.

زۆرجار ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ بۆ چێشت لێنان‌و خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ له‌م خێوه‌تگایه‌ به‌كارده‌هێنرێن، ده‌بێته‌ هۆی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌‌و وێرانكردنی‌ خێمه‌كان كه‌ ته‌نها په‌ناگه‌ن بۆ پاراستنی‌ په‌نابه‌ران له‌تیشكی‌ گه‌رمی‌ هه‌تاو‌و چێوه‌زمه‌ی‌ زستان‌و گه‌رده‌لولی‌ خۆڵاوی‌ كه‌ زۆرجار هه‌ڵده‌كاته‌ سه‌ر خێوه‌تگاكه‌.

له‌چوارده‌وری‌ خێوه‌تگاكه‌ش چه‌ند گۆماوێكی‌ پیسی‌ په‌یوه‌ست به‌سه‌رئاوه‌ گشتییه‌كانی‌ خێوه‌تگاكه‌ كۆبۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دۆخی‌ ته‌ندروستیی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ خراپتر كردووه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ تائێستا نه‌بۆته‌ هۆی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ كۆلێرا‌و گرانه‌تا.

كورده‌كانی‌ سوریا، ژماره‌یه‌كی‌ كه‌من له‌چاو هه‌زاران هاوڵاتی‌ شیعه‌‌و سوننه‌ی‌ تری‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق، كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا په‌ناگه‌یه‌كی‌ ئارامی‌ دوور له‌شه‌ڕی‌ تایفییان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ كورده‌كانی‌ سوریا له‌هه‌وڵی‌ چێكردنی‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌رێمه‌ كوردییه‌دا تاكو بتوانن په‌ناگه‌یه‌كی‌ ئارامیان هه‌بێت‌و له‌ده‌ست ئه‌و جیاكارییه‌ی‌ كه‌ پێوه‌ی‌ ده‌ناڵێنن له‌نیشتمانی‌ ره‌سه‌ن خۆیان هه‌ڵبێن.

له‌ساڵی‌ (1962)ه‌وه‌ تاكو ئێستا، سوریا كورده‌ نیشته‌جێكانی‌ سه‌ر زه‌مینی‌ خۆی‌ به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك پۆلێن كردووه‌، ژماره‌یه‌كی‌ كه‌میان به‌كوردی‌ سوری‌ ناوده‌بات‌و ئه‌وانی‌ تر به‌كوردی‌ بیانی‌‌و هه‌ندێكیشیان ناوی‌ "مه‌كتوم"یان لێنراوه‌. ته‌نها كوردانی‌ سوریاش نه‌بێت، مافی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ به‌هیچ كوردێكیتر نه‌دراوه‌. كورده‌كانیتر كه‌ ژماره‌یان 200 هه‌زار كه‌سه‌، وه‌ك كوردی‌ بیانی‌ تۆماركراون‌و ئه‌و مافی‌ هاووڵاتیبونه‌یان نییه‌ كه‌ كوردانی‌ سوریا هه‌یانه‌.

عه‌بدولعه‌زیز، كوردێكی‌ نیشته‌جێی‌ ناوچه‌ی‌ عفرینی‌ رۆژئاوای‌ سوریایه‌، ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ كورده‌كانی‌ سوریا مافی‌ ده‌ستخستنی‌ پاسپۆرتیان له‌سوریا نییه‌". عه‌بدولعه‌زیز، كه‌ ته‌مه‌نی‌ 71 ساڵه‌ كارتێكی‌ سوری‌ به‌ده‌ستی‌ راستییه‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ له‌پاسپۆرت ده‌چێت‌و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، به‌ "بنه‌چه‌ بیانییه‌"، ئه‌مه‌ش رێگای‌ پێنادات بۆ هیچ مه‌به‌ستێك سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ سوریا بكات.

عه‌بدولعه‌زیز كه‌ ئێستا نیشته‌جێی‌ خێوه‌تگه‌كه‌ی‌ نزیك شاری‌ دهۆكه‌، ته‌ماشایه‌كی‌ خێمه‌كانی‌ چوارده‌وری كرد‌و وتی‌ "بۆمان نییه‌ له‌سوریا ماڵ‌و زه‌وی‌ بكڕین، بۆمان نییه‌ مۆڵه‌تی‌ شۆفێری‌ وه‌رگرین‌و ته‌نانه‌ت ژنیش بێنین‌و پێمان ده‌ڵێن ئێوه‌ (مه‌كتوم)ن".

له‌ساڵی‌ 2004دا، پێكدادانێكی‌ چه‌كداری‌ له‌نێوان له‌شكری‌ ئه‌منیی‌ سوریا‌و كورده‌كانی‌ قامیشلی‌ باكوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا رویدا‌و بووه‌ هۆی‌ كوژرانی‌ چه‌ندین كورد. له‌دوای‌ ئه‌مه‌شه‌وه‌ ژماره‌ی‌ هه‌ڵهاتوان له‌سوریا به‌ره‌و باكوری‌ عێراق زیادیكرد، چونكه‌ دۆخێكی‌ ئارامتری‌ هه‌یه‌‌و كوردانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هێنده‌ ماف‌و ده‌سكه‌وتیان هه‌یه‌ كه‌ كوردانیتر ئیره‌ییان پێ ده‌به‌ن.

كوردستان، كچێكی‌ 20 ساڵانه‌‌و له‌قامیشلییه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌م كچه‌ ده‌ڵێت "بارودۆخێكی‌ ترسناكمان هه‌یه‌"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ندێك له‌كورده‌ ئاواره‌كان هه‌وڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یانداوه‌ بۆ سوریا، به‌ڵام "خرانه‌ نێو زیندان‌و هه‌ندێكیتریان شوێن بزركران، چونكه‌ كه‌وتنه‌ چنگی‌ موخابه‌راتی سوریا".

هه‌روه‌ها وتیشی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و په‌نابه‌ره‌ سورییانه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتی‌ خۆیان، به‌ڵام له‌عێراقیش له‌گوزه‌رانێكی‌ سه‌ختدان‌و وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوخۆیی‌ كوردییه‌وه‌ كۆمه‌ك ناكرێن.هیوال، گه‌نجێكی‌ كوردی‌ دیمه‌شقیی‌ ته‌مه‌نی‌ 24 ساڵه‌‌و له‌گۆلێژی‌ یاسای‌ زانكۆی‌ دهۆك ده‌خوێنێت، ده‌ڵێت "پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ماڵ‌و خانوی‌ بۆ ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م له‌كوردانی‌ سوریا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دروستكردوه‌. حیزبی‌ ناوبراو، ئه‌م هه‌نگاوه‌ وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك پیشانی‌ جیهان ده‌دات، بۆ یارمه‌تیدانی‌ براكورده‌ ئاواره‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان".

وتیشی‌ "چه‌ند جارێك گفتمان پێدراوه‌ خانومان بۆ دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین وازیان لێهێناوین بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆمان به‌ره‌نگاری‌ چاره‌نوسمان ببینه‌وه‌".

له‌به‌ر ئه‌وه‌شی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ملكه‌چی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌نده‌ له‌به‌غدا، ناتوانێت پاسپۆرت‌و مافی‌ په‌نابه‌ری یاسایی‌ بدات به‌كورده‌كانی‌ سوریا‌و ته‌نها ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ی‌ كوردیی‌ باس له‌وه‌ده‌كات، كوردانی‌ سوریا رێگایان پێ ده‌درێت تاكاتێكی‌ نادیار له‌هه‌رێم بمێننه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ی‌ خێوه‌تگاكه‌ش‌و نه‌بوونی‌ هیچ هیوایه‌ك بۆ داهاتوو، زۆرێك له‌په‌نابه‌ران ئاماده‌ی‌ ته‌سلیمبون نین به‌‌و دۆخه‌‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی‌ خۆیان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

بركسویدان، 15 ساڵان بووه‌ كاتێك له‌2006دا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌قامیشلییه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ كوردستانی‌ عێراق، ئه‌و زمانی‌ ئینگلیزییه‌ی‌ به‌هۆی‌ ته‌ماشاكردنی‌ پرۆگرامه‌كانی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ فێری‌ بووه‌، وای لێكردووه‌ خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینێت كه‌ خوێندنی‌ زانكۆ ته‌واو بكات‌و سه‌فه‌ر بۆ ئه‌روپا‌و سه‌رانسه‌ری‌ دنیا بكات.

ئه‌م كچه‌ مێردمنداڵه‌، ئێستا له‌گه‌ڵ منداڵانی‌ تری‌ نێو خێوه‌تگه‌كه‌دا، تیپی‌ سه‌مای‌ "ئه‌ستێره‌"ی‌ پێكهێناوه‌ كه‌ سه‌مای‌ ته‌قلیدیی‌ ناوچه‌ی‌ یازیرا ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌هۆی‌ ئه‌م تیپه‌شیانه‌وه‌، جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆریان بۆ خۆیان راكێشاوه‌. ئه‌م تیپه‌ هی‌ مناڵانی‌ خێوه‌تگاكه‌یه‌‌و له‌سه‌رانسه‌ری‌ هه‌رێمدا نمایش پێشكه‌ش ده‌كات. تیپی‌ "ئه‌ستێره‌" له‌به‌رده‌م بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ داڕوخاوی‌ خێوه‌تگاكه‌دا پرۆڤه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاكه‌ بینای‌ نێو خێوه‌تگاكه‌یه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌