راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تورکمان رووی له‌ کام لایه‌؟

ضیاء خالیدی
له ‌ناو شاری مه‌ڵبه‌ندی پارێزگای…
4.09.2008  |  که‌رکووک

تورکمان هه‌ر له‌ ناو که‌رکووکدا بوونی نییه‌، وه‌لێ ئه‌و شاره‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌ له‌نێوان عه‌ره‌ب و کورد و تورکماندا، مه‌ڵبه‌ندێکی سیاسی رێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و پارته‌ سیاسییه‌کانیان پێکده‌هێنێت و وه‌ک خۆیان هه‌میشه‌ دووپاتی ده‌که‌نه‌وه‌ "دڵی تورکمانه‌". ئێستا هیچ ئامارێک سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ته‌رکمان له‌ که‌رکووک یاخود له‌ شاره‌کانی دیکه‌ی عێراقدا له‌به‌رده‌ستدا نییه‌. گۆڤاری ئینکویری به‌ریتانی تێکڕای ژماره‌ی ته‌رکمانه‌کانی له‌ شوباتی 1087 به‌ ملیۆن و نیوێک مه‌زه‌نده‌ کردووه‌ که‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه‌ و سه‌ننیدا دابه‌ش بوون. به‌ڵام هیچ ئامارێکی جێی متمانه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، دوایین سه‌رژمێری ره‌سمی له‌ عێراقدا که‌ له‌لایه‌ن هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانه‌وه‌ پشتی پێده‌به‌سترێت و به‌ر له‌ نیو سه‌ده‌ و له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تییدا له‌ ساڵی 1957 ئه‌نجام دراوه‌ ژماره‌ی تورکمانه‌کان بریتییه‌ له‌ نیو ملیۆن و به‌مه‌ش به‌گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی که‌رکووک له‌ دوای کورد دێن. ئێستاش خه‌ڵکی عێراق چاوه‌روانی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ ده‌که‌ن که‌ بڕیاروایه‌ له‌ ساڵی 2009دا ئه‌نجام بدرێت، تا رێژه‌ی نه‌ته‌وه‌ و که‌مایه‌تییه‌ جیاجیاکان به‌ تورکمانیشه‌وه‌ له‌ "عێراقی نوێ"دا ده‌ربکه‌وێت.

تورکمانی شیعه‌ به‌سه‌ر شاره‌کانی ته‌له‌عفه‌ر سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵ و توزخورماتو له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین و ناحییه‌ی تازه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای که‌رکووک دابه‌ش ده‌بن، سوننه‌کانیشیان زۆربه‌یان له‌ قه‌زای کفری سه‌ر به‌ دیاله‌ و که‌رکووک نیشته‌جێن. له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ستی تایه‌فه‌گه‌ریی لای تورکمانه‌کان نییه‌ و "تێکه‌ڵبوونی خزمایه‌تیش گه‌واهی ئه‌وه‌یه‌"، وه‌ک مامۆستای یه‌کێک له‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی تورکمان به‌ نیقاشی راگه‌یاند و وتی "کاتێک له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی عێراقدا پاکتاوی تایه‌فی ئه‌نجام ده‌درا، که‌س نه‌یبیست تورکمانێکی شیعه‌ تورکمانێکی سوننی بکوژێت، ئه‌مه‌ش هێز و یه‌کپارچه‌ییه‌کی به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌خشیوه‌ که‌ پێویستمان پێیه‌تی".

ئه‌و ته‌باییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی نێوان سوننه‌ و شیعه‌ی تورکمان له‌ سیاسه‌تدا نابینرێت و له‌و پارتانه‌شدا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن. چه‌ند پارتێکی تورکمانی شیعه‌ هه‌ن که‌ زیاتر ئیسلامین و ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ له‌ چه‌ند هاوبه‌ندییه‌کدا له‌ ئیئتیلافی عێراقی یه‌کگرتوو نزیک ببنه‌وه‌ و ببێته‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی بوونی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی که‌مییان له‌ ده‌زگا ته‌شریعی و راپه‌ڕاندنه‌کانی عێراقییدا. یه‌کگرتووی ئیسلامی تورکمانی بۆ نموونه‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترینی ئه‌م پارتانه‌یه‌، له‌ کۆی 128 کورسی ئیئتیلاف یه‌ک کورسی له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ عه‌باس به‌یاتی ئه‌مینداری گشتی رێکخراوه‌که‌ سپێردراوه‌. که‌میی ژماره‌ی کورسییه‌کانی ئه‌م پارته‌ له‌ په‌رله‌مان وایکردووه‌ ده‌نگێکی ئه‌وتوۆ نه‌بێت و هاوده‌نگی ئیئتیلاف بێت له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌کانی له‌گه‌ڵ پارته‌ کوردییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان. له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکیشدا تورکمان یه‌ک کورسییان به‌ده‌ستهێنا که‌ ئه‌ویش دراوه‌ به‌ ته‌حسین که‌هیییه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی بێجه‌ماوه‌رییانه‌ له‌ نێو تورکمانه‌کانی کورکووکدا. له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکماندا سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی ئه‌م پارته‌ به‌ تورکیاوه‌ که‌هییه‌ وتی: "وه‌ک په‌یوه‌ندی هه‌ر پارتێکی دیکه‌ی عێراقییه‌ به‌ تورکیاوه‌، هیچ کۆمه‌کێکمان له‌وێوه‌ بۆ نایه‌ت، به‌ڵام گله‌ییشمان له‌ هیچ پارتێکی تورکمانی نییه‌ که‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و دراوسێییه‌ی باکورمان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ جیاوازی بۆچوونه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای تورکمانی سوننه‌ و پارته‌ سیاسییه‌کانیان بکه‌ین، دیمه‌نه‌که‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، لای ئه‌وان مه‌یلی سیاسی ئایینی زۆر لاوازه‌، له‌ کاتێکدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان به‌هێزه‌، په‌یوه‌ندییان به‌ تورکیاوه‌ پته‌و و به‌ کورده‌وه‌ گرفتئامێزه‌. به‌ره‌ی تورکمانی که‌ ساڵی 1995 و به‌ پاڵپشتی راسته‌وخۆی تورکیا دامه‌زراوه‌ پارته‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک پارتی نیشتمانی تورکمانی، پارتی تورکمانه‌ سه‌ربه‌خۆکان و چه‌ندین پارتی دیکه‌ش له‌خۆی ده‌گرێت و تێکڕا هه‌شت کورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکدا هه‌یه‌. ئه‌م پارتانه‌ هه‌میشه‌ هوڵوێستی ناکۆکییان له‌گه‌ڵ کورددا هه‌بووه‌ و له‌ راگه‌یاندنیشدا هه‌میشه‌ وه‌ک هه‌ڵوێستی تورکمان باسی لێوه‌ ده‌کرێت، چونکه‌ پارته‌ شیعه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی که‌رکووک زۆربه‌ی کات نه‌رمتره‌ و دوابه‌دوای ئیئتیلافی شیعه‌ و تێڕوانینه‌کانی ده‌ڕۆن.

بو گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی ناو به‌ره‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌ره‌ی تورکمانی نوێنه‌رایه‌تی نزیکه‌ی 35%ی تورکمانه‌کانی که‌رکووک ده‌کات. ئه‌م ژماره‌یه‌ش بچووکه‌ کاتێک ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرین که‌ به‌ره‌ هه‌میشه‌ له‌ له‌ڕێی یارمه‌تیدانی هه‌ژاران و دابه‌شکردنی کۆمه‌کی ماڵی و خۆراک و چاره‌سه‌کردنی نه‌خۆشه‌کانیان له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی تورکیادا له‌ هه‌وڵی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ شه‌قامی تورکمانییدایه‌. له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌و ژماره‌یه‌ نیشانه‌ی ئه‌ویشه‌ که‌ تورکمان له‌ رووی حیزبییه‌وه‌ بایه‌خ به‌ سیاسه‌ت ناده‌ن، به‌تایبه‌ت که‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پارته‌کانی دیکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین نوێنه‌رانی تورکمانه‌.

پارته‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش به‌شی سێیه‌می دونیای سیاسی تورکمانن، پارته‌کانیان نه‌ته‌وه‌یین به‌ڵام داخوازییه‌کانیان له‌گه‌ڵ تێڕوانینی پارته‌ کوردییه‌کان دێنه‌وه‌. بڕوایان به‌ گه‌ڕانده‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ نوێنه‌رایه‌تییان له‌ که‌رکووک نه‌بێت. له‌ ساڵی 2003وه‌ تاوه‌کوو ئێستا هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆیان له‌ ململانێکه‌دا نه‌بووه‌ و له‌ راگه‌یاندنیشدا ناویان نایه‌ت. ئه‌م پارتانه‌ش بریتین له‌ پارتی دیموکراتی تورکمانی کوردستانی، پارتی یه‌کێتی تورکمانی، پارتی برایه‌تی و پارتی شروق. پارته‌ تورکمانییه‌کانی که‌رکووک ئه‌م هێزانه‌ به‌ دارده‌ستی سه‌رکردایه‌تی کورد ناو ده‌به‌ن که‌ بۆ "سه‌لماندنی په‌یوه‌ندی تورکمان به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌" به‌کاریان ده‌هێنن.

سه‌ره‌کیترین شت سه‌باره‌ت به‌ پارته‌کانی تورکمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ کامێکیان داوای ئۆتۆنۆمی بۆ تورکمان ناکه‌ن، هیچ کامێکیشان ناڵێن که‌ که‌رکووک ته‌نیا تورکمانییه‌. داخوازییه‌ حیزبییه‌کانی تورکمان له‌و په‌ڕه‌که‌ی له‌ داوای به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شی شاره‌که‌ له‌گه‌ڵ کورد و عه‌ره‌ب ره‌ت نادات. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ چوونه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا بێگومان زۆربه‌ی پارت و خه‌ڵکی تورکمان دژییه‌تی. زۆربه‌ی پارته‌ تورکمانه‌کان سوورن له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵا شینه‌که‌یان که‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌کات و له‌ژێر ئاڵای عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ و باره‌گاکانی پارته‌ تورکمانییه‌کان به‌رزه‌ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به‌ په‌یوه‌ندییان به‌ حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌