راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چه‌کی تاکه‌که‌سی به‌ قیست بۆ

عادل که‌مال
پێش زیاتر له‌ چوار ساڵ، چه‌کی…
30.10.2007  |  موسڵ

"سادق ع." که‌ بازرگانێکی چه‌کی سووکه‌ و ته‌مه‌نی له‌ سی ساڵ تێپه‌ڕ ناکات و چالاکی خۆی له‌ ناوچه‌ی باب سنجار چڕده‌کاته‌وه‌، ده‌ڵێت: داواکاری له‌سه‌ر چه‌ک له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2006ه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کردووه‌ و له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام دایه‌. نرخی چه‌کیش له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ دایه‌. نرخی ده‌مانچه‌ی "برۆنک -9ملم" ئێستا ده‌گاته‌ نزیکه‌ی (1000-1200$) که‌ پێشتر نزیکه‌ی به‌ (700$) بوو. به‌ڵام ده‌مانچه‌ی "تارق -7ملم و 9ملم" دره‌ستکراوی عێراق نرخی دانه‌یه‌کی باشی ده‌گاته‌ (1500$) که‌ ساڵی بار نزیکه‌ی (800$) بوو.

یاسین که‌ قوتابییه‌کی زانکۆیه‌ و له‌ گه‌ڕه‌کی وه‌حده‌ داده‌نیشێ ده‌ڵێت "چه‌ک هه‌ڵگرتن له‌ لایه‌ن گه‌نجان شاره‌زاییان له‌باره‌ی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ چه‌که‌ جۆاوجۆره‌کان و توانای بنیاتنانی ئاسایشی تاکه‌که‌سیان پێده‌دات". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا که‌ "بڵاوبوونه‌وه‌ی کرده‌ی غافڵکوژی و ڕفاندن هۆکارێکی گرنگه‌ بۆ په‌نابردنه‌ به‌ر چه‌ک هه‌ڵگرتن، هه‌روه‌ها دوکانداره‌کانی شاری موسڵ ناتوانن پارچه‌ چه‌کێک هه‌ڵنه‌گرن".

چه‌ک بۆ ئافره‌تان

له‌ یه‌کێک له‌ ده‌رمانخانه‌کانی نزیک ماڵی یاسین "ن. ر."ی ده‌رمانساز ده‌مانچه‌یه‌کی جۆری "ستار"ی له‌ ژێر کیسه‌کانی لۆکه‌ی ده‌رمانخانه‌که‌یدا شاردۆته‌وه‌ و یه‌کێکی تریشی له‌ جۆری "سمیس" له‌ کێشۆی مێزه‌که‌ی داناوه‌ و ده‌ڵێت (تا ئێستا) دوو جار به‌ چه‌که‌وه‌ بۆ دزی به‌سه‌ریان داداوه‌.

ده‌مانچه‌ی "کلۆک -9ملم"، که‌ چه‌کی تایبه‌ت به‌ ده‌زگاکانی هێزی ئاسایشه‌، له‌ هه‌موو جۆره‌کانی تر ره‌واجی زیاتره‌. ئه‌م جۆره‌یان له‌ لای بانده‌ رێکخراوه‌کاندا زۆر ره‌واجی هه‌یه‌، چونکه‌ که‌ کرده‌یه‌ک ئه‌نجام ده‌درێ وای بۆ ده‌چن که‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسی نهێنییه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌. له‌ کاتی ئاسایدا نرخه‌که‌ی (1200$)یه‌ و له‌ کاتی قه‌یرانی ئه‌منیدا ده‌کاته‌ (1500$).

"ف. ت" که‌ بازرگانی چه‌که‌ و له‌ گه‌ڕه‌کی زهوری شاری موسڵ داده‌نیشێ ده‌مانچه‌ی جۆری "ستار" و "کلۆک" به‌ قیست ده‌فرۆشێته‌ هه‌رزه‌کارانی ژێر ته‌مه‌نی (18) ساڵ و باسی گۆڕه‌پانێکی کرد له‌ ناوچه‌ی قادسیه‌ که‌ وه‌ک شوێنی نیشانه‌دانانه‌وه‌ به‌کاردێت، هه‌ندێ له‌وێ ده‌مانچه‌کانیان به‌ کرێ ده‌ده‌ن و مێردمنداڵ و هه‌رزه‌کار ته‌قه‌کردن به‌ چه‌ک تاقی ده‌که‌نه‌وه‌ و بۆ هه‌ر ته‌قه‌یه‌کی ده‌مانچه‌ دۆلارێک ده‌ده‌ن.

خلود که‌ کارمه‌ندی ئاسایشه‌ له‌ فه‌رمانگه‌یه‌کی حکومی له‌ موسڵ، ئافره‌تان ده‌پشکنێ. ئه‌و به‌ (نیقاش)ی وت ئافره‌تان ده‌مانچه‌ی بچکۆله‌ی عه‌یار "5ملم" له‌ جانتاکانیاندا هه‌ڵده‌گرن و ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ر له‌ ساڵی 2006 نه‌بوو. ئه‌و پێیوایه‌ "هه‌ندێ پیشه‌ ئافره‌ت ناچار ده‌کات چه‌ک هه‌ڵبگرێت وه‌کو پارێزه‌ری و پزیشک". خۆشکی خلود که‌ پزیشکی ددانه‌ ده‌مانچه‌یه‌کی جۆری "برۆنک"ی کڕیوه‌ له‌ ترسی ئه‌و باندانه‌ی بۆ ڕاووڕووت هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر پزیشکان. هه‌روه‌ها پاسه‌وانی تۆڕینگه‌که‌شی به‌ دانه‌یه‌کی عه‌یار "9ملم" چه‌کدار کردووه‌ و خۆیشی دانه‌یه‌کی عه‌یار "7ملم"ی پێیه‌. مێرده‌که‌ی له‌سه‌ر بانی ماڵه‌که‌یان ڕاهێنانی له‌سه‌ر به‌کارهێنانی ده‌مانچه‌ پێکردووه‌ و شه‌وانه‌ بتڵی بیبسی کۆلای گه‌روه‌ی وه‌ک نیشانه‌ بۆ داده‌نێته‌وه‌.

پیشه‌یه‌کی نوێ

"سادق ع."ی بازرگان ده‌ڵێت "زۆربه‌ی جۆری چه‌که‌کان له‌ ڕێی سوریا و ئێرانه‌وه‌ دێن. به‌ڵام ده‌مانچه‌ی "کلۆک" سه‌رچاوه‌که‌یان ده‌زگاکانی ئاسایشه‌ که‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆری که‌وتۆته‌ بازاڕه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی ساڵی 2005 هه‌ڵیان کوتایه‌ سه‌ر بنکه‌ی پۆلیس له‌ شاری موسڵ.

ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بازرگانی چه‌ک له‌ موسڵ به‌ ئاشکرایی بێت به‌ تایبه‌ت چه‌کی سووک. نزیکه‌ی له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌کێک که‌سێک هه‌یه‌ نرخ له‌سه‌ر چه‌که‌کان داده‌نێت و ده‌یانفرۆشێت و گۆڕینه‌وه‌یان پێده‌کات. ئه‌و که‌سانه‌ ڕه‌نگه‌ گرێبه‌ستی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ چه‌کداران و باندی ڕفاندن و دزی هه‌بێت.

هه‌ندێ که‌سیش له‌ چاککردنه‌وه‌ی چه‌ک ده‌زانن و تا ئه‌و شوێنه‌ی داهاتێکی گونجاو له‌و ڕێیه‌وه‌ بۆخۆیان دابین ده‌که‌ن. ئه‌وان چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن ئه‌م پیشه‌یه‌ پره‌و بسه‌نێت مادام چاوه‌ڕێ ده‌کرێ شاری موسڵ ڕووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی ئه‌منیی زیاتر ببێته‌وه‌.

داهێنه‌ری بیرۆکه‌ی به‌قیست دان له‌ شاری موسڵ "ف. ت" به‌ باشتر ده‌زانێت له‌ ئیشه‌که‌یدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گه‌نجان بکات، چونکه‌ ئه‌وان "حه‌ز ده‌که‌ن باشترینی بکڕن". ئه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات چه‌کی کۆنی ده‌ست بکه‌وێ که‌ ئه‌مڕۆ زۆر به‌کارناهێنرێ وه‌کو "میکارۆف، لاما و دایمۆند" که‌ تایبه‌تن به‌ گه‌نجانی "داهات سنووردار" و نرخیان ده‌کاته‌ (400$).

هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی و ئه‌مریکی ده‌ست به‌سه‌ر چه‌کی ناوماڵدا ناگرن، و رێگه بۆ هاوڵاتیانی عێراقی ‌خۆشده‌که‌ن که‌ پارچه‌ چه‌کێک بۆ به‌رگریکردن له‌ خۆیان هه‌ڵبگرن. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، شاری موسڵ ڕووداوی کوشتن و به‌رکه‌وتن بۆخۆیه‌وه‌ ده‌بینێ که‌ هۆیه‌که‌ی ته‌نیا ره‌وشی ئه‌منیی ته‌نگژه‌ئامێز وبانده‌کانی کوشتن و تاوانکاری نین، به‌ڵکو کڕینی چه‌که‌ له‌ لایه‌ن گه‌نجان و به‌هه‌ڵه‌ به‌کارهێنانی، که‌ ژماره‌کی زۆریان ئاماده‌یی ته‌واویان هه‌یه‌ بۆ ته‌قه‌کردن.