راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یاسای ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراق&#174

دوای ته‌واوبوونی پشووی هاوینه‌،…
4.09.2006

پێشتر له‌ سه‌رده‌می رژێمی سه‌دامدا هه‌موو هۆیه‌کانی راگه‌یاندن به‌شێک بوون له‌ ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی و ئه‌ویش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی راگه‌یاندندا بوو.

به‌ر له‌ شه‌ڕی عێراقی ساڵی 2003یش، ده‌سته‌ی نێوده‌وڵه‌تی پراکتیکه‌ زانستییه‌کانی کۆمپانیای به‌رگری ئه‌مه‌ریکی له‌ کانوونی دووه‌می 2003 گرێبه‌ستێکی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی بۆ دامه‌زراندنی تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی وه‌ده‌ستهێنا. (http://www.iraqimedianet.net)

یه‌که‌م پڕۆژه‌ی رادیۆیی له‌ عێراقدا له‌ ئاداری2003 له‌ ئوم قه‌سر و دواتر له‌ به‌سرا ده‌ستیپێکرد. له‌ 13ی ئایاری هه‌مان ساڵدا تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی په‌خشی رادیۆیی خۆی له‌ به‌غدا ده‌ستپێکرد. له‌ 15ی ئایاری 2005 رۆژنامه‌ی "الصباح" ی سه‌ربه‌ تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی له‌ به‌غدا ده‌رچوو. وه‌زاره‌تی راگه‌یاندنی پێشووش له‌ ئایاری 2003 هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و ته‌واوی کارمه‌نده‌کانی نێررانه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و هه‌موو ئامێره‌کانیشی دران به‌ تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ئه‌رکی کارکردنی وه‌ک ده‌زگایه‌کی ره‌سمی قۆناغی دوای سه‌دام پێسپێردرا.

یاسا کۆنه‌کان که‌ له‌سه‌رده‌می سه‌دامدا کاریان پێده‌کرا به‌شێوه‌یه‌ک ده‌سکاریکران که‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێدا بگونجێن، به‌ڵام یه‌کجاری لانه‌بران. به‌پێی فه‌رمانی ژماره‌ 14 سه‌باره‌ت به‌ "کاری راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌کراو" ده‌سه‌ڵاتی کاتیی هاوپه‌یمانان له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2003دا بڵاوکردنه‌وه‌ یان په‌خشکردنی هه‌ر بابه‌تێکی یاسغکرد که‌ به‌ دژایه‌تیکردنی هێزی هاوپه‌یمانان به‌سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان دابنرێت. له‌ کانوونی دووه‌می 2004 دا "هاریس بۆ په‌یوه‌ندیکردن" گرێبه‌ستێکی بۆ وه‌گه‌ڕخستنی تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی پێگه‌یشت و له‌گه‌ڵ LBC (لوبنان) و "الفوارس" (عێراق / کوێت) دا که‌وته‌ هاوبه‌شیی.

به‌پێی فه‌رمانی ژماره‌ 65 به‌ ناونیشانی "ئاژانسی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی" و فه‌رمانی ژماره‌ 66 به‌ ناونیشانی "خزمه‌تگوزاری په‌خشکردنی گشتی عێراقی" ده‌سه‌ڵاتی کاتیی هاوپه‌یمانان له‌ 20ی ئاداری 2004 "ئاژانسی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی" دامه‌زراند تاوه‌کوو ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌وڵه‌تی بۆ رێکخستنی ته‌واوی چالاکییه‌کانی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی و هه‌روه‌ها "تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی"یشی وه‌ک خزمه‌تگوزاری گشتی رادیۆی عێراق دامه‌زراند که‌ ئاژانسی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی مۆڵه‌تی پێدا. له‌ 28ی حوزه‌یرانی 2004دا به‌ڕێوه‌بردنی تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی درا به‌ ئه‌نجومه‌نی حوکم.

له‌م یاسا نوێییه‌دا هاتووه‌ که‌ ده‌بێ فه‌رمانێکی تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنی "ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی" که‌ دامه‌زراوێکی گشتی و مه‌ڵبه‌نده‌که‌ی له‌ به‌غدا ده‌بێت و ستۆدیۆگه‌لێکی رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا ده‌بن، ده‌ربکرێت. به‌پێی ماده‌ی یه‌که‌م ده‌زگاکه‌ "له‌ هه‌موو کاریگه‌رییه‌ سیاسی و بازرگانی و کاریگه‌رییه‌کی دیکه‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت و ناچێته‌ ژێر فه‌رمانی هیچ که‌س یان ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی بێجگه‌ له‌وانه‌ی له‌م یاسایه‌د هاتوون مه‌گه‌ر بڕیاری دادگا نه‌بێت.

ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م ده‌زگایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خزمه‌تگوزاری گشتی سه‌ره‌کی بێت له‌ عێراقدا (به‌ زمانی جیاجیا) بۆ ئاراسته‌کردنی گه‌ل و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌هاکانی ده‌ستووری عێراقی و پێشکه‌شکردنی به‌رنامه‌ی خۆشگوزه‌رێن و رۆشنبیرکردنی جه‌ماوه‌ر و هه‌روه‌ها بره‌ودان به‌ به‌رهه‌مه‌ عێراقییه‌کان (ماده‌ 2).

ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی وه‌ک سه‌کۆیه‌کی ئازاد بۆ دیالۆگ و گفتوگۆی کراوه‌ ده‌بێت و له‌هه‌مان کاتدا "به‌ها و دابونه‌رێته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌چه‌سپێنێت" ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کارتایه‌کی شه‌ڕه‌فی پیشه‌یی بۆ هه‌موو کارمه‌ندانی ده‌زگاکه‌ داده‌ڕێژێت. (ماده‌ 3)

خه‌رجییه‌کانی ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی له‌ دارایی گشتی دابین ده‌کرێن، به‌ڵام پشتیوانی دارایی تایبه‌تیش رێگه‌ی پێده‌درێت. (ماده‌ 4)

یاساکه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌بێ ده‌زگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ هه‌رکاریگه‌رییه‌کی سیاسی و بازرگانی بێت و له‌لایه‌ن که‌سانی پسپۆڕه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت. به‌مه‌ش رێگه‌ به‌ کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی عێراقی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌ندمانی پارته‌ سیاسییه‌کان و خزمه‌کانیان نادرێت پۆستی باڵا له‌م ده‌زگایه‌ وه‌ده‌ستبێنن (ماده‌ 8). هه‌روه‌ها ده‌بێ پشتیوانییه‌کی ماڵی ته‌واویش هه‌بێت "بۆ مسۆگه‌رکردنی وه‌ده‌ستهێنانی به‌رنامه‌ جیهانییه‌کان له‌ بواره‌کانی زانست، کولتوور و خوێندن هه‌تا له‌لایه‌ن که‌مایه‌تییه‌کانیشه‌وه‌" (ماده‌ 2/4). ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ر و جێگره‌که‌یشی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانکۆیی بن و شاره‌زاییه‌کی پیشه‌یی زیاتر له‌ 5 ساڵیان هه‌بێت (ماده‌ 14).

ئه‌م یاسایه‌ چوارچێوه‌که‌ی ده‌زگایی نوێ بۆ خزمه‌تگوزاری رادیۆیی گشتی عێراقی داده‌نێت. دواتریش یاسای رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندنی به‌دوادا دێت بۆ دیاریکردنی یاسا و رێنماییه‌کان بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌ عێراقدا. له‌ هه‌رێمی کوردستانیشدا ره‌شنووسی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمدا خراوه‌ته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. هه‌روه‌ک خزمه‌تگوزاری راگه‌یاندن ته‌نیا له‌ ته‌له‌فزیۆنی "هه‌رێم"دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، چونکه‌ هه‌موو وێستگه‌کانی راگه‌یاندنی دیکه‌ و رۆژنامه‌کان هی پارته‌ سیاسییه‌کان و لایه‌نی تایبه‌تن.

4/9/2006

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی پڕۆژه‌ی یاسای ده‌ێزگای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی کلیکی ئێرە بکه‌.