راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش ماوه‌ی به‌سه‌رنه‌چووه‌
دانیشتووانی شاره‌كان له‌دروستبوونه‌وه‌ی شانه‌ نوستووه‌كان ده‌ترسن

که‌مال عه‌یاش
ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هۆكاربوون بۆ وێرانكردنی‌ شاره‌كان، سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ژیانی مه‌ده‌نیانه‌، ترشیان له‌دڵی‌ خه‌ڵكدا چه‌سپاندووه‌و دوور نییه‌ گورزی‌ خۆیان بوه‌شێنن.
29.03.2018  |  ئه‌نبار
 ( :وێنه Anbar police)
( :وێنه Anbar police)

دووباره‌بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌ندامێتییان له‌ گرووپه‌كانی داعشدا له‌نێو شاره‌ ئازادكراوه‌كانی پارێزگار ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) بووه‌ته‌ مایه‌ی ترسی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی داعش‌و ئه‌و زیانانه‌ش ده‌ده‌ن كه‌ لێیان كه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شۆكێكیشه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی بۆ تێكشاندنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان‌و ده‌ركردنیان له‌پارێزگاكه‌ جه‌نگاون، ئه‌گه‌رچی پاساوی فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌رووی ئه‌منیه‌وه‌ وردبینیان بۆ كراوه‌.

 

هیچ خێزانێك یاخود تاكێك ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو شاره‌ ئازادكراوه‌كان ئه‌گه‌ر به‌و میكانیزمه‌دا تێنه‌په‌ڕێت كه‌ حكومه‌تی عێراق ئاماده‌ی كردووه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی پێكهێنانی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند‌و هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌موو ده‌زگاكانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ ئه‌ركی وربینیكردنی دۆسێی هه‌موو گه‌ڕاوه‌كان بۆ شاره‌كه‌ی گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ‌و به‌ پشت به‌ستن به‌و زانیارییه‌ هه‌واڵگریانه‌ی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت سه‌لامه‌تی دۆسێی ئه‌منی هه‌ر گه‌ڕاوه‌یه‌ك دیاری ده‌كه‌ن، ئیتر تاك بن یاخود خێزان.

 

دیمه‌نی ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێك له‌وانه‌ی به‌ ئه‌ندامێتییان له‌ گرووپه‌كانی داعش تۆمه‌تبارن كه‌ له‌نێو شاره‌كاندا به‌ئازادییه‌كی ته‌واوه‌وه‌ هاتوچۆده‌كه‌ن، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌وه‌ راده‌كێشێت كه‌ كه‌موكوڕییه‌ك له‌ سیستمی ئه‌منیدا هه‌یه‌‌و بووه‌ته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سانه‌ بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ هێشتا له‌ تاوانه‌كانی داعش چاك نه‌بۆته‌وه‌.

 

ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی پاراستنی ده‌روازه‌ی شاره‌ ئازادكراوه‌كانیان پێ سپێردراوه‌ باس له‌ پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر داواكراو ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تێكڕای ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیركراون له‌نێوان دوو بۆ پێنج كه‌سدایه‌ له‌ رۆژێكدا‌و زۆرینه‌یان له‌وانه‌ن كه‌ پێناسی په‌سه‌ندكراوی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان پێیه‌.

 

سالم قادر (28 ساڵ) ناوی خوازراوی كارمه‌ندێكی هه‌واڵگرییه‌ له‌وانه‌ی له‌ شاری رومادی (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) كارده‌كه‌ن، ئه‌و باسی هه‌ندێك له‌و حاڵه‌تانه‌ی بۆ "نیقاش"ی كرد كه‌ له‌كاتی ئه‌ركه‌كه‌یدا تێبینی كردوون‌و وتی: "دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر توانیمان یه‌كێك له‌ داواكراوان ده‌ستگیربكه‌ین له‌ كاتێكدا هه‌وڵی ده‌دا به‌ره‌و شاری فه‌لوجه‌ بچێت، له‌میانی لێكۆڵینه‌وه‌شدا داوای لێكردین له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا ئازادی بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و سازشكردنه‌ راهاتبێت، ئێمه‌ ره‌تمانكرده‌وه‌، به‌ڵام ده‌زانین كه‌ لایه‌نێك ئازادی ده‌كات".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "رۆژ نییه‌ داواكراوێك یاخود یه‌كێك له‌وانه‌ ده‌ستگیرنه‌كه‌ین كه‌ وه‌ك ئه‌ندامی سه‌ر به‌ گرووپه‌كانی داعش له‌لامان تۆماركراون، شتێكی نامۆش نییه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی ره‌سمیان پێ بێت كه‌ سه‌لامه‌تی دۆسێی ئه‌منیان بسه‌لمێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نامۆیه‌ كه‌سانێك ده‌ستگیربكه‌ین كه‌ پێشتر ده‌ستگیركراون وه‌ك ئه‌وه‌ی فێربووبن چۆن هه‌موو جارێك بۆی ده‌ربازببن".

 

هاووڵاتیانی شاری فه‌لوجه‌ (60 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ترسن به‌وپێیه‌ی كه‌سانی مه‌ترسیدارن به‌تایبه‌تی كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ خه‌به‌رلێدانیان وه‌ك خۆكوشتن وایه‌، چونكه‌ی هه‌ر كه‌سێكیان ده‌رباز ببێت ده‌بێته‌ دوژمن‌و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌دات.

 

حامید جومه‌یلی (61 ساڵ) خاوه‌نی نووسینگه‌ی كڕین‌و فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ له‌شاری فه‌لوجه‌ كه‌ وه‌ك موختاری یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیش كارده‌كات، پێی وایه‌ ناكرێت بێده‌نگ بن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ داواكراوان‌و داواش له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات رێوشوێنی توند بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون.

 

 جومه‌یلی به‌ "نیقاش"ی وت: "ژماره‌یه‌ك له‌و خانووانه‌ی بۆ هه‌ندێك له‌و خێزانانه‌ به‌كرێگیراون كه‌ خانووه‌كانیان رووخاوه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆلامان بۆئه‌وه‌ی چۆڵیان بكه‌ن ئه‌ویش به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كانی خاوه‌نی ئه‌و خانووانه‌، هه‌مووشمان ده‌زانین كه‌ ئه‌و خێزانانه‌ تێوه‌گلاون له‌ ئه‌ندامێتی گرووپه‌ چه‌كداره‌كاندا، ئه‌گه‌رچی پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌شیان له‌ژێر چاودێری‌و به‌ ئاگاداری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بێت، به‌ڵام ترس له‌لای دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كردنیان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌".

 

عامر ئه‌بو حه‌مه‌د (58 ساڵ) كه‌ له‌ نووسینگه‌ی خانووبه‌ره‌كه‌ خانووه‌كه‌ی بۆ فرۆشتن داده‌نا به‌"نیقاش"ی وت: "وامده‌زانی قۆناغی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كۆتایی هاتووه‌‌و ناتوانن جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆره‌ له‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ یاخود توندڕه‌وانه‌ی پێشتر به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پشتیوانی گرووپه‌كانی داعشیان ده‌كرد".

 

ده‌شڵێت: "بڕیارم داوه‌ خانووه‌كه‌م بفرۆشم‌و شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵم، چونكه‌ نامه‌وێت جارێكی تر ناخۆشی راگواستن بچێژم به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تێیدا ده‌ژین ئه‌و سیناریۆیه‌ كه‌ پێشتر بینیومانه‌ كاتێك ده‌مانبینی كه‌سانی نامۆ‌و گرووپی توندڕه‌‌و له‌نێو شاره‌كه‌دا ته‌راتێنیان ده‌كرد، به‌ڵام جیاوازی نێوان دوێنێ‌و ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ پێشتر نه‌مانده‌توانی قسه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ قسه‌ ده‌كه‌ین‌و له‌هه‌مان كاتدا له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كیش ده‌ترسین كه‌ ره‌نگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیماندا نه‌بێت".

 

رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان له‌ بازگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شاره‌ ئازادكراوه‌كان وردبینی زۆر له‌ ناسنامه‌ی كه‌سانی هاتوو ناكه‌ن‌و پرۆسه‌ی چوونه‌ناوه‌وه‌ بۆ ئه‌م شارانه‌ ئاسان بووه‌ ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وردبینییه‌ ئه‌منییه‌ی كه‌سانی رۆیشتوو به‌ره‌و پارێزگاكانی دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و رێوشوێنانه‌ ره‌نگه‌ رێگه‌ له‌ دروستبوونی شانه‌ی نوێ له‌نێو ئه‌و شارانه‌دا نه‌گرن كه‌ به‌ده‌ست بوونی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ گیرۆده‌بوون.

 

محه‌مه‌د زوبیانی (35ساڵ) دانیشتووی شاری رومادی پێیوایه‌ رێوشوێنه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان له‌ ده‌روازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار له‌ ئاستی پێویستدا نین، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ میكانیزمی په‌یڕه‌وكرا‌و ئامانجی پاراستنی پارێزگای ئه‌نبار‌و شاره‌كانی نییه‌ كه‌ ببوونه‌ مۆڵگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان.

 

زوبیانی به‌ "نیقاش"ی وت: "كه‌ ده‌چم بۆسه‌ر كاره‌كه‌م له‌ بازگه‌ی سقوری نێوان پارێزگای ئه‌نبار‌و به‌غدای پایته‌خت زیاتر له‌ دوو سه‌عاتم پێده‌چیێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و رێوشوێنه‌ ئاڵۆزانه‌شدا، به‌ڵام به‌گرنگیان ده‌زانم بۆ پاراستنی ئاسایشمان، به‌ڵام له‌ لایه‌كه‌ی دیكه‌ كاتێك ده‌بینم ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ده‌چنه‌ پارێزگاكه‌ ته‌نیا چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی كه‌میان پێده‌چێت به‌بێ رودبینیكردن‌و پشكنین، تووشی نائومێدی ده‌بم".

 

هه‌روه‌ها وتیشی:"ره‌نگه‌ ئه‌م میكانیزمه‌ به‌ئه‌نقه‌ست بێت‌و رێگه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی كه‌سانێك بدات كه‌ له‌وانه‌یه‌ شانه‌ی نوێ له‌نێو پارێزگاكه‌دا دروست بكه‌ن‌و هه‌وڵی خۆرێكخستنه‌وه‌ بده‌ن له‌نێو ئه‌و رێوشوێنه‌ خراپانه‌‌و ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ دارایی‌و كارگێڕییه‌ی رێگه‌ به‌ هاتووچۆی ئازادانه‌ی تیرۆریستان له‌نێو پارێزگاكه‌دا ده‌ده‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌