راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

باجی هەڵاتنیان وەردەگرن
حكومه‌ت له‌پۆلیسه‌ ده‌ركراوه‌كان خۆش ده‌بێت‌و خه‌ڵكیش رازی‌ نین

که‌مال عه‌یاش
فه‌رمانده‌یی پۆلیسی ئه‌نبار به‌نیازی گێڕانه‌وه‌ی شه‌ش هه‌زار پۆلیسه‌ كه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر كار ده‌ركراون به‌هۆی هه‌ڵاتنیان له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، به‌ڵام دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ رازی‌ نین.
15.03.2018  |  ئه‌نبار
 ( :وێنه Anbar police)
( :وێنه Anbar police)

له‌ریزبه‌ندی پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌ ئه‌منییه‌كاندا هه‌ست‌و سۆزی مرۆڤ له‌ پله‌كانی كۆتاییدایه‌، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی را‌وبۆچوونی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌توندی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مه‌یدانی جه‌نگیان بۆ داعش به‌جێهێشت، ناشكرێت ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان كرد‌و به‌رگریان له‌ پارێزگاكه‌ كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا یه‌كسان بن كه‌ هه‌ڵاتن یاخود له‌ ئه‌رك دواكه‌وتن له‌به‌ر هه‌ر هه‌لومه‌رجێك بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجێكی مرۆییش ناچاری كردبن.

 

دوای ئازادكردنی ته‌واوی شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) له‌ ده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، ده‌نگی داواكاری به‌رزبووه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كارمه‌ندانی پۆلیسی عێراق كه‌ مووچه‌كانیان بڕابوو به‌هۆی په‌یوه‌ندینه‌كردنیان به‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌ باره‌گای جێگره‌وه‌دا خۆیان رێكخستبووه‌وه‌ بۆ ئاماده‌كاریی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش كه‌ زۆرینه‌ی شاره‌كانی پارێزگاكه‌ی كۆنترۆڵ كردبوو.

 

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌نگانه‌شدا كه‌ به‌رز‌و زوڵاڵ ده‌رده‌كه‌ون، رایه‌كی میللی هه‌یه‌ به‌توندی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ خزمه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌و هێزانه‌ شایسته‌ی پاراستنی پارێزگاكه‌ نه‌بوون به‌تایبه‌تی دوای هه‌ڵاتنیان‌و به‌جێهێشتنی باره‌گا‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان‌و چه‌ك‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتن، ئه‌و هه‌ڵاتنه‌ش نه‌بووایه‌ ئه‌وا داعش نه‌یده‌توانی له‌ چاوتروكانێكدا زۆربه‌ی شاره‌كان كۆنترۆڵ بكات.

 

زه‌ید دلێمی (52 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌ (60 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) له‌ وه‌رشه‌یه‌كی چاككردنی ئۆتۆمبیل له‌ گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی كارده‌كات‌و رۆژانه‌ له‌ رێگایدا به‌ره‌و كاره‌كه‌ی به‌ ژماره‌یه‌ك بازگه‌ی ئه‌منیدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ داوای به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌منی لێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و رێوشوێنانه‌دا راهاتووه‌، به‌ڵام پێیوایه‌ بێ سوودن‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی جێبه‌جێیان ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌وه‌ متمانه‌یان پێناكرێت.

 

دلێمی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زۆرینه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ ئه‌منیانه‌ی له‌و بازگانه‌دا ده‌یانبینم كه‌ پڕچه‌ك‌و كه‌لوپه‌لن، پێشتر له‌ دوو دیمه‌ندا ده‌مبینن، یه‌كه‌میان پێش هاتنی داعشه‌ بۆ شاره‌كانمان كه‌ ئه‌وه‌ش وێنه‌ چه‌كدارییه‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌یه‌، دیمه‌نی دووه‌میش به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ بوو كاتێك وه‌ك ئاواره‌ به‌ره‌و باكووری عێراق هه‌ڵاتن، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ جارێكی دیكه‌ چه‌ك هه‌ڵبگرنه‌وه‌‌و پاراستن‌و لێپرسینه‌وه‌مان بگرنه‌ ئه‌ستۆ".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆرم پێ سه‌یره‌ هه‌ندێك ده‌نگ ده‌بیستم داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت جارێكی دیكه‌ پارێزگاكه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ حه‌ڵاڵ بكرێت، ئه‌گه‌ر موجامه‌له‌ی هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ش بكه‌ن كه‌ نێوه‌ندگیری عه‌شایری یان حزبی ده‌كه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ نێو سیستمی ئه‌منی، ئه‌وا ئه‌و موجامه‌لانه‌ له‌سه‌ر حسابی ئێمه‌‌و حسابی ئه‌و ده‌ستكه‌ته‌ ئه‌منیانه‌یه‌ كه‌ به‌دیهاتوون‌و نرخه‌كه‌شی خوێنی ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ بووه‌ كه‌ خۆڕاگر به‌رامبه‌ر گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان".

 

مه‌سه‌له‌ی گشتاندن ره‌نگه‌ لۆجیكی نه‌بێت، چونكه‌ كه‌سانێك هه‌بوون خۆڕاگر بوون‌و قوربانیان داوه‌ له‌پێناو كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه‌ ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سه‌ خۆڕاگرانه‌ زۆر له‌ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ كه‌متر بوو كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌یان دواكه‌وتبوون، به‌ڵام وه‌ك دیوارێكی پته‌وبوون كه‌ ده‌بێت له‌ قۆناغی داهاتوودا پشتیان پێ ببه‌سترێت.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ناكرێت ئه‌م هێزانه‌ لاواز بكرێن به‌ تێخزاندنی كه‌سانێكی فشه‌ڵ‌و ناجێگیر كه‌ ده‌بنه‌ درزێك له‌و دیواره‌ ئه‌منیه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌هێز‌و پته‌و بێت‌و رێگه‌ نه‌درێت جارێكی دیكه‌ ببه‌زێندرێت.

 

شه‌وكه‌ت محه‌مه‌دی (65 ساڵ) ناوی خوازراوی ئه‌فسه‌رێكی سوپای پێشووی عێراقه‌، ئه‌و پێی وایه‌ گێڕانه‌وه‌ی ده‌كراوان به‌هۆی دواكه‌تن‌و هه‌ڵاتنیان ده‌بێته‌ مایه‌ی درزێكی ئه‌منی‌و له‌سه‌ر قاپێكی زێڕ پێشكه‌ش به‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كرێت، محه‌مه‌دی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ش كرد كه‌ "داعش هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات زانیارییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نوێ بكاته‌وه‌، بوونی ئه‌و ژماره‌ كه‌سه‌ش كه‌ له‌كاتی داگیركردنی زۆرینه‌ی شاره‌كانی پارێزگاكه‌دا نه‌بوونه‌ مه‌ترسی له‌به‌رده‌میدا، ئه‌وه‌ی كۆڵ ده‌كاته‌وه‌ خۆی ماندوو بكات به‌ گه‌ڕان‌و به‌دواداچوونی كه‌لێنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "له‌زۆربه‌ی مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كاندا ده‌بێت خاڵه‌ لاوازه‌كان به‌هێز بكرێن تا زامنی ئه‌وه‌ بكرێت دزه‌كردن‌و شكست روونه‌دات، له‌م كاته‌شدا پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ده‌بێت هه‌ڵاتووان‌و دواكه‌وتووان دووربخرێنه‌وه‌‌و به‌و ئه‌ندامانه‌ی دیكه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ كه‌ زه‌ویان گرتووه‌ته‌ ده‌ست‌و به‌رگرییان لێكردووه‌‌و شانبه‌شانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ستاون، ئه‌ویش وه‌ك پێزانینێك بۆ ئه‌و رۆڵه‌یان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پشتیوانیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ئه‌ندامی به‌توانا كه‌ هێزه‌كه‌یان زیاتر ده‌كات".

 

ئه‌سعه‌د محه‌مه‌د فه‌لاحی (58 ساڵ) دانیشتووی شاری رومادیه‌‌و كۆمپانیایه‌كی بچووكی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هه‌یه‌، ئه‌و به‌هیچ جۆرێك متمانه‌ به‌ ئه‌ندامانی پۆلیس له‌ناو شاردا ناكات‌و پێی وایه‌ ئه‌و هێزانه‌ی باره‌گا‌و به‌ندیخانه‌كان‌و چه‌كه‌كانیان به‌جێهێشت چیتر ناتوانن شاره‌كه‌ بپارێزن.

 

فه‌لاحی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زۆر به‌باشی ئه‌و رۆژه‌م له‌بیره‌ كه‌ داعش هاتنه‌ ناو شاری رومادی‌و ده‌مبینی ئۆتۆمبیله‌كانی پۆلیس كه‌ پێشتر ده‌هاتن‌و ده‌چوون، له‌ملا‌و ئه‌ولای رێگاكه‌ راوه‌ستاون دوای به‌جێهێشتنیان له‌لایه‌ن ستافه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ ده‌رگاكانیان به‌ ته‌واوی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیانه‌وه‌ كردبوونه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ترسی گرووپه‌كانی داعش، ئه‌و هێزانه‌ هه‌ڵاتن‌و هیچ شه‌ڕێكیان نه‌كرد‌و ته‌نانه‌ت یه‌ك فیشه‌كیشیان نه‌ته‌قاند، ئیتر چۆن جارێكی دێكه‌ متمانه‌یان پێبكه‌م؟".

 

زۆرینه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ركراوان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، پێیان وایه‌ هاوسۆزی مرۆیی پێویست به‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ناكات بۆ نێو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ناچاربوون له‌ شاره‌كه‌ هه‌ڵبێن، به‌ڵكو پێویسته‌ كاری جێگره‌وه‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سیستمی ئه‌منی، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌ كه‌سانی دیكه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ كه‌ كاره‌كه‌یان‌و شاره‌كه‌یان له‌ ژیانی خۆیان زیاتر خۆشبوێت.

 

عامر عیساوی (33 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ سوودمه‌ندبووانی بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی ده‌ركراوان له‌ شاری هیت (50 كم له‌ خۆرئاوای شاری رومادی)، ئه‌و پێی وایه‌ بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی ده‌ركراوان بڕیارێكه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی سته‌م له‌سه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ی مووچه‌كانیان له‌و قۆناغه‌دا بڕاوه‌، هه‌روه‌ها باوه‌ڕی وایه‌ زۆرینه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی هه‌ڵاتوون یاخود دواكه‌وتوون، به‌هۆی ترس یاخود كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌هۆی گه‌مارۆدانیان بووه‌ له‌ناو شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان.

 

عیساوی به‌ "نیقاش"ی وت: "ناكرێت چه‌ند كه‌سێكی كه‌م به‌ چه‌كی سووك‌و بڕێكی كه‌م ته‌قه‌مه‌نیه‌وه‌ رووبه‌ڕووی چه‌ند گرووپێكی توندڕه‌و ببنه‌وه‌ كه‌ چه‌كی زۆر به‌هێزتر‌و پێشكه‌وتووتریان له‌و كه‌لوپه‌ل‌و ئامێرانه‌ی ئێمه‌ پێَبێت".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ڵاتن تاكه‌ چاره‌سه‌ر بوو له‌به‌رده‌مماندا بۆ پارێزگاریكردن له‌ خۆمان‌و خێزانه‌كانمان، ئه‌گه‌ر خۆمان بپارێزایه‌ ئه‌وا پارێزگاریمان له‌ سه‌رچاوه‌ی مرۆیی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كرد ئه‌گه‌ر له‌شوێنی خۆیان بمانایه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ئاگری ئه‌و چه‌كه‌ كوشندانه‌دا له‌ناوده‌چوون".

 

میلاكه‌كانی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی ئه‌نبار به‌ر له‌ ساڵی 2014 زیاتر له‌ 28 هه‌زار كارمه‌ند بوو، له‌نێوان ساڵانی 2014‌و 2016دا نزیكه‌ی 14 هه‌زار پۆلیسیان لێ دوورخرایه‌وه‌ به‌هۆی دواكه‌وتنیان یاخود هه‌ڵاتنیان، به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش له‌ ساڵی 2017دا 3190 كارمه‌ندیان گێڕدرانه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت وه‌ك گوژمه‌ی یه‌كه‌م زنجیره‌یه‌ك گوژمه‌، ئه‌ویش به‌پێی میكانیزمێك كه‌ گه‌ڕاوه‌كان ناچار ده‌كات مه‌شقی تایبه‌ت ببینن بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌ر چه‌ند یه‌كه‌‌و بنكه‌یه‌كدا دابه‌ش بكرێن جیاواز له‌وانه‌ی پێش هه‌ڵاتنیان خزمه‌تیان تێدا ده‌كردن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌