له‌و كاته‌وه‌ی ناكۆكی‌و له‌شكركێشی سه‌ربازی نێوان به‌غداو هه‌رێم له‌رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌وه ده‌ستی پێكردووه، جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆك له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌رچی وێنه‌ی شه‌ش ساڵی رابردووی شه‌ڕه‌كانی سوریا‌و لیبیا‌و عێراق هه‌یه به‌ناوی ئه‌م شه‌ڕه‌ی كه‌ركوكه‌وه بڵاویان كردووه‌ته‌وه.
ژماره‌ی وێنه‌و ڤیدیۆ ساخته‌كان به‌سه‌دانن، به‌ڵام "نیقاش" بۆ به‌رچاوڕوونی ته‌نیا چه‌ند دانه‌یه‌كیانی ساخكردهوهو راست‌و دروستییه‌كه‌ی ده‌رخستن.
دوای ئه‌وه‌ی سوپای عێراقی‌و حه‌شدی شه‌عبی چوونه پارێزگای كه‌ركوك، رۆژی 20ی مانگ یه‌كه‌م رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی توندی نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپا له‌نزیك ناحیه‌ی پردێ – ئاڵتون كۆپری - (نێوان كه‌ركوك‌و هه‌ولێر) روویدا، تائێستا ژماره‌ی قوربانییه‌كانی هه‌ردوولا له‌و شه‌ڕه‌دا نه‌زانراوه، به‌ڵام به‌پێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت هه‌زارانیان تێپه‌ڕاندووه.
چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و وێنانه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان له‌كوردستان ته‌نی، وێنه‌ی چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی تێكشكاو بوون له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی كوژراودا، وه‌ها له‌سه‌ریان ده‌نوسرا كه ئه‌وانه ئۆتۆمبێلی حه‌شدی شه‌عبین سوتێنراون‌و كوژراوه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه حه‌شدی شهعبینو به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه كورژراون.
له‌راستیدا وێنه‌ی ئۆتۆمبێله سوتاوه‌كان پێشتر له‌ساڵی 2015 له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بوونیان هه‌بووه به‌ناوی "سوتاندنی ئۆتۆمبێلی سوپای سعودی له‌یه‌مه‌ن" وێنه‌ی كوژراوه‌كانیش دیسانه‌وه ساڵێك له‌وه‌وبه‌ر بڵاوكراونه‌ته‌وه جارێك به‌ناوی "داعش له‌فه‌لوجه" جارێكی تریش به‌ناوی "حه‌شدی شه‌عبی له‌موسڵ" ئه‌وه‌ی روونه هیچ یه‌كێك له‌و وێنانه نه شوێن‌و نه كاتیان هی شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌م دواییه نه‌بووه.
سه‌دان وێنه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه له‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌وه بڵاوكرانه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچیان راست بێت، به‌ڵام ره‌نگه كۆمیدیترینیان ئه‌و وێنه‌یه‌ی مارك زوكه‌ربێرگی خاوه‌نی فه‌یسبووك بێت كه كاغه‌زێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و داوا ده‌كات خه‌ڵكی پشتگیری مه‌سعود بارزانی بكهنو خۆپیشاندان بكه‌ن.
هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه مه‌سعود بارزانی لهپهیامێكدا داوای لهرهوهندی كوردی له‌ده‌ره‌وه كرد بۆ پشتگیری كوردستان خۆپیشاندان بكهنو په‌یجێك به‌ناوی (كوردستان حدث24) ئه‌م وێنه‌یه‌ی زوكه‌ربێرگی بڵاوكردهوهو دواتر چه‌ندین په‌یجی دیكه لێیان وه‌رگرت، له‌راستیدا وێنه‌كه‌ی زوكه‌ربێرگ بۆ ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و په‌یوه‌سته به‌خزمه‌تگوزاری لایڤی فه‌یسبوك كه له‌وێستگه‌ی ئاسمانییه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌شتیوانه ئاسمانییه‌كان خراوه‌ته كار.
هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆكییه‌كه ئه‌م چه‌ند رۆژه جگه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌دان وێنه‌و ڤیدیۆی ساخته، به‌شێكی تری كاره‌كه‌یان بریتی بوو له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌و راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌و ڤیدیۆیانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه بڵاوده‌كرایه‌وه، یه‌كێك لهدهنگۆ زۆر بڵاوهكانیش له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌كوردستان ئه‌وه بوو كه (ئه‌بو عیزرائیل) سه‌ركرده‌ی دیاری حه‌شدی شه‌عبی كوژراوه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌میدیا فه‌رمییه‌كانیش به‌گه‌رموگوڕی باسیان له‌م بابه‌ته كرد، تا ناوبراو خۆی ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكردهوهو هه‌واڵه‌كه‌ی به‌درۆخسته‌وه.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م جۆره وێنه‌و ڤیدیۆیانه ئه‌وه‌یه، جگه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی رق‌و توڕه‌یی، هاوكات هۆكارێكن بۆ شێواندنی ده‌رونی خه‌ڵك‌و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری راسته‌وخۆشیان له‌سه‌ر هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كان ده‌بێت، چه‌ندین جاریش به‌رپرسانی پێشمه‌رگه دانیان به‌و راستیه‌دا ناوه.
هه‌ڵگورد حیكمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری راگهیاندنو هۆشیاری نیشتمانی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به"نیقاش"ی وت "دڵنیاین ئه‌و جۆره وێنه‌و ڤیدیۆییانه كار له‌ده‌رونی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن".
وتیشی "بڵاوكردنه‌وه‌یان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه نییه‌و ئه‌وه خه‌ڵكی خۆیان ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به‌و وێنانه‌ی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ش بڵاوبوونه‌ته‌وه، ئه‌وا ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین".
راسته ره‌نگه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه راسته‌وخۆ ده‌ستی له‌و وێنه‌و ڤیدیۆیانه‌دا نه‌بێت، به‌ڵام له‌وه ناچێت هیچ دیسپلینێكی سه‌ربازی له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌ڕێوه بچێت، چونكه به‌ده‌یان پێشمه‌رگه ده‌بینرێن كه بهمۆبایلهكانی ده‌ستیان وێنه‌ی شه‌ڕه‌كان دهگرنو بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌پێشهاتێكی سه‌یردا بۆ یه‌كه‌مجار پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌و كاته‌ی به‌دۆشكه ته‌قه‌ی ده‌كرد، لایڤی فه‌یسبوكی كردبۆوه‌و له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌كه‌دا وه‌ڵامی كۆمێنتهكانیشی ده‌دایه‌وه.
وه‌ك چۆن له‌به‌ره‌كان شه‌ڕی فیشه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌چوون، ئاوهاش شه‌ڕی وێنه‌و ڤیدیۆی ساخته له‌هه‌ردوو به‌ره‌وه به‌رده‌وام بوون‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی پشتگیری حه‌شدی شهعبیو سوپایان ده‌كرد چه‌ندین وێنه‌و ڤیدیۆی ساخهتهیان بڵاوكرده‌وه كه گوایه هی پێشمه‌رگه‌ن.
یه‌كێك له‌وێنه زۆر به‌ناوبانگه‌كان وێنه‌ی چه‌ند كه‌سێكی كوژراون له‌پشتی پیكاپێكدا، به‌ده‌یان په‌یج ئه‌م وێنه‌یه‌یان دووباره ده‌كرده‌وه، جارێك ده‌یانوت له‌كه‌ركوك‌و جارێكی دی ده‌یانوت لهپردێیه.
به‌ڵام راستی وێنه‌كه بۆ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ئه‌وانه‌شی كوژراون سه‌ربازانی سوپای سوریا بوون نه‌ك پێشمه‌رگه.
ئه‌مه تاكه وێنه‌و ڤیدیۆ نه‌بوو، به‌ڵكو زۆر زیاتر بوون‌و هه‌ر رۆژه‌و دانه‌یه‌كی تازه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت، له‌م نێوه‌نده‌شدا دوان لهڤیدیۆكان زۆر زیاتر له‌وانه‌ی تر ته‌شه‌نه‌یان كرد.
لهڤیدیۆیهكیاندا وا نیشان ده‌درا كه هێزێكی زۆری سوپای عێراقی‌و حه‌شد له‌كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان رێ‌یان كردووه، به‌ڵام راستی ڤیدیۆكه بۆ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌موسڵ.
ڤیدیۆیه‌كی دیكه‌ش كه زیاتر له 20 په‌یجی به‌ناوبانگی عهرهبیو هه‌ندێ له‌میدیا فه‌رمییه‌كانیش بڵاویانكرده‌وه ڤیدیۆیه‌ك بوو كه گوایه پێشمه‌رگه‌ی پردی نێوان هه‌ولێرو كه‌ركوك له‌پردێ ده‌ته‌قێنێته‌وه بۆ رێگری له‌پێشڕه‌وی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام له‌راستیدا مێژووی ئه‌و ڤیدیۆیه بۆ ساڵی 2012 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و شوێنه‌كه‌ش ئه‌مه‌ریكایه نه‌ك كوردستان.
كه‌ریم نوری وته‌بێژی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه دۆخه‌كه قۆستراوتهوه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره وێنانه له‌لایه‌ن هه‌ردوو بهرهكهوه كه راسته‌قینه نین‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی وایكردووه ئاڵۆزییه‌كان زیاتربنو شه‌ڕی نێوانمان توندتر بێته‌وه له‌هه‌مانكاتیشدا ترس‌و دڵه‌راوكێش له‌نێوان هاوڵاتیانی هه‌ردوولادا دروست بكات‌و له‌ماڵه‌كانیان رابكه‌ن".
كه‌ریم نوری به"نیقاش"ی وت "دژه راگهیاندنو فۆتۆشۆپو وێنه‌ی درۆ جێی خۆی كردووه‌ته‌وه به‌هۆی ئاڵۆزی بارودۆخه‌كه‌و بۆشایی دووركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ردوولایه‌نیش كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی زیاتر كردووه‌و ده‌بێت ئه‌و كاره له‌هه‌ردوولاوه رابگیرێت".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی حه‌شدی شه‌عبی نمونه‌ی ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه كه كاتێك وێنه‌ی خالید شوانی راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری له‌كارلادراوی كه‌ركوك بڵاوكرایه‌وه گوایه له‌پردێ شه‌ڕ له‌دژی سوپای عێراق ده‌كه‌ن پێكه‌وه له‌كۆبوونه‌وه یه‌كدا بوون، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌و وێنه‌یه بۆ ساڵی 2015 ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌شه‌ڕی داعشدا.
له‌كاتی باره نه‌خوازراوه‌كاندا وێنه‌و ڤیدیۆی سه‌خته به‌خێراییه‌كی سه‌یر بڵاوده‌بنه‌وه، چونكه ره‌نگه له‌و كاتانه‌دا حه‌زی هه‌ڵچوون‌و توڕه‌بوونی خه‌ڵك تێر بكهنو ئه‌و كه‌سانه‌شی كه له‌پشتیه‌وه‌ن مه‌به‌سته‌كه‌یان بگاته جێ.
د. هاشم حه‌سه‌ن راگری كۆلێژی راگه‌یاندنی زانكۆی به‌غدا پێی وایه كه‌سی یه‌كه‌م كه ئه‌و وێنانه بڵاوده‌كاته‌وه به‌مه‌به‌ست ئه‌و كاره دهكاتو كه‌سانی تر بێ بیركردنه‌وه‌ی دهیگوێزنهوهو ئه‌وه‌ش بۆته به‌شێك له‌شه‌ڕی ده‌رونی به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌و روخاندنی وره‌ی هێزی به‌رانبه‌ر .
هاشم حه‌سه‌ن به"نیقاش"ی وت "زوو گواستنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه وه‌ك راستی په‌یوه‌ندی به‌كه‌می هۆشیایی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌یه‌و دهرنجامهكانیشی زیاتر بوونی رقلێبوونه‌وه ده‌بێت".
هه‌رچه‌نده ئه‌م وێنانه كاریگه‌ری گه‌وره دروستده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی ناكۆكییهكانو خه‌ڵكێكی زۆریش بڕوای پێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌م دواییه گۆڕاوه ئه‌وه‌یه چه‌ندین وه‌رگری ئاسایی هه‌ن باوه‌ڕ بهراستو دروستی وێنه‌و ڤیدیۆكان ناكهنو دهمو ده‌ست له‌په‌یجه‌كانی خۆیانه‌وه راستییه‌كه ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌ڵام دیسانه‌وه وێنه راسته‌كه به‌قه‌د ساخته‌كه بره‌وی نییه.