قاسم به‌دران كه فه‌رمانبه‌ره له‌وه‌زاره‌تی كاره‌باو له‌به‌ری چه‌پی شاری موسڵ نیشته‌جێیه، ناچاربووه باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی بكاته دوكانێكی بچووك بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی خۆی، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌دوای كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه له‌لایه‌ن داعش له‌هاوینی ساڵی 2014دا، مووچه‌كه‌ی بڕی.
پاش ئه‌وه‌ی سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ریش توندڕه‌وان له‌شاره‌كه ده‌ركران، تائێستا حكومه‌ت مووچه‌كه‌یان نادات، هه‌رچه‌نده ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریداوه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نیشته‌جێی ئه‌و شاره داگیركراوه‌ی ده‌ستی داعش دابین بكات به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو مووچه‌كانیان به‌یه‌كجار پێبدرێت له‌دوای ده‌ركردنی توندڕه‌وان، به‌ڵام ئه‌وه رووی نه‌دا.
به‌دران به"نیقاش"ی وت: "زۆر دڵمان به‌ده‌ركردنی داعش له‌شاره‌كه‌مان خۆش بوو، به‌ڵام ئێستا فه‌وزا شاره‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، هه‌لی كار زۆر كه‌مه، چه‌ند هێزێكی ئه‌منی شه‌قامیان كۆنترۆڵكردووه، له‌دوو مانگی رابردوودا پێنج هێزی جیاجیای چه‌كدار به‌جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه له ده‌رگایان داوم كه نازانم سه‌ر به‌كێن، داوای به‌ڵگه‌نامه‌كانی خێزانه‌كه‌میان كردووه، لهشهقامهكهی ته‌نیشتمان كه‌سێك كوژرا به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بزانرێت".
مانگی رابردوو هاوپه‌یمانی هێزه سیاسییه‌كانی سوننه ره‌خنه‌ی توندی له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران گرت‌و به‌پشتگوێخستنی شاره سوننه‌نشینه ئازاكراوهكان له‌ده‌ستی توندڕه‌وان تۆمه‌تباریان كرد، له‌وباره‌یه‌شه‌وه هاوپه‌یمانییه‌كه له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا وتی: "رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌و پارێزگایانه ستهمكارانهن، چونكه به‌درێژایی چه‌ندین ساڵی رابردوو له‌مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون".
له‌وباره‌یه‌وه په‌رله‌مانتار نوره بجاری نوێنه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌په‌رله‌مانی عێراق به"نیقاش"ی وت: "كاتێك داعش موسڵی كۆنترۆڵ كرد، حكومه‌ت هه‌موو ده‌رماڵه داراییه‌كانی بڕی له‌مووچه‌ی فهرمانبهرانو پله وهزیفیهكانو بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، رێككه‌وتنه‌كه وابوو كه ئه‌و پارانه دابین بكرێن‌و له‌كاتی ئازادكردنی شاره‌كه‌دا بدرێنه خاوه‌نه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كرا".
به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق دابه‌شكردنی پاره‌و قه‌رزی خانووبه‌ره‌و ژماره‌ی پله‌ی وه‌زیفی، به‌گوێره‌ی رێژه‌ی دانیشتووانی هه‌ر پارێزگایه‌ك ده‌بێت، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردووش‌دا نهینهواو ئهنبارو سه‌ڵاحه‌دین له 20 هه‌زار پله‌ی وه‌زیفی بێبه‌ش كراون‌و به‌خشراوه‌ته پارێزگا سه‌قامگیره‌كانی دیكه، پاش ئه‌وه‌ش كه حكومه‌ت ئه‌و شارانه‌ی له‌ده‌ستی توندڕه‌وان كۆنترۆڵ كرده‌وه، دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایانه‌ی قه‌ره‌بوو نه‌كرده‌وه سه‌ره‌ڕای كێشه‌كانی بێكاری‌و ههژاریو وێرانكاری كه به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنن.
بجاری هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بێكاری له‌موسڵ زیادیكردوه‌و به‌هه‌زارن كه‌سیش ماڵه‌كانیان خاپوربووهو پاره‌یان نییه بۆ بنیاتنانه‌وه، كاری به‌رده‌ست ئه‌وه‌یه بچنه ریزی ئه‌و حزب‌و هێزه چه‌كداریه نامۆیانه‌ی له‌شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه، زۆرێك لهدانیشتووانیش ناچار بوون بچنه ریزیانهوه، ئه‌گه‌رچی كاره‌كه‌ش كاتییه".
به‌وته‌ی بجاری له‌م رۆژانه‌دا به‌ده‌یان هێزی چه‌كدار به‌جلوبه‌رگی جیاجیاوه له‌ناو موسڵدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر ناوچه‌كانیدا دابه‌شكردووه، ورده ورده‌ش خه‌ریكه خۆشحاڵی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر توندڕه‌واندا له‌روخساری دانیشتوواندا دیار نامێنێت‌و دیسانه‌وه خه‌ریكه هه‌ست به‌ترس لهفهوزاو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌كه‌ن.
بارودۆخیش له‌پارێزگای ئه‌نبار كه گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه له‌رووی رووبه‌ره‌وه، زۆر جیاواز نییه، چونكه دانیشتووان نیگه‌رانن له‌ره‌وشی ئابووری، له‌كاتێكدا چه‌ند هێزێكی عه‌شایری چه‌كدار هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شكردووه‌و زۆرینه‌ی چه‌كداره‌كانیشیان مووچه‌یان نییه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان روویان كردووه‌ته دزیكردن بۆ دابینكردنی بژێوییان.
له‌مانگی نیسانی ساڵی رابردووش‌دا سه‌عدون فه‌هداوی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی برای به‌شداریان كرد له‌شه‌ڕه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌یان (هیت) له‌ده‌ستی داعش، ئه‌حمه‌د كوژارو سه‌عدونیش برینداربوو له‌چوارچێوه‌ی هێزێكی عه‌شایری خۆبه‌خشدا كه بێ به‌رامبه‌ر یارمه‌تی سوپای ده‌دا به‌و ئومێده‌ی بخرێنه نێو ریزی هێزه خۆجێییهكانهوه وه‌ك به‌رپرسانی ناوچه‌كه به‌ڵێنیان پێداون، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌هاته‌دی.
سه‌عدون كه برینه‌كه‌ی سه‌خته‌و بواری كاركردنی نادات، ئێستا له‌گه‌ڵ دایكی‌و سێ خوشكیدا له‌ماڵی خانه‌واده‌كه‌یدا نیشته‌جێیه، ئه‌و به "نیقاش"ی وت: "زیاتر له‌ساڵێكه سه‌ردانی فه‌رمانگه حكومییه‌كان ده‌كه‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی خۆم‌و برا شه‌هیده‌كه‌م، ئێمه چه‌كمان هه‌ڵگرت تا شه‌ڕ له‌دژی توندڕه‌وان بكه‌ین، به‌ڵێنیشیان پێداین كه ببینه ئه‌ندامی پۆلیسی خۆجێیی ناوچه‌كه، به‌ڵام ئه‌وه رووی نه‌دا".
سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك داعش هێرشی كرده سه‌ر ئهنبارو شارۆچكه‌كانی رومادی‌و فه‌لوجه‌و عانه‌و راوهو هیتو كوبهیسهو روتبه‌ی داگیركرد ده‌زگای پۆلیسی خۆجێیی له‌ناوچه‌كه هه‌ره‌سیهێنا، به‌شێك له‌ئه‌ندامانی پۆلیس ئاواره‌بوونیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نبار هه‌ڵبژارد له‌ترسی كوشتن‌یان به‌ده‌ستی توندڕه‌وان به‌وپێیه‌ی (مورته‌دو ناپاكن)، به‌شه‌كه‌ی تریش ناچاربوون له‌ژێر سایه‌ی حوكمی توندڕه‌واندا بمێننه‌وه، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ حكومه‌ت چیتر متمانه‌ی به‌و ده‌زگایه نه‌ماوه له‌ترسی دزهكردنهناوی له‌لایه‌ن توندڕه‌وانه‌وه.
ئه‌مڕۆش ئه‌نبار به‌ده‌ست كه‌می ژماره‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی خۆجێییه‌وه ده‌ناڵێنێت بۆ به‌رقه‌راركردنی ئارامی، چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی عه‌شایری نانیزامی چه‌كدار به‌ناوی حه‌شدی عه‌شایری قه‌ره‌بووی ئه‌و كهموكوڕییهیان كردووه‌ته‌وه به‌و ئومێده‌ی بكرێنه هێزی نیزامی‌و پله‌و چه‌كیان پێبدرێت هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه پێكهاتووه له‌و گرووپه شیعانه‌ی ده‌سته‌یه‌كی ره‌سمیان هه‌یه‌و له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دانپێدانراوه.
راجع عیساوی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار به "نیقاش"ی وت: "پێویسته حكومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ شاره وێرانكراوه‌كان بكات له‌ڕێی ته‌رخانكردنی پاره بۆ سه‌رله‌نوێ ئاوهدانكردنهوهیانو رەخساندنی هه‌لی كار بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و بێكارییه زۆره، به‌ڵام ئه‌وه رووی نه‌دا سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ده‌ركردنی توندڕه‌واندا".
به‌پێی قسه‌ی عیساوی له‌ساڵی 2010دا ژماره‌ی پۆلیسی خۆجێیی له‌ئه‌نبار نزیكه‌ی 28 هه‌زار كه‌س بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نیا نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه هه‌یه‌و حكومهتو وه‌زاره‌تی ناوخۆ رازی نین ئه‌و كه‌موكوڕییه قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه له‌ڕێی به‌كارخستنی چه‌كدارانی عه‌شایر، هه‌روه‌ك رازی نین زیاتر له‌چوار هه‌زار ئه‌ندامی پۆلیس بگه‌ڕێننه‌وه كه حكومه‌ت له‌كاره‌كانیان ده‌ریكردوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێ ناكات.
عیساوی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "حكومه‌ت به‌دوو فاقی مامه‌ڵه ده‌كات، چونكه دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی دارایی بۆ شاره وێرانكراوه‌كان فه‌رامۆش ده‌كات، هه‌روه‌ك رازیش نییه چه‌كدارانی حه‌شدی عه‌شایری به‌كاربخات كه چه‌ند ساڵێكه به‌بێ مووچه له‌دژی توندڕه‌وه‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا حه‌شدی شه‌عبی ئیمتیازی هه‌یه له‌مووچه‌ی مانگانه‌و چه‌كی باش".
لهسهڵاحهدینیش گرووپه شیعه‌كان دۆسێی ئه‌منی شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌و ده‌یان باره‌گای هه‌میشه‌یی ئه‌و گرووپانه له شاره‌كانی تكریت‌و سامه‌ڕاو بێجی بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و هه‌وڵی راكێشانی هۆزه سوننه‌كان‌و دانیشتووانی ناوچه‌كه بۆ ریزه‌كانیان ده‌ده‌ن تا ره‌وایی به بوونی خۆیان بده‌ن.
هه‌روه‌ها شاره‌كه رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سیاسیش بووه‌ته‌وه، چونكه ململانێ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار گه‌رمه، هه‌فته‌ی رابردووش ئه‌حمه‌د جبوری پارێزگار ئازادكرا كه به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی كارگێڕی‌و دارایی ده‌ستگیركرابوو، عه‌ممار بهلداویش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كاروباری شاره‌كه به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌بات، پێشده‌چێت ململانێكه له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت.
عه‌بدولحه‌مید جبوری كه یه‌كێكه له‌شێخه‌كانی شاری تكریتی ناوه‌ندی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به "نیقاش"ی وت: "شاره‌كه له فه‌زایه‌كی كارگێڕی‌و ئهمنیدایهو ململانێیه‌كی سیاسی له‌نێوان دوو گرووپدا هه‌یه، یه‌كه‌میان په‌رله‌مانتار مشعان جبوری نزیك له‌حه‌شدی شه‌عبی نوێنه‌رایه‌تی دهكاتو دووه‌میشیان ئه‌حمه‌د جبوری نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات كه بوونی حه‌شدی شه‌عبی له شاره‌كه‌دا ره‌تده‌كاته‌وه".
سه‌ڵاحه‌دین چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی تێكه‌ڵ له‌ڕووی مه‌زهه‌بیه‌وه له‌خۆده‌گرێت، چونكه سامه‌ڕاو دوجهیلو به‌له‌د شیعه‌نشینن، له‌كاتێكدا تكریتی ناوه‌ندی پارێزگاكه‌و عهلهمو زڵوعییهو بێجی‌و دۆرو سینییه شارۆچكه‌ی سوننه‌نشینن، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی به‌رپرسانی خۆجێییش بۆ یه‌كخستنی ئه‌و چوار هێزه ئه‌منییه‌ی شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه كه ئه‌وانیش گرووپه شیعه‌كان‌و سوپا‌و پۆلیسی خۆجێیی‌و هێزه عهشایرهكانن، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه تا ئه‌مڕۆ شكستیان هێناوه.