هه‌رچه‌نده هه‌موو پێكهاته‌كان بهكوردو عهرهبو توركمانه‌وه كه‌ركوك به"شاری ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان" ناوده‌به‌ن، به‌ڵام زۆرجار بارودۆخه نائاسایی‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌كان ده‌رفه‌تی ره‌خساندووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه ده‌ست بوهشێنرێتو ته‌سفیه‌ی حیساب له‌و شاره‌دا بكرێت، شه‌ڕی داعش‌یش یه‌كێك بوو له‌و ده‌رفه‌تانه.
به‌رپرسانی باڵای ئه‌منی پارێزگای كه‌ركوك ئاشكرای ده‌كه‌ن شه‌ڕی داعش كاریگه‌ری له‌سه‌ر تیرۆری كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی كه‌ركوك له‌لایه‌ن نهیارهكانیانهوه هه‌بووه، به‌ڵام سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئهمنیو ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ڵێت "زۆرینه‌ی تیرۆره‌كان له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه بووه، نه‌ك ركابه‌ره‌كانیان."
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی "نیقاش" له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، له‌دوای 10ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كانی باشور‌و خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای كه‌ركوك كه بریتین له‌قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحییه‌كانی زاب، ره‌شاد، ریاز، مولتهقاو عه‌باسی له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه، له‌و كاته‌وه 52 كه‌سایه‌تی سیاسی‌و رۆژنامهنوسو هاوڵاتیو مامۆستای ئاینی له‌رووداوی تهمومژاویو له‌یه‌ك دابڕاودا له‌شاری كه‌ركوك تیرۆر كراون، دیارترینیان محه‌مه‌د خه‌لیل جبوری سه‌رۆكی كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك‌و حاكم ئیبراهیم خه‌میس، سه‌رۆكی پێشتری دادگای تاوانه گه‌وره‌كانی شاری كه‌ركوك‌و موقه‌ده‌م ئایدن ره‌فعه‌ت به‌رپرسی یه‌كه‌ی هه‌واڵگری شاری كه‌ركوك‌و ئه‌حمه‌د موتله‌گ به‌رپرسێكی به‌شی میكیانیكی كۆمپانیای نه‌وتی باكورو كه‌مال محه‌مه‌د جێگری به‌رپرسی كۆمیته‌ی قه‌ره‌هه‌نجیری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پێش نوێژ‌و وتارخوێنی مزگه‌وتی سادق ئه‌مین بوون، دواهه‌مینیشیان تیرۆركردنی محه‌مه‌د سابت به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی باباگوڕگوڕ بوو كه سه‌ر به‌تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراقیه له6ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، جگه له‌ده‌ستگیركردنی دوو كه‌س به‌تۆمه‌تی تیرۆركردنی محه‌مه‌د خه‌لیل دۆسیه‌كانی دیكه له‌لایه‌ن پۆلیسی كه‌ركوكه‌وه له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان، ئه‌مه‌ش زۆر كات بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی شاره‌كه یه‌كتر به‌و پلانی تیرۆركردنه تۆمه‌تبار بكه‌ن.
كورد نیگه‌رانه له‌و لێدوانانه‌ی هێزه ئه‌منیه كوردییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌تیرۆركردنی كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی شاره‌كه، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش ده‌ڵێن ده‌زگا ئه‌منیه‌كان‌و لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك به‌رپرسیارن كه زۆرینه‌ی له‌نه‌ته‌وه‌ی كوردن.
ئازاد جه‌باری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئهمنیو ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به"نیقاش"ی وت "گروپه چه‌كداره‌كان بۆ تێكدانی ئاسایشی شاره‌كه‌و دروستكردنی ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی پلانی تیرۆركردنیان له‌نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان ئه‌نجامداوه، له‌به‌رئه‌وه ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوك به‌بێ جیاوازی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆردانو ده‌بێت هاوكاری یه‌ك بین بۆ ڕووبه‌ڕبونه‌وه‌ی ئه‌و پیلانانه‌ی تیرۆرستان".
وتیشی "له‌دوای جێگیربوونی هێزی پێشمه‌رگه لهسنورهكهو چاوكراوه‌ی ئاسایشی گشتی‌و پۆلیسی كه‌ركوك چه‌ندین پلانی تیرۆرستی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، بۆیه ناكرێت تیرۆركردنی كه‌سایه‌تیه‌كان بكرێته موزایه‌ده‌ی سیاسی".
محه‌مه‌د خزر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌كوتله‌ی عه‌ره‌بی، به‌پێچه‌وانه‌ی ئازاد جه‌باری پێیوایه ئه‌و تیرۆره‌ی كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی كه‌ركوك كه هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان دهبێتو به"تیرۆری سیاسی" ناوی ده‌بات.
محه‌مه‌د خزر به"نیقاش"ی وت "نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوك گومانیان له‌و تیرۆره سیاسیه هه‌یه كه كه‌سایه‌تیه‌كانی كه‌ركوكی گرتۆته‌وه، بۆیه ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌رپرسیاری یه‌كه‌من لهجێگربوونی دۆخی ئه‌منی شاره‌كه كه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان زۆرینه‌یان له‌نه‌ته‌وه‌ی كوردن".
هه‌رچه‌نده هه‌موو به‌رپرسانی كه‌ركوك لهكوردو عهرهبو توركمان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه نابێت ئه‌و تیرۆرانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكه‌وه ژیان دروست بكات، به‌ڵام به‌روونی دیاره كه كه‌لێنێكی له‌نێوانیاندا دروستكردووه.
ریاز ساری كه‌هیه، جێگری سه‌رۆكی حزبی توركمان ئیلی عێراق جه‌ختی له‌و بۆچوونه كرده‌وه‌و وتی "نابێت پلانی تیرۆری كه‌ساتیه‌كان ببێته تێكدانی پێكه‌وه ژیانی شاره‌كه، به‌ڵام ده‌بێت سنور بۆ ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی دابنرێت كه به‌تیرۆری كه‌ساتیه‌كان ده‌ستی پێكردوه".
وتیشی "توركمان زیاتر له‌نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرستاندان، به‌پاساوی جیا جیا تیرۆر كراون، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه به‌شێكی زۆریان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه دۆسیه‌كانیان داخراوه".
نیقاش هه‌وڵیدا لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌منی كه‌ركوك وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌پاساوی قه‌ده‌غه‌كردنی لێدوان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه له‌ئه‌فسه‌رانی ئه‌منی، ئاماده نه‌بوون به‌ناوو پۆستی خۆیانه‌وه له‌و باره‌یه‌وه لێدوان بده‌ن.
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه دروستبووه بووه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی بكه‌ره راسته‌قینه‌كان نه‌دۆزرێنه‌وه
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای پۆلیس له‌پارێزگای كه‌ركوك به"نیقاش"ی وت "زۆرینه‌ی دۆسیه‌ی تیرۆری كه‌سایه‌تیه‌كان به‌تیرۆری نادیار له‌قه‌ڵه‌م دراوه، چونكه پرۆژه‌ی كامێرای چاودێری له‌شاره‌كه‌دا جێبه‌جێ نه‌كراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی تیرۆره‌كه ده‌بیین جگه له‌پێدانی زانیاری له‌سه‌ر جۆری ئۆتۆمبیله‌كانیان زانیاری دیكه‌یان نه‌دركاندووه".
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه دروستبووه بووه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی بكه‌ره راسته‌قینه‌كان نه‌دۆزرێنه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كێشه‌ی كۆن‌و نوێی ئه‌و شاره ئه‌وه‌یه چه‌ندین ده‌زگا ئه‌منی جیاوازیان تێدایه كه هه‌ماهه‌نگیان پێكه‌وه نییه.
فازڵ نه‌جمه‌دین ئه‌فسه‌ری پێشوو له‌به‌شی لێكۆڵینه‌وه له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق‌و شاره‌زای بواری ئه‌منی به"نیقاش"ی وت "ژینگه‌ی كه‌ركوك، ژینگه‌یه‌كی له‌باره بۆ بكوژان تاكو بتوانن ركابه‌ره‌كانیان بكوژن، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكهاته‌كان ده‌بێت، چونكه مامه‌ڵه‌كردنی سیاسیه‌كان وایكردوه راسته‌وخۆ نه‌ته‌وه‌كان یه‌كتر تۆمه‌تبار بكه‌ن به‌كوشتنی یه‌كتری".
فازڵ نه‌جمه‌دین وتیشی "ده‌بێت ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ڕێك بخرێته‌وه، چونكه كه‌ركوك چه‌ندین ده‌زگای ئه‌منی تێدایه ئه‌مه‌ش وایكردوه كاری هاوبه‌شیان كه‌متر بێت‌و ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌نێوانیاندا لاواز بێت".
هیچ یه‌كێك له‌پێكهاته‌كانی كه‌ركوك گه‌شبین نین به‌رامبه‌ر راوه‌ستانی ئه‌و شه‌پۆلی تیرۆركردنه، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی بكه‌ری راسته‌قینه‌ی رووداوه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن، هه‌موو كوشتنه‌كان به‌عه‌لاگه‌ی داعشدا هه‌ڵده‌واسرێن.