به‌درێژایی كه‌ناری شه‌تولعه‌ره‌ب چه‌ندین گازینۆ بڵاوبوونه‌ته‌وه كه بریتین لهبهلهمی گه‌وره یاخود بینای ئاسنی یه‌ك نهۆمی‌و چه‌ند نهۆمی كه گهنجانوخێزانهكان بۆ به‌سه‌ربردنی ئێواره‌یه‌كی ئارام سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.
گازینۆی (عه‌روس ئهلبهسره)ش یه‌كێكه له‌و شه‌ش گازینۆ گه‌شتیارییه‌ی به‌بۆمبی دروستكراوی ناوخۆ رووبه‌ڕووی هێرش بوونه‌وه‌و بووه هۆی تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منی تاڕاده‌یه‌ك سه‌قامگیری شاری به‌سره.
هودا كه‌ریم (32 ساڵ) كه به‌ر له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی یه‌كێك بووه له‌كرێكاره‌كانی گازینۆكه، به"نیقاش"ی وت "ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و گازینۆیه‌ی ماوه‌ی دوو ساڵه كاری تێدا ده‌كه‌م، بێكاری كردم، چه‌ند كچه هاوكارێكی دیكه‌شم تووشی هه‌مان كێشه هاتوون".
ده‌شڵێت "ئه‌م گازینۆیهو سه‌رجه‌م ئه‌و گازینۆیانه‌ی دیكه‌ش كه له‌به‌سره ته‌قێندرانه‌وه چه‌ندین كارمه‌ندی ژنیان له‌نێو كارمهندانیاندا دامه‌زراندووه بۆ كاركردن له‌بواری خزمهتكردندا، به‌ڵام ئه‌و په‌لاماره‌ی به‌بیانووی بوونی كچانی كرێكار دووچاری ئه‌م ناوه‌نده گه‌شتیاریانه هات، ده‌رفه‌ته‌كانی كاركردنمان به‌ڕوودا داده‌خات".
رێژه‌ی كرێكارانی ژن له‌ناوه‌نده گه‌شتیارییه‌كاندا نزیكه‌ی 50% پێكده‌هێنێت، به‌ئامانجگرتنی ئه‌م شوێنانه‌ش له‌كۆتایی مانگی ته‌مموزی رابردووه‌وه ده‌ستیپێكرد له‌ڕێی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبێك له‌ته‌نیشت یه‌كێك لهگازینۆكانی گهنجانو به‌دوایشیدا ئه‌و زنجیره ته‌قینه‌وانه هات كه گازینۆ گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه جیاجیاكانی شاره‌كه‌ی گرته‌وه كه ژنان كاریان تێدا ده‌كه‌ن، به‌پێی لێدوانی سه‌رچاوه ئه‌منیه‌كانی پارێزگاكه‌ش له‌و ته‌قینه‌وانه‌دا بۆمبی دروستكراوی ناوخۆ به‌كارهاتوون.
سینان حه‌لفی كاپتنی پێشووی دهریاییو به‌ڕێوه‌به‌ری گازینۆی عه‌روس ئهلبهسره پێی وایه مه‌به‌ست له‌به‌ئامانجگرتنی ئه‌و ناوه‌ندانه گورز وه‌شاندنه له‌بواری گه‌شتیاری له‌شاری به‌سره كه تاڕاده‌یه‌ك بوژاوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها نههێشتنو گواستنه‌وه‌ی چالاكییهكانیهتی بۆ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ.
سینان پرسیاری ئه‌وه‌ش ده‌كات "بۆچی ئه‌و گازینۆیانهو شوێنه‌كانی كاتبه‌سه‌ربردن ده‌كرێنه ئامانج كه له‌كاركردنیاندا مهرجو یاساكان رهچاودهكهنو هیچ سه‌رپێچییه‌كیان نییه؟".
ده‌شڵێت "گازینۆی عه‌روس ئهلبهسهره كه خاپووركرا ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری شاره‌كه‌یه‌و چه‌ندین ئاههنگو شایی ژنهێنانو بۆنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كۆنگره‌و چالاكی رۆشنبیری تێدا به‌ڕێوه‌چووه".
حه‌لفی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ته‌قاندنه‌وه‌ی گازینۆكان به‌هۆی بوونی كارمه‌ندانی ژنه‌وه پاساوێكی ناماقوڵه چونكه "بوونی كارمه‌ندی ژن له‌شوێنی كار یاخود هه‌ر شوێنێكی جیهان له‌چوارچێوه‌ی مهرجو رێنماییه‌كاندا به‌به‌شێكی ته‌واوكه‌رو گرنگی چالاكی گه‌شتیاری داده‌نرێت".
له‌ئه‌نجامی تهقینهوهكانیشدا له‌گازینۆی عه‌روس ئهلبهسره كه‌سێك كوژراو زیانه‌كانیشی به‌پێی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی گه‌یشتۆته نزیكه‌ی (500 ملیۆن دینار) هه‌روه‌ها كرێكارێكی به‌نگلادیشی له‌گازینۆی (كۆفی تایم) له‌ناوچه‌ی جه‌زائیر برینداربوو.
شه‌پۆلی هێرشه‌كان له‌لایه‌ن ناوه‌نده میللی‌و ره‌سمیه‌كانی پارێزگاكه‌وه ئیدانهكراو پارێزگاری به‌سره له‌راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا كه نووسینگه‌كه‌ی بڵاویكرده‌وه رایگه‌یاند ئه‌م جۆره كارانه ئاسته‌نگێكی ئه‌منین بۆ به‌سره، هه‌روه‌ها له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه "هیچ كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی نیه به‌ناوی فه‌رمانكردن به‌چاكه‌و دووركه‌وتنه‌وه له‌خراپه تۆڵه بكاته‌وه یاخود سزای كه‌سانی دیكه بدات له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێك شوێندا كه مهرجو رێنمایی‌و یاسایان بۆ دانراوه".
له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی بۆ رێگرتن له‌به‌ئامانجگرتنی چایخانه‌و گازینۆكان راگهیاندو یوسف فه‌یاز به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نه‌كه به"نیقاش"ی وت "پێشنیاره‌كان دانانی كامێرای چاودێری لهچایخانهو گازینۆكانو دامه‌زراندنی پاسهوانێكو كاركردن بۆ رێكخستن‌و دیاریكردنی سه‌عاتی كاركردنیان له‌خۆده‌گرن".
له‌كاتێكیشدا كه لایه‌نه ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیركردنی كۆمه‌ڵێك تێوه‌گلاویان له‌رووداوی ته‌قاندنه‌وه‌ی گازینۆو چایخانه‌كان راگه‌یاند، جارێكی تر به‌سره ته‌قاندنه‌وه‌ی گازینۆی (كۆفی تایم)ی له‌شه‌قامی جه‌زائیر به‌خۆوه بینی‌و له شوێنی رووداوه‌كه‌دا بڵاوكراوه‌یه‌ك دۆزرایه‌وه هۆشداری له‌به‌رده‌وامی كاری ئه‌و گازینۆیانه ده‌دات كه لایه‌نه نادیاره‌كه به "ماڵی شه‌یتانه‌كان"ی وه‌سف كردوون‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیشی لهكارمهندهكانیان كردووه.
ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌و لێپرسراوی لیژنه‌ی یاسایی ده‌ڵێت "دیاره پاڵنه‌ری ئاینی گروپه توندڕه‌وه‌كان هان ده‌دات بۆ به‌ئامانجگرتنی ئه‌م ناوه‌ندانه، چونكه به‌گوێره‌ی تێڕوانینی خۆیان پێیان وایه هه‌ڵه‌یه‌ك له‌كۆمه‌ڵگه‌دا راست ده‌كه‌نه‌وه‌و باوه‌ڕیشیان وایه په‌یامێكی ئاینی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه".
عه‌بدولحسێن به"نیقاش"ی وت "توندڕه‌وییه‌كی ئاشكرا له‌پشت ئه‌م كارانه‌وه هه‌یه، به‌دووری نازانین چه‌ند لایه‌نێكی دیاریكراو له‌پشت ئه‌م هێرشانه‌وه بن بۆ تێكدانی ره‌وشی ئه‌منی له‌به‌سره له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌دژی گروپه تیرۆریستیه‌كان به‌ده‌ستیان هێناوه".
عه‌بدولحسێن گومانیش له‌راستی ئه‌و هه‌واڵانه ده‌كات كه لایه‌نه ئه‌منییه‌كان رایانگه‌یاندووه سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیركردنی تێوهگلاوانو ده‌ڵێت "ئه‌وه ده‌چێته چوارچێوه‌ی كپكردنی تووڕه‌یی شه‌قامه‌وه".
چالاكوانی مه‌ده‌نی عه‌لا ئه‌ماره باوه‌ڕی وایه "چه‌ند لایه‌نێكی ده‌ستڕۆیشتوو له‌پشت ئه‌و كاره تیرۆریستیانه‌وه بن"و ده‌شپرسێت "چۆن گروپێكی نادیار ده‌توانێت ئه‌م كارانه بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی پشتیوانیه‌كی هه‌بێت یاخود تاوانه‌كانی په‌رده‌پۆش نه‌كرێن؟".
ئه‌ماره به"نیقاش"ی وت "زۆربه‌ی ئه‌و چایخانه‌و گازینۆیانه‌ی هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر ده‌كه‌ونه ناوجه‌رگه‌ی شاری به‌سره‌و له‌سایه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی مه‌فره‌زه ئه‌منییه‌كان له‌شاره‌كه‌دا گه‌یشتن پێیان‌و چاندنی بۆمب تێیاندا كارێكی زه‌حمه‌ته، هه‌روه‌ك گازینۆی عه‌روس ئهلبهسره ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێك له‌شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی پارێزگاره‌وه دووره كه ناوچه‌یه‌كی به‌ته‌واوی پارێزراوه‌و یه‌كێك له‌فه‌رمانگه ئه‌منییه‌كانی تێدایه، بۆ گازینۆی كۆفی تایمیش له‌شه‌قامی جه‌زائیر، هه‌روایه، كه مه‌فره‌زه‌ی ئه‌منی تێدایهوهو به‌كامێرا چاودێری ده‌كرێت".
ئه‌ماره ئه‌و تاوانانه‌ی به‌ناوی فه‌رمانكردن به‌چاكه‌و دووركه‌وتنه‌وه له‌خراپه ئهنجامدراوان به‌و تاوانانه ده‌شوبهێنێت كه ئه‌ندامانی رێكخراوی داعش له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیان ئه‌نجامیان داون، ده‌شڵێت "ره‌نگه داخستنی ده‌رگای كاركردن به‌ڕووی كچاندا به‌م بیانووه جیاجیایانه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان په‌ناببه‌نه به‌ر شێوازی نا ئه‌خلاقی بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كانیان"
.
ته‌قینه‌وه‌كان زۆربه‌ی ژنه كرێكاره‌كانی ناوه‌نده گه‌شتیارییه‌كانیان ناچار كردووه واز له سه‌رچاوه‌ی بژێوییان بهێنن، سه‌ره‌ڕای دڵنیاییدانهكانی حكومه‌تی خۆجێیی‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش، پرسی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كاركردن پاش هه‌موو ئه‌و رووداوانه به‌نادیاری ده‌مێنێته‌وه، هاوكات ترسی به‌ئامانجگرتن ئه‌و ژنانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه لهمۆڵو ساڵۆنه‌كانی جوانكاری‌و بواره‌كانی تردا كار ده‌كه‌ن.