راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سۆپه‌ر ماركێت‌و پێشانگای‌ ئۆتۆمبێلی‌ تێدایه‌
له‌به‌غداو شاره‌كانی‌ تر داعش چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بازرگانی‌ دامه‌زراندووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌گه‌ر جاران داعش بۆ په‌یداكردنی‌ داهات پشتی‌ به‌نه‌وت‌و سه‌ندنی‌ باج‌و سه‌رانه‌ به‌ستبێت، ئێستا چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌شێكیان ده‌كه‌ونه‌ به‌غدای‌ پایته‌خته‌وه‌.
11.08.2016  |  به‌غدا
عراقي يستبدل العملة العراقي بالدولار الأميركي ( :وێنه يوري كورتز)
عراقي يستبدل العملة العراقي بالدولار الأميركي ( :وێنه يوري كورتز)

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییه‌ گرنگانه‌ی‌ "نیقاش" ده‌ستی‌ كه‌وتوون له‌باره‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ داعشه‌وه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ خه‌لیفه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ به‌ده‌یان ملیۆن دۆلارو ملیار دیناری‌ له‌و شارانه‌ خستووه‌ته‌ گه‌ڕ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆین.

 

ئه‌فسه‌رێكی‌ پله‌به‌رز له‌ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ عێراقی‌ به‌مه‌رجی‌ بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌كه‌ی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی‌ داعش ئه‌نجامدراون‌و به‌پێی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ش كه‌ له‌شاره‌ ئازادكراوه‌كانی‌ ئه‌نباره‌وه‌ ده‌ستكه‌وتوون، چه‌ندین زانیاری‌ گرنگمان له‌سه‌ر پێكهاته‌ی‌ كارگێڕی‌ داعش بۆ روون بووه‌ته‌وه‌".

 

وتیشی‌ "له‌به‌ڵگه‌نامه‌كاندا ناوی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ داعش ئاشكرابوون، نه‌ك هه‌ر له‌عێراق، به‌ڵكو له‌سوریاو لیبیاو چه‌ندین ناوچه‌ی‌ تریش، به‌ڵام به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ گرنگترین زانیارییه‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌م دواییه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌ داعش ده‌ستمان كه‌وتوون".

 

هه‌تا سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2015 داعش له‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین، شاره‌كانی‌ تكریت‌و بێجی‌‌و دورو یه‌سرب‌و عه‌له‌م‌و شرقاتی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا ته‌نها شرقات ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش سێ‌ هه‌فته‌یه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌مارۆیان داوه‌و پلانی‌ ئازادكردنی‌ له‌ئارادایه‌.

 

له‌ئه‌نباریش حه‌وت گه‌وره‌ شاری‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو كه‌ بریتی‌ بوون له‌رومادی‌‌و فه‌لوجه‌و ره‌تبه‌رو هیت‌و عانه‌و راوه‌و قائیم، به‌ڵام ئێستا ته‌نها راوه‌و عانه‌و قائیمی‌ ماوه‌ته‌وه‌.

 

له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌م هه‌موو شاره‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكدا بۆ داعش ته‌نها خۆی‌ له‌زیانی‌ سه‌ربازیدا نابینیه‌وه‌، به‌ڵكو زیانی‌ ئابوری‌ گه‌وره‌شی‌ به‌ركه‌وت، چونكه‌ ئه‌و شارانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون به‌نه‌وت‌و كشتوكاڵ‌و چه‌ندین كارگه‌ كه‌ سودی‌ لێده‌بینین بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ داهات، هاوكات ئه‌و باج‌و سه‌رانه‌یه‌شی‌ له‌ده‌ستدا كه‌ له‌خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ده‌سه‌ندن.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ ده‌ڵێت "لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ تائێستا داعش رووبه‌رووی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ نه‌بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌ نهێنی‌ هه‌یه‌ كه‌ ناتوانرێت به‌ئاسانی‌ ئاشكرا بكرێن، له‌وانه‌ پرۆژه‌ بازرگانییه‌كانی‌".

 

ده‌شڵێت "هه‌ر به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌غدادی‌‌و یاریده‌ده‌ره‌كانی‌ له‌ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆریان خستووه‌ته‌ پرۆژه‌ی‌ ئابوری‌‌و بازرگانییه‌وه‌، له‌وه‌نه‌ كڕینه‌وه‌ی‌ چه‌ندین پێشانگای‌ ئۆتۆمبێل‌و دروستكردنی‌ مۆڵی‌ بازرگانی‌‌و ته‌نانه‌ت به‌شداریكردن له‌كڕین‌و فرۆشتنی‌ دۆلار، به‌شێك له‌م سه‌رمایه‌گوزاریانه‌ش له‌ناو به‌غدادایه‌".

 

هه‌ر له‌ناو ئه‌م پرۆژانه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات چه‌ندین حه‌وزی‌ ماسی‌‌و كێڵگه‌ی‌ سه‌وزه‌و میوه‌ی‌ تێدایه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ به‌غدا، بگره‌ چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئه‌هلی‌‌و ده‌رمانخانه‌ی‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مانگانه‌ چه‌ند ملیۆن دۆلارێك قازانجه‌كه‌یانه‌.

 

له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م سامانه‌و ناردنی‌ بۆ شاره‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت "كه‌سانی‌ ئاسایی‌‌و بازرگانان كه‌ خۆیان سه‌ر به‌داعش نین ئه‌م سامانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن له‌ژێر چاودێری‌ به‌یتولمالدا (وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌) دواتر له‌رێی‌ نوسینگه‌كانی‌ حه‌واڵه‌و بانكه‌كانه‌وه‌ ده‌نێردرێن بۆ چه‌ند شارێكی‌ تر له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و له‌وێوه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ داعش".

 

كاتێك داعش زۆربه‌ی‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ نه‌ینه‌واو سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نباری‌ كۆنترۆڵكرد، ده‌ستیگرت به‌سه‌ر پاره‌ی‌ سه‌رجه‌م بانكه‌كاندا، له‌مڕووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر پاره‌ی‌ هه‌شت بانكدا، به‌شێك له‌وانه‌ حكومین وه‌ك بانكه‌كانی‌ ره‌فیده‌ین‌و ره‌شید، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بانكه‌ ناحكومیه‌كان".

 

هه‌رچه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌ بزانرێ‌ داعش له‌و بانكانه‌وه‌ چه‌ندی‌ پاره‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت نزیكه‌ی‌ چوار ملیار دۆلار بێت".

 

به‌قسه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ داعش ئه‌م پارانه‌ی‌ خستووه‌ته‌ پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌و ده‌ڵێت "بڕێكی‌ زۆری‌ پاره‌ی‌ عێراقیان ده‌ستكه‌وت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق كاری‌ بازرگانی‌ پێناكرێت، بۆیه‌ له‌ناوخۆی‌ عێراق خستیانه‌ گه‌ڕ".

 

هه‌ر به‌قسه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌بانكی‌ ناوه‌ندی‌ موسڵ‌و له‌فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ عه‌لاس‌و حه‌مرینه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتون له‌ماوه‌ی‌ ساڵ‌و نیوێكداو سه‌رجه‌میان به‌دۆلار بوو، له‌ده‌ره‌وه‌ خستوویه‌تیه‌ گه‌ڕ، بۆ نموونه‌ توركیا.

 

به‌پێی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ئه‌نبار ده‌ستیان كه‌وتووه‌ "به‌یتولمال"ی‌ داعش دوو ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان كۆكردنه‌وه‌و بژاردنی‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ داعش مانگانه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت، دووهه‌میشیان ژماردنی‌ خه‌رجی‌ موچه‌ی‌ چه‌كدارانی‌‌و خێزانی‌ كوژراوه‌كانی‌‌و كڕینی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌‌و خه‌رجی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ پڕوپاگه‌نده‌و راكێشانی‌ خه‌ڵك له‌رێی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌و دیاریكردنی‌ پاره‌ی‌ پێویست بۆ چه‌كداره‌كانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق به‌تایبه‌تی‌ له‌ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها پاره‌ی‌ دروستكردنی‌ شانه‌ی‌ نوستوو.

 

له‌به‌ڵگه‌نامه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌نۆ كه‌س پێكهاتوون‌و هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندیه‌كیان هه‌یه‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ش به‌كاره‌كانیاندا ده‌چێته‌وه‌.

 

زیاد ئه‌حمه‌د پسپۆڕی‌ ئه‌منی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ دارایی‌ داعش ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌رێكخراوه‌ جیهادییه‌كان‌و بازرگانانی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها پاره‌ی‌ سه‌رانه‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ جه‌نگ‌و به‌قاچاخبردنی‌ نه‌وت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌كرێت به‌ئاسانی‌ رێیان لێبگیرێت پاش بڕیاره‌كه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان".

 

ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دوو بڕیاری‌ ده‌ركرد بۆ وشككردنی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌ داعش، یه‌ك له‌وانه‌ رێگری‌ له‌بازرگانی‌ نه‌وت به‌پێی‌ بڕیاری‌ (2253) له‌ 17ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2015، ئه‌وی‌ تریشیان بڕیاری‌ ژماره‌ (2199) له‌شوباتی‌ 2015 .

 

به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ زیاد ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ له‌پرۆژه‌ بازرگانییه‌كانه‌ "چونكه‌ ناتوانرێ‌ قازانجه‌كه‌یان بزانرێ‌‌و ئاشكرا بكرێن بۆ كوێ‌ ده‌چن، به‌پێی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ بانكیه‌ دواكه‌وتووه‌ی‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بوونی‌ سه‌دان بانك‌و نوسینگه‌ی‌ حه‌واڵه‌، بۆیه‌ تا ساڵانێكی‌ دوورو درێژ وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ی‌ داعش ده‌مێنێته‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌