ئه‌و چه‌كانه‌ی رۆژانی رابردوو له‌یه‌ك به‌ره‌دا بوون دژی داعش، ئه‌مڕۆ خه‌ریكه روو ده‌كه‌نه یه‌كتر، ئێستا هه‌ردوو به‌ره‌ی ناكۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، دان له‌یه‌ك تیژ ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌م نائارامیهش كاری لهژیانو گوزه‌رانی هه‌زاران خێزانی ئێزدی كردووه.
له‌تشرینی دووه‌می 2015 هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و شهڕڤانو گروپه ئێزدییه‌كان به‌هاوكاری فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان شاری شنگالیان (110كم خۆرئاوای موسڵ) له‌داعش سه‌نده‌وه، به‌ڵام هه‌رزوو ناكۆكی كه‌وته نێوان پارتی كرێكاران‌و پارتی دیموكراته‌وه، گروپه‌كانی سه‌ر به‌په‌كه‌كه ده‌ستیان به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌و بینا فه‌رمییه‌كاندا گرت، پارتیش به‌بیانووی ده‌ستكردن بهئاوهدانكردنهوه داوای كشانه‌وه‌ی لێ‌كردن، به‌ڵام په‌كه‌كه گوێی به‌و داوایه نه‌دا.
ئه‌م ناكۆكییه رهگو ریشه‌ی كۆنتری هه‌یه‌و ته‌نها گرێنه‌دراوه بهشنگالهوه كه رۆژی 3ی ئابی 2014 پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی سه‌ر به‌پارتی به‌بێ هیچ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ك بۆ داعشیان چۆڵكرد‌و ئه‌ویش كه‌وته وێرانكردنی شاره‌كه‌و له‌ناوبردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی، تا ئه‌و راده‌یه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به"كۆمه‌ڵكوژی" ناساندی.
زۆربه‌ی ئه‌و ئێزدییهنهی له‌شنگال رزگاریان بوو له‌رێی هێزه‌كانی سه‌ر بهپهكهكهوه دهربازكرانو رێگای خۆ قوتاركردنیان بۆ كرایه‌وه له‌چیای شنگاله‌وه بۆ خاكی سوریا، بۆیه به‌شێكی زۆریان خۆبه‌خشانه چوونه پاڵ په‌كه‌كه‌و ئه‌مه‌ش حیزبه‌كه‌ی بارزانی نیگه‌ران كرد.
نه‌خشه‌ی سیاسی‌و سه‌ربازی دوای داعش
دیارترین گروپه كاریگه‌ره‌كانی ناو شنگال بریتین لهیهكینهكانی پاراستنی شه‌نگالی سه‌ر بهپهكهكهو حه‌شدی ئێزدی كه دوو هه‌زار چه‌كداریان هه‌یه‌و نیوه‌یان له‌حكومه‌تی عێراقییه‌وه موچه وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنانی شنگال.
تاكه گروپی چه‌كداری عه‌ره‌بی له‌ده‌وروبه‌ری شاره‌كه ناوی (نهوادر)ه كه 250 چه‌كداری عه‌شیره‌تی شمه‌ری له‌خۆگرتووه‌و ئه‌وانیش حكومه‌تی عێراقی موچه‌یان دهداتێو له‌پاڵ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لدا ده‌جه‌نگن.
هه‌رچه‌نده نهوادر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی سوپای (سه‌نادید)ی سوریا حه‌مید ئه‌دهه‌م شمهرییهوه پشتیوانی ده‌كرێن كه ئه‌میش هاوپه‌یمانی په‌كه‌كه‌یه، كه‌چی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر مه‌یدان لاوازه، به‌ڵام گروپی هه‌ره كاریگه‌ر خودی ئێزدییه‌كان خۆیانن كه جڵه‌وی به‌ری خۆرئاوا‌و باشووری شاره‌كه‌یان كردووه‌و له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه رێبه‌رایه‌تی دهكرێنو راهێنانیان پێده‌كرێت.
به‌ره‌ی دووه‌م له‌پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتووه به‌ڕێبه‌رایه‌تی مه‌سعود بارزانی، ئه‌م هێزه بریتین له‌پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و ده‌زگای ههواڵگریو چه‌كداری حیزبی، ژماره‌یان 10 هه‌زار چه‌كدار دهبێتو جڵه‌وی به‌شی باكورو خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و پۆسته ئیدارییه گرنگه‌كانیان كۆنترۆڵ كردووه.
گروپی سێهه‌میش له"هێزه‌ی پاراستنی ئێزیدخان" پێكهاتووه كه سه‌ر به‌یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌و حه‌یده‌ر شه‌شۆ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌م هێزه زیاتر ده‌یانه‌وێت نێوهندگیربن له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی تردا.
گه‌مارۆو گوزه‌رانێكی خراپ
له‌نێوان ئه‌م به‌ره ناتابهیانهدا نزیكه‌ی 35 هه‌زار ئێزدی ده‌ژین كه هێشتا برینی تاوانه‌كانی داعش له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ساڕ‌ێژ نه‌بووه، زۆربه‌یان گه‌ڕانه‌وه بۆ شنگال به‌هیوای ژیانێكی باشتر، به‌ڵام پێناچێت پێی بگه‌ن.
له‌رووی كرده‌ییه‌وه دوو مانگه گه‌مارۆی ئابوری خراوه‌ته سه‌ر شنگال، داوود جوندی فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ر به‌هێزه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ "نیقاش"ی باسكرد كه نه كۆمه‌كی رێكخراوه مرۆڤ دۆسته‌كان‌و نه به‌شه خۆراكی مانگانه‌ی حكومه‌تی عێراقی ناگاته خێزانه ئێزدییه‌كان، ته‌نانه‌ت به‌هۆی ئه‌و رێوشوێنه تونده‌ی پارتی له‌سه‌ر سنوری فیشخاپور گرتویه‌تیه به‌ر بڕێكی زۆری كه‌می خۆراك‌و پێداویستی له‌سوریاوه پێیان ده‌گات.
سه‌عید حه‌سه‌ن به‌رپرسی كارگیِڕی یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال به"نیقاش"ی وت "ئه‌م گه‌مارۆیه له‌دژی ئێزدییهكانو به‌تایبه‌تی شه‌ڕڤانانی ئێمه گیراوه‌ته به‌ر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌حكومه‌تی عێراقییه‌وه شه‌رعیه‌تمان وه‌رگرتووه‌و دژی داعش ده‌جه‌نگین".
له‌به‌رامبه‌ردا مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شنگال كه سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستانه ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه گه‌مارۆ خرابێته سه‌ر شاره‌كه‌و به"نیقاش"ی وت "هیچ كه‌س رێی له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی خۆراك نه‌گرتووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه چه‌ند رێوشوێنێكه پێشمه‌رگه ده‌یگرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دزه به‌خۆراك نه‌كرێت بۆ دیوی سوریا".
مه‌حما خه‌لیل هۆكاری خراپی لایه‌نی مرۆیی ده‌گێڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی خزمهتگوزارییو به‌رده‌وامی مه‌ترسی داعش، ئه‌مه جگه له‌بوونی "چه‌ند گروپێكی یاخی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنور هاتوونو رێز له‌ئیراده‌ی خه‌ڵكی شنگال‌و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی لۆكاڵی نه‌ینه‌وا ناگرن".
هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ
هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆك تۆمه‌ت ده‌گۆڕنه‌وه، پارتی داوا له‌په‌كه‌كه ده‌كات ناوچه‌كه جێبهێڵێت، ئه‌ویش كهلهرهقتر دهبێتو زیاتر له‌حكومه‌تی عێراقییه‌وه نزیك ده‌بێته‌وه، داعش‌یش هێشتا زۆر دوور نییه.
داوود جوندی به‌روونی باسی ئه‌م حاڵه‌ته دهكاتو ده‌ڵێت "بارودۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی شنگال نییه، بۆیه ئێمه هه‌وڵی نێوه‌ندگیری ده‌ده‌ین"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شبین نییه‌و ده‌ڵێت "پێده‌چێت شه‌ڕی خۆبه‌خۆ نزیك بێت".