په‌ندێكی به‌ناوبانگ هه‌یه كه باس له‌بێده‌نگی به‌ر لهزریان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ده‌وروبه‌ری موسڵ رووده‌دات ناچێته چوارچێوه‌ی ئه‌م په‌نده‌وه، چونكه هه‌موان ده‌زانن زریانێك بۆ سه‌ر ئه‌و شاره به‌ڕێوه‌یه، به‌ڵام به‌ر لهزریانهكه ده‌نگه دهنگو هه‌ڵڵایه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی ده‌بیسترێت.
ئه‌گه‌ر جاران هێزی میدیایی داعش له‌رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بووبێت، ئێستا شه‌ڕه‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه بۆ ئاستێكی لۆكاڵی‌و له‌رێی په‌خشی رادیۆوه پهیامو به‌رنامه‌كانی خۆی دهگهیهنێتو بهتێچوونێكی كه‌م ده‌نگی ده‌گاته هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ، بێئه‌وه‌ی وه‌رگره‌كه‌ی پێویستی به‌كاره‌باو ئینته‌رنێت بێت.
له‌ناو موسڵه‌وه داعش له‌مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردووه‌وه (2015) رادیۆیه‌كی تایبه‌ت بۆ ده‌وروبه‌ری موسڵ په‌خش ده‌كات به‌ناوی "رادیۆی ئیمان"و رۆژانه به‌زمانی عه‌ره‌بی په‌یامی ئه‌و گروپه ده‌گه‌یه‌نێت به‌دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی نه‌ینه‌وا كه نه‌كه‌وتوونه‌ته ده‌ستی.
په‌خشه‌كه‌ی داعش هه‌موو رۆژێك بیست‌و چوار كاتژمێره، به‌شێكی بۆ په‌خشكردنی قورئان داندراوه‌و به‌شێكی تری پێدانی رێنماییه به‌بابه‌ته دنیایی‌و ئاسمانییه‌كان، به‌ڵام ماوه‌ی هه‌ره زۆری په‌خشه‌كه‌ی ته‌رخانكراوه بۆ باسكردنی "جیهاد"و هاندانی خه‌ڵك بۆ شه‌ڕكردنی دژی سوپا‌و پێشمه‌رگه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌رده‌وام باس له"سه‌ركه‌وتنه‌كان"ی چه‌كدارانی داعش دهكاتو له‌گرنگی هێرشه‌كانی سوپا‌و پێشمه‌رگه كه‌م ده‌كاته‌وه.
په‌یامنێری "نیقاش" له‌شارۆچكه‌ی مه‌خمور (50 كم باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ) له‌رێی رادیۆیه‌كی ئاساییه‌وه گوێی لهئێسگهكهی داعش بوو كه ماوه‌یه‌ك "ئه‌ركانه‌كانی جیهاد"ی بۆ خه‌ڵكی رووندهكردهوهو ماوه‌یه‌كی تریش باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ده‌بێت له‌كاتی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لدا دوكاندار ته‌رازووه‌كه‌ی ته‌واو بێت‌و پاره‌ی زیاد له‌خه‌ڵك نه‌سه‌نێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ ترسیان هه‌یه ئه‌م رادیۆیه كاریگه‌ری جێبهێڵێت، بۆیه ئه‌وانیش هه‌مان كه‌ره‌سته‌ی میدیایی داعش بهكاردههێننهوهو له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا له‌قه‌زای مه‌خموری ئێسگهیهكی كردووه‌ته‌وه.
عه‌قید فیراس جبوری به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا به"نیقاش"ی وت "هه‌موو رۆژێك له‌كاتژمێر 8ی به‌یانییه‌وه هه‌تا 10ی شه‌و به‌هه‌ردوو زمانی عهرهبیو كوردی په‌خش ده‌كه‌ین، ته‌واوی به‌رنامه‌كانیش خستنه‌ڕووی زانیاری‌و پێشڕه‌وی سوپا‌و پێشمه‌رگه‌یه بۆ ناو سه‌نته‌ری موسڵ تاوه‌كو وره‌ی دانیشتوانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش نه‌ڕوخێت".
عه‌قید فیراس ئاماژه به‌وه ده‌كات به‌پێی ئه‌و زانیارییه هه‌واڵگرییانه‌ی ده‌ست ئه‌وان كه‌وتووه له‌ناو موسڵه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر گوێ لهرادیۆكهیان ده‌گرێت، به‌ڵام له‌ترسی داعش به‌نهێنی گوێبیستی ده‌بن.
له‌م كێبڕكێی شه‌ڕی رادیۆیه‌دا ئه‌وه‌ی تائێستا براوه بووه داعشه، چونكه په‌خشه‌كه‌ی به‌ئاسانی ده‌گاته مهخمورو گوێڕو شێخان‌و نزیك ده‌بێته‌وه له‌سنوری دوبزی سه‌ر به‌كه‌ركوك‌و هاوڵاتیان ده‌توانن بێ كێشه گوێبیستی ببن، به‌ڵام په‌خشه‌كه‌ی سوپای عێراقی به‌سافی ناگاته موسڵ‌و داعش سه‌ركه‌وتوو بووه له‌وه‌ی ته‌شویشی بۆ دروست بكات.
دانیشتوانی قه‌زای مه‌خمور ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ڕۆژانه گوێبیستی ڕادیۆی "ئیمان"و "رادیۆی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردنی نه‌ینه‌وا" ده‌بن، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن داعش له‌ڕێگه‌ی ڕادیۆكهیهوه نه‌یتوانیوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بۆچونی خه‌ڵكی دروست بكات.
نه‌وزاد مه‌نسور (32 ساڵ) دانیشتوانی قه‌زای مهخمورهو شۆفێری تاكسییه، به"نیقاش"ی وت "رۆژانه بۆ چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك گوێ له‌ڕادیۆی ئیمان ده‌گرم كه زۆر كات باسی جیهاد دهكاتو پێشمه‌رگه‌و سوپا به‌بێ باوه‌ڕ له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام خه‌ڵك بڕوا به به‌رنامه‌كه‌یان ناكات".
نه‌وزاد له‌كاتی قسه‌كردندا ده‌ستی بۆ میلی رادیۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی برد‌و بۆ په‌خشی هه‌ردوو رادیۆكه‌ی سوپا‌و داعش ده‌گه‌ڕا، وتی "په‌خشی ڕادیۆی ئیمان باشتره له‌په‌خشی رادیۆكه‌ی سوپا، به‌ڵام بیستومانه سوپا به‌نیازه له‌كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی موسڵ په‌خشی رادیۆكه‌یان باشتر بكه‌ن".
په‌یامنێری "نیقاش" له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌واوه بیستوویه‌تی كه چه‌ند جارێك پسپۆڕانی ته‌كنیكی له‌سوپا هه‌وڵیانداوه رێگری بۆ په‌خشی رادیۆكه‌ی داعش دروست بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، چونكه داعش توانیوێتی شه‌پۆله‌كه‌ی بگۆڕێت‌و په‌خشه‌كه‌ی به‌هێزتر بكات.
لیوا ڕوكن نه‌جم جبوری فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا به"نیقاش" وت "ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین قۆناغی سه‌ره‌تایی شه‌ڕی راگه‌یاندنه، به‌ڵام له‌قۆناغه‌كانی دیكه هه‌نگاوی دیكهیی میدیایی ده‌نێین كه به‌سود پرۆسه‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌شكێته‌وه"، به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌منی ئاماده‌نه‌بوو ئاماژه به‌و هه‌نگاوانه بكات.
لیوا نه‌جم وتیشی "ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش هه‌ڵهاتوون له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه باسی ئه‌وه‌یان كردووه كه ئێستا گوێبیستی رادیۆی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا ده‌بن، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باش بووه كه به‌ڕاسته‌وخۆ ده‌نگمان بگات به‌دانیشتوانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش".
فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا سه‌ر به سوپای عێراقه‌و له‌فیرقه‌ی 15ی سوپا پێك دێت، ئه‌ویش پێكهاتووه له‌لیواكانی 71 و 72 و 73 و 74 هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ لیوایه‌كی به‌رگری 91 ی سوپا كه ئاماده‌كراون بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ.
شاره‌زایانی بواری میدیایی پێیان وایه ئه‌گه‌ر به‌ر به‌داعش نه‌گیرێت ئه‌وا له‌توانایدا ده‌بێت په‌خشه‌كه‌ی زۆر فراوانتر بكات‌و زۆرترین دانیشتوانی ده‌وروبه‌ری موسڵ گوێبیستی ببن‌و كاریان تێبكات.
ئیسماعیل شابه‌نده‌ر خوێندكاری دكتۆرا له"خۆپاراستنی میدیاكار له‌كاتی قه‌یرانه‌كان" له‌زانكۆی به‌غدادو دانیشتووی قه‌زای مه‌خمور به"نیقاش" وت "حكومه‌تی عێراق له‌رووی ته‌كنیكییه‌وه ده‌توانێت به‌ر به‌و په‌خشه‌ی داعش بگرێت، به‌ڵام تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی نه‌كردووه، له‌كاتێكدا داعش زۆر به‌ووردی كار له‌سه‌ر تێكدانی سایكۆلۆژیایی خه‌ڵك ده‌كات له‌ڕێگه‌ی میدیاوه".
شابه‌نده‌ر ووتیشی "په‌خشی ڕادیۆكه‌ی سوپا له‌مه‌خمور لاوازتره له‌په‌خشی رادیۆی ئیمان، ده‌بێت كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی رادیۆی سوپا‌و دروستكردنی هاوسه‌نگی بكرێت، چونكه میدیا چه‌كی دووه‌می شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵه".