راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پاره‌ په‌یداكردن له‌سه‌ر شانی‌ ئاواره‌كان
عامرییه‌ دوا په‌ناگه‌ی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ ده‌رگای‌ به‌غدایان لێ‌ داخراوه‌

که‌مال عه‌یاش
به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چونه‌ ژووره‌وه‌ وه‌ك به‌غدا پێویستی‌ به‌كه‌فیل نییه‌، ئێستا ناحیه‌ی‌ عامرییه‌ بووه‌ته‌ په‌ناگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ له‌ده‌ست داعش هه‌ڵدێن.
31.12.2015  |  فه‌لوجه
ناحية العامرية  ( :وێنه Wikimedia / Hisham100)
ناحية العامرية ( :وێنه Wikimedia / Hisham100)

هه‌ر خێزانێك ئه‌نبار جێ بهێڵێت ئاسانترین شوێن بۆی‌ ناحیه‌ی‌ عامریه‌یه‌ (30كم باشووری‌ فه‌لوجه‌)، چونكه‌ رێشوێنه‌كانی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ ئاسانه‌و وه‌ك به‌غدا ئاڵۆز نه‌كراوه‌.

 

ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ توندوتۆڵانه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ده‌روازه‌ی‌ به‌غدا گرتویانه‌ته‌ به‌ر، عه‌لی‌ موسا (40 ساڵ)ی‌ ناچاركرد پاش هه‌ڵاتنی‌ له‌فه‌لوجه‌ خانوویه‌ك له‌ناحیه‌ی‌ عامرییه‌ به‌كرێ‌ بگرێت كه‌ له‌لای‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ به‌"عامریه‌ی‌ فه‌لوجه‌" ناسراوه‌.

 

موسا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و میلیشیاكان له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانی‌ ده‌كه‌ن وایكرد له‌عامریه‌ بمێنمه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كرێیه‌ی‌ لێره‌ ده‌یده‌م هیچی‌ ئه‌و تۆی‌ فه‌رق نییه‌ له‌كرێی‌ خانوویه‌ك له‌به‌غدا، به‌ڵام به‌م رێگایه‌ خۆم پاراست له‌وه‌ی‌ له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین رووبه‌رووی‌ سوكایه‌تی‌‌و ده‌ستگیركردن ببمه‌وه‌".

 

عه‌لی‌ خانووه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ حه‌ی‌ نزال له‌ناوه‌ندی‌ فه‌لوجه‌ جێهێشتووه‌، هاوشێوه‌ی‌ سه‌دان خێزانی‌ تر، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئارامی‌‌و دوور له‌هه‌ڕه‌شه‌ بژین.

 

عه‌لی‌ موسا روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژیان له‌فه‌لوجه‌ له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش‌و بۆردومانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئێجگار زه‌حمه‌ت بووه‌، له‌وێ‌ نه‌ ئاوو كاره‌با هه‌یه‌و نه‌ خۆراكیش ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

ده‌شڵێت "له‌هه‌ر ساتێكدا چاوه‌ڕێی‌ مردنمان ده‌كرد، جارێك به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ جیاوازی‌ له‌نێوان داعش‌و خه‌ڵكی‌ ئاسایدا ناكه‌ن، جارێكی‌ تریش به‌هۆی‌ تاوانه‌كانی‌ داعشه‌وه‌، بۆیه‌ هیچمان بۆ نه‌مایه‌وه‌ جگه‌ له‌هه‌ڵاتن".

 

كۆمه‌ڵگای‌ داخراوی‌ فارس عه‌ره‌بی‌ كه‌ بووه‌ په‌ناگه‌ی‌ ده‌یان خێزانی‌ هه‌ڵاتووی‌ ده‌ستی‌ داعش، ئاواره‌كان تیایدا حه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ به‌نزیكه‌یی‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانی‌ ژیانی‌ تیا ده‌سته‌به‌ر بووه‌.

 

موسته‌فا تاریق (47 ساڵ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ فه‌لوجه‌ ده‌ڵێت "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرێی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێبوونه‌ زۆره‌، به‌ڵام زۆر له‌به‌غدا باشتره‌، چونكه‌ نه‌ رووبه‌رووی‌ میلیشیاكان ده‌بینه‌وه‌و نه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگاكه‌دا كێشه‌ی‌ ئه‌منی‌ رووده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌رگایه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌، كه‌سی‌ بێگانه‌ ناتوانێت بێته‌ ناوه‌وه‌و هه‌موومان یه‌كتر ده‌ناسین".

 

ده‌شڵێت "كۆمه‌كی‌ رێكخراوه‌ مرۆڤ دۆسته‌كان له‌رێی‌ ئه‌و تاكه‌ مزگه‌وته‌وه‌ پێمان ده‌گات كه‌ له‌كۆمه‌ڵگاكه‌دایه‌، بۆیه‌ لێره‌ كه‌س ناتوانێت مافت بخوات".

 

عامرییه‌ به‌سه‌ر زێی‌ فوراتدا ده‌ڕوانێت‌و له‌لایه‌كیشیه‌وه‌ بیابانێكی‌ پان‌و به‌رینی‌ له‌ته‌نیشته‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ نۆ كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م ناحیه‌یه‌ بووه‌ته‌ شوێنێكی‌ گرنگ له‌به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی‌ ئه‌نبارو به‌غدا، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ سه‌ره‌كی‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگاكه‌ پچڕاوه‌، زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م جێگه‌یه‌ له‌عه‌شیره‌تی‌ بو عیسان‌و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ زۆری‌ ده‌سته‌ی‌ پیشه‌سازی‌ سه‌ربازی‌ تێدا بووه‌، بۆیه‌ ناحیه‌كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ نیشته‌جێبوونی‌ بۆ دروستكراوه‌.

 

هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ ئه‌نبار كاروباری‌ ئه‌منی‌ ناحیه‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌و سوپاو پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌ له‌و كاره‌دا هاوكاریان ده‌كات‌و ده‌روازه‌كانی‌ شاره‌كه‌یان گرتووه‌ته‌ ده‌ست له‌خۆرئاواوه‌ به‌ره‌و به‌غداو له‌باكوریه‌وه‌ به‌ره‌ فه‌لوجه‌و رومادی‌، هه‌رچی‌ ئه‌و رێگایه‌شه‌ كه‌ ده‌چێته‌وه‌ به‌ره‌و كه‌ربه‌لاو له‌وێوه‌ بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌یان به‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌یه‌.

 

به‌هۆی‌ زۆری‌ خواست له‌سه‌ر خانووه‌كانی‌ ئه‌و ناحیه‌یه‌، به‌شێك له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ماڵی‌ خۆیان به‌كرێ‌ داوه‌و چوون له‌به‌غدا یان هه‌رێمی‌ كوردستان خانوویان به‌كرێ‌ گرتووه‌.

 

محه‌مه‌د عوسمان (49) ساڵ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "وا باشتر بوو بچمه‌ به‌غدا، چونكه‌ ناوچه‌كه‌مان ته‌نها پانزه‌ كیلۆمه‌تر له‌داعشه‌وه‌ دووره‌و رۆژانه‌ ده‌نگی‌ بۆمب‌و موشه‌كمان ده‌بیست، به‌و شێوه‌یه‌ هه‌م له‌مه‌ترسی‌ دووركه‌وتمه‌وه‌و هه‌م ماڵه‌كه‌م به‌پاره‌یه‌كی‌ باش دا به‌كرێ‌ به‌ئاواره‌كان".

 

عوسمان خۆی‌ له‌راستیدا دانیشتوی‌ به‌غدایه‌و به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگای‌ نیشته‌جێبوونی‌ ناو عامرییه‌ بووه‌ته‌ خاوه‌نی‌ خانوو، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ به‌غدا به‌كرێی‌ داوه‌، ئێستاش ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ناحیه‌كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ رێ له‌م دیارده‌یه‌ بگرن.

 

شاكر عیساوی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ عامریه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ند رێوشوێنێكمان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ناحیه‌كه‌ نه‌توانن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌و خانووه‌كانیان به‌كرێ‌ بده‌ن".

 

ده‌شڵێت "ژماره‌یه‌ك خێزان له‌ترسا ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌، به‌ڵام خانووه‌كه‌شیان نه‌داوه‌ به‌كرێ‌‌و ناوه‌ ناوه‌ بۆی‌ دێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش كه‌م نین كه‌ لێره‌ خانوویان داوه‌ به‌كرێ‌‌و خۆیان چوونه‌ته‌ جێیه‌كی‌ تر نیشته‌جێبوون".

 

حامید جومه‌یلی‌ (36 ساڵ) كه‌ خۆی‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتوانی‌ عامرییه‌ ده‌ڵێت "زۆر كه‌س سودیان له‌ده‌رفه‌تی‌ هاتنی‌ ئاواره‌كان بینیوه‌و كه‌لوپه‌له‌كانی‌ خۆیان له‌ژوورێكدا كۆكردووه‌ته‌وه‌و ژووره‌كانی‌ تریان به‌كرێ‌ داوه‌، ته‌نانه‌ت زۆر خێزان كه‌ چه‌ند خانوویه‌كیان هه‌یه‌ هه‌موویان به‌كرێ‌ داوه‌و سه‌رجه‌م خوشك‌و براكان له‌یه‌ك ماڵدا كۆبوونه‌ته‌وه‌".

 

حامید ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا له‌عامرییه‌ خانوویه‌ك یان شوققه‌یه‌ك ده‌ست ناكه‌وێت كرێكه‌ی‌ له‌ 750 هه‌زار دینار كه‌متر بێت‌و ده‌شڵێت "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان رێگه‌چاره‌ی‌ تریان نییه‌و ناتوانن بچنه‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ بازاڕ گه‌رمییه‌كی‌ باش بۆ زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ ناحیه‌كه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌