راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌یه‌ك مانگدا هه‌شتا ژن
هه‌رێم ده‌بێته‌ خاوه‌نی‌ هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ژنانی‌ پێشمه‌رگه‌

شاڵاو محەمەد
هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستی‌ له‌وه‌ شتووه‌ به‌م زوانه‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ داعش كۆتایی‌ بێت، بۆیه‌ ئێستا له‌پاڵ پیاواندا، ژنانیش بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ درێژخایه‌نه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن.
29.10.2015  |  هه‌ولێر

به‌رگری‌ سه‌رسه‌ختانه‌ی‌ ژنانی‌ كۆبانێ‌ له‌خۆرئاوای‌ كوردستان ئیلهامی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم به‌خشیوه‌ كه‌ جدیتر بیر له‌به‌شداری‌ ژنان بكه‌نه‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا، هه‌رچه‌نده‌ پرۆسه‌ی‌ چه‌كهه‌ڵگرتنی‌ ژنان له‌هه‌رێمدا مێژوویه‌كی‌ كۆنتری‌ هه‌یه‌.

 

له‌زۆربه‌ی‌ شۆڕشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ژن، ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌میش بوبێت وه‌ك شه‌ڕكه‌ر به‌شداربوون، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاراتر ده‌ركه‌وت‌و له‌ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كان باشتر رێكخرا، به‌ڵام به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ تا ساڵی‌ 1992 ژماره‌ی‌ ژنانی‌ پێشمه‌رگه‌ 185 ژن بوون.

 

یه‌كه‌م ئه‌زموونی‌ هێزی‌ تایبه‌ت به‌ژنان بۆ ساڵی‌ 1996 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و ده‌مه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ فه‌وجێكی‌ راهێنراوی‌ ژنان له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ دروستكرا به‌ناوی‌ "فه‌وجی‌ دووی‌ هێزی ژنان".

 

ئه‌م هێزه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ هێزێكی‌ سیمبولی‌ بوو، ئه‌وه‌نده‌ به‌شداری‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌كانی‌ دواتری‌ نه‌ده‌كرد، به‌ڵام له‌مانگی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ رابردوو یه‌كه‌م قوربانیان له‌شه‌ڕی‌ داعش دا، كاتێك نه‌قیب (ره‌نگین یوسف) ئه‌فسه‌ری‌ ئه‌و هێزه‌ له‌قه‌زای‌ داقوق (40 كم له‌ باشوری‌ كه‌ركوك) كوژراو بووه‌ یه‌كه‌مین قوربانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ژن له‌شه‌ڕی‌ داعشدا.

 

ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ چالاكانه‌تر باس له‌رۆڵ‌و به‌شداری‌ ژنان له‌شه‌ڕی‌ داعشدا ده‌كرێت‌و راهێنانه‌كان له‌و رووه‌وه‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌.

 

كاتێك له‌قه‌زای‌ زاخۆی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دهۆك ده‌رگای‌ خۆبه‌خشین بۆ ژنان كرایه‌وه‌، 540 كچه‌ خوێندكاری‌ ده‌رچووی‌ قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ ناوی‌ خۆیان نوسی بۆ بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هێزی‌ خۆبه‌خشی‌ ژنان له‌باشوری‌ كوردستان كه‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی زاخۆ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌رییان پێده‌به‌خشرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ مه‌رجی‌ سه‌ربازییه‌وه‌، له‌ئیستادا ته‌نها 204 ژن له‌و كۆلێژه‌دا ماونه‌ته‌وه‌، ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ مه‌شق‌و ڕاهێنان ده‌ستی‌ پێكردوه‌‌و بڕیاره‌ له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ داهاتوو له‌و كۆلێژه‌ ده‌ربچن.

 

سیلاڤ موسلیح له‌دایكبووی ساڵی 1992 یه‌كێكه‌ له‌پێشمه‌رگه‌كانی هێزی ژنان‌و له‌بنه‌ماڵه‌كه‌یدا  یانزه‌ پێشمه‌رگه‌یان لێ‌ كوژراوه‌، ئێستا مه‌شقی ئه‌فسه‌ری‌ ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش‌و ده‌ڵێت "خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م بۆ شه‌ڕی‌ داعش، چونكه‌ پێم وایه‌ هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ژن‌و پیاودا نییه‌ بۆ شه‌ڕكردن‌و ژنانیش له‌و رووه‌وه‌ توانا خۆیان سه‌لماندووه‌".

 

سیلاڤ به‌ "نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند جگه‌ له‌راهێنانی‌ سه‌ربازی‌، رۆژانه‌ له‌رووی‌ هزرییه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن بۆ شه‌ڕی‌ داعش‌و پێیان وایه‌ له‌بواری‌ مه‌یدانیدا ده‌بنه‌ ژماره‌یه‌كی‌ كاریگه‌ر.

 

گلاڤیر تیلی‌ (23 ساڵ) یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و ژنه‌ خۆبه‌خشانه‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ زۆر هانیان داوه‌ ببێته‌ پێشمه‌رگه‌و ده‌ڵێت "جێگه‌ی‌ سه‌ربڵندیه‌ ببمه‌ یه‌كه‌م شه‌هیدی‌ خانه‌واده‌كه‌م له‌ پێناو پاراستنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

 

گلاڤیر وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت رۆژو مانگ ده‌ژمێرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوله‌كه‌یان ته‌واو ببَت زوو ئاماده‌ ببن بۆ شه‌ڕكردن‌و سه‌لماندنی‌ تواناكانیان.

 

له‌هه‌رێمی كوردستان دوو كۆلیژی سه‌ربازی (زاخۆ‌و قه‌ڵاچوالان) بۆ ڕاهێنانی‌ ئه‌فسه‌ران له‌هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێرو مێ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی زاخۆ یه‌كه‌مین خولی پێگه‌یاندنی ئه‌فسه‌رانی ژنانی‌ ده‌ستپێكردوه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش بكه‌ن، به‌رپرسی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی زاخۆش به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ژنانه‌ ئاماده‌ن له‌هێڵی‌ هێرشبردن له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ جێگیر بكرێن".

 

موقه‌ده‌م مه‌حمود عومه‌ر به‌رپرسی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی زاخۆ ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ حه‌ماسی‌ ژنانه‌وه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، سه‌رۆك بارزانی‌ فه‌رمانیدا به‌كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ سه‌ربازی‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌فسه‌ر له‌ریزی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌".

 

موقه‌ده‌م مه‌حمود ده‌شڵێت "له‌كاتی‌ مه‌شقكردن هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین توانایه‌كی‌ زۆری‌ سه‌ربازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زانستی‌ سه‌ربازی‌ ته‌واو بكه‌ن ئاماده‌ن له‌ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ جێگیر بكرێن".

 

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ (ئۆكتۆبه‌ر) مه‌سعود بارزانی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌كادیمیای‌ سه‌ربازی‌ زاخۆی‌ كردو له‌وێ‌ له‌به‌رچاوی‌ خوێندكاره‌كاندا وتی‌ "له‌دوای ده‌رچوونی ئه‌و ژماره‌یه‌ی قوتابیانی‌ كچ،  ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان و ده‌بێ كچانمان ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن كه‌ له‌ ئاینده‌دا ڕۆڵیان له‌كوڕان زیاتر ده‌بێت".

 

وتیشی‌ "كچان پێویسته‌ شانبه‌شانی كوڕان به‌زانستی سه‌ربازی په‌ره‌وه‌رده‌ بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدار بن له‌به‌رگریكردن له‌وڵاته‌كه‌یان، هه‌روه‌ها ده‌بێ پێشانی جیهان بده‌ن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌مان هه‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كچ كه‌متر نییه‌ له‌كوڕ".

 

ئه‌م قسانه‌ی‌ بارزانی‌ پاڵنه‌رێكی‌ مه‌عنه‌وی‌ بوو بۆ خوێندكاره‌كانی‌ ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 1996ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ساڵی‌ 2003 خراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق.

 

بابه‌تی‌ راهێنان‌و به‌شداری‌ ژنان ته‌نها به‌ئه‌كادیمیای‌ زاخۆوه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، چونكه‌ بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا له‌ئه‌كادیمیای‌ سه‌ربازی‌ قه‌لاچوالان خولی‌ تایبه‌ت بۆ ژنان‌و كچانی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌و ئه‌وانیش بۆ شه‌ڕی‌ داعش ئاماد  بكرێن.

 

وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ نییه‌ هیچ داتایه‌ك له‌باره‌ی‌ كۆی‌ ژماره‌ی‌ ژنانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بخه‌ته‌روو، به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون، ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوودا هه‌شتا ژن له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ خۆیان ناونووس كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ پێشمه‌رگه‌.

 

به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان بریارده‌ری لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌‌و شه‌هیدان‌و قوربانیانی جینۆساید له‌په‌رله‌مانی كوردستان پێی‌ وایه‌ له‌ئاینده‌دا ژماره‌یه‌كی‌ زیاتری‌ ژنان بۆ شه‌ڕی‌ داعش خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژنان به‌دوای‌ ئاشتی‌ ده‌گه‌ڕێن بۆیه‌ كه‌متر په‌نایان بۆ لایه‌نی‌ سه‌ربازی‌ بردوه‌و زیاتر تواناكانیان له‌بواره‌كانی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌‌و مامۆستاو چه‌ند بوارێكی‌ دیكه‌ تاقی‌ كردۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیادبونی‌ هۆشیاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لای‌ خه‌ڵك‌و بوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش ژنان زیاتر هه‌نگاویان نا بۆ سه‌پاندنی‌ تواناكانیان".

 

به‌هار ده‌شڵێت "كۆلێژه‌ سه‌ربازیه‌كان بۆ مه‌شق‌و ڕاهێنانی‌ ژنان هاوكارییه‌كانیان زیاتر كردووه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی‌ گرنگه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی‌ پێداویستی‌ سه‌ربازی‌ نه‌ك ته‌نها پێشمه‌رگه‌ ژنه‌كان به‌ڵكو پێشمه‌رگه‌ پیاوه‌كانیش گرفتیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێت وڵاتانی‌ هاوپه‌یمانان هاوكاری‌ زیاتری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن له‌ڕووی‌ دابینكردنی‌ چه‌ك‌و پێداویستی‌ سه‌ربازییه‌وه‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ تائێستا هه‌یه‌ ژنان له‌ناوه‌نده‌كانی‌ راهێناندان‌و بۆ شه‌ڕ ئاماده‌ده‌كرێن، نازانرێت دوای‌ خوله‌كانیان ئاخۆ له‌بواری‌ مه‌یدانیدا به‌فیعلی‌ شوێنپه‌نجه‌یان دیار ده‌بێت‌و ده‌توانن ئه‌زمونی‌ ژنانی‌ كۆبانی‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ یان نا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌