راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سێ‌ به‌ره‌ی‌ جیاواز
له‌رێی‌ هێزه‌وه‌ به‌غداو هه‌ولێر مه‌سیحیه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن

هه‌ستیار قادر
ناكۆكی‌ نێوان كوردستان‌و به‌غدا په‌ڕێوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو هێزه‌ چه‌كداره‌ مه‌سیحییه‌كانیش، ئێستا هه‌ریه‌ك له‌م دوو لایه‌نه‌ پشتیوانی‌ گروپی‌ مه‌سیحی‌ نزیك له‌خۆیان ده‌كه‌ن.
23.09.2015  |  سلێمانی
سه‌فا ئه‌لیاس جیجۆ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا
سه‌فا ئه‌لیاس جیجۆ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا

 

 سه‌فا ئه‌لیاس جیجۆ (38 ساڵ) رۆژانه‌ له‌نێوان هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و شارۆچكه‌ی‌ ئه‌لقۆشی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا هاتوچۆ ده‌كات كه‌ دوا  شوێنی‌ مه‌سیحیه‌كانه‌ له‌و سنوره‌ی‌ داعش كۆنترۆڵی‌ نه‌كردووه‌، ئه‌و فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وای‌ مه‌سیحیه‌كانه‌و له‌دواین سه‌نگه‌ری‌ هێزه‌كانیانه‌وه‌ به‌دوربین له‌و ناوچه‌ زۆرینه‌ مه‌سیحیانه‌ سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ده‌ڕوانێت كه‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ به‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌یه‌.

 

سه‌فا ئه‌لیاس جیجۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت "رزگاركردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ مه‌سیحیه‌كانی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا زۆر دره‌نگ كه‌وت".

 

زیاتر له‌ساڵێك به‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی‌ ناوچه‌ مه‌سیحیه‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا تێپه‌ڕبووه‌ كه‌ خۆیان به‌ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا ناوی‌ ده‌به‌ن، بێ ئه‌وه‌ی‌ پلانی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ دیار بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌سیحی‌ ئه‌وسنوره‌ به‌لێشاو ئاواره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوون‌و به‌شێكیشان له‌عێراق كۆچیان كرد به‌ره‌و وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ زیاتر له‌سێسه‌د هه‌زار ئاواره‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ست لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ سه‌ر به‌و پێكهاته‌یه‌دایه‌.

 

هیوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان وای‌ له‌مه‌سیحیه‌كان كرد كه‌ په‌نا بۆ دروستكردنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ ببه‌ن له‌و گه‌نجانه‌ی‌ پێكهاته‌كه‌ كه‌ ئاواره‌ بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر مه‌سیحیه‌كان كه‌ به‌دانیشتوانه‌ دێرینه‌كانی‌ عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌وه‌ ناسرا بوون كه‌ دوورن له‌چه‌كداری‌و ململانێی‌ سه‌ربازیه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ مه‌سیحیه‌كان به‌ئاشكرا یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌ كه‌ رزگاركردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانیانه‌ له‌ده‌ستی‌ داعش، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ یه‌ك هێزی‌ سه‌ربازی‌ هاوبه‌ش له‌نێوانیان پێكبهێنن، به‌ڵكو سێ هێزی‌ سه‌ربازی‌ جیاواز پێكهێنرا كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به‌ ره‌وتێكی‌ جیاوازی‌ سیاسی‌ مه‌سیحیه‌.

 

 سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوودا كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌ مه‌سیحیه‌كاندا سازدرا بۆ یه‌كخستنی‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانیان، به‌ڵام رێنه‌كه‌وتن‌و بڕیاردرا یه‌كخستنه‌وی‌ هێزه‌كانیان بخه‌نه‌ قۆناغی‌ دوای‌ كۆتایی‌ داعش له‌ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا.     

 

هێزی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كه‌می‌ مه‌سیحیه‌كان ناوی‌ لێنراوه‌و "هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا"و له‌لایه‌ن پارتی‌ دیموكراتی‌ بێت نه‌هره‌ینه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت‌و هێزه‌كه‌شیان به‌شێكه‌ له‌یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش پاره‌دارو پڕچه‌كی‌ ده‌كات.

 

هه‌رچی‌ هێزی‌ دووه‌میشه‌ به‌ناوی‌ "كه‌تائیبی‌ بابلیون" سه‌ر به‌حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌و له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێن.

 

هێزی‌ سه‌ربازی‌ سێهه‌می‌ مه‌سیحیه‌كانیش كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ "یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وایه‌" كه‌ سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ ئاشوریه‌و تائێستا نه‌چۆته‌ ژێر باڵی‌ هه‌ولێرو به‌غداوه‌.

 

شێوازی‌ كاركردنی‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌و پێگه‌ی‌ ئێستایان جیاوازه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌ ئه‌ركی‌ سه‌رجه‌میان ئاڕاسته‌ی‌ یه‌ك پێگه‌ بن كه‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وایه‌.

 

ره‌یان كلدانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ "كه‌تئایبی‌ بابلیون"ی‌ سه‌ر به‌حه‌دشی‌ شه‌عبی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ ده‌بێت ئازادكردنی‌ ناوچه‌ مه‌سیحیه‌كانی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا له‌رێگه‌ی‌ ئازادكردنی‌ ناوچه‌ی‌ بێجی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ كه‌ركوكی‌ باشوری‌ نه‌ینه‌واوه‌ بێت نه‌ك له‌سنوری‌ هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "داوای‌ هه‌مئاهه‌نگیمان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام  ره‌تیانكردۆته‌وه‌ هاوكاریمان بكه‌ن".

 

ره‌یان كلدانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناكۆكی‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ مه‌سیحه‌كاندا هه‌یه‌ له‌سه‌ر هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ له‌نێو حه‌شدی‌ شه‌عبیدا  سه‌ربه‌خۆین".

 

ئه‌و هێزه‌ مه‌سیحیه‌ی‌ ژێر باڵی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی جێگه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ "هێزی‌ پاراستنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا"یه‌ كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌.

 

سه‌فا ئه‌لیاس جیجۆ ده‌ڵێت "شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش شه‌رێكی‌ قورسه‌و به‌هێزی‌ رێكخراو مه‌شقپێكراو ده‌كرێت كه‌ تاكتیكی‌ به‌هێزی‌ هه‌بێت، ئێمه‌ مه‌شقی‌ ته‌واومان پێكراوه‌، به‌ڵام چه‌كداره‌ مه‌سیحیه‌كانی‌ نێو حه‌شدی‌ شه‌عبی بێ مه‌شق پێكردن ده‌چنه‌ شه‌ڕه‌وه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئێمه‌ سیفه‌تێكی‌ یاساییمان هه‌یه‌ له‌سنوری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا".

 

ئه‌و جیاوازیه‌ی‌ نێوان دوو هێزه‌ مه‌سیحیه‌كه‌ ئاوێنه‌ی‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ سیاسیانه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا هه‌یه‌و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ژمونیشیان به‌سه‌ر پێكهاته‌كان‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كانیان دووله‌ت بووه‌.

 

ئیدریس میرزا ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ ئاشوری‌ كه‌ "هێزی‌ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا" سه‌ر به‌حیزبه‌كه‌یه‌تی‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت ببنه‌ لایه‌نێك له‌یه‌كێك له‌به‌ره‌كانی‌ ململانێی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر به‌وپێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ناوبراو لایه‌نداری‌ بۆ یه‌كێك له‌و دوو به‌ره‌ ناكۆكه‌ زیان به‌خودی‌ مه‌سیحیه‌كان ده‌گه‌ێنێت.

 

ئیدریس میزرا به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ به‌هاوكاری‌ هاوڵاتیانی‌ خۆمان پڕچه‌ك ده‌كرێت ناشمانه‌وێت ببینه‌ به‌ره‌یه‌ك له‌به‌ره‌كانی‌ ململانێ".

 

هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ نوسینگه‌ی‌ هه‌مئاهه‌نگی‌ سه‌ربازی‌ نێوان سوپای‌ عێراق‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش، به‌ڵام تائێستا ئه‌و هه‌مئاهه‌نگیه‌ی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر په‌لی‌ نه‌كێشاوه‌ بۆ یه‌كخستنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ مه‌سیحیه‌كان كه‌ له‌نێوانیاندا دابه‌ش بوون.

 

كه‌ریم نوری‌ وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌  سه‌ركردایه‌تی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ "كه‌تائیبی‌ بابلیون"ی‌ مه‌سیحیه‌كان كه‌ سه‌ر به‌وانه‌ وه‌ك گروپێكی‌ چه‌كداری‌ نیه‌ ته‌نها بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ مه‌سیحیه‌كان، به‌ڵكو به‌وته‌ی‌ ناوبراو هێزێكی‌ نیشتیمانین‌و ده‌شڵێت "له‌هه‌ندێك شوێن كه‌تائیبی‌ بابلیون به‌شداری‌ شه‌ڕیان كردووه‌ دژ به‌داعش كه‌ ته‌نیا كه‌نیسه‌یه‌كیشی‌ تیانه‌بووه‌".

 

كه‌ریم نوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌یه‌وێت گروپی‌ چه‌كداری‌ مه‌سیحیه‌كان بخاته‌ نێو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا گونجاو نیه‌و ناشبێت، چونكه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ به‌شێك نیه‌ له‌سنوری‌ هه‌رێم".

 

جه‌مال محه‌مه‌د سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێیان به‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ی‌ مه‌سیحیه‌كان داوه‌  كه‌ سه‌ر به‌حه‌شدی‌ شه‌عبین بچنه‌ ئه‌و میحوه‌رانه‌ی‌  هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ لێیه‌ له‌سه‌ر سنوری‌ موسڵ، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ ناوبراو سه‌ره‌ڕای‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ هێزیان نه‌هێناوه‌ته‌ ئه‌و به‌رانه‌ی‌ شه‌ڕ.

 

جه‌مال محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ڕووی‌ واقعیه‌وه‌ له‌دوای‌ قۆناغی‌ نه‌مانی‌ داعش ده‌بێت ئه‌و  هێزه‌ سه‌ربازیانه‌ی‌ مه‌سیحی‌ كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دان بچنه‌ ژێر رێكفی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌دا ده‌مێننه‌وه‌".

 

ئه‌و ناكۆكیانه‌ی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند له‌سه‌ر هه‌ژمونكردن به‌سه‌ر مه‌سیحیه‌كان‌و ناوچه‌كانیان په‌لی‌ كێشاوه‌ بۆ ئاینده‌ی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌واش له‌دوای‌ قۆناغی‌ نه‌مانی‌ داعش، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی‌  ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نێو ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقه‌وه‌ كه‌ تائێستا چاره‌نوسی خاوه‌ندارێتی‌‌و ئیداریان به‌پێی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو ناوه‌ندا یه‌كلایی‌ نه‌بۆته‌وه‌.

 

هاوسنوربونی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا به‌خۆرئاوای‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌و هه‌ژمونی‌ كورد به‌سه‌ر به‌شێك له‌یه‌كه‌ ئیداریه‌كانی‌ به‌ر له‌هاتنی‌ داعش وایكردوه‌ كه‌ هه‌رێم كار بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌و هاوڵاتیانی‌ بكات له‌خۆی‌‌و له‌به‌رانبه‌ریشدا حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌به‌شێك له‌سنوری‌ ئیداری‌ خۆی‌ ده‌زانێت پێناچێت به‌ئاسانی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ بێت.

 

ئه‌و ناكۆكیه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ ناوچه‌كه‌ تێڕوانینی‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ مه‌سیحیه‌كانیشی‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ ناوچه‌كانیان جیاواز كردووه‌.

 

جیجۆ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ناوچه‌ مه‌سیحیه‌كانی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا بخرێته‌ سه‌ر سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ ئازادكردنیان، به‌ڵام ئیدریس میزرا پێیباشه‌ بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ پارێزگایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌مه‌سیحیه‌كان له‌و سنوره‌ جێبه‌جێ بكرێت كه‌ پێشتر حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشاداوه‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.  

 

ئه‌مینداری‌ "كه‌تائیبی‌ بابلیونی"ش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ئێستادا باس له‌ئاینده‌ی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا بكات له‌دوای‌ نه‌مانی‌ داعش‌و ده‌ڵێت "بۆ هه‌مو روداوێك قسه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌".

 

تا ئه‌و كاته‌ی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌واو ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا ئازاد ده‌كرێنه‌وه‌، ناكۆكی‌ نێوان هێزه‌ مه‌سیحییه‌كان به‌كراوه‌یی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتریش سه‌ر نه‌كێشێت، پێده‌چێت هه‌رێم‌و به‌غداش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر پشكۆی‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ گڕ بده‌ن.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌