راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كۆتایی‌ داعش
له‌كه‌ركوك كارته‌كانی‌ ده‌ستی‌ داعش ده‌سوتێن

شاڵاو محەمەد
پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: له‌سنوری‌ كه‌ركوك داعش هێزی‌ هێرشبردنی‌ له‌ده‌ستداوه‌و چووه‌ته‌وه‌ قاوغه‌كه‌ی‌ خۆی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌خه‌م نه‌ڕه‌خساون‌و ترسیان هه‌یه‌ .
14.05.2015  |  کەرکوک
A soldier from the Iraqi Kurdish military, also known as the Peshmerga.
A soldier from the Iraqi Kurdish military, also known as the Peshmerga.

به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بێت، له‌سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك داعش هێزی‌ هێرشبردنی‌ له‌ده‌ستداوه‌و چووه‌ته‌وه‌ قاوغه‌كه‌ی‌ خۆی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌خه‌م نه‌ڕه‌خساون‌و ترسیان هه‌یه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا گورزی‌ خۆی‌ بوه‌شێنێت.

 

شریتی‌ رووداوه‌كانی‌ سێ‌ مانگی‌ رابردوو ئه‌وه‌ی‌ تیا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ داعش له‌خوارووی‌ كه‌ركوك له‌هێزی‌ هێرشبه‌ره‌وه‌ بووه‌ته‌ هێزی‌ به‌رگریكار، هه‌رچه‌نده‌ له‌م ماوه‌یه‌شدا ناوه‌ ناوه‌ هه‌ندێ‌ پێشڕه‌وی‌ كردووه‌، به‌ڵام هه‌رزوو دژه‌ی‌ هێرشی‌ بۆ كراوه‌و ناوچه‌كانی‌ له‌ده‌ست سه‌نراوه‌ته‌وه‌.

 

له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ داعش به‌ته‌واوی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ (55 كم باشوری‌ خۆرئاوای‌ كه‌ركوك)ی‌ كه‌ركوك‌و چوار ناحیه‌ی‌ سه‌ر به‌قه‌زاكه‌ (ریاز، زاب، ره‌شاد، عه‌باسی‌)ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ ده‌یان گوندی‌ ده‌وروبه‌ریان، كه‌چی‌ ئێستا پانتاییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ركوكیش چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ماوه‌ ئه‌ویشی‌ لێبسه‌ننه‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ هه‌واڵگی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند: "له‌دوای وه‌شاندنی گورزێكی كوشنده‌ له‌چه‌كدارانی‌ داعش له‌باشوری‌ ڕۆژئاوای‌ كه‌ركوك‌و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ مولته‌قا كه‌ یه‌كێك بوو له‌و چوار ناحیه‌ی‌ كه‌ركوك كه‌ داعش به‌ پێگه‌ی‌ ستراتیژی‌ خۆی‌ ده‌زانی‌، فرۆكه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانه‌كان زیاتر هاوكاریی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر پێشڕه‌ویه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و نه‌مانی‌ توانای‌ هێرشبردنی‌ داعش هه‌بووه‌".

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش له‌سه‌ره‌تایی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ تاكو 2ی‌ ئایار زیاتر له‌38 گورزیان له‌بنكه‌‌و باره‌گاكانی داعش له‌كه‌ركوك وه‌شاندوه‌، له‌وانه‌ش بنكه‌‌و باره‌گا‌و خاڵی پشكنینی داعش له‌نزیك قه‌زای حه‌ویجه‌ یه‌كێك له‌پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ داعش له‌كه‌ركوك.

 

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا وه‌زیری‌ پێشووی‌ پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی یه‌كه‌ی (70)ی پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی ڕاگه‌یاند: "دوای‌ پلانێكی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و ده‌زگای‌ دژه‌ تیرۆری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌كۆتایی‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵدا توانرا مه‌كته‌ب خالیدو ته‌للوه‌ردو گوندی‌ سمایل ئاوا كۆنترۆڵ بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایی‌ نه‌مانی‌ هێزی‌ هێرشبردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بوو له‌ناوچه‌كه‌دا".

 

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "له‌هه‌ردوو قۆڵی خۆرئاواو باشوری رۆژئاوای‌ كه‌ركوك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌پێشڕه‌ویه‌كانیان به‌رده‌وامن، به‌ڵام هه‌ندێك ناوچه‌  كه‌ نه‌توانراوه‌ كۆنترۆڵ بكرێته‌وه‌ له‌سنوری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیدایه‌و ئه‌وان ڕایانگه‌یاندوه‌ خۆیان كۆنترۆڵی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌".

 

له‌سنوری‌ قه‌زای‌ داقوقی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌شه‌ڕی 19ی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ شه‌ش گوند كۆنترۆڵكرده‌وه‌، شه‌ڕه‌كه‌ دوای بۆردومانێكی چڕی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان‌‌و تۆپخانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیپێكرد له‌ماوه‌ی‌ نۆ كاتژمێردا گونده‌كان كۆنترۆڵكرانه‌وه‌و به‌پێی‌ راگه‌یاندنی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ر له‌وێ‌ (ئه‌بو قه‌مبه‌ر) ئه‌میری‌ داعش‌و كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌داقوق كوژراوه‌.

 

سه‌رچاوه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار مانگی‌ رابردوودا نزیكه‌ی 95 كیلۆمه‌تر خاكی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش سه‌ندراونه‌ته‌وه‌ .

 

فه‌رمانده‌ی لیوای نۆی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان عه‌مید ڕوكن ئاراس عه‌بدولقادر به‌"نیقاش"ی وت "داعش له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوو له‌ته‌واوی‌ سنوره‌كانی‌ كه‌ركوك دوور خرایه‌وه‌و مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ هێرشی‌ فرۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانان‌و پلانه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، كه‌ له‌ئه‌نجامدا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر نه‌هێشتنی‌ هێزی‌ هێرش بردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعش هه‌بووه‌".

 

عه‌مید ڕوكن ئاراس عه‌بدولقادر ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی تر به‌رده‌وام ده‌بن تاكو سه‌رجه‌م سنوره‌كان له‌چه‌كدارانی داعش پاك ده‌كرێنه‌وه‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی‌ پێشمه‌رگه‌ باس له‌كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ تواناكانی‌ داعش ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ له‌مه‌یدانی‌ جه‌نگدان باش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ داعش هێزێك نییه‌ گه‌ڵته‌ به‌تواناكانی‌ بكرێت‌و ناكرێت لێی‌ خه‌مساردبن.

 

ئه‌فسه‌رێكی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی‌ مافی‌ لێدوان ناوی‌ خۆی‌ نه‌دركاند به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش وه‌ك ماری‌ سڕ وایه‌، هه‌ر كاتێك بێت گورزی‌ خۆی‌ ده‌وه‌شێنێت، بۆیه‌ نابێت بێخه‌م بین، ئه‌و ئه‌زموونانه‌ش زۆرن كه‌ داعش له‌غه‌فڵه‌تدا په‌لاماری‌ داوه‌".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ داعش هه‌موو كارته‌كانی‌ ده‌ستی‌ له‌كه‌ركوك سووتاون، به‌ڵام هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ هێشتا ژماره‌یه‌كی‌ قورسه‌و ناتوانرێت له‌ده‌ست داعش بسه‌نرێته‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا بۆته‌ گرێكوێره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ گوندی به‌شیری‌ شیعه‌ نشینه‌ (25 كیلۆمه‌تر له‌باشوری كه‌ركوك)، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند جارێك هێرشی‌ بۆ براوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ داعش له‌وێ‌ هه‌ڵبكه‌ندرێت.

 

محه‌مه‌د به‌یاتی سه‌ركرده‌یه‌كی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند :"به‌هۆی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كه‌ جموجۆڵی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ زه‌حمه‌تكردووه‌، نه‌توانراوه‌ به‌شیر كۆنترۆڵبكرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌  له‌گرتنه‌وه‌ی‌ گوندی‌ به‌شیردا هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پێشمه‌رگه‌دا نیه‌، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگدا سیانزه‌ هێرشی‌ بۆ كراوه‌و سه‌رجه‌میان بێئه‌نجام بوون".

 

گوندی‌ به‌شیر زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ توركمانی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن، به‌وته‌ی‌ به‌یاتی‌ داوایان له‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ كردوه‌ چه‌كی‌ قورس بداته‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ تاكو گونده‌كه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ چه‌كدارانی‌ داعش ده‌ربهێنرێت، تا له‌وێشه‌وه‌ پلانی‌ لاوازتركردنی‌ داعش بگیرێته‌ به‌ر.

 

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌یان بۆ "نیقاش" ئاشكرا كرد كه‌ رۆژی‌ 29ی‌ نیسان ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌‌و پارێزگاری‌ كه‌ركوكیان راگه‌یاندووه‌: چه‌كداره‌كانی داعش به‌نیازن له‌ناوچه‌كانی خۆرئاوای كه‌ركوك به‌ره‌و موسڵ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر هاتوو هێزه‌كانیان هێڵی به‌رگریشیان له‌ده‌ستدا.

 

رۆژێك دوای‌ پێدانی‌ ئه‌و زانیارییه‌ كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراقدا (30ی نیسانی 2014)، نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

 

له‌و په‌یامه‌دا ئاشكرای‌ كرد: "به‌منزیكانه‌ گوندی‌ به‌شیر ئازاد ده‌كرێت‌و قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی كه‌ركوك، ئێوه‌ داعشتان خسته‌ ژێر پێتانه‌وه‌و پێتان ده‌ڵێین دڵنیابن دوا ڕۆژ بۆ ئێوه‌یه‌".

 

زۆرێك له‌چاودێران وه‌ها ئه‌م په‌یامه‌ی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ بیه‌وێت ده‌رفه‌ت له‌لاوازبوونی‌ داعش ببینێت‌و به‌ئاراسته‌ی‌ ناوچه‌كه‌كانی‌ ئه‌وان له‌خوارووی‌ كه‌ركوك هێرش بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ روون نییه‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و هێرشانه‌ ئه‌گه‌ر كرا، چی‌ ده‌بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌