راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعش له‌ئه‌نبار گورزی‌ خۆیان وه‌شاند

موسته‌فا حه‌بیب
هه‌فته‌ی‌ رابردوو داعش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ شاری‌ رومادی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ ئه‌نباری‌ گرته‌ ده‌ست، ئه‌م…
23.04.2015  |  به‌غدا
نازحون من الرمادي يحاولون الفرار من المدينة والمتطرفين
نازحون من الرمادي يحاولون الفرار من المدينة والمتطرفين

زیاتر له‌ ده‌ رۆژه‌ شه‌ڕێكی‌ قورس له‌رومادی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌م شاره‌ش له‌گه‌ڵ حه‌دیسه‌ تاكه‌ دوو شارێكی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبارن كه‌ تائێستا به‌ده‌ست حكومه‌ته‌وه‌ ماون، بۆیه‌ داعش هه‌موو توانای‌ سه‌ربازی‌‌و هه‌واڵگری‌ خۆی‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنیان.

پاش ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ تكریتی‌ له‌ده‌ست داعش سه‌نده‌وه‌و رایگه‌یاند كه‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ ئه‌نبار ده‌ست پێده‌كات، كه‌چی‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌نگاوێك بنێ‌، داعش ده‌رفه‌تی‌ هێناو به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو په‌لاماری‌ رومادی‌ دا، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێكی‌ كه‌مدا ناوچه‌كانی‌ "ئه‌لبوفراج"‌و "ئه‌لبوعیسه‌"‌و "سۆفیه‌"ی‌ باكورو خۆرئاوای‌ شاره‌كه‌ی‌ گرته‌ ده‌ست.

سه‌ره‌تای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ داعش بۆ سه‌نگه‌ری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كان بوو كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ "سجاریه‌"ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ رومادی‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، پاش چه‌ند كاتژمێرێكی‌ كه‌م ژماره‌یه‌ك له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ كه‌وتنه‌ هاواركردن‌و رایانگه‌یاند داعش به‌هێزێكی‌ زه‌به‌لاحه‌وه‌ رووی‌ له‌وێ‌ كردووه‌، بۆیه‌ به‌په‌له‌ گروپه‌ شیعه‌كان پاشه‌كشه‌یان كرد.

محه‌مه‌د داودی‌ كه‌ پله‌ی‌ نه‌قیبه‌ له‌سوپادا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "گروپه‌ شیعه‌كان فێڵیان لێكراوه‌، دواتر ده‌ركه‌وت هێزه‌كه‌ی‌ داعش گه‌وره‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ واته‌واتی‌ درۆیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش سه‌ر به‌تیمی‌ هه‌واڵگری‌ داعش بوون كه‌ ئێمه‌ به‌شانه‌ی‌ نوستوو ناویان ده‌به‌ین".

ئه‌م رووداوه‌ دواتر له‌ناوچه‌كانی‌ "ئه‌لبوعیسه‌"‌و "ئه‌لبوفراج"‌و "ته‌ئمیم" دووباره‌ بوونه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ واته‌ واته‌وه‌ خه‌ڵكی‌ رومادی‌ به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵهاتن، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ به‌غدا نه‌یانهێشت خه‌ڵكه‌كه‌ بچنه‌ ناو به‌غداوه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ هه‌ر كه‌سێكی‌ هه‌ڵاتوو ده‌بێت له‌به‌غداوه‌ كه‌فیلێك بچێت به‌هانایه‌وه‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ بزانرێت، تا داعش خۆی‌ تێكه‌ڵكی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ناكات.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ فه‌رمیدا رایگه‌یاند كه‌ نزیكه‌ی‌ 90 هه‌زار ئاواره‌ له‌رومادییه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون‌و به‌پێ كه‌وتوونه‌ته‌ رێ‌و ئێستاش له‌بارودۆخێكی‌ سه‌ختدا ده‌ژین له‌بازگه‌كانی‌ به‌غداو پێویستیان به‌نان‌و ئاوا.

له‌راستیدا هه‌ڵهاتنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌هۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ واته‌واته‌وه‌ بووه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ داعش ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌شه‌ڕ پێی‌ نه‌كرا، له‌رێی‌ ده‌نگۆی‌ درۆوه‌ كردی‌.

سه‌لمان محه‌مه‌دی‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ ته‌ئمیمی‌ رومادی‌ كه‌ ئێستا له‌چادرێكدا نیشته‌جێیه‌ له‌نزیك به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "شانه‌ نوستووه‌كان ئێمه‌یان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند‌و درۆی‌ ئه‌وه‌یان كرد كه‌ داعش گه‌یشتووه‌و ده‌كوژرێین، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌په‌له‌ هه‌ڵهاتین".

سه‌لمان وتیشی‌ "له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌وردی‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م درۆیه‌ كرابوو، چونكه‌ كه‌ داعش هێرشی‌ كرد خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ كه‌مێك ده‌ترسان، به‌ڵام كه‌ واته‌وات بڵابووه‌وه‌ ترسه‌كه‌ زیادی‌ كردو خه‌ڵكی‌ هه‌ڵهاتن، كه‌چی‌ تائێستا داعش ناوچه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ كۆنترۆڵ نه‌كردووه‌".

هه‌ندێ‌ له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ زوو له‌درۆكه‌ تێگه‌یشتن‌و گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، ئه‌وه‌یان پێ باشتر بوو، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو چادردا به‌بێ‌ ئاوو كاره‌با بژین، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیان دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ باكوری‌ رومادی‌ ئازاد بكه‌نه‌وه‌.

چه‌ند مانگێكه‌ داعش ده‌یه‌وێت رومادی‌ داگیر بكات، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتی‌ سوپا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ وایكردووه‌ تائێستا نه‌توانێت بگاته‌ ئه‌و ئامانجه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ رایان نه‌كردووه‌، چونكه‌ دڵنیان له‌وه‌ی‌ داعش ناتوانێ‌ ده‌ستی‌ پێیان بگات، بۆیه‌ ئه‌و گروپه‌ كه‌وته‌ شه‌ڕی‌ ده‌رونی‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ترس‌و دڵه‌راوكێ‌ له‌رێی‌ ده‌نگۆی‌ ناڕاست‌و واته‌واته‌وه‌.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان داعش چه‌ند كه‌سێكی‌ هه‌واڵگری‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌نهێنی‌ هاوكاریی‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن‌و له‌به‌رچاوی‌ خه‌ڵكیشدا كاری‌ ئاسایی‌ خۆیان ده‌كه‌ن‌و خاوه‌ن پیشه‌ یان فه‌رمانبه‌ری‌ مه‌ده‌نی‌‌و ته‌نانه‌ت ئه‌منیشن.

كاری‌ ئه‌ندامانی‌ گروپی‌ "شانه‌ نوستووه‌كان" كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌ وه‌ك زانینی‌ ژماره‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و خاڵه‌كانی‌ پشكنین‌و ماڵی‌ ئه‌ندامانی‌ گروپه‌ ئه‌منییه‌كان، ئه‌م زانیارییانه‌ ده‌گه‌یه‌نن به‌داعش‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ده‌نگۆی‌ ناڕاست بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و كاتانه‌ شانه‌ نوستووه‌كان چالاك ده‌بن كه‌ داعش شاره‌كه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست، چونكه‌ هه‌ر كه‌ چه‌كدارانی‌ داعش شاره‌كه‌یان جێهێشت‌و به‌ره‌و په‌لاماردانی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ تر چوون، ئه‌م شانه‌ نوستووه‌نه‌ ده‌بنه‌ به‌رپرسی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ شاره‌كان.

ئه‌فسه‌رێكی‌ هه‌واڵگری‌ عێراقی‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت به‌هۆی‌ نهێنی‌ زانیارییه‌كانه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی‌ كه‌ ئه‌فسه‌ره‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی‌ داعش كردوویانه‌ زۆر زانیاریی‌ گرنگی‌ له‌باره‌ی‌ شانه‌ نوستووه‌كانه‌وه‌ بۆ ئاشكرا كردووین".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ده‌ڵێت "ئه‌ندامانی‌ شانه‌ نوستووه‌كان سێ‌ جۆرن، یه‌كه‌میان كاره‌كانیان سڕكراوه‌، دووهه‌میان كاریان ئه‌وه‌یه‌ بچنه‌ ناو هێزه‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان پله‌ی‌ سه‌ربازی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌، گروپی‌ سێهه‌میش كاریان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ ناڕاست‌و درۆیه‌".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ده‌ڵێت "له‌به‌غدا نزیكه‌ی‌ پێنج هه‌زار ئه‌ندامی‌ نهێنی‌ داعش هه‌یه‌ كه‌ كه‌س نایان ناسێت، به‌پێی‌ لیستێك له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ باڵاكانی‌ داعشه‌وه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه‌ش ناوی‌ خوازراویان دراوه‌تێ‌ تا ئه‌گه‌ر لیسته‌كه‌ش كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ئه‌وا خۆیان ئاشكرا نه‌بن".

حكومه‌ت ئێستا هیچ چاره‌یه‌كی‌ پێ نییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعش‌و زیاتر رێگه‌چاره‌ی‌ سه‌ربازی‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ تائێستا بێئه‌نجام بووه‌.

چاودێران پێیان وایه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت پێویسته‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ هه‌واڵگری‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا بڵاوبكاته‌وه‌ بۆ چاودێریكردنی‌ ناوچه‌كان، هاوكات هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌دا ببه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر زانیارییه‌كیان ده‌ستكه‌وت هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌‌و رێ به‌چالاكبوونی‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعش نه‌ده‌ن.