راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ پاراستنی‌ هه‌رێم
ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق گوێی‌ له‌هه‌رێم بگرتایه‌، داعش به‌م شێوه‌یه‌ گه‌وره‌ نه‌ده‌بوو

شاڵاو محەمەد
به‌و پێیه‌ی‌ داعش بووه‌ته‌ دراوسێیه‌كی‌ "ره‌ززاگران"ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئێستا ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌زگا…
9.04.2015  |  هه‌ولێر
Nazhat Hali, head of the Protection Department of the Kurdish Protection and Intelligence Agency, in Erbil.
Nazhat Hali, head of the Protection Department of the Kurdish Protection and Intelligence Agency, in Erbil.

نه‌زهه‌ت حالی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ پاراستن له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تی‌ "نیقاش"دا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زیانی‌ سه‌ره‌كی‌ شه‌ڕی‌ داعش بۆ كوردو سوننه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ناوبردنی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستی‌ هاوڵاتیانی‌ سوننه‌ی‌ عێراق بێت.

ده‌زگای‌ پاراستن دامه‌زراوه‌ی‌ فه‌رمی‌ هه‌واڵگرییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌شێكه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانكه‌ مه‌سرور بارزانی‌ كوڕی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، سه‌رۆكایه‌تی‌ ئاژانسه‌كه‌ ده‌كات.

نه‌زهه‌ت حالی‌ كه‌ ئێستا خۆی‌‌و تیمه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌جاران سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیارین له‌سه‌ر داعش، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند سه‌ركرده‌و هه‌ڵسوڕاوێكی‌ گرنگی‌ داعش له‌ناو براون، به‌ڵام ئه‌و رێكخراوه‌ توانای‌ هێرشبردنی‌ له‌ده‌ست نه‌داوه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌په‌لاماردان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ورده‌ی‌ چه‌كداره‌كانی‌.

له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ "نیقاش"دا نه‌زهه‌ت حالی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێش گرتنی‌ موسڵ زانیارییان به‌به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ داعش په‌لامار ده‌دات، به‌ڵام گوێیان لێنه‌گیراوه‌و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق گوێی‌ له‌هه‌رێم بگرداته‌، داعش به‌م شێوه‌یه‌ گه‌وره‌ نه‌ده‌بوو.

نیقاش: شه‌ڕی‌ داعش‌و ئاڵۆزی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ ده‌زگاكه‌ی‌ ئێوه‌ی‌ نه‌گۆڕیوه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: خۆی‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئاژانسی پاراستن كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگرییه‌ له‌چوارچێوه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگریش، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌ له‌بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا.

نیقاش: زۆرجار به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌ترسی‌ ئه‌منی‌ به‌دواوه‌یه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاژانسی‌ پاراستن چی‌ ده‌كات؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: بێگومان زۆربوونی‌ ئاواره‌كان مه‌ترسی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تیرۆریستان‌و خه‌ڵكی خراپ له‌ژێر ناوی ئاواره‌ خۆیان بخزێننه‌ ناو هه‌رێم، هه‌ر بۆیه‌ش به‌هاتنی ئاواره‌كان گوشار بۆسه‌ر ده‌زگا ئه‌منی‌و هه‌واڵگرییه‌كان دروستبووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌كوردستان به‌ڵكو له‌هه‌موو وڵاتێك باوه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌رگرتنی رێكاری ئه‌منی له‌نیشته‌جێبوون‌و هاتوچۆكردن توانراوه‌ تاڕاده‌یه‌كی باش ئاسایشی هه‌رێم دابین بكرێت‌و ڕه‌چاوی پاراستنی مافی په‌نابه‌رانیش بكرێت.

نیقاش: پاش ڕوداوه‌كانی 10ی حوزیرانی‌ ساڵی‌ ڕابردوو، هه‌ڵوێستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و ناوه‌نده‌ ئه‌منی‌و سه‌ربازیه‌كانی كوردستان زیاتر ته‌ماشاكه‌رانه‌و به‌رگریكاری بوو به‌رده‌وام ڕایانده‌گه‌یاند شه‌ڕی داعش ڕووی له‌كورد نیه‌، به‌ڵام به‌دوو مانگ دوای‌ ئه‌وه‌ ئاگری داعش رووبه‌ڕووی كورد بوه‌وه‌، به‌كورتی روونبوه‌ته‌وه‌ له‌ئێستادا ستراتیژی داعش چیه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له‌عێراق تێكه‌ڵ به‌هه‌ندێك بابه‌تی سیاسی‌و ئیداریی بووه‌، سه‌رنه‌كه‌وتنی مالیكی له‌رووی سیاسی‌و ئیداریه‌وه‌و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی وه‌لانان‌و په‌راوێزخستنی پێكهاته‌كانی عێراق‌و په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان به‌تایبه‌تی له‌ناو هێزی سه‌ربازی عێراق، بووه‌ هۆی خێرا په‌ره‌سه‌ندنی داعش، سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانیش، ته‌ماشاكا‌ر نه‌بوو به‌ڵكو سیاسه‌تی به‌رگریكاری گرتبووه‌ به‌ر، هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌ بوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان نه‌یده‌ویست‌و تائێستاش نایه‌وێت كوردو هه‌رێمی كوردستان ببێت به‌به‌شێك له‌كێشه‌ی مێژوویی نێوان سوننه‌و شیعه‌ كه‌ ئێستا زۆر قوڵتر بۆ‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ستراتیژیه‌تی داعشیش، پێموایه‌ ئه‌وان له‌م قۆناغه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌زانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنن‌و ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستیشی‌ بهێنن سه‌ركه‌وتنی كاتی‌و بچوكن، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بن له‌هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانیان، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی شكست‌و خاڵه‌ لاوازه‌كانی خۆیانی پێ بشارنه‌وه‌و وره‌ی چه‌كدارانیانی‌ پێ به‌رز بكه‌نه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها له‌هه‌مانكاتدا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ئه‌نجامدان‌و پیشاندانی كرده‌وه‌ تیرۆریسته‌كانیان بۆ ترساندنی خه‌ڵك.

نیقاش: لێدوانی جۆراوجۆر ده‌بیسترێت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌و وڵات‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له‌ پشت داعشه‌وه‌ن، زانیاری‌ هه‌واڵگری‌ ئێوه‌ چییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: پێویسته‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌به‌ڵگه‌ بسه‌لمێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین چ لایه‌نێك هاوكاری داعشی كردووه‌، بۆیه‌ ناتوانم ناوی هیچ لایه‌نێك بهێنم، به‌ڵام گومان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ لایه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان داعش به‌كار بهێنن لێره‌ ته‌نیا ده‌توانم بڵێم كه‌ زیانی سه‌ره‌كی داعش كه‌ به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ئیسلام‌و موسڵمانان‌و مرۆڤایه‌تی بووه‌و به‌تایبه‌تی بۆ كوردو دواتر خودی عه‌ره‌بی سوننه‌ بووه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی تێكدانی ژێرخانی ناوچه‌ سوننیه‌كان له‌سوریاو‌ عێراق.

نیقاش: زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ هه‌واڵگری‌و سه‌ربازیه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌كداری‌ زۆری‌ بیانی‌‌و فره‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ناو داعشدا هه‌یه‌، ئایا ئه‌و بابه‌ته‌ لای ئێوه‌ به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لمێندراوه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: هه‌م زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانمان‌و هه‌م له‌ئه‌نجامی شه‌ڕوپێكدادانی نێوان پێشمه‌رگه‌و تیرۆرستان، ئه‌وه‌ سه‌لمێندراوه‌ كه‌ چه‌كداره‌كان له‌نه‌ته‌وه‌و وڵاتی جیاواز‌ په‌یوه‌ندییان به‌م رێكخراوه‌ كردووه‌.

نیقاش: ئه‌ی‌ چه‌ند كورد له‌ناو داعشدا هه‌یه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: ئه‌و كوردانه‌ی له‌ناو ریزه‌كانی داعشن، هه‌موویان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نین، به‌ڵكو كوردی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانن. (ئاماده‌نه‌بوو ژماره‌ی‌ چه‌كداره‌ كورده‌كان ئاشكرا بكات).

نیقاش : زۆرجار باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ تاچه‌ند ساڵێكی‌ تریش ناتوانرێ‌ داعش له‌ناو ببرێ‌، ئه‌ی‌ ئێوه‌ بۆچوونتان له‌و باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: درێژی یا كورتی ته‌مه‌نی داعش په‌یوه‌سته‌ به‌نه‌هێشتنی تواناو وشككردنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی، گورزه‌ ئاسمانییه‌كان‌و كوژرانی ئه‌ندامه‌ كاریگه‌رو هه‌ڵسوڕێنه‌ره‌كانی داعش، له‌لایه‌كی تریش پێموایه‌ پێویسته‌ ‌لایه‌نی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌عێراق‌و سوریا هان بدرێن‌و پاڵپشتی بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر زه‌وی شه‌ڕی داعش بكه‌ن، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ش زۆر له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش كه‌ ناوچه‌ی سوننه‌نشینن له‌‌ده‌ستی داعش ده‌رده‌هێنرێن‌و ته‌مه‌نی داعش كورت ده‌بێت‌و له‌وانه‌یه‌ هه‌ر نه‌مێنێت‌و ناوی خۆی بۆ رێكخراوێكی تر بگۆرێت، به‌ڵام رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌تیرۆرستان رزگاری نابێت و شه‌ری تیرۆر له‌و ناوچه‌یه‌ درێژخایه‌ن ده‌بێت.

نیقاش: كاریگه‌رییه‌كانی فراوانكردنی جوگرافیای گورزه‌ ئاسمانیه‌كان‌و به‌ئامانجگرتنی سه‌ركرده‌كانی داعش چی بوون؟ ئایا ده‌كرێ بڵێین ئێستا داعش هێزی هێرشبردنی به‌ته‌واوه‌تی له‌ده‌ستداوه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: كوژرانی سه‌ركرده‌كانی داعش ئینجا چ له‌ئه‌نجامی گورزه‌ ئاسمانییه‌كانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بێت یان به‌ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌ له‌لاوازكردنی داعش، به‌ڵام ناتوانین بڵێین داعش هێزی هێرشبردنی به‌ته‌واوی له‌ده‌ستداوه‌، تاكو ئێستاش له‌هێرشه‌كانی به‌رده‌وامه‌.

نیقاش: په‌لاماره‌كانی داعش، توانیویه‌تی نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێم بگۆرێت؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: پێموایه‌ له‌دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ دوای رزگاركردنی ناوچه‌كانیان زیاتر له‌جاران خۆیان به‌به‌شێك له‌هه‌رێـمی كوردستان داده‌نێن.

نیقاش: له‌م چه‌ند رۆژه‌دا زیاتر له‌جاران باس له‌به‌شداری‌ كورد ده‌كرێت له‌شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ، به‌شداری‌ كورد له‌مباره‌یه‌وه‌ چۆن ده‌بێت؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: ئه‌ركی ئازادكردنی نه‌ینه‌وا به‌ر له‌‌هه‌موو كه‌س‌و لایه‌نێك ئه‌ركی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وایه‌ نه‌ك هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ڕۆلی پاڵپشتی بگێرێت بۆ رزگاركردنی نه‌ینه‌وا گه‌ر داوا له‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێم بكرێت.

نیقاش: پێشتر وه‌كو ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری له‌هه‌رێمی كوردستان ئاشكراتانكرد كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی ناوه‌ندتان له‌ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ند پارێزگایه‌ك ئاگاداركردبۆوه‌، به‌ڵام پسپۆرانی ئه‌منی پێیانوایه‌ پێشكه‌وتن‌و پێشڕه‌وی داعش له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشبینیان ده‌كرد، بۆچوونی ئێوه‌ چیه‌؟

نه‌زهه‌ت حالی‌: ئه‌گه‌ر ئه‌و كات حكومه‌تی عێراق گوێی له‌زانیاری‌و رای سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم گرتباو رێكاری ئه‌منی پێویستی بگرتایه‌ به‌ر، داعش ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ی نه‌ده‌كردو ئاوها گه‌وره‌ نه‌ده‌بوو، پێشره‌وی داعش به‌هۆی به‌هێزی داعش نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و پاڵپشتییه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ بوو له‌پارێزگا سوننیه‌كانی عێراق بۆ داعش، كه‌ به‌داخه‌وه‌ داعشیان به‌رزگاركه‌ری خۆیان داده‌نا، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ داعش زیانی زۆری له‌و پێكهاته‌یه‌ داوه‌.