راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌به‌ك.. قوربانییه‌ له‌بیركراوه‌كانی‌ ده‌ستی‌ داعش

نەوزەت شەمدین
دوای‌ تسۆنامییه‌كه‌ی‌ داعش زیاتر له‌په‌نجا گوندی‌ شه‌به‌ك به‌ته‌واوی‌ چۆڵبوون‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بێلانه‌ دابه‌شبوون…
24.12.2014  |  به‌رلین
Displaced Shabaks in a shelter.
Displaced Shabaks in a shelter.

به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان دانیشتوانی‌ شه‌به‌كی‌ نه‌ینه‌وا ژماره‌یان ده‌گاته‌ سێسه‌د هه‌زار كه‌س‌و به‌سه‌ر 51 گوندا دابه‌شبوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێكیان ده‌كه‌ونه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ نیشته‌جێبوون كه‌ به‌شێوه‌ی‌ هیلالی‌ له‌ناو دۆڵی‌ نه‌ینه‌وادایه‌ ئه‌ویش له‌تلكێف له‌خۆرئاواوه‌ تا ده‌گاته‌ به‌عشیقه‌و به‌رته‌له‌و ئینجا قه‌زای‌ حه‌مدانییه‌ له‌خۆرهه‌ڵات.

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ شه‌به‌ك موسڵمانی‌ شیعه‌ن‌و زمانێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، هه‌نێكیان خۆیان به‌كوردو به‌شێكی‌ تریان خۆیان به‌عه‌ره‌ب ده‌زانن، تیایشیاندایه‌ كه‌ پێی‌ وایه‌ شه‌به‌ك بۆخۆی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌.

هه‌ر له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیان سێ‌ مه‌زارگه‌ی‌ ئاینی‌ پیرۆزیان هه‌یه‌ كه‌ رۆژانی‌ عاشورا‌و بۆنه‌كانی‌ تر ته‌واو قه‌ره‌باڵغ ده‌بن، ئه‌وانیش مه‌زاره‌كانی‌ "ئیمان زه‌ینولعابدین" له‌گوندی‌ عه‌لی‌ ره‌شی‌ ناحیه‌ی‌ به‌رته‌له‌و مه‌زاری‌ "ئیمام ره‌زا" له‌ناحیه‌ی‌ به‌عشیقه‌و مه‌زاری‌ "ئیمام عه‌باس" له‌ناوچه‌ی‌ شه‌لالات.

پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌حوزه‌یرانی‌ رابردوو داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵدا، ئیتر خه‌ڵكی‌ شه‌به‌ك تێگه‌یشتن چاره‌نووسیان ته‌واو رووبه‌رووی‌ مه‌ترسی‌ بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ ده‌ستیان لێ‌ نه‌پارێزراوه‌و لێیان ده‌كوژرێت، دوای‌ موسڵیش یه‌كه‌م شوێن كه‌ په‌لاماردرا گوندی‌ "عومه‌ر كان" بوو كه‌ چل گه‌نجی‌ شه‌به‌كیان تیا فڕێندراو تائێستا چاره‌نووسی‌ 35یان نادیاره‌، هه‌رچی‌ خێزانه‌كانیشه‌ ته‌نها به‌به‌رگی‌ به‌ریانه‌وه‌ هه‌ڵهاتن‌و موڵك‌و ماڵه‌كه‌یان داعش بووه‌ خاوه‌نی‌.

یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ی‌ شه‌به‌ك كه‌ له‌ده‌ست داعش هه‌ڵهاتووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات داعش پاش گرتنی‌ بردوویانه‌ته‌ خاڵی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ‌ پێشمه‌رگه‌و وه‌ك قه‌ڵغانی‌ مرۆیی‌ به‌كاریان هێناوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌لای‌ داعشه‌وه‌ شه‌به‌ك بێ‌ ئاینن‌و ده‌ڵێت "پێیان وانییه‌ هیچ سوننه‌یه‌ك له‌ناو شه‌به‌كدا هه‌بێت".

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ ناوی‌ خۆی‌ ئاشكرا نه‌كرد باسی‌ له‌وه‌ كرد دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ مۆڵگه‌كانی‌ داعش بۆردومانكراوه‌ خۆی‌ دزیوه‌ته‌وه‌و به‌ئاراسته‌ی‌ موسڵ‌ هه‌ڵهاتووه‌و له‌وێوه‌ خۆی‌ گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر پێش ئه‌وه‌ی‌ رێگای‌ نێوان ئه‌و دوو شاره‌ دابخرێت.

په‌لاماردانی‌ ئه‌و گونده‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ تۆقاندنی‌ دانیشتوانی‌ شه‌به‌كی‌ گونده‌كانی‌ تر، له‌مڕووه‌وه‌ موهه‌ند حاجی‌ مه‌حمود كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ شه‌به‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ دڵنیایی‌ دایه‌ خه‌ڵكه‌كه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ كه‌وتنی‌ شنگال متمانه‌مان نه‌ما به‌وه‌ی‌ پارێزراوبین".

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و گوندانه‌ زۆر هه‌رزان مه‌ڕوماڵاته‌كه‌یان فرۆشتووه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ بژێوی‌ ژیانیانه‌، پاش ئه‌وه‌ش نزیكه‌ی‌ 80%یان روویان كردووه‌ته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌قه‌زاكانی‌ به‌رده‌ره‌ش‌و ئاكرێ‌‌و كه‌ڵه‌كی‌ یاسین ئاغاو قه‌زای‌ شێخان‌و قه‌سرۆك‌و دهۆك‌و هه‌ولێرو سلێمانی‌ نیشته‌جێبوون‌و ژماره‌یه‌كی‌ كه‌میشیان به‌ره‌و باشووری‌ عێراق رۆیشتوون‌و چوونه‌ته‌ حلله‌.

موهه‌نه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هه‌زاران ته‌ن له‌حاسڵاتی‌ گه‌نم‌و جۆی‌ گوندانی‌ شه‌به‌ك كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش، له‌كاتێكدا خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ چاویان له‌سه‌ری‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ری‌ ماندووبوونیان بدورنه‌وه‌.

مه‌روان مه‌حمود نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس پێی‌ وایه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ تائێستا هه‌ڵمه‌تێكی‌ قڕكردنی‌ شه‌به‌ك له‌ئارادایه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 1300 كه‌سیان له‌موسڵ‌ كوژراون‌و ماڵه‌كانیان له‌به‌ری‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ عه‌تشانه‌و باب شه‌مس‌و قودس‌و كه‌رمه‌و عه‌ده‌ن ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌هه‌زاران خێزان كۆچ بكه‌ن‌و بچنه‌ كۆمه‌ڵگا نوێیه‌كان كه‌ له‌به‌ری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگاكه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ پێشمه‌رگه‌دا بۆیان دروستكراوه‌، له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند گوندێكی‌ تری‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ژیانی‌ شه‌به‌ك هه‌ر پارێزراو نه‌بووه‌و وه‌ك مه‌روان بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد "رووبه‌رووی‌ ده‌یان هێرش بوونه‌وه‌، گه‌وره‌ترینیان ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌ بوو كه‌ مزگه‌وتی‌ سه‌دره‌دینی‌ كرده‌ ئامانج‌و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌د كه‌س له‌نێوان كوژراوو برینداردا بوون".

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ گوندی‌ خه‌زنه‌ كه‌ دوو ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگر كاره‌كه‌یان كردو هه‌شتا كه‌س كوژران، هه‌روه‌ها ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆكوژی‌ ناو تازێخانه‌ی‌ مزگه‌وتی‌ ئۆرته‌ كه‌ حه‌فتا كه‌س به‌هۆیه‌وه‌ بوونه‌ قوربانی‌‌و چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ تر كه‌ به‌ده‌یان كوژراوو برینداریان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

دابه‌شبوونی‌ شه‌به‌ك به‌سه‌ر كوردو عه‌ره‌ب‌و سوننه‌و شیعه‌ به‌روونی‌ له‌كاتی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعشدا ره‌نگی‌ دایه‌وه‌، كاتێك حه‌نین قه‌دۆ په‌رله‌مانتاری‌ شه‌به‌كی‌ سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی‌ یاسا لیوایه‌كی‌ پێكهێناو چووه‌ پاڵ‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی‌ شیعه‌ له‌سه‌ر رێكخراوی‌ به‌در، هه‌روه‌ك په‌رله‌مانتارێكی‌ تری‌ شه‌به‌ك به‌ناوی‌ مه‌لا سالم هێزێكی‌ پێكهێناو چووه‌ پاڵ‌ پێشمه‌رگه‌.

محه‌مه‌د عه‌باس كه‌ چالاكوانێكی‌ شه‌به‌كه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ قوربانییه‌ له‌بیركراوه‌كانی‌ ده‌ستی‌ داعشین"‌و ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" باسكرد كه‌ هه‌موو قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ داعش له‌پێكهاته‌كانی‌ تر گرنگیان پێدراوه‌ ته‌نها شه‌به‌ك نه‌بێت.

محه‌مه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌به‌ك تاكه‌ كه‌مایه‌تین ئێستا خاوه‌نی‌ بستێك خاك نه‌بن پاش ئه‌وه‌ی‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌یاندا گرت‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێزدییه‌كان قه‌زای‌ شێخانیان هه‌یه‌ دوور له‌ده‌ستی‌ داعش، مه‌سیحییه‌كانیش ناوچه‌ی‌ ئه‌لقوشیان هه‌یه‌و هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ش له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ پێشمه‌رگه‌دایه‌.

محه‌مه‌د به‌بێهیواییه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ ته‌نانه‌ت پارچه‌ زه‌وییه‌كمان نییه‌ مردووه‌كانمانی‌ تیا به‌خاك بسپێرین".