به‌ره‌به‌یانییه‌كی زوو خۆم پێچایهو سوار ئۆتۆمبێل بووم به‌ره‌و شاری ره‌بیعه‌ی سنوری پاش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه چووه ناوی، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار نییه روو له‌وێ بكه‌م، چونكه پێنج جاری تر له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا بۆی چووم، به‌ڵام یه‌كه‌مجارمه به‌م شێوه‌یه بیبینم.
به‌ر له‌وه‌ی بچمه ئه‌وێ په‌یوه‌ندیم كرد به‌عه‌قید كارهسول كوردی ئه‌فسه‌ری هێزی سه‌فینی پێشمه‌رگه، ئه‌و دڵنیای كردمه‌وه كه ره‌بیعه به‌ته‌واوی پاككراوه‌ته‌وه "ئه‌مه‌ش پاش شه‌ڕێكی قورس كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه ده‌ستی پێكردووه".
ئێستا وه‌ك جاران رێگای نێوان دهۆكو ره‌بیعه بهزومماردا تێناپه‌ڕێت، چونكه هێشتا به‌شێك له‌رێگای زوممار به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه، بۆیه ده‌بێت رێگه‌یه‌كی درێژتر هه‌ڵبژێریت كه بهفیشخابوردا دهڕواتو ماوه‌كه‌ی دوو كاتژمێر‌و نیوه.
له‌و رێگایه‌دا چه‌ند گونێك هاته پێشمان كه ژیان تیایاندا ئاسایی بوو، دانیشتوانه‌كه‌شی كاری ئاسایی خۆیان ده‌كرد، هاوشێوه گوندی (سحێلا).
دانیشتوانی ئه‌م ناوچه‌یه تێكه‌ڵه‌یه‌كن لهكورو عه‌ره‌ب، له‌وێ عه‌شیره‌ته‌كانی كركرو میران‌و شمه‌ر نیشته‌جێن، گونده كورده‌كان زۆرینه‌یان قهرهباڵغنو هه‌رچی گونده عهرهبهكانیشه به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه ته‌واو چۆڵكراون‌و ته‌نها چه‌ند ئاژه‌ڵێكی به‌ره‌ڵا به‌جێماون.
له‌و رێگایه چه‌ندین دیمه‌نی جۆراوجۆرت ده‌كه‌وێته به‌رچاو وه‌ك ئۆتۆمبێلی سوتاوو خانووی رووخا‌و له‌به‌رئه‌نجامی بۆردومانی فرۆكه یان به‌بۆمب چاندنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می ئه‌و شه‌ڕه‌یه كه دوو مانگه له‌م ناوچه‌یه‌یه.
پاش گه‌یشتنم بهرهبیعه عه‌قید كارهسول پێشوازی كردین‌و بردینییه باره‌گاكه‌ی خۆیان، له‌رێگای به‌پێ رۆیشتنمان ته‌نها ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌م بینی كه به‌و ناوه‌دا بڵاوبووبوونه‌وه، له‌چه‌ند شوێنی ئه‌و شاره چۆڵه‌ش دوكه‌ڵی ئاگر به‌ئاسماندا ده‌چوو.
هه‌ر له‌وێ لیوا هه‌ڵگورد خزرم بینی كه فه‌رمانده‌ی سوپای سه‌فینه، ئه‌و وتی "ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌مان له‌هێرشی پاككردنه‌وه‌ی ره‌بیعه شه‌هیدبوون، چونكه داعش له‌ناو ماڵ‌و نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌كه‌دا شه‌ڕیان ده‌كرد".
له‌وه به‌دواوه له‌گه‌ڵ كارهسول به‌رێكه‌وتین به‌ره‌و ناو شاره‌كه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینیمان شارێكی چۆڵ بوو له‌خه‌ڵك، ته‌نها چه‌ند مریشك‌و ئاژه‌ڵێكی تر به‌دیده‌كران، له‌وێ بههاوهڵهكهم وت "ئه‌مه‌وێت نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌كه ببینم كه شوێنی شه‌ڕێكی گه‌وره بوو".
ئه‌وه‌ی له‌رێگا به‌دیمان كرد شارێكی پیس بوو كه زۆربه‌ی ده‌رگای ماڵه‌كان له‌سه‌ر پشت كرابوونهوهو زۆربه‌ی دیواره‌كانیش فیشه‌كیان پێوه بوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆگه‌نێكی زۆر بڵاوبووبووه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه نه‌خۆشخانه‌كه له‌دووره‌وه ئاڵای كوردستان به‌سه‌ر بارهگاكهیهوه ده‌بینرا.
نه‌خۆشخانه‌كه له‌سێ نهۆم پێكهاتبوو، ئه‌و باڵه‌خانه‌یه تازه دروستكرابوو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كانی ناوچه‌كه له‌خۆبگرێت، به‌ڵام وه‌ك كارهسول ده‌ڵێت به‌پێچه‌وانه‌وه بووه شوێنی شه‌ڕێكی خوێناوی.
یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌نزیكمانه‌وه وه‌ستابوو ته‌ماشای كردم‌و وتی "له‌م جێگه‌یه‌دا نزیكه‌ی بیست چه‌كداری داعش هه‌بوون كه به‌رگرییان ده‌كرد، به‌ڵام دواجار له‌گه‌ڵ بۆردومانی فرۆكه‌كان ههڵهاتنو ژماره‌یه‌ك ته‌رمیان له‌پاش خۆیان به‌جێهێشت"، به‌زه‌حمه‌تیش توانیمان به‌ناو بیناكه‌دا هاتوچۆ بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داروپهردووهكهی به‌سه‌ر یه‌كدا رووخابوو.
گرنگی شاری ره‌بیعه له‌وه‌دایه یه‌كێكه له‌خاڵه سنورییه‌كانی نێوان عێراق‌و سوریا، كارهسولیش ئاماژه‌ی به‌وه كرد به‌ری ئه‌وبه‌ری سنوره‌كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌دایه.
له‌وێوه به‌ره‌و خاڵه سنورییهكه رۆیشتین، رێگاكه ته‌نها پێنج خولهك بوو، لهبازگهكه دوو چه‌كدار وه‌ستابوون كه عه‌قید كارهسول گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كرد، زۆری نه‌خایه‌ند پیاوێكی ته‌مه‌ن 55 ساڵ هات به‌ناوی ئه‌كره‌م رمو كه به‌رپرسی مه‌رزی یهعریبهیه له‌دیوی سوریا، ئه‌ویش به‌زمانی كوردی سڵاوی لێكردین‌و وتی "باشن هه‌ڤاڵان".
له‌و كاته‌دا گوێمان له‌ده‌نگی بانگ بوو كه پرسیارم لهئهكرهم كرد له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه وتی "له‌دیوی ئێمه ژیان ئاسایی به‌رێوه ده‌چێت، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی داعش لهرهبیعه ده‌ركراون".
هه‌ر كه له‌دیوی سوریای مه‌رزه‌كه گه‌ڕاینه‌وه لهعهقید كارهسولم پرسی له‌باره‌ی شوێنی چه‌كدارانی داعش، له‌گه‌ڵ خۆی بردمی بۆ به‌ره‌ی پێشه‌وه له‌خوارووی ره‌بیعه كه پێشمه‌رگه له‌وێ سه‌نگه‌ریان لێدابوو، له‌وێ كارهسول به‌ده‌ست هێمای بۆ گوندێك كرد كه نزیكه‌ی كیلۆمه‌ترێك لێیانه‌وه دووربوو، وتی "ئه‌و گونده داعشی تێدایه".
یه‌كێك له‌پێشمه‌رگه‌كان دووربینێكی دامێ، ته‌ماشامكرد ئاڵای ره‌شی داعش به‌سه‌ر گوندهكهوهیه، له‌پڕ پێشمه‌رگه‌یه‌ك ته‌قه‌ی له‌ئۆتۆمبێلێك كرد كه له‌گونده‌كه ده‌سوڕایه‌وه، له‌وكاته‌دا كارهسول به‌رده‌وام بوو له‌قسه‌كانی وتی "پاش ئه‌م گونده ناحیه‌ی سنونی دێت (20 كیلۆمه‌تر له‌دووری ره‌بیعه)، ئه‌وه‌ش له‌چیای شنگارهوه نزیكه كه به‌چاو ده‌یبینین".
چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌و دیمه‌نانه‌م گرت كه لهرهبیعه بینیم، به‌ڵام ئه‌و وێنه‌یه‌ی له‌بیره‌وه‌ری خۆمدا چه‌سپاوه ئه‌وه‌یه ره‌بیعه شارێكی چۆڵه لهدانیشتوانهكهییو بۆنی شه‌ڕی لێدێت.