راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گاردی‌ نیشتیمانی‌ دواهه‌وڵ‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی‌ شكۆی‌ سوپای‌ عێراق

موسته‌فا حه‌بیب
به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك رێوشوێنه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ نوێی‌ ئه‌منی‌ له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان ده‌ستی‌ پێكرد به‌ناوی‌…
25.09.2014  |  به‌غدا
Volunteers on the streets of Baghdad who have responded to the call to defend Iraq.
Volunteers on the streets of Baghdad who have responded to the call to defend Iraq.

له‌یه‌كێك له‌بینا قایم‌و توندوتۆڵه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ‌ به‌ده‌یان فه‌رمانبه‌ر سه‌رقاڵی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ شاره‌كه‌یانن كه‌ له‌رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانیشدا ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگار خه‌ریكی‌ رزگاركردنی‌ ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ ده‌ستی‌ پێی‌ بگات.

چه‌ند رۆژێكه‌ ئه‌م فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌پاڵ‌ كاره‌كه‌ی‌ خۆیاندا كه‌ بریتییه‌ له‌تۆماركردنی‌ ناوی‌ ئاواره‌كان‌و پێدانی‌ هاوكاری‌ مرۆیی‌، كارێكی‌ تریش راده‌په‌ڕێنن كه‌ ئه‌ویش به‌قسه‌ی‌ یه‌كێك له‌فه‌رمانبه‌ره‌كان بریتییه‌ له‌"تۆماركردنی‌ ناوی‌ خۆبه‌خشان بۆ سوپایه‌كی‌ نوێ‌ به‌ناوی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌".

له‌نێوانی‌ هه‌ولێرو موسڵ‌ ناوه‌ندێكی‌ تایبه‌ت كراوه‌ته‌وه‌ بۆ راهێنانی‌ ئه‌م هێزه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ فه‌رمانده‌كانی‌ پێشووی‌ سوپای‌ عێراق ئه‌وانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵن، دیارترین كاریشیان بریتی‌ ده‌بێت له‌رزگاركردنی‌ شاره‌كه‌یان له‌ده‌ست داعش كه‌ تائێستاش به‌یاساكانی‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات.

له‌ئه‌نباری‌ خۆرئاوای‌ عێراقیش كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا رێوشوێنه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ ئه‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌یان ته‌واوكردووه‌و 10 هه‌زار كه‌سیان ده‌ستنیشان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ گاردی‌ نیشتیمانییه‌وه‌.

هه‌رچی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینیشه‌ چاوه‌ڕێی‌ كه‌شێكی‌ له‌بار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان دروست بكه‌ن، بۆ دیاله‌ بارودۆخه‌كه‌ جیاوازه‌، چونكه‌ به‌هه‌زاران چه‌كداری‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌ناوچه‌ سوننی‌‌و شیعه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ موسڵ‌‌و تكریت‌و ئه‌نبارو سوپا به‌بێ‌ شه‌ڕ هه‌ڵهات، ئیتر بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ ئه‌منی‌ نوێ‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك سه‌ریهه‌ڵدا، چونكه‌ خه‌ڵك ته‌واو بێزار بوبوون له‌هه‌ڵسوكه‌وتی‌ سوپای‌ پێشوو كه‌ جگه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی‌ خراپی‌، شاره‌كه‌یانی‌ به‌بێ‌ شه‌ڕ دایه‌ ده‌ست داعش.

پێكهێنانی‌ ئه‌م هێزه‌ یه‌كێك بوو له‌به‌شه‌كانی‌ كارنامه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ كه‌ له‌دوای‌ ده‌نگدان به‌كابینه‌كه‌ی‌ له‌په‌رله‌مان رایگه‌یاند "ده‌بێت ئارامی‌ بچه‌سپێنرێت‌و پاڵپشتی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و پرۆژه‌ی‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ نیشتیمانی‌ بكرێت، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ بدرێت به‌ئه‌زموونی‌ پشتیوانی‌ میللی‌و پێكهێنانی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك‌و پاڵپشتی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌".

له‌راستیدا سێ‌ ئامانجی‌ پۆزه‌تیڤ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێزه‌ نوێیه‌ ده‌توانێت بیهێنێته‌ دی‌، ئه‌وانیش رزگاركردنی‌ شكۆ‌و ناووناوبانگی‌ سوپا له‌تۆمه‌تی‌ تایفی‌، كۆتایی‌ هێنان به‌كاری‌ میلیشیا شیعه‌و سوننه‌كان، بنیادنانی‌ بنكه‌یه‌كی‌ به‌هێز بۆ هێزه‌ وشكانییه‌كان كه‌ كاری‌ بۆردومانی‌ ئه‌مه‌ریكاو چه‌ند وڵاتێكی‌ ئه‌وروپی‌ بۆ سه‌ر داعش ته‌واو ده‌كات.

زۆر ده‌گمه‌نه‌ دانیشتوویه‌كی‌ پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان ببینیته‌وه‌ كه‌ ستایشی‌ سوپا بكات، چونكه‌ سه‌رجه‌میان ئه‌و سوپایه‌ به‌تایفی‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ربازو ئه‌فسه‌رانی‌ سوپا له‌ئه‌نبارو موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین‌و به‌غداو دیاله‌و بابل له‌پارێزگا شیعه‌نشینه‌كانی‌ باشووره‌وه‌ هاتوون.

عه‌قید عه‌زیز روبه‌یعی‌ كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ ئه‌نبارو موسڵ‌‌و بابل بووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ رقیان لێمانه‌و تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ تایفین‌و میلیشیای‌ ئێرانین.. ئه‌مه‌ش كاری ئێمه‌ی‌ قورس كردووه‌، چۆن ده‌توانین ناوچه‌یه‌ك له‌ده‌ست داعش پاكبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ رقیان لێمان بێت".

ئه‌م عه‌قیده‌ پێده‌چێت گه‌شبین بێت به‌پێكهێنانی‌ هێزی‌ ئه‌منی‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هێزه‌ نوێیه‌كه‌ به‌تایفی‌ تۆمه‌تبار ناكرێن، چونكه‌ له‌هه‌مان ناوچه‌ن‌و شوێنی‌ تیرۆریسته‌كان ده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر هاوكاری‌ ئێمه‌شیان ویست ده‌چین به‌ده‌نگیانه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك رقی‌ لێمان بێته‌وه‌، چونكه‌ هێزه‌كه‌ی‌ خۆیان داوایكردووه‌".

بڕیار وایه‌ هێزی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ گرێبدرێته‌وه‌ به‌وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ حكومه‌تی‌ ئیتیحادییه‌وه‌ له‌رووی‌ موچه‌و پڕچه‌ككردنه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها فه‌رمان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا وه‌رده‌گرێت‌و ئه‌ركه‌كه‌شی‌ هه‌ر له‌ناو پارێزگادا ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ فالیح عیساوی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات.

عیساوی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خه‌ریكه‌ له‌ئه‌نبار كاری‌ پێكهێنانی‌ ئه‌و سوپایه‌ ته‌واو ده‌بێت، ده‌ هه‌زار كه‌س له‌خه‌ڵكی‌ ئه‌نبار خۆبه‌خشانه‌ ناویان تۆماركردووه‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ پڕچه‌ككردن هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكاش به‌ڵێنیان پێداوین چه‌كمان بده‌نێ‌".

پێكهێنانی‌ ئه‌م هێزه‌ له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان ره‌نگه‌ هاوسه‌نگی‌ تایفی‌ رابگرێت له‌ناو سوپای‌ عێراقیدا كه‌ سیاسه‌توانانی‌ سوننه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباری‌ ده‌كه‌ن تایفییه‌و زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ له‌شیعه‌ پێكهاتووه‌.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌پێی‌ رێكه‌وتننامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ كه‌ له‌نێوان عه‌بادی‌‌و ژماره‌یه‌ له‌به‌رپرسانی‌ پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌به‌غدا ئه‌نجام دراوه‌، هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ ناچێته‌ ژێر مه‌رجه‌كانی‌ یاسای‌ "ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس"ه‌وه‌‌و ئه‌فسه‌ره‌كانی‌ سوپای‌ پێشووی‌ لێ‌ دوور ناخرێته‌وه‌.

له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان به‌هه‌زاران ئه‌فسه‌ری‌ سوپای‌ پێشووی‌ عێراق هه‌یه‌ كه‌ ئه‌زموونێكی‌ دوورو درێژیان هه‌یه‌و زۆرینه‌یان له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو روسیا راهێنراون‌و شه‌ڕێكی‌ درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵ‌ ئێراندا كردووه‌، به‌ڵام له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ سه‌رجه‌میان خانه‌نشین كران‌و ئێستاش له‌رێی‌ گاردی‌ نیشتیمانییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

ئامانجێكی‌ تری‌ ئه‌م سوپایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ك ته‌نها له‌ده‌ستی‌ ده‌وڵه‌تدا بێت، چونكه‌ میلیشیا شیعه‌و سوننه‌كان ده‌چنه‌ ناو ئه‌م سوپایه‌وه‌و فه‌رمان له‌حكومه‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گرن نه‌ك سه‌رانی‌ میلیشیاكان.

له‌لای‌ شیعه‌وه‌ لانی‌ كه‌م پێنج میلیشیای‌ گه‌وره‌ چه‌كیان به‌ده‌سته‌ به‌بێ‌ هیچ رێوشوێنێك كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌"عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"، "سه‌رایا سه‌لام"ی‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در، "حیزبوڵای‌ عێراقی‌"، له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوی‌ به‌در، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ر داوای‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌مانه‌ ژماره‌یان زۆر زیاتره‌، به‌ڵام راهێنراو نین‌و زۆربه‌یان له‌خه‌ڵكی‌ بێكارن.

له‌لای‌ سوننه‌شه‌وه‌ شه‌ش گروپی‌ تر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌"ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ شۆڕشگێڕانی‌ عه‌شایر" ئه‌مه‌ له‌هه‌موویان گه‌وره‌تره‌، "سوپای‌ ئیسلامی‌"، "سوپای‌ موجاهیدین"، "پیاوانی‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌"، "كه‌تیبه‌كانی‌ سه‌وره‌ی‌ عه‌شیرن"، "ئه‌نسار ئیسلام".

دوا ئامانجی‌ گاردی‌ نیشتیمانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌م گروپه‌ سوننه‌و شیعاته‌ له‌یه‌ك سوپای‌ نیزامیدا رێكبخات بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، ئه‌م پلانه‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌و به‌رپرسانی‌ سوننه‌ له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتوون.

به‌پێی‌ پلانه‌كه‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش رزگار ده‌كه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك رووبه‌روویان نابێته‌وه‌، هه‌رچی‌ سوپای‌ عێراقییه‌ له‌پشته‌وه‌ پاڵپشتییان ده‌كات‌و فرۆكه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانی‌ ئه‌وروپیش له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆردومان ده‌كه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك پێیان وایه‌ بیرۆكه‌ی‌ پێكهێنانی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌ بێ‌ مه‌ترسی‌ نییه‌، هه‌ندێ‌ له‌سیاسه‌تمه‌داره‌كان له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌م هێزه‌ له‌پارێزگایه‌كه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر پارێزگاكه‌ی‌ دراوسێی‌‌و به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێت، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ سیاسه‌توانه‌كانیش گه‌شبینن، هیچ نادۆڕێنن ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ش تاقی بكه‌نه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو شتێكیان له‌گه‌ڵ‌ داعشدا تاقیكرده‌وه‌.