راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دواجار ئامرلی‌ گره‌وه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌

شاڵاو محەمەد
سێ‌ پێشمه‌رگه‌و ئه‌فسه‌رێكی‌ پۆلیسی‌ عێراقی‌ خێرا هه‌نگاویان به‌ره‌و ته‌پۆڵكه‌یه‌ك هه‌ڵهێنا كه‌ ئاڵای‌ داعشی‌…
4.09.2014  |  که‌رکووک
Children in Amerli celebrate the lifting of the siege of their town. Pic: Shalaw Mohammed
Children in Amerli celebrate the lifting of the siege of their town. Pic: Shalaw Mohammed

ئه‌و شوێنه‌ی‌ ئاڵاكانی‌ لێهه‌ڵواسرا دوا خاڵی‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش بوو له‌ئامرلی‌ كه‌ پاش 75 رۆژ گه‌مارۆدان، رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو له‌هێرشێكی‌ هاوبه‌شی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و میلیشیا شیعه‌كان‌و به‌پاڵپشتی‌ ئه‌مه‌ریكاو ئێران گه‌مارۆی‌ سه‌ر ناحیه‌كه‌ شكێنراو چه‌كدارانی‌ داعش وه‌ده‌رنران.

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ زانیان مه‌ترسی‌ داعشیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، ژماره‌یه‌ك ژن به‌هه‌لهه‌له‌ لێدان به‌ره‌و پیری‌ هێزه‌كه‌ چوون‌و له‌چه‌ند كۆڵانێكی‌ جیاجیاوه‌ ده‌نگی‌ ته‌قه‌ی‌ خۆشی‌ ده‌بیسترا.

ته‌نها یه‌ك رۆژ دوای‌ ده‌ركردنی‌ داعش له‌ئامرلی‌، په‌یامنێری‌ "نیقاش" چووه‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌و سه‌رنجی‌ دایه‌ ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی‌ به‌هۆی‌ گه‌مارۆی‌ شاره‌كه‌وه‌ به‌ده‌ستی‌ داعش به‌سه‌ر ئامرلیدا هاتووه‌.

ئامرلی‌ كه‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ دوزخورماتووی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینه‌، زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌توركمانی‌ شیعه‌ن له‌گه‌ڵ‌ كه‌مینه‌یه‌كی‌ كوردو عه‌ره‌بی‌ سوننه‌، له‌رۆژی‌ 15ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ داعش گه‌مارۆی‌ شاره‌كه‌ی‌ دابوو، له‌و كاته‌وه‌ تائێستا دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌رگرییان كردوو خۆیان نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌.

خه‌ڵكی‌ ئامرلی‌ ئه‌وه‌یان له‌لا روون بوو كۆنترۆڵكردنی‌ شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ مانای‌ مه‌رگی‌ حه‌تمی‌ ئه‌وانه‌، چونكه‌ داعش ئه‌زموونی‌ پێشووتری‌ له‌گه‌ڵ‌ ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كان هه‌یه‌ كه‌ چۆن دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌ناوبردووه‌و ماڵ‌‌و حاڵه‌كه‌ی‌ سوتاندوون.

خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ شه‌ڕی‌ 75 رۆژه‌ی‌ داعش ته‌واو شه‌كه‌تی‌ كردوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ ئاوو كاره‌باو خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ گیرۆده‌بوون، هێشتا به‌ته‌واوی‌ ترسی‌ داعشیان له‌دڵدا نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ ده‌ترسن له‌غه‌فڵه‌تدا په‌لامار بدرێنه‌وه‌.

رۆژی‌ 27ی‌ ئاب كاتێك مه‌رزیه‌ ئه‌فخه‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند دۆخی ئاسایشی ناحیه‌ی ئامرلی به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك تێكچووه‌و له‌و كاره‌ساته‌ بێده‌نگ نابن، ئیتر زۆركه‌س ئه‌وه‌یان له‌لا روون بووه‌وه‌ كه‌ ئێران گڵۆپی‌ سه‌وزی‌ بۆ سه‌ربازه‌كانی‌ هه‌ڵكردووه‌ تا به‌هانای‌ هاومه‌زهه‌به‌كانیانه‌وه‌ بچن.

فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ كورد كه‌ خۆی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ كردووه‌و داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئێران به‌ 200 ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازی‌‌و زیاتر له‌ 700 چه‌كداری‌ خۆبه‌خش‌و 24 راوێژكاری‌ سه‌ربازییه‌وه‌ به‌شداریكردووه‌و له‌و قۆڵه‌وه‌ بوون كه‌ پێشمه‌رگه‌ پێشڕه‌وی‌ تیاكردووه‌.

له‌پلانی‌ رزگاركردنی‌ ئامرلی‌ له‌ده‌ست داعش سوپاو پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌‌و پێشمه‌رگه‌و میلیشیا شیعه‌كان به‌شدارییان كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئێرانی‌ رۆڵی‌ تیادا هه‌بووه‌و فرۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاش چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان بۆردومان كردووه‌.

به‌قسه‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر ناحیه‌ی‌ ئامرلی‌ له‌سێ‌ قۆڵه‌وه‌ بووه‌، له‌كه‌ركوكه‌وه‌ هێزێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی‌ ئێرانیدا هێرشیان كردووه‌، له‌قۆڵی‌ ده‌شتایی‌ خورماتووه‌وه‌ سوپاو پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌ عێراقی‌‌و له‌ناحیه‌ی‌ سلێمان به‌گه‌وه‌ چه‌كدارانی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌گه‌ڵ‌ خۆبه‌خشه‌ ئێرانییه‌كان، له‌و كاته‌شدا فرۆكه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆردومانیان كردووه‌.

عه‌قید مسته‌فا حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتنی‌ ئامرلی‌‌و سه‌رپه‌رشتیاری‌ هێزه‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ نێو ناحیه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ ووت "به‌ر له‌شه‌ڕه‌كه‌ له‌چوارده‌وری‌ ناحیه‌ی‌ ئامرلی‌ خه‌نده‌ق لێدرابوو به‌پانی‌ 2 مه‌ترو قوڵی‌ 3 مه‌تر جگه‌ له‌دروستكردنی‌ ساتریش به‌به‌رزی‌ 5 مه‌تر، ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش نه‌توانن بێنه‌ ناو ناحیه‌كه‌، به‌ڵام به‌ته‌واوی‌ چوارده‌وری‌ خه‌نده‌قه‌كه‌یان له‌ژێر كۆنترۆڵدا بوو".

عه‌قید مسته‌فا وتیشی‌ "زۆر كات شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌وته‌ دوای‌ كاتژمێر 6ی‌ ئێواره‌وه‌، به‌ڵام دانیشتوانی‌ قه‌زاكه‌ تێكڕا به‌ره‌نگاریان ده‌بوینه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ نه‌بونی‌ كاره‌باو ئاوی‌ خواردنه‌وه‌و كه‌می‌ خۆراك زۆر كات مه‌ترسی‌ كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ لامان دروست ده‌كرد".

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتنی‌ ئامرلی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد رۆژانه‌ به‌تانك‌و هاوه‌نی‌ دور هاوێژو كاتیۆشا داعش ناحیه‌كه‌ی بۆردومان كردووه‌و وتی‌ "ئه‌و پۆلیسه‌ی‌ له‌ناو ناحیه‌كه‌ مابوونه‌وه‌ به‌پشتیوانی‌ خه‌ڵك به‌رگریان كرد، سوپای‌ عێراقیش له‌رێی‌ كۆپته‌ره‌وه‌ هاوكاریی‌ مرۆیی‌‌و سه‌ربازی‌ پێده‌گه‌یاندین".

كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ ئامرلی‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌ دابڕابوو، به‌تایبه‌تی‌ له‌دیوی‌ دووز خورماتووه‌وه‌، چونكه‌ ناحیه‌ی‌ سلێمان به‌گ به‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ بوو، بۆیه‌ وه‌ك فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان باسیده‌كه‌ن هیچ یه‌كێك له‌و هێزانه‌ نه‌یده‌توانی‌ به‌ته‌نها خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ رزگار بكات.

سه‌رهه‌د ئه‌حمه‌د فه‌رمانده‌ی سرییه‌ی یه‌ك فه‌وجی دووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ ئێستا له‌نێو ناحیه‌ی‌ سلێمان به‌گدان به‌"نیقاش"ی‌ وت "دوای‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ شه‌ش كاتژمێری‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌كدارانی‌ داعش توانرا سلێمان به‌گ له‌ده‌ست داعش پاكبكرێته‌وه‌و رێگای‌ كه‌ركوك به‌غدا بكرێته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رێگای‌ ئازادكردنی‌ ئامرلی‌ خۆشبوو".

دانیشتوانی‌ ئامرلی‌ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌حه‌ڤده‌ هه‌زار كه‌سه‌ ئه‌و دوومانگه‌ی‌ كه‌ داعش ده‌وره‌ی‌ دابوون ته‌واو گیرۆده‌ی‌ كردوون، به‌ڵام هێشتا قه‌باره‌ی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ روون نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ داعش به‌سه‌ر شاره‌كه‌یدا هێناوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ پزیشكی‌ له‌ناو ئامرلییه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "به‌هۆی‌ بۆردومانه‌وه‌ 19 كه‌س له‌ناو ئامرلی‌ كوژراون‌و 25 كه‌سی‌ تریش برینداربوون كه‌ دوان له‌كوژراوه‌كان ژنی‌ دوو گیانن، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 20 منداڵ‌ به‌هۆی‌ برسێتییه‌وه‌ مردوون"، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا ئه‌م ئامارانه‌ نافه‌رمین.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عادل شوكور به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی ئامرلی به‌"نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند "له‌ماوه‌ی‌ گه‌مارۆدانه‌كه‌دا چه‌ند جارێك پێداویستی‌ خۆراك‌و ته‌ندروستی‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ست دانیشتوانی‌ ناحیه‌كه‌، به‌ڵام له‌ئاستی‌ پێویست نه‌بووه‌، بۆیه‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ مرۆیی‌ روویانداوه‌".

عادل شوكور وتیشی‌ "به‌رزبونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رماو نه‌بوونی‌ ئاوو كاره‌با، كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌ی‌ مرۆیی‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌دا هێنا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام شاره‌كه‌ بۆردومان ده‌كرا".

بۆ هێزه‌ عێراقی‌‌و كوردییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن رزگاركردنی‌ ئامرلی‌ مانایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ هه‌م هه‌یبه‌تی‌ داعشیان له‌ناوچه‌كه‌دا شكاندووه‌و هه‌م به‌هه‌زاران كه‌سیان له‌مه‌ترسی‌ مردنی‌ مسۆگه‌ر رزگار كردووه‌.

رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كاربه‌ڕێكه‌ری‌ عێراق به‌كۆپته‌رێكی‌ سه‌ربازی‌ گه‌یشته‌ ئامرلی‌‌و له‌گه‌ڵ‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان كۆبووه‌وه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ی‌ راگه‌یاند "ئێوه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناحیه‌ی‌ ئامرلی‌ ته‌نیا نین‌و هێزه‌ ئاشتی‌ پارێزه‌كان ئیدی‌ ده‌تانپارێزن"، ئه‌مه‌ش به‌روونی‌ ده‌ریخست كه‌ چه‌نده‌ حكومه‌تی‌ عێراق رزگاركردنی‌ ئامرلی‌ به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌.

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌هه‌موو شت زیاتر به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ ئامرلییه‌وه‌ گرنگه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌و زوو به‌هاناوه‌چوونی‌ لێقه‌وماوه‌كانه‌.

عیسا عه‌نبه‌ر مامۆستای‌ قوتابخانه‌ی‌ جه‌وابری‌ ئامرلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رچه‌نده‌ له‌ده‌ست داعش رزگارمان بووه‌، به‌ڵام كۆمه‌كی‌ پێویست نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ خه‌ڵكی‌ لێقه‌وماوی‌ شاره‌كه‌".

له‌به‌رانبه‌ریشدا شه‌لال عه‌بدول قایمقامی قه‌زای‌ دوزخورماتوو به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "له‌زوترین كاتدا خزمه‌تگوزاریه‌كانی‌ ئاوو كاره‌باو پێداویستی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ ئامرلی‌".

رزگاركردنی‌ ئامرلی‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ شیعه‌ی‌ عێراق‌و به‌پشتیوانی‌ ئێرانی‌ شیعه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر هه‌ستی‌ مه‌زهه‌بی‌ له‌ناو دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ تۆخكردووه‌ته‌وه‌و له‌و ئاهه‌نگه‌ به‌رده‌وامانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ده‌یگێڕن ئاڵای‌ ره‌ش‌و سه‌وز كه‌ ناوی‌ ئیمام عه‌لی‌‌و حسه‌ینی‌ له‌سه‌ر نوسراوه‌ ده‌شه‌كێته‌وه‌.

ده‌رده‌سه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت دواجار خه‌ڵكی‌ ئامری‌ گره‌وه‌كه‌یان له‌داعش برده‌وه‌و نموونه‌یه‌كیان پێشكه‌شكرد كه‌ سوپای‌ عێراقی‌ به‌هه‌موو توانای‌ خۆیه‌وه‌ پێی‌ نه‌كرا.