راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئامرلی‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌ له‌رووی‌ داعشدا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌

ئەحمەد محەمەد
ئه‌وا بۆ حه‌فتا رۆژ ده‌چێت ناحیه‌ی‌ ئامرلی‌ شیعه‌نشین له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌…
21.08.2014  |  که‌رکووک
Demonstrators call on the government to help the besieged town of Amerli.
Demonstrators call on the government to help the besieged town of Amerli.

Tweet
//

ئامرلی‌ كه‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینه‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌توركمانی‌ شیعه‌ن، له‌رۆژی‌ 15ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌، كه‌چی‌ له‌و كاته‌وه‌ تائێستا به‌رگرییه‌كی‌ به‌هێز هه‌یه‌و رێگه‌ نادرێت داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا بگرێت.

یه‌كێك له‌دانیشتوانه‌ی‌ ئامرلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "چه‌ند جارێك داعش هێرشیان كردووه‌، به‌ڵام پۆلیس‌و خه‌ڵكه‌ خۆبه‌خشه‌كه‌ی‌ رێی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌یان لێده‌گرن"، به‌پێی‌ قسه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ تائێستا زیاتر له‌ 500 گولله‌ هاوه‌ن به‌ره‌و ناحیه‌كه‌ ته‌قێنراوه‌و چه‌ندین پارچه‌ چه‌كی‌ تریشیان به‌كارهێناوه‌.

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ ئامرلی‌ به‌شارو گونده‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش، وه‌ك ناحیه‌ی‌ سلێمان به‌گ، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و ناوچانه‌ دوو مانگ به‌ر له‌گیرانی‌ موسڵ‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بوون.

خه‌میس نیعمه‌ كه‌ له‌ئامرلی‌ نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌و كاره‌بایان لێبڕاوه‌و خوارده‌مه‌نیان نه‌ماوه‌، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵك وره‌یه‌كی‌ به‌رزیان هه‌یه‌‌و به‌رگرییه‌كی‌ پۆڵاین ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ ته‌ندروستی‌ ناگات، به‌ڵام هێشتا نه‌خۆشخانه‌كه‌ دانه‌خراوه‌".

شه‌لال عه‌بدول قائیمقامی‌ قه‌زای‌ خورماتوو رایگه‌یاند "خه‌ڵكی‌ ئامرلی‌ هه‌ڵوێستێكی‌ مێژووییان تۆماركردووه‌ له‌پارێزگاریكردن له‌ناحیه‌كه‌یان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆدراون".

شه‌لال به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش له‌م ماوه‌یه‌ی‌ رابردوودا شه‌ش جار هێرشی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر ناحیه‌كه‌، كه‌ 35 كم له‌خورماتووه‌ دووره‌، ئه‌و شه‌ش هێرشه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و چوار هێرشه‌ی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر خورماتوو سه‌رجه‌میان شكستیان هێناوه‌".

قائیمقامی‌ خورماتوو داوایكرد حكومه‌تی‌ عێراق‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاریكاری‌ یه‌كتر بكه‌ن بۆ شكاندنی‌ گه‌مارۆی سه‌ر ئامرلی‌، ئه‌مه‌ش به‌پشتیوانی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.

هه‌روه‌ها وتی‌ "پاش ئه‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراقی‌ ناحیه‌ی‌ عوزێمی‌ سه‌ر به‌دیاله‌ی‌ ئازادكرد، هیوامان وایه‌ ئامرلیش ئازاد بكرێت".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ مه‌هدی‌ سه‌ركرده‌و وته‌بێژ به‌ناوی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانیه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌موو لایه‌نه‌كان ئامرلیان فه‌رامۆش كردووه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 17 هه‌زار كه‌سه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هێزه‌ عێراقییه‌كان‌و پێشمه‌رگه‌ ده‌توانن گه‌مارۆی‌ سه‌ر ناحیه‌كه‌ بشكێنن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌نها خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌رگری‌ ده‌كه‌ن".

مه‌هدی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد له‌رێی‌ فرۆكه‌كانی‌ سوپای‌ عێراقیه‌وه‌ كۆمه‌ك به‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نرێت وه‌ك خۆراك‌و ده‌رمان‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ تا به‌رگری‌ له‌خۆیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ له‌برینداره‌كان بۆ قه‌زای‌ خورماتوو ده‌گوێزنه‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناحیه‌ی‌ سلێمان به‌گ كه‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌ له‌نێوانیاندایه‌.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ توركمان داوا ده‌كات سه‌رجه‌م وڵاتان‌و رێكخراوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بكه‌ونه‌ خۆ بۆ شكاندنی‌ گه‌مارۆی‌ سه‌ر ئامرلی‌، ره‌خنه‌ی‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گرت به‌وه‌ی‌ "هه‌ندێ‌ ده‌نگ ده‌بیستن‌و هه‌ندێكی‌ تر نابیستن"، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ناو نه‌هێنانی‌ گه‌مارۆدراوانی‌ ئامرلی‌ له‌به‌یاننامه‌ ره‌سمییه‌كان كه‌ ته‌نها گرنگیان به‌ئاواره‌كانی‌ شه‌نگال‌و سه‌هلی‌ نه‌ینه‌وا داوه‌.

رۆژی‌ 17ی‌ حوزه‌یران داعش گوندی‌ به‌شیری‌ خوارووی‌ ناحیه‌ی‌ تازه‌ كۆنترۆڵكرد كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ توركمانی‌ شیعه‌ن، هه‌ر ئه‌و كات 20 كه‌سی‌ له‌دانیشتوانی‌ گونده‌كه‌ كوشت‌و چه‌ند خانوویه‌كیشی‌ روخاندن.

هه‌رچه‌نده‌ ئامرلی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگای‌ سه‌ره‌كی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سلێمان به‌گ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و رێگایه‌ به‌ته‌واوی‌ داخراوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجار نییه‌ دانیشتوانی‌ ئامرلی‌ رووبه‌رووی‌ نه‌هامه‌تی‌ ده‌بنه‌وه‌، له‌ته‌موزی‌ ساڵی‌ 2007دا بارهه‌ڵگرێكی‌ به‌بۆمب چێنراو له‌ناحیه‌كه‌ ته‌قیه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ 156 كه‌س له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كوژران‌و 243 كه‌سی‌ تر برینداربوون، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ له‌وێ‌ مابوونه‌وه‌ ئه‌وكاتیش به‌رگرییان كردو رێیان نه‌دا گروپه‌ چه‌كداره‌كان بچنه‌ ناوه‌وه‌.

ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ناحیه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌چالاكوان‌و رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر فه‌یسبووك هه‌ڵمه‌تێكیان راگه‌یاندووه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی‌ ئامرلی‌، رۆژانه‌ وێنه‌كانی‌ ناو ناحیه‌كه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و داوا ده‌كه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ رزگار بكرێت، هه‌روه‌ك چۆن داوا له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن خۆڕاگر بن‌و درێژه‌ به‌و به‌رگرییه‌ بده‌ن كه‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌ ده‌ستیان داوه‌تێ‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌