راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌سیحییه‌كانی‌ موسڵ‌ ته‌نها پیتی‌ (ن)یان لێ جێما

خاڵس جومعە
ره‌نگه‌ مێژوو ئه‌وه‌ تۆماربكات كه‌ دایكی‌ نائیل دواهه‌مین مه‌سیحی‌ بووه‌ كه‌ به‌ر له‌كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌كه‌ی‌…
24.07.2014  |  موسڵ
The letter
The letter

Tweet
//


زۆری‌ نه‌خایه‌ند كه‌ مانگی‌ هه‌نگوینی‌ نێوان داعش‌و موسڵ‌ كۆتایی‌ هات، ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌رزوو كه‌وته‌ ده‌رخستنی‌ نیازه‌ راسته‌قینه‌كانی‌ خۆی‌‌و هه‌ڵوێستی‌ له‌باره‌ی‌ ئاین‌و مه‌زهه‌به‌كانی‌ تری‌ به‌یانكرد، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا سێ‌ بژارده‌ی‌ خسته‌ به‌رده‌می‌ مه‌سیحییه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌: یان ده‌بێت جزیه‌ بده‌ن (بڕێك پاره‌ كه‌سانی‌ نا موسوڵمان ده‌یده‌ن)، یان ببنه‌ موسوڵمان یاخود ده‌كوژرێن.

سه‌ركرده‌كانی‌ داعش داوایان له‌مه‌سیحییه‌كان كرد به‌ئاشكرا هه‌ڵوێستی‌ خۆیان له‌باره‌ی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامی‌" بخه‌نه‌ روو، بۆیه‌ فه‌رمانیاندا پیاوانی‌ ئاینی‌ مه‌سیحی‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ 17ی‌ ته‌مموز له‌یانه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رۆشنبیری‌ موسڵ‌ ئاماده‌بن.

له‌مڕووه‌وه‌ دورێد توابیا راوێژكاری‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری‌ مه‌سیحییه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "پیاوانی‌ ئاینی‌ له‌نێوان خۆیاندا رێككه‌وتن كه‌ نه‌چنه‌ كۆبوونه‌كه‌وه‌، چونكه‌ له‌نیازی‌ داعش ده‌ترسان‌و ده‌یانزانی‌ ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م سێ بژارده‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌وه‌ی‌ تریان تاڵتره‌".

كاردانه‌وه‌ی‌ داعش زۆری‌ نه‌خایاندو شه‌وی‌ پێنجشه‌ممه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتبوو "خه‌لیفه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ مه‌سیحییه‌كانی‌ منه‌تباركردووه‌ به‌وه‌ی‌ رێی‌ پێداون گیانی‌ خۆیان ده‌رباز بكه‌ن‌و هه‌تا رۆژی‌ شه‌ممه‌ 19ی‌ ته‌مموز بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامی‌، ئه‌گه‌رنا دوای‌ ئه‌و رێكه‌وته‌ ته‌نها شمشێر له‌نێوانماندایه‌".

كاتێك به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ به‌یاننامه‌كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر گومانیان لێكرد، به‌ڵام هه‌رزوو هه‌موو په‌یجه‌كانی‌ فه‌یسبووكی‌ گرته‌وه‌و كاتێكیش خه‌ڵكی‌ له‌رێی‌ وتاری‌ هه‌ینییه‌وه‌ گوێیان له‌ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌ بوو، ئیتر دڵنیابوون كه‌ راسته‌‌و پاش 24 كاتژمێر هیچ مه‌سیحییه‌ك له‌و شاره‌دا نه‌ما.

كاتێك نائیل گوێی‌ له‌به‌یاننامه‌كه‌ بوو به‌په‌له‌ چووه‌ ماڵه‌وه‌و داوای‌ له‌خێزانه‌كه‌ی‌‌و دایك‌و خوشك‌و براكانی‌ كرد زوو ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ جێبهێڵن، كه‌ بینی‌ هه‌موویان له‌و بڕیاره‌ په‌شۆكاون، پێی‌ راگه‌یاندن كات نه‌ماوه‌و ده‌بێت گیانی‌ خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، چونكه‌ خۆی‌ له‌بڵندگۆی‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ بیستووه‌.

له‌و كاته‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ خه‌ریكی‌ پێچانه‌وه‌ی‌ جل‌و به‌رگه‌كانیان بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ رابكه‌ن، زوو زوو له‌لایه‌ن ناسیاوه‌ مه‌سیحی‌‌و موسوڵمانه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كراو داوایان لێده‌كرا شاره‌كه‌ چۆڵ‌ بكه‌ن، چونكه‌ كات زۆر نه‌ماوه‌.

دوای‌ یه‌ك كاتژمێر هه‌موو ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ ئاماده‌بوون، ته‌نها دایكی‌ نایل (ته‌مه‌ن 62 ساڵ‌) نه‌بێت، ئه‌و رازی‌ نه‌بوو خانوویه‌ك چۆڵ‌ بكات كه‌ نیوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ تیا به‌سه‌ربردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌‌و دراوسێ‌‌و ناسیاوه‌كان لێی‌ ده‌پاڕانه‌وه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كردن‌و مایه‌وه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین په‌لاماری‌ داعش نه‌بوو بۆ سه‌ر مه‌سیحییه‌كان، پێشتریش كه‌ چووه‌ ناو موسڵ‌، ده‌ستیگرت به‌سه‌ر خانووی‌ چۆڵی‌ مه‌سیحییه‌كاندا، به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌كیش موسڵییه‌كان له‌وه‌یان ده‌پرسی‌ ئه‌و پیتی‌ "ن"ه‌ چییه‌ كه‌ دراوه‌ له‌دیواری‌ هه‌ندێ‌ له‌ماڵه‌كان، دوایی‌ روون بووه‌وه‌ ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نی‌ خانووه‌كه‌ "نه‌سرانی‌"ییه‌ به‌قه‌ولی‌ داعش.

به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو چه‌ند رۆژێ‌ دواتر ئه‌و ماڵانه‌ی‌ پیتی‌ "ن"یان پێوه‌ بوو له‌سه‌ریان ده‌نوسرا "خانووبه‌ره‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌" ئه‌و خانووانه‌شی‌ به‌كرێدرابوون داوایان لێكردن له‌مه‌ودوا كرێنشینه‌كه‌ كرێكه‌ بداته‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ نه‌ك خاوه‌ن ماڵه‌ مه‌سیحییه‌كه‌.

رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو یه‌كێك بوو له‌رۆژه‌ شوومه‌كان بۆ مه‌سیحییه‌كانی‌ موسڵ‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ یانزه‌ ساڵه‌ رووبه‌رووی‌ كوشتن‌و فڕاندن‌و ده‌ركردن ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام سته‌م‌و پێشێلكارییه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ گه‌وره‌ترین بوو.

به‌یاننامه‌كه‌ی‌ داعش وه‌ك خۆی‌ به‌بێ‌ كه‌م‌و زیاد له‌خاڵه‌كانی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرا، به‌و پێیه‌ی‌ هه‌ر خێزانێكی‌ مه‌سیحی‌ موسڵی‌ جێبهێشتایه‌ ده‌بوو هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی‌ لێبسه‌نرێت، ماڵی‌ نائیلیش له‌مه‌ ده‌رباز نه‌بوون كاتێك ئۆتۆمبێل‌و پاره‌و ئاڵتون‌و ته‌نانه‌ت مۆبایله‌كانیشیان لێسه‌ندرا.

هه‌رچه‌نده‌ ژنه‌كه‌ی‌ نائیل زۆر پاڕایه‌وه‌ كه‌ ئاڵتونه‌كانی‌ لێنه‌سه‌نن، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ملوانكه‌و بازنه‌كانی‌ ده‌ست‌و ملیشیان پێ‌ لێكرده‌وه‌و لێیان سه‌ند.

نائیل منداڵه‌ بچووكه‌كه‌ی‌ خۆی‌ گرته‌ باوه‌ش‌و به‌پێ‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامی‌" رێیان كرد، ئه‌وه‌ی‌ پێیان مابوو ته‌نها بڕی‌ ده‌ هه‌زار دینار بوو كه‌ ئه‌ویشیاندا به‌تاكسییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیانگه‌ێنێته‌ شارۆچكه‌ی‌ ئه‌لقۆش له‌سه‌هلی‌ نه‌ینه‌وا.

به‌ر له‌چل رۆژ زیاتر له‌ 10 هه‌زار مه‌سیحی‌ له‌موسڵدا هه‌بوون، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ دورێد تۆبیا، به‌ڵام سه‌رجه‌میان ناچاركران ماڵ‌‌و حاڵ‌و پاره‌ی‌ ناو بانك‌و دراوسێ‌ موسوڵمانه‌كانیان به‌ره‌و هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌هلی‌ نه‌ینه‌وا جێبهێڵن كه‌ ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ش به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌.

تائێستا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی‌ داعش له‌ناو موسڵدا ناڕه‌زایی‌ به‌رامبه‌ریان ده‌رنه‌بڕاوه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ رازین، به‌ڵكو ده‌زانن داعش ده‌ست له‌كوشتنی‌ هیچ كه‌سێك ناپارێزێت ئه‌گه‌ر دژی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ بوه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ روویدا ته‌نها ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ بوو له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبووك‌و بۆڵه‌ بۆڵی‌ ژێر لێوی‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كان.

یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ هه‌بوو وێنه‌ی‌ دوو كوڕبوو كه‌ یه‌كێكیان موسوڵمان‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان مه‌سیحی‌، ئه‌م دوو گه‌نجه‌ ده‌مێ‌ ساڵه‌ هاوڕێی‌ یه‌كترن، كاتێك مه‌سیحییه‌كه‌ ویستوویه‌تی‌ بڕوات موسوڵمانه‌كه‌ رێی‌ پێگرتووه‌و باوه‌شیان كردووه‌ به‌یه‌كداو گریاون، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیچیان له‌ده‌ست نایه‌ت.

پێناچێت داعش له‌م په‌لامارانه‌ی‌ رابوه‌ستێت، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ چوونه‌ سه‌ر چه‌ند كه‌نیسه‌یه‌ك‌و په‌یكه‌رو خاچه‌كانیان شكاندوو وێنه‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان سوتاند، دوایین رووداویش په‌لاماردانی‌ كه‌نیسه‌ی‌ مار بهنام بوو له‌ناحیه‌ی‌ نه‌مردو له‌باشووری‌ موسڵ‌ كه‌ قه‌شه‌كان ده‌ركران‌و ئاڵای‌ داعشی‌ له‌سه‌ر به‌رزكرایه‌وه‌.

هه‌تا كاتژمێر 11.5 خوله‌كی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ دایكی‌ نائیل له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ مایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ داوایان لێكرد گوێی‌ نه‌گرت، به‌ڵام دواجار ده‌سه‌ڵاتی‌ نه‌ما كاتێك سێ‌ چه‌كداری‌ داعش هاتنه‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌‌و خستیانه‌ ناو ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌و به‌په‌له‌ به‌ره‌و ده‌روازه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ش وه‌ك ئه‌وانی‌ تر نه‌یتوانی‌ هیچ له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا بباته‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌نها عه‌باكه‌ی‌ سه‌ری‌ نه‌بێت كه‌ به‌ر له‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ گرتی‌ به‌ده‌سته‌وه‌.