راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌و گروپه‌ ده‌سته‌بژێره‌ بناسه‌ كه‌ داعش شه‌ڕی‌ پێده‌كات

داود ئه‌لعه‌لی‌
داعش له‌عێراق پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌هێزێكی‌ شه‌ڕكه‌ری‌ 1800 كه‌سی‌ كه‌ ناوی‌ "قه‌ڵغانی‌ ئاشتی‌" لێناون‌و بۆ هه‌ر هێرش‌و…
10.07.2014  |  به‌غدا
The IS group's black flag on a Mosul overpass after they overran the city.
The IS group's black flag on a Mosul overpass after they overran the city.

Tweet
//

شه‌وی‌ 9ی‌ حوزه‌یران نزیكه‌ی‌ هه‌زار كه‌س له‌چه‌كدارانی‌ داعش په‌لاماری‌ موسڵیاندا، هێرشه‌كه‌ بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بوو له‌كوژرانی‌ عه‌بدولره‌حمان ببلاوی‌ كه‌سی‌ دووه‌می‌ داعش له‌دوای‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و تیمه‌ش له‌شه‌ڕكه‌رانی‌ عه‌ره‌ب‌و بیانی‌ بوون.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، ئه‌و هه‌زار شه‌ڕكه‌ره‌ به‌هێزترین چه‌كداره‌كانی‌ داعشن‌و كت‌و مت له‌هیچ قسه‌یه‌كی‌ به‌غدادی‌ ده‌رناچن.

كاتێك چوونه‌ ناو موسڵ‌ نزیكه‌ی‌ هه‌شت سه‌د چه‌كداری‌ عێراقیش چوونه‌ پاڵیان، ئه‌م چه‌كدارانه‌ له‌وانه‌ بوون كه‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ له‌گه‌ڵ‌ قاعیده‌و داعشدان‌و له‌لای‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌ ده‌ستڕۆیشتوون، هه‌ر ئه‌مانه‌ش به‌زۆر سه‌رانه‌یان له‌خه‌ڵكی‌ وه‌رده‌گرت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ هه‌واڵگری‌ عێراقی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م گروپه‌ له‌چه‌كدارانی‌ داعش به‌عێراقی‌‌و عه‌ره‌ب‌و بیانییه‌وه‌ دڕترین هێزی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ن‌و بۆ هه‌نگاوه‌ ستراتیژییه‌كان پشتیان پێ‌ ده‌به‌سترێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ خۆی‌ راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌م هێزه‌ ده‌كات‌و سات به‌سات ئاگای‌ له‌جموجۆڵیانه‌، كاتێكیش كه‌ سوپای‌ عێراقی‌ له‌موسڵ‌ داڕماوه‌، ئه‌م هێزه‌ فه‌رمانی‌ راسته‌وخۆیان له‌به‌غدادی‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ بچنه‌ ناو شاره‌كه‌و "ویلایه‌تی‌ نه‌ینه‌وا" رابگه‌یه‌نن.

زۆربه‌ی‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش ئه‌زموونی‌ گه‌وره‌یان له‌شه‌ڕكردندا هه‌یه‌، ئه‌م ئه‌زموونه‌شیان له‌به‌ره‌نجامی‌ شه‌ڕێ‌ كۆڵانه‌و كۆڵان‌و په‌لاماره‌ كتوپڕه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌شاری‌ حه‌له‌بی‌ سوریا.

پۆڵاد تاڵه‌بانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌كدارانی‌ داعش هه‌ركاتێك یه‌كێكیان لێده‌كوژرێت ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ فیشه‌ك ده‌نێن به‌ده‌موچاویه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ناسرێته‌وه‌.

یه‌كێكی‌ تر له‌و ستراتیژانه‌ی‌ داعش په‌یڕه‌وی‌ ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێكخراوه‌كه‌ زۆر پشتی‌ به‌میدیا به‌ستووه‌و له‌رێی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیه‌وه‌ وره‌ی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌ڕوخێنێت‌و بانگه‌شه‌ بۆ كاره‌كانی‌ خۆی‌ ده‌كات.

هیشام هاشمی‌ توێژه‌ر له‌كاروباری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌هه‌موو جموجۆڵێكدا داعش پشت به‌یه‌كه‌یه‌كی‌ پاڵپشتی‌ لۆجستی‌ ده‌به‌ستێت كه‌ شوێنی‌ خه‌وتن‌و خواردنیان بۆ دابین ده‌كات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ پێویستیان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست‌و جموجۆڵیان بۆ ئاسان ده‌كات.

به‌قسه‌ی‌ هاشمی‌ "ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌م به‌شه‌ لۆجستییه‌ كارده‌كه‌ن ده‌بێت عێراقی‌ عه‌قائیدی‌ بن‌و له‌وانه‌ بن كه‌ به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌فغانستانیان كردووه‌".

هاشمی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هێزی‌ شه‌ڕكه‌ری‌ داعش له‌سێ‌ به‌شی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاتوون، به‌شێكیان خۆكوژه‌كانن كه‌ به‌ناو ناناسرێنه‌وه‌، به‌ڵكو ژماره‌یان هه‌یه‌‌و هه‌ر كاتێك فه‌رمان بۆ كارێكی‌ خۆكوژی‌ ده‌رده‌چێت ده‌خرێنه‌ تیروپشكه‌وه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كه‌ی‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كرده‌وه‌ خۆكوژییه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

به‌شی‌ دووهه‌میان ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ته‌واوی‌ پابه‌ندن به‌به‌غدادییه‌وه‌و شه‌ڕكه‌ره‌ ده‌سته‌بژێره‌كانن، به‌شی‌ سێهه‌میشیان شه‌ڕكه‌ره‌ ئاساییه‌كانن.

كاتێك هه‌واڵی‌ كشانی‌ چه‌كدارانی‌ داعش به‌ره‌و شاره‌كانی‌ باكوری‌ به‌غدا بڵاوبووه‌وه‌ زۆركه‌س پێیان وابوو پرۆسه‌یه‌كی‌ له‌م شێوه‌یه‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ به‌ده‌یان هه‌زار چه‌كدار تیایدا به‌شدارین، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ راست نییه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون داعش كه‌ په‌لاماری‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ك ده‌دات گروپه‌ ده‌سته‌بژێره‌كه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ست شانه‌ نوستووه‌كان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ عێراقییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ی‌ كات شانه‌ نوستووه‌كان له‌چه‌كدارانی‌ سوننه‌ پێك دێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌موو بڕیارێكیان به‌ده‌ست نییه‌، چونكه‌ قسه‌ی‌ یه‌كه‌م‌و كۆتایی‌ له‌لای‌ گروپه‌ ده‌سته‌بژێره‌كه‌یه‌.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هه‌ر پاش چه‌ند رۆژێك له‌كۆنترۆڵكردنی‌ تكریت له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ تكریت كۆبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌لای‌ خۆیان بۆ به‌غدادی‌ دووپات بكه‌نه‌وه‌.

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعش زیاتر له‌شانه‌ نوستووی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ تر ده‌ستیان ده‌ڕوات‌و كاری‌ ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو گروپه‌كانی‌ تر موبایه‌عه‌ی‌ به‌غدادی‌ بكه‌ن.

له‌و كاته‌وه‌ی‌ داعش بڕیاریداوه‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ رابگه‌یه‌نێت، كاری‌ ستراتیژی‌ گروپه‌ ده‌سته‌بژێره‌كه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ رێكخستنی‌ كاروباری‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ گرتویانه‌ته‌ ده‌ست، هه‌ر ئه‌مانه‌ش ئێستا دامه‌زراوه‌ ئیدارییه‌كانیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست‌و یارمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ده‌ن بۆ به‌ڕێكردنی‌ كاری‌ ئاسایی‌ رۆژانه‌ی‌ خۆیان به‌و هیوایه‌ی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ موبایه‌عه‌تی‌ "ئه‌میر" ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ رابكێشن.

به‌پێی‌ راپۆرته‌ میدیاییه‌كان دوا هه‌نگاوی‌ داعش دروستكردنی‌ پاسپۆرته‌ بۆ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامی‌"، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن خودی‌ رێكخراوه‌كه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

سایتێكی‌ توركی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردوو له‌موسڵ‌ چه‌ند هه‌زار دانه‌یه‌ك له‌و پاسپۆرته‌ به‌سه‌ر دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ داعشدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌پێی‌ ئه‌و وێنانه‌ی‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رگی‌ گۆڤاره‌كه‌ نوسراوه‌ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامی‌"‌و وێنه‌ی‌ هه‌ڵۆیه‌كی‌ تێدایه‌و ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌شی‌ له‌سه‌ر نوسراوه‌: "خاوه‌نی‌ ئه‌م پاسپۆرته‌ ئه‌گه‌ر زیانی‌ به‌ربكه‌وێت، سوپای‌ بۆ ده‌جوڵێندرێت".

به‌ڵام لیوا عه‌لی‌ جبوری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پاسپۆرت سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ده‌م‌و ده‌ست هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ‌ ناوچه‌ گه‌رمه‌كان پچڕێندراوه‌، له‌وانه‌ش موسڵ‌".