راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مالیكی‌ گره‌وی‌ له‌سه‌ر میلیشیا شیعه‌كانه‌وه‌و خۆبه‌خشه‌كان هێشتا له‌په‌راوێزدان

داود ئه‌لعه‌لی‌
ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی‌ بۆ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش چووبوونه‌ی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان باسی‌ ئه‌و…
3.07.2014  |  به‌غدا
Volunteers on the streets of Baghdad who have responded to the call to defend Iraq.
Volunteers on the streets of Baghdad who have responded to the call to defend Iraq.

Tweet
//

حه‌سه‌ن مونیر (22 ساڵ‌) دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ له‌خوارووی‌ تكریت ئاماژه‌ به‌ناره‌حه‌تی‌ كارو جێگه‌كه‌یان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "له‌بیابانێكی‌ كاكی‌ به‌كاكیدا بووین خه‌ریك بوو له‌تینوان ده‌خنكاین، ناوه‌ ناوه‌ كۆپته‌رێك به‌سه‌رمانه‌وه‌ ده‌فڕی‌‌و ده‌به‌ی‌ ئاوی‌ بۆ فڕێ‌ ده‌داینه‌ خواره‌وه‌".

به‌شێكی‌ تر له‌وانه‌ی‌ وه‌ك حه‌سه‌ن به‌خۆبه‌خشانه‌ چووبوونه‌ پاڵ‌ سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ر كاتێك بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ بوتڵێك ئاو بجوڵانایه‌وه‌ قه‌ناسه‌كانی‌ داعش ته‌قه‌یان له‌سه‌ربازو خۆبه‌خشه‌كان ده‌كردو چه‌ند كه‌سێك به‌و هۆیه‌وه‌ كوژراون.

ئه‌حمه‌د سه‌عدون یه‌كێكی‌ تره‌و له‌و خۆبه‌خشانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات میلیشیای‌ عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق زۆر له‌وان لێزانانه‌تر شه‌ڕیان كردووه‌و ده‌ڵێت "ئه‌و كاته‌ی‌ له‌بنكه‌ی‌ راهێنان بووم ته‌نها شێوازی‌ شه‌ڕ له‌به‌ركانی‌ جه‌نگ فێری‌ ئێمه‌ ده‌كرا، به‌ڵام گروپی‌ عه‌سائیب زۆر دڕبوون له‌شه‌ڕی‌ كۆڵانه‌و كۆڵان".

له‌و كاته‌وه‌ی‌ سیستانی‌ فه‌توای‌ ده‌كرد بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، به‌هه‌زاران گه‌نج له‌شاره‌كانی‌ خواروو ناوه‌ڕاستی‌ عێراقه‌وه‌ وه‌ك خۆبه‌خش ناوی‌ خۆیان نوسی‌، ئێستاش ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیزامی‌ رێكده‌خرێن، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ راهێنانی‌ خێراو چڕو پڕیان پێده‌كرێت.

به‌پێی‌ راگه‌یاندراوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق، له‌هه‌ر پارێزگایه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ ده‌ هه‌زار كه‌س ناوی‌ خۆیان تۆماركردووه‌، به‌قسه‌ی‌ حسێن شه‌هرستانی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش بێت ژماره‌ی‌ خۆبه‌خشه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ دوو ملیۆن كه‌س.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌ له‌به‌سره‌ 20 هه‌زار كه‌س‌و له‌دیوانییه‌ هه‌شت هه‌زارو له‌سه‌ماوه‌ حه‌وت هه‌زار خۆبه‌خشیان هه‌بووه‌، هه‌رچی‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ پارێزگای‌ بابلیشه‌ له‌سنوری‌ باكوری‌ ئه‌و پارێزگایه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نبارو ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ داعش له‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌ونه‌وه‌ كار.

زانیاری‌ سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌نه‌جه‌ف فه‌وجێكی‌ بیست هه‌زار كه‌سی‌ پێكهاتووه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌پارێزگاكه‌ی‌ خۆیان ده‌مێننه‌وه‌و ناچنه‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا حسێن منیر به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند چه‌كداره‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌ده‌وروبه‌ری‌ سامه‌را به‌شداری‌ چه‌ند شه‌ڕێكیان كردووه‌، به‌ڵام نه‌یبیستووه‌ هیچ خۆبه‌خشێك له‌ده‌وربه‌ری‌ موسڵ‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپادا بوبێت چووبێته‌ شه‌ڕه‌وه‌.

پێده‌چێت سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان زیاتر له‌خه‌می‌ ئه‌وه‌دابن ده‌وروبه‌ری‌ مه‌زارگه‌ی‌ هه‌ردوو ئیمامی‌ عه‌سكه‌ی‌ له‌سامه‌ڕا قایم بكه‌ن، هه‌رچی‌ گه‌نجه‌كانی‌ به‌له‌دو دوجێلیشه‌ بۆ پارێزگاری‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان ناویان تۆماركردووه‌.

به‌پێی‌ زانیاری‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان كێشه‌ی‌ ئه‌م خۆبه‌خشانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازیدا رێكنه‌خراون‌و پێداویستیان بۆ دابین نه‌كراوه‌، وێنه‌و ڤیدیۆكانیش ئه‌م زانیارییه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌تا دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خش له‌سنوری‌ سامه‌را ده‌ركه‌وتن كه‌ به‌ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازی‌ سه‌ربه‌تاڵ‌ ده‌گوێزرانه‌وه‌و دیاربوو ده‌یان كیلۆمه‌تریان له‌به‌ر تیشكی‌ خۆردا بڕیوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان زۆر زیاتر له‌جاران پێویستیان به‌سه‌ربازو چه‌كداری‌ نوێیه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ رۆژ له‌دوای‌ رۆژ ژماره‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌هه‌ڵكشاندایه‌.

دیارترین ئه‌و شه‌ڕانه‌ی‌ چه‌كداره‌ خۆبه‌خشه‌كان به‌شدارییان تێدا كردووه‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ به‌شیری‌ خوارووی‌ كه‌ركوك بووه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌یه‌و ئێستا به‌ده‌ستی‌ داعشه‌وه‌یه‌، له‌و شه‌ڕه‌شدا هێزێكی‌ هاوبه‌شی‌ پێشمه‌رگه‌و خۆبه‌خشه‌ شیعه‌كان سه‌ركه‌توو نه‌بوون له‌گرتنه‌وه‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ پزیشكی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌برینداربوون‌و كوژرانی‌ ده‌یان چه‌كداری‌ خۆبه‌خش كۆتایی‌ هاتووه‌.

له‌رووداوێكی‌ تردا له‌سه‌ر رێگای‌ به‌غدا سه‌مه‌را كاروانێكی‌ سه‌ربازی‌ كه‌ ده‌یان خۆبه‌خشیان له‌گه‌ڵدابوو كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی‌ داعشه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌خۆبه‌خشه‌كان كوژران‌و چه‌ند دانه‌یه‌كیشیان برینداربوون.

حه‌سه‌ن مونیر خۆبه‌خشه‌ گه‌ڕاوه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هه‌موو خۆبه‌خشه‌كان گه‌رموگوڕن بۆ شه‌ڕكردن، به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ له‌ئه‌فسه‌ره‌كان دودڵن له‌وه‌ی‌ خۆبه‌خشه‌كان تێكه‌ڵی‌ شه‌ڕ بكه‌ن‌و زیاتر كاری‌ پاسه‌وانیمان پێده‌سپێرن".

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا جۆرێكی‌ تر له‌خۆبه‌خش هه‌یه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ میلیشیا شیعه‌كاندا رێكخراون‌و دیاترین ناوه‌كانیشیان بریتین له‌كه‌تیبه‌كانی‌ ئیمام عه‌لی‌‌و عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق‌و به‌در‌و سوپای‌ مه‌هدی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ نوجه‌با، ئه‌مانه‌ له‌دیاله‌و سامه‌ڕا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ هه‌ستیاریان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌تیبه‌كانی‌ ئیمام عه‌لی‌ رێگای‌ نێوان به‌غداو سامه‌ڕایان كۆنترۆڵكردووه‌، رێكخراوی‌ به‌دریش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ دیاله‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌وانی‌ تریش له‌نزیك مه‌زارگه‌كان‌و رێگای‌ عوزێم دابه‌شبوون.

سجاد عه‌بدولحه‌سه‌ن (33 ساڵ‌) كه‌ چه‌كداری‌ یه‌كێك له‌و میلیشیایانه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سوپا به‌ته‌واوه‌تی‌ پشتی‌ پێیان به‌ستووه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌شه‌ڕی‌ كۆڵانه‌و كۆڵاندا لێزانن.

ئه‌وه‌ی‌ تائێستا روونبووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناوچه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ وه‌ك پشتێنه‌ی‌ به‌غداو دیاله‌و سامه‌را له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ تایبه‌تی‌ سوپاو میلیشیا شیعه‌كانه‌وه‌ ده‌پارێزرێت كه‌ به‌م دواییه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ چه‌كداره‌كانیان له‌سوریا گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌رچی‌ خۆبه‌خشه‌كانیشه‌ هێشتا رۆڵێكی‌ لاوه‌كیان له‌شه‌ڕه‌كاندا هه‌یه‌.