راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسی‌ داعش سلێمانی‌ ده‌خاته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌

هێمن حەسەن
ده‌ ساڵ‌ زیاتره‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌قه‌د ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ رێوبانه‌كانیان قایم نه‌كردووه‌، هۆكه‌شی‌…
25.06.2014  |  سلێمانی
An aerial view of the generally peaceful Iraqi Kurdish city of Sulaymaniyah, now under tight security.
An aerial view of the generally peaceful Iraqi Kurdish city of Sulaymaniyah, now under tight security.

Tweet
//

ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ له‌هه‌موو ده‌روازه‌كانی‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌، رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان توندوتۆڵكراونه‌ته‌وه‌و له‌ناوشاره‌كانیشدا چه‌ندین مه‌فره‌زه‌ی‌ پۆلیس‌و ئاسایش ناوه‌ ناوه‌ خاڵی‌ پشكنین داده‌نێت‌و له‌جموجۆڵی‌ هاوڵاتیان ده‌پرسنه‌وه‌.

ئه‌م رێوشوێنانه‌ به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر بۆ هاوڵاتیانی‌ سلێمانی‌ نامۆیه‌، چونكه‌ ئه‌م شاره‌ كه‌ ساڵانێكی‌ زۆره‌ له‌ئارامیدا ده‌ژی‌‌و ده‌مێكه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ترسی‌ ته‌قینه‌وه‌و ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی‌ گروپه‌ توندره‌وه‌كانیان له‌لا ره‌ویوه‌ته‌وه‌.

كۆتایی‌ ساڵی‌ 2002 دواهه‌مین جار بوو كه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئێستا سلێمانی‌ باری‌ نائاسایی‌ به‌سه‌ردا سه‌پابوو، ئه‌وكات هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌بوو هه‌م له‌سه‌ر سنوری‌ ئێران چه‌ند گروپێكی‌ توندڕه‌وی‌ وه‌ك ئه‌نسار ئیسلام چالاكبوون، هه‌م له‌ملاشه‌وه‌ مه‌ترسی‌ ده‌ستوه‌شاندنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌ئارادابوو.

ئێستا كه‌ شه‌ڕی‌ داعش گه‌یشتووه‌ته‌ سنوری‌ خواره‌وه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، به‌رپرسانی‌ سلێمانی‌ ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌و گروپه‌ له‌رێی‌ ته‌قینه‌وه‌، یان هه‌ر رێیه‌كی‌ تره‌وه‌ پشێوی‌ بگه‌ێنێته‌ ناو هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌تایبه‌تیش شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ سنوری‌ به‌كه‌ركوكه‌وه‌یه‌.

ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی‌ سلێمانی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ پارێزگای‌ سلێمانیه‌و راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی‌ جموجۆڵه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ پارێزگاكه‌ ده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هێزه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی‌ وردو پلان بۆ داڕێژراو له‌چاودێریدان، ئه‌م چه‌كدارانه‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌موو عێراق نه‌ك هه‌ر ئێمه‌، بۆیه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌و په‌ڕی‌ چاوكراوه‌یدان".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ كه‌ له‌به‌ر قه‌ده‌غه‌ كردنی‌ لێدوان داوایكرد ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" ئاشكرا كرد كه‌ هێزه‌كانیان له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا چه‌ند كه‌سێكی‌ گومانلێكراویان ده‌ستگیر كردوه‌ كه‌ گومانی‌ لێ ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندیان به‌داعشه‌وه‌ هه‌بوو بێت‌و بیانه‌وێـت له‌ناو شاردا جێگیر ببن‌و دواتر ده‌ست بوه‌شێنن.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ فه‌رمان به‌سه‌رجه‌م بازگه‌كان كراوه‌ رێوشوێنه‌كانی‌ پشكنین‌و رێگه‌دان به‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان توندوتۆڵ‌ بكه‌ن‌و وتی‌ "ته‌نانه‌ت بازگه‌كان سه‌رپشك كراون ئه‌گه‌ر گومانیان له‌كه‌سێك هه‌بوو رێی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی‌ پێنه‌ده‌ن".

یه‌كێكی‌ تر له‌و رێوشوێنانه‌ی‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ رێ به‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ نادرێت كه‌ ژماره‌ی‌ پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراقیان له‌سه‌ره‌و له‌هه‌رێم زانیارییان له‌باره‌وه‌ تۆمارنه‌كراوه‌، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلی‌ بارن‌و كه‌لوپه‌ل بۆ هه‌رێم ده‌گوێزنه‌وه‌.

ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ فرۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانیش راسته‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناو فرۆكه‌خانه‌دا توندوتۆڵكراون‌و وتی‌ "هه‌موو گه‌شتیارێك كه‌ له‌رێی‌ فرۆكه‌خانه‌وه‌ بێته‌ ناوه‌وه‌ رێكاری‌ ئه‌منی‌ پێویستی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌گیرێته‌ به‌ر".

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و رێكاره‌ "خۆپارێزی"انه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌ گرتوویانه‌ته‌ به‌ر، ئێستا سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌نجانه‌ خراونه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌ناوی‌ "جیهاد"ه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سوریاو تێكه‌ڵی‌ داعش‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ تر بوون‌و پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێم.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ جیاواز ئه‌وه‌یان به‌"نیقاش" راگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوودا به‌ده‌یان گه‌نج پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌قاچاغ چوونه‌ته‌ سوریاو تێكه‌ڵی‌ گروپه‌كانی‌ داعش‌و به‌ره‌ی‌ نوسره‌ بوون، دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و خۆیان راده‌ستی‌ ئاسایش كردووه‌، ئێستاش سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌ڕاوانه‌ له‌ژێر چاودێریدان نه‌وه‌ك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكرێت.

كه‌سوكاری‌ یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ هه‌شت مانگه‌ له‌سوریا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌و له‌شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نیشته‌جێن به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ چاودێری‌ كوڕه‌كه‌یان‌و ماڵه‌كه‌شیان ده‌كرێت‌و چه‌ند جارێكیش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بانگكراون.

ئه‌وان به‌قسه‌ی‌ خۆیان كوڕه‌كه‌یان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌داعشه‌وه‌ نه‌ماوه‌و بگره‌ كه‌چووه‌ته‌ ئه‌وێ‌ هه‌ر پاش مانگێك په‌شیمان بووته‌وه‌و بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داوه‌.

هه‌ر به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" هێزه‌كانی‌ ئاسایش به‌وردی‌ چاودێری‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن‌و ئه‌و مزگه‌وتانه‌ش كه‌ وانه‌ی‌ قورئانیان تێدا ده‌خوێنرێت، به‌بڕیاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف خوێندنی‌ ئه‌و وانانه‌و مانه‌وه‌ له‌مزگه‌وت له‌پاش نوێژه‌كان تا كاتێكی‌ نادیار راگیراوه‌.

له‌پاڵ‌ ئه‌مانه‌دا به‌رپرسانی‌ سلێمانی‌ داوایان له‌هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌ش كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژیانیان پارێزراو بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ڕێی‌ وشكانیدا هاتوچۆ بۆ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق نه‌كه‌ن.

رامان عوسمان سكرتێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ پارێزگار داوای‌ له‌هاووڵاتیان سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كرد كه‌ خۆیان له‌سه‌فه‌ركردن بۆ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عیراق به‌دوور بگرن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ تێكچوون‌و مه‌ترسیداری‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌كانی‌ ناوه‌راستی‌ عێراق‌و مه‌ترسی‌ رێگه‌ی‌ هاتووچۆی‌ نێوان شاره‌كانی‌ كوردستان‌و شارو ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق.

رامان عوسمان به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویسته‌ به‌هه‌موو جۆرێك هاوڵاتیان دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌به‌كارهێنانی‌ رێگه‌ی‌ وشكانی‌‌و ئۆتۆمبێل، بۆ پاراستنی‌ سه‌لامه‌تیان‌و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ئه‌گه‌ری‌ به‌بارمته‌ گرتنیان له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ناچاریش بوون سه‌فه‌ر بكه‌ن، با له‌رێگه‌ی‌ فرۆكه‌وه‌ گه‌شت بكه‌ن".

داعش به‌ته‌نها سلێمانی‌ رووبه‌رووی‌ گرفتی‌ ئه‌منی‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی‌ ئابوریشی‌ خولقادووه‌، زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌كه‌ نرخی‌ زۆربه‌ی‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌رزبوونه‌ته‌وه‌و سوته‌مه‌نی‌ ئۆتۆمبێلیش به‌زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت.

هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ كاڵاو كه‌لوپه‌ل له‌بازاڕه‌كانی‌ سلێمانی‌ بۆ گرتنی‌ رێگاكانی‌ نێوان سلێمانی‌‌و شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ بازرگانانی‌ بازاڕه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌شێكی‌ بازاڕی‌ سلێمانی‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌و شمه‌كانه‌ی‌ له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌ بۆی‌ دێن، به‌تایبه‌تی‌ سه‌وزه‌و میوه‌.

ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌نزینیشه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێستا ئه‌و پشكه‌ی‌ سلێمانی‌ بڕاوه‌ كه‌ له‌پاڵاوگه‌ی‌ بێجییه‌وه‌ بۆی‌ دێت، هاوڵاتیانیش له‌ترسی‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ به‌نزین پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن، بۆیه‌ وه‌ك جاران به‌نزیخانه‌كان فریای‌ دابینكردنی‌ به‌شی‌ پێویست ناكه‌ون.

هه‌رچه‌نده‌ داعش بووه‌ته‌ مه‌ترسی‌ به‌سه‌ر شاری‌ سلێمانییه‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ شاره‌كه‌ دڵنیایی‌ ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیان كه‌ ژیانیان پارێزراوه‌و هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر ته‌نها بۆ خۆپارێزییه‌.

ئاوان محه‌مه‌د قایمقامی‌ سلێمانی‌ له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاوڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پارێزراون، به‌ڵام ئه‌وانیش ده‌بێت هاوكاری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بن، چونكه‌ به‌ته‌نیا ئارامی‌ به‌هێزی‌ ئه‌منی‌ راناگیرێت، ئه‌گه‌ر هاوكاری‌ خه‌ڵكی‌ له‌گه‌ڵدا نه‌بێت".