راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هەرێمی کوردستان لانەی ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەرە

موکریان کاوە
بەشێکی زۆر لەدانیشتووانی موسڵ هەرکە زانییان هێرشی چەکدارانی داعش بەرەو شارەکەیان دەستی پێکردووە، بەرەبەیانی رۆژی ٨ی حوزەیران خێرا خۆیان کۆکردەوەو بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان کەوتنەڕێ، ئه‌مانیش بوونه‌…
18.06.2014  |  سلێمانی

Tweet
//

لێشاوی موسڵییەکان، تابلۆی کۆچ‌و رەوی ملیۆنی خستەوە بیری کوردەکان کاتێ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩١ لەترسی سوپای سەدام حوسێن هەڵاتن بەرەو سنوورەکانی ئێران‌و تورکیا، بۆیە هەرزوو بەشێکی زۆری دانیشتووانی شاری هەولێر، بەدەستی پڕ لەخواردن‌و کەلوپەلەوە چوون بەرەو پیریان.

کاربەدەستانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی ئاوارەبوونی موسڵییەکان رایانگەیاند: پێشبینی دەکەن نیو ملیۆن ئاوارە لەموسڵەوە بگەنە هەرێمی کوردستان، رووداوەکانی ئەو دواییە عێراق بەتایبەت لەدەڤەری موسڵ، کۆچ‌و رەوو ئاوارەبوونی خستەوە رۆژەڤی عێراق.

ئەمجارە هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ساڵانی سەردەمی سەدام حوسێن بۆتە پەناگەی لێقەوماوان، بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی لێقەوماوانی موسڵ روو بکەنە هەرێم، نزیكه‌ی‌ ٧٠٠ هەزار ئاوارەو پەنابەر لەو هەرێمە دەژین.

ئێستا کە ئاوارەکانی موسڵ پەیتا پەیتا رووده‌كه‌نه‌ شارەکانی هەولێرو دهۆک، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەر لەشارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین کە بریتین لەو پەنابەرانەی لەکوردستانی ئێران‌و کوردستانی تورکیا لەگەڵ پەنابەرانی سوریاو ئاوارەکانی ئەنبارو موسڵ، بەشی زۆری ئەو ئاوارەو پەنابەرانە لەناو کەمپی تایبەت بەخۆیان دەژین.

ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەم جۆرە پۆلێنی پەنابەرانی کردووە لەهەرێمی کوردستان (تاپێش ئاوارەبوونی خەڵکی موسڵ): ٢٦٦ هەزارو ١٧٤ کەس لەپەنابەرانی سوریا، ٣٠ هەزار کەس لەپەنابەرانی کوردانی ئێران کە بەهۆی نەیارییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەوڵاتی خۆیان هەڵاتوون‌و لەشارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، ١٢ هەزار کەس لەپەنابەرانی کوردانی تورکیا کە بەهۆی ئەندامبوونیان لەریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەوڵاتی خۆیان هەڵاتوون‌و ئێستا لەهەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها نزیكه‌ی‌ 400 هەزار کەسی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبارو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ جیاوازی‌ كه‌ركوك‌و‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق.

بەگوێرەی ئامارێکی نەسەلمێنراو. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ ملیۆن کەسە، بەو پێیەبێ، هەر پێنج کەسێک لەکوردستان پەنابەرێکیان بەردەکەوێ.

رەنگە لەدنیادا نموونەی وا کەمبێ هەرێمێکی پێنج ملیۆن کەسی، جێی ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەر بکاتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی پێنج مانگە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی هەولێرو بەغدا، قەیرانێکی ئابووریی رووی لەهەرێمی کوردستان کەوتووەو لەو ماوەیەدا هیچ کاتێ موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەکاتی خۆیدا نەدراوە. ئەو قەیرانە کاریگەریی گەورەی کردۆتە سەر بازاڕو کەرتی ئابووریی‌و بازرگانی.

بەگوێرەی لێدوانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، زیاتر لەنیوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەهۆی کاریگەریی ئەو قەیرانە داراییە، راوەستاون، هەر ئەمەش وایکردووە دابینکردنی هاوکاریی‌و کۆمەک بۆ ئەو ئاوارەو پەنابەرانە، کارێکی ئاسان نەبێ بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە وا نزیکەی پێنج مانگە حکومەتی عێراق ئاستەنگی خستۆتە بەردەم بودجەکەی.

دیندار زێباری، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (کە رۆڵی وەزارەتی دەرەوە دەبینێ) رۆژی ١٠ی ئه‌م مانگه‌ (حوزه‌یران)، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌و کۆمسیاری باڵای پەنابەران رایگەیاند: بەراشکاوی بەنەتەوە یەکگرتووەکانیان گوتووە، هەرێمی کوردستان ناتوانێ ژیان‌و پێداویستی ئەو ئاوارانە دابین بکا کە روو لەهەرێمی کوردستان دەکەن. بەهۆی ئەوەی بودجەی کوردستان لەکاتی خۆیدا نادرێ‌و تادێت رێژەی ئاوارەو پەنابەر لەکوردستان زیاد دەکا.

ئەمە لەکاتێکدایە کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە: ئەوان تەنیا یارمەتی پێشکەشی ئەو پەنابەرانە دەکەن کە لەوڵاتی خۆیان پەنا دەبەنە بەر وڵاتێکی دیکە. کەوابێ ئەو ئاوارانەی لەموسڵ‌و ئەنبار روو له‌کوردستان ده‌كه‌ن، ناتوانن کەڵک لەخزمەتگوزارییەکانیان وەربگرن.

ناوەندی چاودێری ئاوارەبوونی نێوخۆیی - IDMC کە بەشێکە لەئەنجومەنی نەرویژی بۆ پەنابەران- لەدوایین راپۆرتیدا لەکۆتایی مانگی رابردوو ئاشکرایکرد، کۆتایی ٢٠١٣ کۆی ئاوارەبووان بەھۆی شەڕەوە لەجیھاندا گەیشتۆتە ٣٣ ملیۆن‌و ٣٠٠ ھەزار کەس، کە چوار ملیۆن‌و ٥٠٠ ھەزاری زیاترە لەساڵی ٢٠١٢.

لەمەڕ عێراق راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کۆی ئەو کەسانەی لەعێراق ئاوارەبوون لەنێوخۆدا، ژمارەیان دەگاتە دوو ملیۆن‌و ١٠٠ ھەزار کەس.

هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو بووە پەناگەیەکی باش بۆ کوردەکانی سوریا کە بەهۆی شەڕی سێ ساڵەی وڵاتەکەیان ئاواره‌بوون. بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ٩٨%ی پەنابەرانی سوریا لەعێراق، لەھەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون کە ژمارەیان لەسەرووی ٢٢٦ ھەزار کەسەوەیە.

کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان چەندجار جەختیان لەوە کردۆتەوە، بەخێوکردنی ئەو هەموو پەنابەرە کارێکە بەدەرە لەتوانای هەرێمی کوردستان، بۆیە دوو دڵ نەبوون کە راستەوخۆ داوای هاریکاریی لەرێکخراوو ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەپەنابەران بکەن.

ئێستا لەکەمپەکانی پارێزگای دھۆک، سلێمانی، هەولێر پەنابەرانی سوریا بەم جۆرە دابەشکراون: ١٠٢ ھەزارو ٢٠٠ کەس لەکەمپی دۆمیز لەدهۆک، لەدوو کەمپی پارێزگای ھەولێر ٨٢ ھەزارو ٢٠٠ کەس لەکەمپی عەربەت پارێزگای سلێمانی ٢٢ ھەزارو ٦٠٠ کەس هەروەها بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ٥٥%ی ئەو پەنابەرانەی سوریا کە لە ھەرێمدان لەناو شارەکاندا دەژین و ٤٥%یشیان لەکەمپەکاندا.

هەرێمی کوردستان ئابوورییەکەی‌و رەوشە کۆمەڵایەتییەکەی، زۆر جیاوازە لەبەشەکانی دیکەی عێراق، بۆیە هەر لایەک لێی بقەومێ پەنای بۆ دێنێ. وەکو پەنابەران‌و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەیڵێن، ئەو ئاوارەو پەنابەرانە لەدۆخێکی خراپدان، بەڵام هەرچۆنبێ لێقەوماوان لەئاگری شەڕو هەڕەشەی چەکداران دوور دەخاتەوە کە ئەوە ئامانجی هەموو ئەوانەیە لە شەڕە تەواو نەبووەکانی ئەم ناوچەیە هەڵدێن.