راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌نده‌قه‌كه‌ درزه‌كه‌ی‌ هه‌ولێرو كه‌ركوك به‌رینتر ده‌كات

شاڵاو محەمەد
له‌گه‌ڵ‌ گه‌وره‌بوونی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو كه‌ركوك، درز له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و دوو پارێزگایه‌…
8.05.2014  |  که‌رکووک

Tweet
//

چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ باس‌و خواسی‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قێكی‌ ئه‌منی‌ له‌نێوان پارێزگاكانی‌ هه‌ولێرو كه‌ركوكدا بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌كێشه‌ گه‌رمه‌كانی‌ نێوان ئیداره‌ی‌ ئه‌و دوو پارێزگایه‌، چونكه‌ له‌كاتێكدا هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێك كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌یان له‌چوارچێوه‌ی‌ پلانێكی‌ ئه‌منیدایه‌، له‌به‌رامبه‌ردا كه‌ركوك پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی‌ سیاسییه‌و ئامانج لێی‌ دابڕانیانه‌ له‌هه‌رێم، ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق هێنده‌ی‌ تر ململانێیه‌كه‌ی‌ قوڵتر كردووه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ له‌عێراق ئه‌نجامدراون، به‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 30ی‌ نیسانی‌ رابردووشه‌وه‌، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان هێزی‌ باڵاده‌ست‌و براوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ بووه‌ له‌پارێزگای‌ كه‌ركوك، پارتی‌ دیموكراتیش به‌زه‌حمه‌ت توانیوێتی‌ به‌شی‌ كورسییه‌ك ده‌نگ كۆبكاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند جاری‌ رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ركوك (یه‌كێتی‌) به‌راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌ولێر (پارتی‌) نایانه‌وێت كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، چونكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ پارتی‌ نییه‌و باڵانسی‌ هێز به‌قازانجی‌ یه‌كێتی‌ ده‌گۆڕێت، بۆیه‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ ئه‌م چاڵه‌ش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لێكدانه‌وه‌ی‌ بۆ كرا.

كاتێك له‌مانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2004 دوو ته‌قینه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ هه‌ژاند، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌ولێر بڕیاریاندا به‌درێژی‌ 35 كیلۆمه‌تر له‌خۆرئاوای‌ پارێزگاكه‌وه‌ خه‌نده‌قێكی‌ ئه‌منی‌ هه‌ڵبكه‌نن، به‌ڵام له‌پاش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو پلانی‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ گۆڕانی‌ به‌سه‌رداهات‌و بۆ 200 كیلۆمه‌تر درێژكرایه‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌ردوو به‌ری‌ خۆرئاواو باشوور له‌هه‌ولێر داببڕێت كه‌ پارێزگاكانی‌ موسڵ‌‌و كه‌ركوك ده‌گرێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستكردن به‌هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، ده‌سه‌ڵاتدانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ چاڵه‌كه‌یان به‌"خه‌نده‌قی‌ شه‌رم" ناوبرد‌و رایانگه‌یاند "پلانێكی‌ ده‌ره‌كی‌" بۆ دابڕینی‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، گه‌رموگوڕی‌ ئه‌م ململانێیه‌ش كه‌وته‌ كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كێبڕكێیان بوو بۆ بردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین ده‌نگ له‌و پارێزگایه‌دا.

به‌پێی‌ پلانه‌ ئه‌منییه‌كه‌ قوڵی‌ چاڵه‌كه‌ دوو مه‌تره‌و پانییه‌كه‌شی‌ ده‌گاته‌ سێ‌ مه‌تر، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ رێگای‌ سه‌ره‌كی‌ نین، به‌مه‌ش به‌ته‌واوی‌ سنوری‌ پارێزگاكانی‌ كه‌ركوك‌و هه‌ولێر له‌یه‌كتری‌ داده‌بڕێت.

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ باڵای‌ پارێزگای‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ست (نیقاش) كه‌وتووه‌ دوای‌ ته‌واو بوونی‌ ئه‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ی‌ نێوان هه‌ولێر كه‌ركوك‌و هه‌ولێر موسڵ له‌لایه‌ن هێزێكی‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سیه‌وه‌ ده‌پارێزرێت كه‌ له‌نێوان هه‌ر 250 مه‌ترێك خاڵێكی‌ پشكنین داده‌نرێت جگه‌ له‌ دانانی‌ 25 بورجی‌ چاودێری‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان هه‌ولێر له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆردایه‌و ئه‌گه‌ر غافڵگیربن ئه‌وا له‌هه‌ردوو پارێزگای‌ موسڵ‌‌و كه‌ركوكه‌وه‌ تیرۆریستان دزه‌ ده‌كه‌نه‌ ناو پارێزگاكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و بیانووه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ پارێزگاكه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌و خه‌نده‌قه‌ی‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌ولێرو كه‌ركوك مه‌ترسی‌ لێكترازانی‌ كه‌ركوكی‌ لێده‌كرێت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ئامانجێكی‌ سیاسی له‌ پشته‌وه‌ بێت"، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌روونی‌ دان بنێت به‌و ئامانجه‌ سیاسییه‌دا.

پارێزگاری‌ كه‌ركوك ووتیشی‌ "له‌كه‌ركوك خه‌نده‌قی‌ ئه‌منی‌ لێدراوه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌هاتنه‌وه‌ی‌ تیرۆرستیان‌و جێگیربونی‌ دۆخی‌ ئه‌منی‌ (مه‌به‌ستی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ی‌ حه‌ویجه‌یه‌) بۆیه‌ پێویستی‌ به‌خه‌نده‌قێكی‌ دیكه‌ نیه‌ له‌سنوری‌ هه‌مان پارێزگا كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ چاڵێكی‌ شه‌رمه‌زارییه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئامانجی‌ ئه‌منی‌ نیه‌".

به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراق پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ پارێزگاكه‌ش سپێردراوه‌ به‌ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ پاش ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخ تیادا له‌رێی‌ راپرسییه‌وه‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ سه‌رپشك ده‌كرێن بڕیار له‌چاره‌نووسی‌ خۆیان بده‌ن.

به‌و پێیه‌ی‌ تائێستا ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور جێبه‌جێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ركوك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌ڵێت ده‌ترسن له‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ كه‌ركوك بێت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ ووت "داوامان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ ڕونكردنه‌وه‌ بدات كه‌ ئامانجی‌ له‌هه‌ڵكه‌ندنی‌ ئه‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ چی بووه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌، ئه‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو كه‌ركوك زیانی‌ به‌زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت".

هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ راگرتنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ته‌نها له‌رێی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ‌ زۆربه‌ی‌ حیزبه‌ كوردستانیه‌كانی‌ كه‌ركوك جگه‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دژی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن‌و داوای‌ ڕاگرتنی‌ ده‌كه‌ن.

شیخ سدیق ئه‌حمه‌د به‌رپرسی‌ كۆمیته‌ی‌ كه‌ركوكی‌ حزبی‌ شیوعی‌ كوردستان له‌كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ دابڕانی‌ كه‌ركوكه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ئیداره‌و حزبه‌ كوردستانیه‌كانی‌ كه‌ركوك كه‌چی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌و به‌رپرسانی‌ هه‌ولێریش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ره‌تای‌ پلانه‌ ئه‌منییه‌كه‌ بۆ ده‌ ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ئه‌و به‌شه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه‌ سێ‌ مانگه‌ كاری‌ تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ كه‌ركوك ته‌نها له‌ده‌می‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌ڵوێستان ده‌ربڕی‌.

نه‌وزاد هادی‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ ڕاگه‌یاند "پشتێنه‌ی‌ ئه‌منی‌ هه‌ولێر به‌شێوه‌ی‌ بازنه‌یی‌ 35 كیلۆمه‌تر له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر ماوه‌ی‌ 10 ساڵه‌ لێدراوه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌یلولی‌ ڕابردوو ئه‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ فراوان كرا به‌ شێوه‌ی‌ بازنه‌یی‌ 200 كیلۆمه‌تر ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ فراوانی‌ پانتایی‌‌و ده‌شته‌یی‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ هه‌ولێر تاكو ڕێگری‌ له‌هاتنی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان بكه‌ن بۆ نێو پارێزگای‌ هه‌ولێر".

نه‌وزاد هادی‌ ئاشكرای‌ ده‌كات له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگدا كاركردن له‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌‌و هیچ لایه‌نێكی‌ حزبی‌‌و حكومی‌ دژایه‌تی‌ ئه‌و چاڵه‌ ئه‌منیه‌ی‌ نه‌كردووه‌ "به‌ڵام ئێستا بۆ جوڵاندنی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك رق لێبونه‌وه‌یان له‌ئیداره‌ی‌ هه‌ولێر، پارێزگاری‌ كه‌ركوك دژایه‌تی‌ ده‌ستپێكردووه‌".

وه‌ك نه‌وزاد هادی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات "بینای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم‌و كونوسڵگه‌ریی‌ وڵاتان‌و چه‌ندین كۆمپانیای‌ بیانی‌‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حزبه‌كان به‌هۆی‌ ئارامی‌ هه‌ولێر له‌و پارێزگایه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ پاراستنیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ پارێزگاكه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌پاڵنه‌ره‌كان تاكو بیر له‌فراوانكردنی‌ چاڵی‌ ئه‌منی‌ بكه‌ینه‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كه‌ركوك‌و ته‌نانه‌ت پارێزگای‌ سلێمانیش ناڕه‌زایی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ندنی‌ ئه‌و خه‌نده‌قه‌ دروستبووه‌، به‌ڵام پێناچێت ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌ولێر نیه‌تی‌ راگرتنی‌ پرۆژه‌كه‌یان هه‌بێت، بۆیه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌پاش ته‌واوبوونی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌، به‌رینی‌ درزی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو كه‌ركوكیش فراوانتر ببێت.