راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گله‌ییان له‌هه‌رێم ده‌كرد، كه‌چی‌ ئێستا هه‌مان هه‌نگاو ده‌نێن

ئەحمەد روبێعی
چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رپرسانی‌ عێراق گله‌یی‌ له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ هه‌ركه‌سێك كه‌فیلی‌…
3.04.2014  |  زیقار
إحدى نقاطا التفتيش تقوم بتفتيش المارة
إحدى نقاطا التفتيش تقوم بتفتيش المارة

زیا هه‌رگیز ئه‌وه‌ی‌ به‌خه‌یاڵدا نه‌ده‌هات كه‌ رۆژێك دێت رێی‌ لێده‌گیرێت بچێته‌ ئه‌و شاره‌ی‌ تیایدا له‌دایكبووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوری‌ شاری‌ ناسرییه‌ كه‌فیلی‌ ده‌كرێت.

زیا شه‌ریفی‌ به‌هۆی‌ پیشه‌كه‌ی‌ كه‌ په‌یامنێری‌ ته‌له‌فزیۆنه‌، خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ ئێستا له‌شاری‌ به‌غدا نیشته‌جێن، هه‌ر سێ مانگ جارێكیش سه‌ردانی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌كات له‌شاری‌ ناسرییه‌ی‌ پارێزگای‌ زیقار، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا تووشی‌ شۆك بووه‌ كاتێك داوایان لێكردووه‌ ده‌بێت كه‌فیلی‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت بچێته‌ ناو شاره‌كه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ زیا خۆی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌یه‌و به‌ڵگه‌نامه‌كانیشی‌ ده‌یسه‌لمێنێت، به‌ڵام پیاوانی‌ هه‌واڵگری‌ گوێیان به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ نه‌داوه‌و داوای‌ كه‌فیلیان لێكردووه‌.

زیا به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌تا كاتژمێر یانزه‌و نیوی‌ شه‌و له‌بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌وره‌ هێشتیانمه‌وه‌، تا په‌یوه‌ندیم كرد به‌هاوڕێیه‌كمه‌وه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌ستی‌ ده‌ڕوات، ئه‌و هات‌و ئینجا هێشتیان بچمه‌ شاره‌كه‌وه‌".

زیقار كه‌ 350 كیلۆمه‌تر له‌به‌غداوه‌ دووره‌ له‌رۆژی‌ 16ی‌ ئازاری‌ رابردووه‌وه‌ بڕیارێكی‌ ده‌ركردووه‌ به‌وه‌ی‌ هه‌ر كه‌س بچێته‌ شاره‌كه‌ كه‌ له‌دانیشتوانی‌ ئه‌وێ‌ نه‌بێت، ده‌بێ‌ كه‌سێكی‌ تر كه‌فیلی‌ بكات ئینجا رێی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی‌ پێده‌درێت.

هه‌ر ئه‌م بڕیار بووه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌و خێزانه‌ موسڵییانه‌ی‌ روویان له‌شاره‌كه‌ كردبوو ناچار بوون شه‌وێك له‌سه‌ر سنوری‌ شاره‌كه‌ بمێننه‌وه‌و له‌لای‌ گرتوخانه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ ناسرییه‌ بارگه‌و بنه‌ دابنێن.

كه‌سوكاری‌ عومه‌ر محه‌مه‌د كه‌ له‌گرتوخانه‌ی‌ ناسرییه‌ زیندانی‌ كراوه‌، ئه‌و رۆژه‌ بۆ سه‌ردانی‌ كوڕه‌كه‌یان چوبوونه‌ ئه‌وێ‌، له‌به‌ر دووری‌ رێگاكه‌ش بڕیاریاندابوو شه‌وێك پێشتر بچن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌هۆتێلێك بمێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ واده‌ی‌ بینینی‌ كوڕه‌كه‌یان دێت، به‌ڵام له‌سه‌ر سنور رێگه‌ی‌ چوونه‌ ناو شاره‌كه‌یان لێگرتبوون.

باوكی‌ عومه‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "تووشی‌ سه‌رسوڕمان بوین كاتێك داوای‌ كه‌فیلیان لێكردین، چونكه‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ 700 كیلۆمه‌تر له‌و شاره‌وه‌ دورین‌و كه‌سی‌ لێناناسین".

مه‌زهه‌ر جه‌نابی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێی‌ وایه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌دوفاقی‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ ناوه‌ندی‌‌و لۆكاڵی‌ ده‌یگرنه‌ به‌رو ده‌ڵێت "ئێمه‌ ره‌خنه‌ له‌و رێوشوێنانه‌ ده‌گرین كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ خۆی‌ ده‌یگرێته‌ به‌ر، كه‌چی‌ لێره‌ هه‌مان حاڵه‌ت دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌".

به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌ هه‌ڵوێستی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی‌ رێوشوێنی‌ وه‌رگرتنی‌ كه‌فیل، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن هۆكاره‌كه‌ی‌ ترسیانه‌ له‌دزه‌كردنی‌ چه‌كداران له‌ئه‌نباره‌وه‌، ئه‌ویش له‌رێی‌ بیابانه‌كانی‌ نه‌جه‌ف‌و سه‌ماوه‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ به‌غدای‌ توڕه‌ كردووه‌، چونكه‌ به‌شێكیان ره‌چه‌ڵه‌كیان له‌و عه‌شیره‌تانه‌یه‌ كه‌ له‌ناسرییه‌وه‌ هاتوون‌و ناوه‌وه‌ ناوه‌ بۆ سه‌ردانی‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان ده‌چنه‌وه‌ ئه‌وێ‌‌و ئه‌م بڕیاره‌ش زه‌حمه‌تییان بۆ دروست ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌نها له‌كاتی‌ بوونی‌ كه‌فیل یان كارتی‌ نیشته‌جێبوون رێی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌یان پێده‌درێت، كه‌چی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ به‌روونی‌ دان به‌وه‌دا نانێن.

فه‌ریق روكن مه‌زهه‌ر شاهر عه‌زاوی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ رافیده‌ین ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ ئه‌و سیسته‌می‌ كه‌فیله‌ نییه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ڵام رێوشوێنێكی‌ ئه‌منی‌ ساده‌یه‌".

فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ رافیده‌ین كه‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ زیقارو میسان ده‌گرێته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م رێوشوێنه‌ نوێیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر تا زانیاری‌ ته‌واو ده‌ست بخرێت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌چنه‌ شاره‌كه‌وه‌‌و ئه‌و زانیارییانه‌ له‌لای‌ بنكه‌ی‌ زانیاری‌‌و هه‌واڵگری‌ هه‌بێت.

جه‌بار جاسم موسه‌وی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ زیقار وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات بیانووی‌ خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و رێوشوێنانه‌و ده‌ڵێت "زیقار رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ چه‌ندین گروپی‌ چه‌كداری‌ بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی‌ پێشوه‌خته‌ بۆ پاراستنی‌ پارێزگاكه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كردومانه‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ پارێزگاكانی‌ ترمان ناچار كردووه‌ به‌ڵگه‌نامه‌و زانیاری‌ پێویست بده‌ن‌و شوێنی‌ سه‌ردان‌و هۆكاری‌ سه‌ردانیان بۆ پارێزگاكه‌ ئاشكرا بێت‌و خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ بیانناسن‌و ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌یان بزانین".

پێده‌چێت ئه‌م رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌رگیرابێت، به‌ڵام زیقار یه‌كه‌مین پارێزگایه‌ كه‌ له‌باشووری‌ عێراق په‌یڕه‌وی‌ ده‌كات، وه‌ك مه‌زهه‌ر جه‌نابی‌ په‌رله‌مانتاریش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات په‌یڕه‌وكردنی‌ له‌پارێزگاكانی‌ تر زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابێت "هاوڵاتی‌ له‌شاره‌كه‌ی‌ خۆیدا زیندانی‌ ده‌كرێت".

زیا شه‌ریفی‌ رۆژنامه‌نووس سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێی‌ له‌بیانووی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ بووه‌، به‌ڵام توڕه‌یه‌ له‌و رێوشوێنه‌ی‌ له‌به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌ به‌رو پێی‌ وایه‌ ده‌بێت ریزپه‌ڕ بۆ رۆژنامه‌نووسان‌و دادوه‌ران‌و مامۆستایان‌و بازرگانان هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

زیا ده‌ڵێت "ده‌بێت به‌سیفه‌تی‌ رۆژنامه‌نووس بچمه‌ شاره‌كه‌وه‌و ئه‌و كاته‌ سه‌ردانی‌ كه‌سوكاره‌كه‌م بكه‌م، ده‌بێ‌ لێگه‌ڕێین بزانین ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌كوێ‌ ده‌گات".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌