سه‌ردانی یه‌ك له‌دوای یه‌كی وه‌فدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك دوو هێزی نا ئیسلامی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن لهحكومهتداو لا نه‌كردنه‌وه له‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ك چواره‌م هێز له‌رووی ژماره‌ی كورسیه‌وه ده‌ریخست كه خۆشه‌ویستی ئه‌و حزبه ئیسلامییه بۆ چوونه ناو حكومه‌ته تائێستا تاك لایه‌نه‌یه.
پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك خاوه‌نی زۆرینه‌ی 45 كورسی په‌رله‌مان نایه‌وێت ئه‌زمونی حكومه‌تی بنكه فراوانی رابردوو دووباره بكاته‌وه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی لێ كرایه ده‌ره‌وه‌و دواتریش یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌شتی كابینه‌كه‌یان به‌جێهێشت كه به‌هۆی قه‌یرانی دارایی‌و كێشه‌ی سیاسیه‌وه خه‌ریك بوو كون ده‌بوو.
فازل به‌شاره‌تی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی به"نیقاش"ی وت "ئه‌زمونی كابینه‌ی هه‌شت دووباره ناكهینهوهو حزبه‌كان به‌پێی قه‌باره‌ی خۆیان به‌شداییان پێده‌كرێت، هێزه ئیسلامییه‌كانیش له‌هه‌ڵبژاردندا شكستیان خوارد‌و رێژه‌ی كورسی‌و ده‌نگیان كه‌میكرد، به‌و پێیه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی بازنه‌ی به‌شداریكردن له‌حكومه‌تدا ناگاته هێزه ئیسلامییه‌كان".
تائێستا به ره‌سمی پارتی ئه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان نه‌وتووه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین به‌شداری له‌حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام پێده‌چێت مه‌رجه‌كان بۆ به‌شداریكردنیان گه‌وره‌تر بێت لهویستیان بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تدا.
پاڵنه‌ره‌كانی به‌شداریپێنه‌كردنی ئیسلامییه‌كان له‌حكومه‌تدا وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئایدۆلۆژی نین، به‌ڵكو سیاسین به‌وپێیه‌ی پارتی له‌شێوازی مامه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵ له‌حكومه‌تی رابردوودا نیگه‌رانه.
مشتومڕی گه‌رمی نێوان پارتی‌و گۆڕان‌و یه‌كێتی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومهتو یه‌كلایی نه‌بوونه‌وه‌ی هێڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌وپرسه وایكردووه به‌رپرسانی ئه‌و حزبانه‌ش به‌ئه‌سته‌م قسه له‌سه‌ر رێڕه‌وی دانوستانه‌كان بكه‌ن له‌ترسی ئه‌وه‌ی لێدوانێك هاوكێشه‌ی گفتوگۆكان ههڵبگهڕێنێتهوهو ریسه‌كه بكاته‌وه به‌خوری.
به‌رپرسێكی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره نه‌یوست ناوی بڵاوبكرێته‌وه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی به"نیقاش" وت "ویستێك له‌پارتیدا به‌دی ده‌كه‌ین كه نه‌یه‌وێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری حكومه‌تی داهاتوو بكات، به‌ڵام به‌فه‌رمی ئه‌وه‌یان پێنه‌وتوین".
له‌یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا له‌ساڵی 1992دا بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه تاكه هێزی ئیسلامی ئه‌و كاته‌بوو نه‌یتوانی به‌شداری حكومه‌ت بكات به‌هۆی تێنه‌په‌ڕاندنی رێژه‌ی یاسایی 7%ی ده‌نگه‌كان كه ئه‌وكات پێوه‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی پێ بخه‌نه پهرلهمانو دواتریش حكومه‌ته‌وه.
له‌ساڵی 2005 له‌كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری یه‌كه‌مین حكومه‌تی یه‌كگرتووی دوای شه‌ڕی ناوخۆیان كرد.
له‌ساڵی 2009دا كابینه‌ی شهشهمو حه‌وته‌م ته‌نها لایه‌نێكی ئیسلامی له‌خۆ گرت كه بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان بوو، به‌ڵام له كابینه‌ی هه‌شته‌مدا هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بووه‌وه‌و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ به‌شدارییان كرد‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی چووه ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی حكومهتو بووه ئۆپۆزسیۆن .
بۆ ئه‌م خووله هه‌رزوو یه‌كگرتووی ئیسلامی‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كه لیستی به‌ره‌و ئیسڵاحیان هه‌بوو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان راگهیاندو به‌شداریی حكومه‌تیان ره‌تكرده‌وه .
له‌باری سه‌رگرتنی سیناریۆی حكومه‌تی داهاتوو به‌بێ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه تاكه دانوستانكاری لایه‌نه ئیسلامیه‌كانه بۆ به‌شداری له‌حكومه‌ت، ئه‌م حكومه‌ته ده‌بێته یه‌كه‌م كابینه‌ی بێ ئیسلامییه‌كان كه به‌پێی پێكهاته‌كانی له‌روكه‌شدا حكومه‌تێكی عه‌لمانی ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی هێشتا له‌سه‌ر په‌تی ململانێكه ماوه‌ته‌وه كۆمه‌ڵی ئیسلامییه كه هێشتا په‌یامه نهێنیه‌كانی پارتی پێنه‌گه‌یشتووه له‌باره‌ی ویستیان بۆ به‌شدارنه‌بوون له‌و حكومه‌ته‌دا.
بیلال سلێمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوونی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ئۆپۆزسیۆن له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تدا به‌ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌زانێت ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانی جێبه‌جێنه‌كرێت.
بیلال سلێمان به"نیقاش"ی وت "حكومه‌تێك به‌بێ ئیسلامییه‌كان ناهاوسه‌نگی لێده‌كه‌وێته‌وه هه‌رچه‌ند حكومه‌تی هه‌رێم پێشتریش عه‌لمانی بووه‌و سه‌ره‌ڕای به‌شداری ئیسلامییه‌كان تیایدا ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بووه".
مه‌رجی پارتی بۆ به‌شداری كۆمه‌ڵ بهجێنههێشتنێتی له‌نیوه‌ی رێگا‌و خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌یه‌تی بۆ به‌ره‌ی حكومه‌ت نه‌ك نیوه‌ی ئۆپۆزسیۆن بێت، كۆمه‌ڵیش جگه له داواكردنی چه‌ند پۆستێك داواكاری سه‌باره‌ت به‌شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تی داهاتوو هه‌یه.
پێده‌چێت هه‌ویری پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ئاو زۆر بكێشێت سه‌ره‌ڕای بچوك بوونه‌وه‌ی بازنه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی.
ئه‌زمونێكی جیاواز چاوه‌ڕیێ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ده‌كات كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای ساڵی 2009ه‌وه ئۆپۆزسیۆن به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت كه هێزه ئیسلامییه‌كان تیایدا پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت.
له‌باری به‌شدارینه‌كردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و چوونه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه گۆڕه‌پانی ململانێكه به‌سه‌ر دووبه‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی زۆرینه ئیسلامی‌و حكومه‌تێكی عه‌لمانیدا دابه‌ش ده‌بێت.
ره‌نگه مه‌ترسی لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌م سیناریۆیه به‌ته‌نها ئۆپۆزسیۆنبوونی هێزه ئیسلامییه‌كان نه‌بێت، به‌ڵكو زیندووكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی كۆن بێت كه كۆمه‌ڵگای سیاسی به‌سه‌ر دووبه‌ره‌ی ئایدۆلۆجیدا دابهشبكاتهوه كه ئه‌ویش پڕۆژه‌ی به‌ره‌ی ئیسلامییه.
له‌ماوه‌ی دووساڵی رابردوودا هه‌ریه‌ك له‌كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان بۆ دروستكردنی به‌ره‌ی ئیسلامی ئه‌نجامداو رێكارهكانیشیان نوسیه‌وه، به‌ڵام له پرسی لیستی هاوبه‌شدا گه‌یشتنه بنبه‌ست.
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ جارێكی تر بچێته‌وه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن ره‌نگه كه‌شتی به‌ره‌ی ئیسلامییه‌كان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی تر بڕوات.
قاسم گه‌ڵاڵی به‌رپرس مه‌ڵبه‌ندی 14 ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به"نیقاش"ی وت "بوونی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ئۆپۆزسیۆن ده‌رفه‌تێكی باشتر ده‌بێت بۆ هه‌نگاوه‌كانی گه‌رمكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی كاری هاوبه‌شی ئیسلامیه‌كان".
به‌ڵاو رێگری لهگهرمكردنهوهی به‌ره‌ی ئیسلامی له‌باری كاركردنی هێزه ئیسلامییه‌كان له‌به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا كه‌متر نییه لههاندهرهكانی نزیك بوونه‌وه‌یان.
محه‌مه‌د بازیانی سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی به‌دوری ده‌زانێت هێزه ئیسلامییه‌كان ئه‌گه‌ر ببنه ئۆپۆزسیۆن بیرۆكه‌ی به‌ره‌ی ئیسلامی بچێته پێشه‌وه، چونكه به‌وته‌ی ئه‌و "كێشه‌كه ململانێی فیكرییه له‌نێوان كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی‌دا كه كامیان ده‌بن به‌پێشڕه‌وی ئه‌و به‌ره‌یه".
بازیانی به"نیقاش"ی وت"پڕۆژه‌ی به‌ره‌ی ئیسلامی ناچالاكهو حیزبیه نه‌ك فیكری، كێشه‌كه له‌وه‌دانییه كه ئۆپۆزسیۆن بن یان ده‌سه‌ڵات كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه ئیستیعابی ره‌وته ئسلامییهكانی تر ناكهنو به‌عه‌قڵیه‌تی حزبیشه‌وه له‌و به‌ره‌یه دهڕواننو ئه‌و نزیكبونهوهیهشیان ناچاریه‌و سه‌رناگرێت".