پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌و مۆڵه‌ته (45 رۆژ) كۆتایی دێت كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراقی دیاریكردووه بۆ راگرتنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران به‌پێی ئه‌و سزایانه‌ی واشنتۆن به‌سه‌ر تارانیدا سه‌پاندوون، له كاتێكیشدا ئێران گوشاری خستووه‌ته سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی له‌پاڵیدا بوه‌ستێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش گوشار له حكومه‌تی عێراق ده‌كات بۆ پابه‌ندبوون به سزاكانه‌وه، به‌ڵام خودی حكومه‌تیش رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی قووڵ بووه‌ته‌وه له ته‌واوكردنی تیمه‌كه‌یدا كه هه‌شت وه‌زاره‌تی ته‌واو نه‌كراون له‌دوای هه‌ره‌سهێنانی هاوپه‌یمانی فشه‌ڵی نێوان هه‌ردوو گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مان "چاكسازی‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه"ی سه‌ر به موقته‌دا سه‌درو "بنیاتنان"ی سه‌ر به هادی عامری.
له به‌دبه‌ختی عێراقه كه ململانێی نێوان ئهمریكاو ئێران له كاتێكدایه كه حكومهتو په‌رله‌مان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سیاسی گه‌وره بوونه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و حكومه‌ته‌ی له‌دوای هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی به‌په‌له به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌سایه‌تی سیاسی سه‌ربه‌خۆ هاته‌ئاراوه، هه‌ر زوو درزی تێكه‌وت كاتێك وتووێژی فراكسیۆنه‌كان گه‌یشته سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی هه‌ردوو وه‌زیری ناوخۆ‌و به‌رگری.
كێشه سه‌ره‌كییه‌كه له په‌یوه‌ندی سیاسی‌و ئابووری پته‌وی نێوان عێراق‌و ئێراندایه، چونكه قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات گه‌یشتووه‌ته 12 ملیاری ساڵانه، هه‌روه‌ك ئێران ههژموونێكی ئهمنیو سیاسی زۆری له وڵاته‌كه‌دا هه‌یه له‌ڕێی گرووپه شیعه‌كان‌و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی سه‌ر به‌و گرووپانه كه بوونه‌ته یه‌كێك له جه‌مسه‌ره گرنگه‌كانی په‌رله‌مان.
به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ست به ئێران كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئیستیفزاز ده‌كات، قه‌یرانی كاره‌بایه له عێراق، چونكه وه‌زاره‌تی كاره‌با رایگه‌یاندووه نزیكه‌ی سێیه‌كی به‌رهه‌مهێنانی وزه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ پشت به ئێران ده‌به‌ستێت، له كاتێكدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان گوشار له حكومه‌تی عێراق ده‌كات بۆئه‌وه‌ی جێگره‌وه‌ی ئێران بدۆزێته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی وزه‌و كۆمپانیای "جێنراڵ ئه‌لیكتریك"یش چه‌ندین پرۆژه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام كاره‌كه به‌و ئاسانیه نییه.
وه‌ك به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌ڵێت، عێراق نزیكه‌ی 16 هه‌زار مێگاوات وزه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، له‌كاتێكدا پێویستی كرداری بۆ دابینكردنی كاره‌با به‌درێژایی رۆژو بۆ سه‌رتاسه‌ر وڵات نزیكه‌ی 26 هه‌زار مێگاواته، ئه‌م جیاوازیه‌ش هه‌ر ده‌مێنێت، چونكه هه‌تا به‌رهه‌مهێنانی وزه زیاد بێت، له‌گه‌ڵیدا قه‌باره‌ی خواست زیاد ده‌كات.
ئه‌وبه‌رپرسه كه داوایكرد ئاماژه به‌ناوی نه‌كرێت، به "نیقاش"ی وت: "نزیكه‌ی 30%ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی عێراق پشت به گازی ئێران ده‌به‌ستێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش داوامان لێده‌كات ده‌ستبه‌رداری گازی ئێران ببین به‌بێ ئه‌وه‌ی د‌رك به قه‌باره‌ی ئه‌و قه‌یرانه بكرێت كه لێی ده‌كه‌وێته‌وه".
به‌رپرسه‌كه روونیشیكرده‌وه كه "عێراق پشت به گازی ئێران ده‌به‌ستێت بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كانی وزه بۆ به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی 4 هه‌زار مێگاوات، هه‌روه‌ها پشت به هاورده‌كردنی كاره‌بای راسته‌وخۆ له ئێرانه‌وه ده‌به‌ستێت بۆ دابینكردنی نزیكه‌ی 1500 مێگاوات كه نزیكه‌ی سێیه‌كی به‌رهه‌مهێنانی وزه له عێراق پێكده‌هێنێت".
قه‌یرانی كاره‌باش له‌عێراق به یه‌كێك له دیارترین ئه‌و كێشه ئابووریانه داده‌نرێت كه عێراق له‌ساڵی 2003وه بهدستیانهوه ده‌ناڵێنێت، چونكه حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان شكستیان هێناوه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌دا، هه‌تا ئه‌مڕۆش عێراقیه‌كان تێكڕای هه‌شت سه‌عات كاره‌بای رۆژانه وزه‌یان پێده‌درێت، له كاتێكدا پشت به موه‌لیده‌ی كاره‌بای ناوچه‌یی ده‌به‌ستن كه خاوه‌نه‌كانیان بازرگانانی بچووكن ئه‌ویش بۆ قه‌ربووكردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كه له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ی زیاده.
هاوپه‌یمانی "بنیاتنان" كه هاوپه‌یمانییه‌كی گه‌وره‌یه‌و فراكسیۆنه‌كانی "فه‌تح" به رێبه‌رایه‌تی هادی عامری‌و "ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌رێبه‌رایه‌تی نوری مالیكی‌و چه‌ند حزبێكی سوننه‌ی دیكه لهخۆدهگرێتو به نزیكی له ئێران ناسراوه، پابه‌ندبوونی عێراق به سزاكانی سه‌ر ئێران ره‌تده‌كاته‌وه.
مه‌نسور بعێجی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی "بنیاتنان" هۆشداری ده‌داته حكومه‌تی عێراق له پابه‌ندبوون به سزاكان‌و ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندی پته‌و له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا هه‌یه‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوانیاندا هه‌یه له‌بواری بابه‌تی خوارده‌مه‌نی‌و كشتوكاڵی، ئه‌مه جگه له ئاڵوگۆڕی گاز‌و كاره‌باو نه‌وت، بۆیه مه‌عقول نییه هه‌موو ئه‌م شتانه رابگیرێن له‌پێناو ئاره‌زووه‌كانی ئه‌مریكادا".
وادیاره عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانیش پشتیوانی ئه‌م بۆچوونه دهكاتو سێشه‌ممه‌ی رابردوو له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی هه‌فتانه‌یدا وتی: "عێراق به‌شێك نییه له سزاكانی ئه‌مریكا" ناردنی وهفدێكیشی بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان راگه‌یاند بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی به‌خشینی عێراق له پابه‌ندبوون به‌و سزایانه‌وه.
به‌ڵام وا دیاره ئه‌مریكا سووره له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به پێویستی پابه‌ندبوونی عێراق به سزاكانه‌وه، بۆیه دوای چه‌ند سه‌عاتێك له لێدوانه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، ریك بیری وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا له‌میانی سه‌ردانێكی كتوپڕیدا بۆ عێراق كه تێیدا چاوی به گه‌وره لێپرسراوانی وڵاته‌كه كه‌وت، له به‌غداوه وتی: "به عیراقییهكانم راگه‌یاندووه كه سزاكان راستیه‌و ئاماده‌ییان هه‌یه، كاتی ئه‌وه هاتووه عێراق پشتبه‌ستنی به‌و ده‌وڵه‌تانه رابگرێت كه هه‌وڵی سه‌پاندنی ههژموونو باڵاده‌ستی ده‌ده‌ن" ئه‌ویش له ئاماژه‌یه‌كی روون‌دا بۆ ئێران.
كه‌س نازانێت هه‌فته‌ی داهاتوو دوای كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق چی روو ده‌دات، ئێران ئاماژه بۆ خوڵقاندنی فه‌وزا ده‌كات ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ند بێت بهسزاكانهوه، هاوكات ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه عێراقیش سزاكان ده‌یگرێته‌وه ئه‌گه‌ر شانبه‌شانی ئێران بوه‌ستێت.
بارودۆخی عێراق ئاڵۆزتر ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی قه‌یرانی حكومهتو شكستی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران له ته‌واوكردنی تیمه حكومییه‌كه‌ی كه هه‌شت وه‌زاره‌تی كه‌مه‌و دیارترینیشیان بهرگریو ناوخۆیه، ئه‌ویش دوای هه‌رسهێنانی هاوپه‌یمانییه فشهڵهكهی نێوان موقته‌دا سه‌درو هادی عامری.
له دانیشتنی هه‌فته‌ی رابردووی په‌رله‌ماندا عامری كاندیدێكی بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێشكه‌ش كرد ئه‌ویش فالح فه‌یاز كه‌سایه‌تی سیاسییه كه بووه‌ته جێی مشتومڕی نێوان عێراقییه‌كان دوای كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له ئایاری رابردوودا كاتێك بڕیاری دا له هاوپه‌یمانی "نه‌سر" به‌رێبه‌رایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو جیاببێته‌وه‌و بچێته ریزی هاوپه‌یمانی "فه‌تح"ی دوژمنی به رێبه‌رایه‌تی هادی عامری.
"فه‌تح" سووره له‌سه‌ر پاداشتكردنی فه‌یاز له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به پێدانی پۆستی وه‌زیری ناوخۆ، به‌ڵام هاوپه‌یمانی "سائیرون"به رێبه‌رایه‌تی موقته‌دا سه‌در هاوپه‌یمانی عه‌بادی، به‌توندی ئه‌و كاندیدكردنه ره‌تده‌كاته‌وه‌و په‌رله‌مانتارانی سه‌در توانیان له‌دانیشتنه پڕ هاتوهاوارهكهی هه‌فته‌ی رابردووی په‌رله‌ماندا رێ له ته‌واوبوونی ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران بگرن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته به‌تاڵه‌كان.
عه‌بدولمه‌هدیش توانای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی نییه، چونكه كه‌سایه‌تییه‌كی سهربهخۆو بێ حزبه له پهرلهمانو چاوه‌ڕێی سازانی نێوان سه‌درو عامری ده‌كات، له كاتێكدا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كردووه تا كوتله‌كان بخاته به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی قورس، چونكه له‌نێو ململانێی نێوان دوو گرووپدا له په‌رله‌مان كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كاندیدی گونجاو نییه بۆ پۆسته‌كه.